شارى مۆسیقارە سپیەكان : كلتورى شاخ و بیابان "بەشى سێیهم"
Sunday, 01/02/2009, 12:00
963 بینراوە
ئۆقیانووسى هاوارەكان
وەك دەزانین باس كردن لە ئۆقیانووسى هاوارەكان وەك لە ڕۆمانەكە ڕوونە دەكوێتە سەردەمى دەسەڵاتى كوردى دەبێت هەر لەم سەردەمەشدا هونەرو ئەدەبى جوان و ڕاستگۆ خۆى لەدەسەڵات و پاشاكان دەشارێتەوە نەهەر لە دەسەڵات بەڵكو خۆشى لە هەموو ئەوانە دەشارێتەوە كە هیچ لە هونەر و ئەدەب نازانن خۆیان كردووە بە ڕەخنەگر.
چیرۆكى مەرگەكانى جەلادەت
ئەگەر بەراورد بكەین لە نێوان ئەو دوو جارەدا كە جەلادەت دەڕوات تا لێوارى مەرگ
-1جارى یەكەم:
باسى یەكەم چوونى جەلادەت بۆ باشورو بیبانەكانى .چیرۆكى مەرگى مێرد منداڵێكى كوردمان بۆ دەگێڕێتەوە بەدەستى بەعسیەكان و لەسەردەمى بەعسیەكاندا ،لەبەرمبەر ئەمەدا باسى ئەوەش دەكات كە هەر جەلادەت جارێكیتر و لەسەردەمى دەسەڵاتى هێزە كوردیەكاندا ئەمە ئەو پەیامەیەكە بەختیار دەیەوەێت لە ڕێگەى ئەم دوو جۆر كوشتنەوە پێمان بڵێت .
جەلادەت بەم شێوەی باسى زیندانیەكەى خۆیمان بۆ دەكات كاتێك بەدەست هێزە كوردیەكانەوە بووە "زیندانیەكەم لەم سەرى كوردستانەوە بۆ ئەو سەرى كوردستان بووە ،هەندێك جار گوێم لە خەڵكانێك دەبوو كە بەكرمانجى قسەیان دەكرد هەندێجاریش حەیرانى خۆشناوەتیم دەبیست ،لەسەردەمێكى زیندانیەكەمدا دڵنیابووم لە هەورامان دیلكراوم ،من دڕندەیم لە هەموو گروووپە جیاوازەكان بینى ،ئەشكەنجەى بڕێكى زۆر لە جەلادەكانى نیشتمانم تاقى كردەوە "كوشتنى جەلادەت و زیندانیكردنى هێماو ڕەمزە بۆ گشت ئەو كەسانەى كە لە پرۆسەى ئەنفالەكان ڕزگاریان بوو و لەشەڕەكانى ناوخۆدا كوژران یان زیندانى كراوون ،ترسێكە لە مردنى حیكایەتىئەنقال ،حیكایەتى ئەوانەى كە خاوەنەكانیان ڕۆژانە ئەكوژرێن .
بیابان و شاخ دوو شوێن بۆ مەرگى مرۆڤەكان
دەستنیشانكردن وهێناى دوو ناوى جیاواز بۆ مەرگ و زیندانیكردنى جەلادەتى كۆتر جارى یەكەم بیابانەكان دەبێتە شوێنێك بۆ مەرگى جەلادەت بەڵام جارى دووم بنارى شاخێكى كوردستان ئەمەش ئەو لێكچوونەیە كە بەختیار بۆمانى دەستنیشان دەكات كە قوربانیەكانى وەك جەلادەت و شوێن و كات و جەلادەكانیان هەر كەسێك بێت جیاوازى نییەو ئەوان هەر قوربانین ئیتر شوێنى كوشتنەكەیان ناو لمى بیابان بێت یان تاشە بەردەكانى ناو شاخەكان بێت
حاڵى دادگاكان لە دوو سەردەمى جیاوازدا
