بەڕێزان ژنپارێزی وانابێت!
Sunday, 23/03/2014, 12:00
2500 بینراوە
لە مانگی دوی ئیمساڵدا لە هەولێر کچێکی گەنج بە دەستی باوکی کوژرا، لە (سەید سادق) یش جەستەی بێگیانی دو خوشک کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا بون بە قولاپی ژەنگاوی پۆلیس وەک دو ماسی بێکەڵک لە گۆماوێکی نزیک ئەو شارە دەرهێنران. لە وەی هەولێردا کچەکە پێشتر بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە خۆی گەیاندبوە داڵدە یەکی (هەولێر) کە بۆ پاراستنی ژیانی ژنانی ژێر هەڕەشەی کوشتن و ئازاردان کارمەندەکانی مانگانە موچە وەردەگرن. کاتێک کچەکە لە داڵدەکە شوشەی پەنجەرەیەک دەشکێنێ بەرپرسانی داڵدەکە سکاڵا لە دژی تۆماردەکەن کە زیانی بە ماڵی گشتی گەیاندوە! دادوەر سزای مانگ ونیوێک بەسەریدا دەسەپێنێ و دوای ئازادکردنی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ماڵی باوکی، ئەمیش لەخەودا دەیداتە بە ر دەسڕێژی گولەو دەیکوژێ. ئەمە نەک هەر ئابڕوچونێک و نەزانی و ناجوامێریەکە بەرامبەر ئەو کچە کراوە بەڵکو تاوانێکە و دەبێت داواکاری گشتی سکاڵا دژی سکاڵاکەر تۆماربکات چونکە: یەکەم: هەڵچون و توڕەبون و شتشکاندن و خۆئازاردان بۆ کچێکی هەرزەکار کە بە هۆی دۆزەخی کێشەی سۆزداری و لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکانیەوە پەنای بردوەتە ئەو جێیە شتێکی سروشتی و چاوەڕوانکراوە و دوکتۆرە دەرونیەکان لە نۆڕینگەکانیان و لە نەخۆشخانە دەرونیەکان ئەم حاڵەتانە لەم کۆمەڵەی ئێمەدا ڕۆژانە دەبینن و دەبیستن، کەواتە ئەگەر داڵدەکە ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و دەرونی تیا نەبو، یا لەبەر نەزانی یا سستی و تەمەڵی و چەرەسخواردنی دەوری مێزی وتووێژە بێتامەکان نەیانپەرژایە سەر ڕێنامی و ڕاوێژ و ئامۆژگاری ڕاستەوخۆی کچەکە، دەبو بنێردرێ بەدوای دوکتۆرێکی دەرونیدا کە بێت و چارەسەری کچەکەبکات. دوهەم: کەواتە نەدەبو سکاڵا دژی کچەکە تۆماربکرێ، بەڵام کە ئەمەکرا، دەبو پێش حوکمدانی کچەکە دادوەر ڕای (لیژنەی دەرونی) لە هەولێر وەربگرێ کە ئایا کچەکە لە ڕوی دەرونیەوە لەکاتی شکاندنی پەنجەرەکەدا لەسەرخۆی بوە و ئاگای لەخۆی بوە، وادیارە دادوەر ئەمەی نەکردوە! سێهەم: دوای مانگ و نیوێک لە زیندان دەبو کچەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ دالدەیەکی تر یا بۆ هەمان داڵدەی پێشو بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی کێشەکەی. بەڕای من دەبێت هەم داواکاری گشتی و هەم ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ژنان سکاڵا لە سەر دادوەری بەرپرسیار و لەسەر بەڕێوەبەری داڵدەکە تۆماربکەن. لەم کەیسەدا کە لە نزیک (ئەنجومەنی باڵای خانمانی کوردوستان) ڕویداوە ئێوە دەڵێن چی ئەی ئەندامانی ئەنجومەن؟ ڕوتاندێت کە جارێکی تر چونەوە بۆ (پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسل) باسی ئەم مەرگەساتە بکەن؟
لە کارەساتەکەی سەیدسادق دا قائیمقامی بە وەکالەت بەڵێنیدا کە خەرەندە پڕلە ئاوەکەی دو خوشکەکەی تیا خنکا پڕبکاتەوە تا ئیتر کارەساتی ئاوا ڕونەدا! پزیشکی دادوەری سلەیمانیش بە بەڵگەی ئەوەی هیچ برینێک یا نیشانەیەکی ئازاردان بە جەستەیانەوە نەبوە حوکمی خۆی دەرکرد کە دو کچەکە خۆیان خنکاندوە. یەکەم: تاوانبار دەتوانێ بێ بریندارکردنی جەستە بە ژەهراندن یا بە دەم و لوت داخستنی قوربانی هەتا هەناسەی لێدەبڕێ! کەسەکە بکوژێ و ئینجا فڕێیبداتە ناو ئاو یا هەرجێیەکی تر،کەواتە هێشتا ناتوانرێ بوترێ کچەکان خۆیان خۆیانکوشتوە! دوهەم: کێشەی ئەم دوکچەش پێشتر گەیشتۆتە لای دادوەر و دەسگا بەرپرسیارەکان، کەواتە ئەمانیش، وە بەتایبەتی دادوەری بەرپرسی کەیسەکە دەبێت سکاڵایان لەسەر تۆماربکرێت کە چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزیوەتەوە. سێهەم: ئەوپەڕی بێئاگایی و نەزانیە بتەوێت بە پڕکدنەوەی گۆماوەکە ڕێگری لە ژنان بکەیت خۆیان بکوژن. هەر چەند کیلۆمەترێک ئەولای سەیدسادقەوە ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانە! جگە لەمە مرۆڤ کە گەیشتە تینی و هەمو دەرگاکانی ئومێد و ژیان و ئازادی لێ کلۆمکرا دەیان ڕێگەی تر هەیە خۆی پێبکوژێ. با ئیتر لە بری (کێشەی کۆمەڵایەتی) ی کچان و کوڕان کە زۆرجار کوشتن و خۆکوشتنی لێدەکەوێتەوە وشەی (کێشەی حەزلێکردن و خۆشەویستی) بەکاربهێنین هەتا ئەو ڕۆژەی کە ئیتر لە کوردوستانا (حەزلێکردن و خۆشەویستیی پاک و ڕاستەقینە) چیدی نەک هەر نابێتە کێشە و گوناه وحەیاچون بەڵکو دەبێتە نازونیعمەت و بەسەر کچان و کوڕانی ئەم کوردوستاندا دەبارێت! ئاخۆ ئەو ڕۆژە کەی بێت؟