کوردستان له نێوان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک و فهوزهوییهتی ده‌سه‌ڵات
Monday, 25/04/2011, 12:00
مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌م بابه‌ته زیاتر رۆشنایی خستنه سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌یه که ئه‌مڕۆیه له کوردستاندا هاتونه‌ته پێش و په‌یوه‌ندیان به شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تی یان شۆڕشه سیاسیه‌کانه که له سه‌رانسه‌ری دنیادا روویان داوه و ئه‌مڕۆش له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روو ده‌ده‌ن، هه‌وره‌ها چۆن بتوانین له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کانی وه‌ک ئێران و نیکاراگوا و فلیپین به‌راوردیان بکه‌ین.
شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانێکی بناغه‌ییه له شێوازی حکومڕانی کۆمه‌ڵگادا، ئه‌و چینانه‌ی که ئه‌و شۆڕشه به‌رپا ده‌که‌ن و به‌شداری تێدا ده‌که‌ن گۆڕانێکی ئه‌وتۆ به سه‌ر کۆمه‌ڵگا و شێوازی کارگێڕیدا دێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگاکه‌یان. هه‌رچی شۆڕشی سیاسیه ئه‌وا ته‌نها گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه نه‌ک گۆڕانێکی بناغه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری هه‌ر یه‌کێ له وڵاتانی وه‌کو ئێران و نیکاراگوا و فلیپین بکه‌ین ده‌بینین ئه‌زمونی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیان تێدایه. له ئێران شۆڕشی خه‌ڵک توانی کۆتایی به حوکمی 2500 ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی شاهه‌نشاهی و بنه‌ماڵه‌یی بێنێ و حکومه‌تێکی کۆماریی ئایینی دابمه‌زرێنی. له نیکاراگوا شۆڕشی خه‌ڵک توانی سوموزای دیکتاتۆر له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکێشێ که له ساڵی 1930ه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر وڵاته‌که‌دا گرت بوو. له فلیپین راپه‌رینی سه‌رتاسه‌ری خه‌ڵک توانی فێردیناند مارکوس وه‌ده‌ربنێ.
ئه‌نجامی شۆڕشی ئه‌م سێ وڵاته کۆمه‌ڵێک سه‌رنجی لای زۆربه‌ی ئه‌کادیمییه‌کان، که له بواری سیاسی‌دا کار ده‌که‌ن، دروست کرد. کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی هه‌یه که له‌و سێ وڵاته‌دا هاوبه‌شه: له باری ئابورییه‌وه ئه‌و سێ وڵاته جۆرێک له گه‌شه‌ی ئابوریان به خۆیانه‌وه بینی بوو، به پێی ستانده‌ری جیهانی وڵاتانێکی پێشکه‌وتو بوون. له‌باری سیاسییه‌وه هه‌ر سێ وڵات میکانیزمه‌کانی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتێری تێدا پیاده ده‌کرا، هه‌موویان به چه‌ند کاره‌ساتێکی کوشتن و له‌ناوبردنی ئۆپۆزسیۆنه‌کانیان رۆیشتون. هه‌ر سێ وڵات بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی لێکردوون.
ئه‌م سێ وڵاته چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هاوبه‌شییان تێدایه به‌ڵام ئه‌نجامی شۆڕشه‌کانیان ئه‌وه نه‌بوون که خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد. له ئێران خومه‌ینی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، هه‌رچه‌نده خه‌باتی سه‌رسه‌ختانه‌ی میلله‌تی ئێران مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌بوو له‌گه‌ڵ توده‌یی و عه‌لمانی و ناسیۆنالیسته لیبراله‌کان و چه‌په‌کان. خومه‌نی هه‌رچه‌نده سه‌رکه‌وتو بوو له گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، به هاتنی حوکمی خومه‌ینی، نه‌ک لیبراله ناسیۆنالیسته‌کان و چه‌په‌کان و تودهکانی له ناوبرد، به‌ڵکو هه‌ندێک له باڵه دیننیهکانی ده‌وروبه‌ری خۆیشی پاکسازی کرد.
