ئەگەر ئیسلامیەكان ڕاست دەكەن بۆ نابنە یەك حزب
Friday, 14/06/2013, 12:00
1481 بینراوە
مناوەرە و تەكتیكی سیاسی ڕەنگە بەشێكی گرنگی چالاكی حزبەكان پێكبهێنێت. هەر لایەنێك بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەست بۆ ڕێكار و تەكتیك دەبات بەڵام نابێ دوور بێت لە بنەماكانی ئەخلاق و تەبایی و تێكدانی ئاسودەیی خەڵك. پرسیار ئەوەیە ئەگەر بۆ حزبێكی سیاسی و عەلمانی كە سەرچاوەی خۆی بە قورئان و دەقە پیرۆزەكاندا دەزانێ بۆ دەبێ ئاسایی بێت، حزبێك دروشمی خودا و ئایینی هەڵبگرێت بكەوێتە نێو پیلانگێڕی لە دژی وڵات و تێكدانی باری دەروونی خەڵك و بڵاوكردنەوەی فیتنەگێڕی؟ چۆن دەكرێ حزبێك ناوی خوا و دین بكاتە موڵكی خۆی و بۆ كورسی دەستەڵات بەكار بهێنێت؟ لە چ دەقێكی قورئانی پیرۆزدا هاتووە موسڵمانان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات نیفاق و دوڕویی بكەنە بەرنامەی خۆیان و كۆمەڵگە دابەش بكەن؟ هەرچەندە ئێستا ئیسلامی سیاسی بووەتە مودێلێك بۆ چەند دەوڵەتێك لە ناوچەكەدا بەڵام لە كردەدا ناشرینترین و دڕندەترین جۆری حوكمڕانیان پێشانی جیهان داوە. هەر ڕەفتاری ناشیاوی ئەوانیش بووە زیانی بە پێگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە جیهاندا گەیاندووە. ئەوان بوونە هۆكارێك كە گەنجەكانمان لە دینداری دوور بكەونەوە و لەنێو زەینی خەڵكدا ئەوە دروست ببێت كە ئیسلامی سیاسی یەكسانە بە تیرۆر و كوشتوبڕ و خۆتەقاندن.
زێدەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێین هیچ لایەنێكی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەكەدا هێندەی ئیسلامیەكانی كوردستان بێشوناس و هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز و پاشكۆ نین. جارێ بەر لە هەر شتێك چەند لایەنێكی ئیسلامیمان هەیە كە تا سەر ئێسقان ڕقیان لە یەكترە. هەندێكیان قات و ڕیبات دەپۆشن و موو لەسەر دەموچاویان نادۆزرێتەوە بەشێكیشیان كێبڕكێی ڕیشدانانیانە. ئیسلامییەكان بە تایبەت یەكگرتوو و كۆمەڵ بە ڕووكەش لەگەڵ یەكتردان بەڵام ژێربەژێر لەدژی یەكتر پیلان دەگێڕن. یەكێكیان لە قەرارگاكانی فەیلەقی قودسی ئێرانی تەوجیهات وەردەگرێ ئەوی تریان سەری لە ئاخۆڕی ئیخوانەكان دایە. هیچ بەرنامەیەكیان نییە بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی كیانی نەتەوەیی. ڕقیان لە مێژووی گەلەكەیانە چونكە هیچ ڕۆڵێكیان لە مێژوو و شانازییەكانی گەلەكەیاندا نەبووە. لە كاتی دانوساندن لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا هەموو سنووری چاوچنۆكییان بڕیوە بەردەوام داوای ئیمتیازات و پارە و سەیارە و خانەنشینی و زەوی دەكەن.
كە بەهاری عارەبان سەری هەڵدا و ناوچەكە تووشی بارگرژی بوو هەلومەرجەكەیان بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی ئەو ئەركەی ساڵانێكە پێی ڕاسپێردراون جێبەجێی بكەن. حزبە ئیسلامیەكانی كوردستان ئایینیان وەك وەسیلەیەك بەكارهێناوە بۆ مەرامی شەخسی و حزبی، بۆ نمونە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا چوونە بەرەیەکەوە، کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاین و دەقە قورعانییەکانەوە نەبوو، ئەگەر ڕاست دەكەن و بڕوایان بە كتێبی خودا هەیە و بۆ ئیسلام كار دەكەن ئەی بۆ سێ حزبەكە یەك ناگرن و نابنە یەك حزبی ئیسلامی. ئەوەیان خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی چەندە لەگەڵ دینی خودا و خەڵكی كوردستان ناڕاستن. لە ئایینی ئیسلامدا ئەو جۆرە خەڵكە بە مونافق ناو دەبردرێن.
ئەوە وێنەیەكی بچووك بوو لە ئیسلامیە كوردەكان كە نە پەیوەندییان بە كورد و مێژوو و بەها كوردەوارییەكان هەیە و نەش لە پەیامی پاك و بێگەردی ئیسلامەوە نزیكن. ڕاستە ئیسلامیان بۆ كار و مەرامی بەرتەسكی سیاسی بەكار هێناوە بەڵام پێگەی جەماوەرییان سنووردارە و گەشەیان نەكردووە چونكە گەلی كورد گەلێكی هوشیار و ئایینپەروەرە و پێویستی بەو تەرزە حزبانە نییە.