لەسەر زمانى جەلادەتى كۆتر بەم شێوەیە باسى حالِى دادگاكانى سەردەمى بەعس دەكات "من ئەو ڕۆژانە مێرد منداڵێكى بێ جێگاو ڕێگا بووم ،براو براژنەكەم دەریا دەكردم و لە كەلاوەكاندا دەخەوتم ....هەندێ شەو بەسەر سیاجى دادگاى هەرە گەورەى ناو شاردا بازم دەداو میزم بە دیوارەكانیدا دەكرد "دەمگووت ئەگەر تۆ ماڵى عەدالەت بیت ئەوا من میزت پیادەكەم"ئێستا دواى بینینى ئەو هەموو زوڵمە نەدەبوو بابلى بدەمەوە دەستى ئەوان ."لەگەل َئەم باس كردنەى دادگاكانى سەردەمى بەعس بەم شێوەیەش پێناسەى دادگاكانى ئێستامان بۆ دەكات "ئەمانە چ جۆرە حاكمێكن هەموومان دەبینن دەكوژرێین چاوەڕوانن لەسەرووى خۆیانەوە فرمانیان بدەنێ تا باوەرش بە چاوى خۆیان بكەن ،معاشە چڵكنەكەى خۆیان لە عەدالەت بەڵاوە گرنگ تر ،ها ئێوە پیمبڵێن ئەوانە چ جۆرە حاكمێكن "
هەڵهاتنى بەردەوامى ختیار على لە شار
بە ختیار لە ڕۆمانەكانیەوە هەمیشە دەیەوێت شارەكانى خۆمانمان پیشانبدات كە چ جۆرە شارێكە ،لە ڕۆمانەكانیەوە تێدەگەین كە بەختیار ڕاكردنێكى هەمیشەى پێوە دیارە لە شار هەروەك دەڵێت"شارێك كە گۆڕسیتانى مۆسیقایە ،كە گۆڕشستانى شیعرە ،كە گۆڕستانى جوانیە گۆڕستانى مرۆڤیشە"ئەمە پێناسەى واقیعى
شارەكانى لەمەڕ خۆمانە،بۆ باسكردى ئەم جۆرى ڕاكردنە لە شار با بگەڕێینەوەى بۆ دوو ڕۆمانى پێشوترى بەختیار(ئێوارەى پەروانە و دواهەمین هەنارى دونیا)شارەكانى خۆمان تووشى چ دەردێكى كوشندەن.
*لە ئێوارەى پەروانەدا بەختیار بە شێوەیەك شار وێنا دەكات كە شوێنێكە و ژینگەیەكە شوێنى خۆشەویستى تیا نابێتەوە، بۆ یە دەبینین خۆشەیست و عاشقەكانى شار بێزارن لەناو شارەكان و هەوڵى ئەوە ئەدەن لە دەرەوەى شارو لەناو شاخە عاسیەكاندا شوێنێك و شارێكى پڕ لە خۆشەویستى دروست بكەن شوێنێك كە هەمووى عاشقە هەڵهاتووەكانى شار لە خۆبگرێت.
لە ڕۆمانى دواهەمین هەنارى دونیادا ،جارێكیتر بەختیار شار وەك شوێنێك پیشان دەدات كە ئارامى و ئاسایشتى تێدا نییە شوێنێكى جێگاى شەڕو كوشت وبراكوژییە بۆیە هەرسێ هاوڕێكە (محەمەدى دڵشوشەو ،سەریازى سوبحدەم و نەدیمى شازادەكە نابینایەكە) ،)هەرسێكیان پێكەوە شار بەجێدێڵن و دەڕۆن بۆسەر شاخێكى بەرز بۆئەوەى پەیمانێكى برایانە مۆر بكەن بۆ ئەوەى لە گەڕانەوەیان ناو شار بەشدارى شەڕو نەكەن .
لە ڕۆرمانى شارى مۆسیقارە سپییەكاندا جارێكیتر بەهەمان شێوە بەختیار بێزارى لە شارەكانى خۆمان دەردەبڕێت ڕاكردنەكەى هەر بەردەوامە لەم ڕۆمانەشدا دووجار لە دوو كاتى جیاوازدا لەشار هەڵدێت و شارمان وەك تاعون پیشان دەدات جارى یەكەمیان لەسەردەمى بەعسیەكان لەگەڵ (مامۆستاكەى ئیسحاقى لێو زێڕین و سەرهەنگ قاسمى هاوڕێى منداڵى (شار بەجێدێڵن و دەڕۆن بۆ شاخەكان هەر لەم ڕۆمانەدا جارێكیتر لەسەردەمى دەسەڵاتى كوردیدا دیسانەوە لەشارەكان بێزارەو بڕیار دەدات داداگایى سامرى بابلى لە دەرەوەى شارەكان ئەنجام بدات ،ئەگەرچى جەلادەت ئەتوانێت لەناو شارەكاندا لەناو ئوتێلە سوتاوەكەى گێلاسى سپى دادگاى سامرى بابلى بكات بەڵام ئەو باوەڕى وابوو شارەكان عەدالەتیان تێدا نەماوە و جوانیان تێدا نییە ،بۆیە بڕیار دەدات لەدەرەوەى شارەكان و لە دوورى هەزاران میل داداگایە بابلى بكات .