له‌هه‌مان کاتدا له نیکاراگوا ئه‌نجامی ئه‌و شۆڕشه، چاوه‌روان نه‌کرا و بوو وه‌ک ئێران. ئۆپۆزسیۆنی مۆدێرنی نیکاراگوا که له شاره‌کاندا باره‌گایان هه‌بوو به‌شداری چاڵاکیان له شۆڕشه‌که‌دا هه‌بوو. له دوا قۆناغی شۆڕشه‌که‌دا کۆمه‌ڵێکی مارکسی، ساندنیستهکان ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. چاودێره‌کان به‌م ئه‌نجامه سه‌رسام بوون. چونکه ساندهنیستهکان، پشتوانی زۆریان له شاره‌کاندا نه‌بوو. که له ساڵی 1969سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ست هێنا، که‌وتنه گۆڕانێکی ریشه‌یی کۆمه‌ڵگای نیکاراگوا.
له فلیپین، دوژمنی سه‌رسه‌ختی دیکتاتۆر مارکۆس، پارتی کۆمۆنیستی فیلیپینی بوو که ساڵه‌های ساڵ بوو دژی دیکتاتۆری فلیپین ده‌جه‌نگا. به سه‌رسامییه‌وه کۆمۆنیسته‌کان شکستیان هێنا له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست به‌ڵکو چه‌ند نوخبه‌یه‌کی ئه‌و کاته سه‌ریان هه‌ڵدا و هه‌ندێ ده‌زگای دیموکراسییان دروست کرد و کورازۆن ئهکیونۆ بوو به سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته که له بنه‌ڕه‌ته‌وه له ده‌وڵه‌مه‌ندترین خێزانی فلیپینه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا بوو، ئه‌مه له کاتێک، هیچ مێژووییه‌کی له خه‌بات کردن دژ به دیکتاتۆریه‌تی فیلیپیندا نه‌بووه.
له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌م که بناغه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و پرۆسێسه‌کان فاکته‌ری گرنگ بوون له دیاری کردنی شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که. بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، باشتر وایه هه‌ماهه‌نگی نێوان چینه خه‌باتکاره‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین، له‌وانه قوتابی، پیاوانی دینی، کرێکاران و سه‌رمایه‌داران. له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م سێ وڵاته‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که رۆلی ده‌وڵه‌ت و بناغه ئابورییه‌که‌ی، چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئایدیۆلۆجی، ته‌ئیسری زۆریان به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسییهکانهوه هه‌یه. زۆربه‌ی زۆری ئه‌کادیمییه‌کان به سکۆپۆلهوه Skopole باوه‌ڕیان وایه شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانێکی گه‌وره‌یه له گۆڕینی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک، که له‌و گۆڕانه پشتیان به چینێکی دیاری کراو به‌ستووه که ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی هێناوه‌ته پێش. لێره‌دا زۆر پێویسته جیاوازی له نێوان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ شۆڕشی سیاسیی‌دا بکه‌ین.
به بڕوای مارکس ته‌نها ململانێی نێوان چینه‌کان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپا ده‌کات به شێوه‌یه‌ک که قه‌یرانه ئابورییه‌کان هۆی سه‌ره‌کی شۆڕش و راپه‌رینی جه‌ماوه‌ری کرێکارانن، که‌واته لای مارکس شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وه‌یه چینی کرێکار ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست و چینی سه‌رمایه‌داری له به‌ڕێوه بردنی وڵات‌دا وه‌لابنرێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆچوونێکی کلاسیکییانه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئایدیۆلۆجی ڕێگر بووه له دروست کردنی هاوپه‌یمانێتی نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵ. ترۆتسکی باوه‌ڕی وا بووه شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر شۆڕشێکی سیاسی بوو به‌لشه‌فیکه‌کان توانیان موڵکه‌کان خۆماڵی بکه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پلانی ئابوری مه‌رکه‌زی بوو، بۆیه باوه‌ڕی وا بوو پرۆلیتارییهت هه‌ندێک ڕێگای تری هه‌یه که شۆڕشگێڕانه تره بۆ به ده‌ست هێنانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی.
شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزه، ده‌کرێ بڵێین شۆڕشه‌که‌ی ئێران شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بناغه‌ی شێوازی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی وڵاته‌که‌ی له بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی عه‌لمانییه‌وه گۆڕی بۆ ده‌سه‌ڵاتی خومه‌ینی دینی. هه‌روه‌ها نیکاراگوا شۆڕشێکی کۆمه‌ڵاتی بوو، رژێمی دیکتاتۆری سۆمۆزای له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکێشا. که‌واته شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له بناغه‌وه گۆڕا. له‌هه‌مان کاتدا شۆڕشێکی سیاسی بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش جێگۆڕکێی پێکرا.
بۆ زیاتر رۆشنایی خستنه سه‌ر ئه‌و شۆڕشانه‌ی که له مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا روویاندا وه‌ک تونس و میسر. له‌م دوو وڵاته‌دا ته‌نها ده‌سه‌ڵات گۆڕانی به به‌سه‌ردا هاتووه نه‌وه‌ک شێوازی سیسته‌می به ڕێوهبردن. به‌ڵام لینین باوه‌ڕی وابوو که شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕشی سیاسی ته‌واو که‌ری یه‌کترن، بۆیه ده‌بینین راپه‌رین و ڕیکخستنه جه‌ماوه‌رییه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامن له‌م وڵاتانه‌دا و هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی گۆرانی زیاتر ده‌ده‌ن.
رۆلی ئایدیۆلۆجی له هه‌موو شۆڕشێکدا ته‌ئسیرێکی به‌رچاوی هه‌بووه، بۆیه لێڵی و شاردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجی هه‌موو شۆڕشه‌کان له کۆتاییدا به زه‌ره‌ر بۆ بزوتنه‌وه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئایدیۆلۆجی شۆڕسی ئیسپانی 1936، شۆڕشی کرێکاری بوو، ئایدیۆلۆجی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان له‌سه‌ره‌تای ساڵی حه‌فتاکان مارکسی لینینی بوو، دوژمنی ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه بوو. کۆمۆنه‌ی پاریس له ساڵی 1871 که بۆ ماوه‌ی شه‌ست رۆژێک به‌رده‌وام بوو، شۆڕشی کرێکاری و ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران بوو له پاریس دا.
ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی که ئه‌مڕۆ کوردستان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ، له ئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانه ئابورییانه‌یه که له بیست ساڵی رابردوودا که‌ڵه‌که‌یان کردووه و ده‌سه‌ڵاتی کوردی پشت گوێی خستوون، هه‌وڵی ریفۆرم کردنی نه‌داوه. بێ‌بڕوایی ده‌سه‌ڵات به خۆی، خودی سیسته‌مه‌که‌ی توشی ئیفلیج بوونێکی سیاسی کردووه که ناتوانن هیچ میکانیزمێک بخه‌نه کار که بتوانن ئه‌م قه‌یرانانه‌ی ئه‌مڕۆی پێ چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی و خه‌سڵه‌ته‌کانی، له ره‌فتار کردندا وه‌کو دیکتاتۆره‌کانی جیهانی سێهه‌م خۆی ده‌نوێنێ. ده‌سه‌ڵات به‌وه ناسراوه که گوێ له خه‌ڵک ناگرێ، ده‌سه‌ڵات لاوازه له‌به‌رده‌م هه‌موو په‌لامارێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کی. ده‌سه‌ڵات باوه‌ڕی به هیچ بنه‌مایه‌کی دیموکراسی نیه باوه‌ڕیان وایه بۆ ماوه‌یه‌ک توندوتیژی ده‌یان هێڵێته‌وه.