لەگەڵ ئەو هەموو ڕاكردنەى بەختیار لە شار بەڵام دەستمان دەگرێت و بەرەو شارێكیتر بانگێشتمان دەكات كە شارێكى جاودانیەو ئەبەدییە،ئەو شارەى بەختیار ئێمەى بۆ بانگ دەكات و سەفەرى بۆ بكەین ئەو شارە نیە كە ئێمە ڕۆژانە دەیبیننین ئەو مەبەستى شارێكە كە لەسەر هیچ نەخشەیەكى ئەم جیهانە نییە شارێكە لێمانەوە نزیكە و هەر هێندەى زەحمەتە چاوێك لێك بنێین و چاومان كردەوە ئەگەر بتەوێت ئەوا لە و شارە دا هەیت،شارىمۆسیقارە سپییەكان و بانگكردنمان بۆ ئەو شارە و ناوهێنانى لە ناو ڕۆمانەكەدا بۆ چەندین جارو لە چەندین شوێندا ماناى ئەوەیە كە مرۆڤ لەسەر وەختێك و سەردەمێكدا بوو ئەتوانێ لە وەها شارێكدا بگاتە جوانییە كوژراوەكان .لە پێناسەى شارەكەدا دەڵێت :"شارى ئەو جوانیە ئەبەدى و نەمرەیە كە لەناوماندایە "
لێرەدا مەبەست لە ناو دەرونى ئینسانەكانەو گەڕانەوەى مرۆڤەكانە بۆناو خودى خۆیان بۆناو ئەو پانتایە جوان و پاكەى كە جەوهەرى بوونیانە ئەو بەشەى ئینسان كە مەعدەنى سەرەتاى و سەرەكى پێكهێنانیەتى وەك مرۆڤێك ،گەڕانەوەمان بۆ ناو دیتەنى ڕاستەقینەیە و مەبەستە سەرەكیەكەمانە كە ئەویش مرۆڤ دۆستییە ممومكین نییە مرۆڤێك بگەڕێتەوە بۆ ئەسڵى بوونى خۆى و حەزى بە بوونى مرۆڤكانیتر نەبێت ،بۆیە پێمان دەڵێت بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەو كانزا مەعدەنییەى پاك و جوان و جاویدانییەى ناو خۆمان چونكە كاتێك مرۆڤ گەشتە ئەو پانتایە سپى و جوانەى كە جەوهەرى بوونیەتى مرۆڤ بوونى ئێمەیە ئەوا هەموو شتەكان و مرۆڤەكان لەبەر چاوى سپى و جوانن.
شارى مۆسیقارە سپییەكان تەنها مۆسیقارەكان پێى دەگەن تەنها ئەو مرۆڤانەشى تێدایە كە مۆسیقارن واتە مرۆڤ هەمیشە لە یادەوەرى شوێنە پاكەكەى بوونیدا خەڵك و كەسایەتیە باش و چاكەكان و جوانەكان هەڵدەگرێت
مۆسیقا لەم تێكستەدا وەك وەسیلەیەك دانراوە بۆ ئەوەى مرۆڤى پێبگەیەنرێتە شارى مۆسیقارە سپییەكان،مۆسیقا لەم تێكستەدا ڕاهێنانى مرۆڤە لەسەر خۆشەویستى و جوانتر كردنى ژیان ،ئاوەدانكردنەوەى سەرزەوى و بەهێزكردنى ئیرادەى مرۆڤەكان .
سامرى بابلى بە جەلادەت دەڵێت :من لەناو زیلەكەدا گوێم لە مۆسیقا تۆبوو گوێم لە مۆسیقاكەى ناوەوەى تۆ بوو یەكسەر گۆڕام "
مۆسیقا لێرەدا بە مەبەستى هاوارە و ویژدان بەكار هێنراوە ،كارلێكى نێوان هاوارى قوربانى و ویژدانى جەلادەكەیەتى ،بۆیە دەبینین ڕەنگە جەلادەتى منداڵ لەو كاتەدا گریابێت و شێوازێكى جوان ترژیدیاى پیشانى سامرى بابلى دابێت ،ئەو هاوارە پەڕیوەتەوە بۆ ناو ناخى سامر تا گەشتووەتە ناو ڕۆحە تاریكەكەى و خەبەرى كردبێتەوە لەوەى كە دڕندەكەى ناوى خەریكە بۆ تەواى ماناى مرۆڤبوونى لێ دەسێنێتەوە ،ئەو هاوارە گەشتووەتە ئە و پانتایەى پاكەى كە مرۆڤ و كارى خۆى كرد بێت و لەسەر ویژدانى بابلى و ویژدانى هەژاندبێت و ئەو هاوارە بووبێتە ئەو پاڵنەرە كە بابلى لە جەلادەوە بگۆرێت تابیكاتە قوربانى.
دوو تیبَینى:
1-ئەم خوێندنەوەیە بۆ كۆرێك لەسەر ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپیەكان كە ساڵێك لەمەوبەر لە پەیمانگاى مەڵەبندى مامۆستایانى هەڵەبجە ئامادەكراوە و خوێنراوەتەوە .
2- لە ژمارەكانى 459، 461،460، ڕۆژنامەى هاووڵاتى بڵاوبووەتەوە.