ده‌بێ له خۆمان بپرسین بۆچی شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و سیاسییه‌کان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. یه‌که‌م: کاتێک که بۆشاییه‌ک له نێوان چاوه‌ڕوانییه‌کانی خه‌ڵک له ده‌سه‌ڵات و ئه‌و شتانه‌ی رۆژانه ده‌یانبینێ دروست ده‌بێ، ئه‌مه خۆی له خۆیدا جۆرێک له توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵک زیاد ده‌کات. دووه‌م: نایه‌کسانی له نێوان خه‌ڵک، فاکته‌رێکی تری هۆکانی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تییه. کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک له ناو شار و لادێکاندا زیاتر به‌رخورده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رجه‌سته ده‌کات و زیاتر وایان لێ ده‌کا که بڕوا به خۆیان زیاتر بکه‌ن و داواکانیان زیاتر بێ. کرانه‌وه‌ی کوردستان به سه‌ر هه‌موو جیهاندا به هۆی شۆڕشه ته‌کنه‌لۆجییه‌کانی گواستنه‌وه‌ی ده‌نگ و ره‌نگ و شته‌کانی تر، فاکته‌رێکی هه‌ره گه‌وره‌ی هانده‌ری ئه‌م خۆیپیشانهدهره جهماوهرییهن که ئه‌مڕۆ له شار و شارۆچکه‌کانی کوردستاندا ده‌یان بینین .
جین شارپ Gene Sharp وه‌ک گه‌وره ئه‌کادیمی و باوکی داهێنانی شۆڕشی ئاشتییانه و دوور له توندوتیژی، باوه‌ڕی وابوو که گه‌لانی جیهانی سێهه‌م له ڕێی به‌رپا کردنی شۆڕشی دوور له توندوتیژی ده‌توانن له دیکتاتۆرییه‌ت رزگاریان بێ. هه‌رچه‌نده ئه‌م جۆره خه‌باته سه‌رکرده‌ی چالاک و به توانا و داهێنه‌ری ده‌وێ.
بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای باسه‌که‌مان، پرسیار بکه‌ین بۆ چی هه‌ریه‌کێک له شۆڕشه‌کانی وه‌ک ئێران ونیکاراگوا و فلیپین، ئه‌نجامی چاوه‌ڕوانکراوی خۆی به‌ده‌ست نه‌هێنا، خه‌ڵک ئامانج و داخوازی ره‌وای هه‌بوو که‌چی ئه‌نجامی شۆڕشه‌کان به پێچه‌وانه‌ی داخوازییه‌کانی خه‌ڵک ته‌واو بوو؟ چونکه شۆڕشه‌کان شێوازی چه‌کداری و توندوتیژی به خۆیه‌وه بینی و له ئاراسته‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی به لاڕێدا برا.
ئایا تیرۆری نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا جوله‌که‌کانی ئه‌مڕۆی فێره توند‌و تیژی نه‌کردووه. ئایا تیرۆری کۆمۆنیسته‌کانی ده‌وری ستالین به ناوی ئازادی و دیموکراسی ته‌ئسیری له‌سه‌ر تیرۆری کۆمۆنیسته‌کانی جیهان به جێهێشت ؟ که‌واته مه‌ترسی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که به ناوی دیموکراسی و ئازادییه‌وه دێنه سه‌ر حکوم زۆر زیاتره له‌وانه‌ی که له بنه‌ڕه‌ته‌وه دیکتاتۆر بوون. (ئه‌وانه‌ی به ڕێگای چه‌کداری هاتونه‌ته سه‌ر حوکم !)
کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌لومه‌رجی ئابوری و سیاسیی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ بیست ساڵ لهمهوبهرزۆر جودایه. ئه‌مڕۆ کوردستان به گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ئابوری‌دا تێده‌په‌ڕێ که له سه‌روی هه‌موویانه‌وه ئه‌و هه‌ڵاوسانه(تچخم) ترسناکه‌یه که رۆژ له دوای رۆژ به‌های پاره‌ی هێزی کڕینی خۆی که‌م ده‌بێته‌وه، خه‌ڵکی هه‌ژار، هه‌ژارتر ده‌بێ. گرانی و هه‌ڵاواسان گه‌وره‌ترین کاره‌ساتی ئه‌مڕۆی کوردستانه که به جۆرێک نرخی شته سه‌ره‌کییه‌کان وه‌کو گۆشت و ئاو و نان و شته سه‌ره‌کییه‌کانی دی به جیاوازی له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوودا چه‌ند ده‌رسه‌دێک به‌رز بۆته‌وه. لێره‌دا نامه‌وێ به درێژی باسی ئه‌و کێشه ئابورییه بکه‌م، چونکه ئه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی باسه‌که‌ی ئێمه‌یه.
ئه‌و شۆڕشه‌ی ئه‌مڕۆ له شار و شارۆچکه‌کانی کوردستاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه شۆڕشێکی سیاسییه بۆ له‌به‌ین بردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردییه که بۆ زیاتر له بیست ساڵه ده‌سه‌ڵاتی قۆرخ کردووه. پرسیاره‌که‌مان ئه‌وه‌یه چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه مامه‌ڵه بکه‌ین له کاتێکدا هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه‌ی که له رابردوودا روویان داوه شۆڕشی بۆناپارتهکان بوون. که به خوێن ده‌سه‌ڵاتیان وه چنگ هێناوه نه‌ک به هێزی بیر و هۆش و زانیاری.
ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی کورد پشت ئه‌ستور نییه به مێژووی رابردووی خۆی، هه‌رچه‌نده ئه‌مه مانای لاوازی نییه، چونکه ناتوانرێ ئه‌و کۆمه‌ڵه گه‌نجانه‌ی که ئه‌مڕۆ هاتونه‌ته سه‌ر شه‌قام بخرێنه ناو کولتورێکه‌وه که ئه‌وان پێی نامۆن واته له‌و خه‌باته تێناگه‌ن که ده‌سه‌ڵات پشتی پێ به‌ستووه و ستایشی ده‌کات. ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان هه‌وڵ و خه‌باتێکه بۆ به ده‌ست هێنانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یه که له بیست ساڵی رابردوودا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه یان ده‌سه‌ڵات له‌ژێر بیانوی جیا جیادا خۆی لێ دزیهوهتهوه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان پرسیار له شوناسنامه‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری سه‌رکرده‌کانی ده‌کات. نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به دوای کۆمه‌ڵیک شیعردا ده‌گه‌ڕێن که جیا بێت له خوێن و فرمێسک و گریانی دایک. پرسیاری ئه‌وه ده‌که‌ن چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا هه‌ڵبکه‌ین و بتوانین له‌م سه‌رده‌مه بژین.
ئازادی ده‌سه‌ڵات له ڕێگای تیرۆره‌وه
ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئازادی به خۆی داوه له ڕێگای تیرۆره‌وه هه‌موو بۆچوون و بڕوای خه‌ڵکی پشت گوێ خستووه ده‌سه‌ڵاتێک دوور له خواست و ئامانجی میلله‌ته‌که‌یه‌تی، قوربانییه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وانه‌ن که گه‌وره‌ترین ئه‌ندێشه‌یان هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته. ده‌سه‌ڵات هه‌موو چه‌که قورسه‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌یه . شه‌ڕی چه‌کدارانه دژوارترین ڕێگای خه‌باته بۆ له‌ناوبردنی دیکتاتۆری، چونکه زۆرترین خه‌ڵک ده‌بێته قوربانی. گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به‌هۆی پرۆسه‌ی عه‌سکه‌ری یان یارمه‌تی ده‌ره‌کی کارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی نیه. ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ له کوردستاندا له ده‌ست که‌مینه‌یه‌کی بنه‌ماڵه‌یه‌ک چڕ بۆته‌وه. له‌م کاتانه‌دا فشاری نێوده‌وڵه‌تی باشترین مه‌رجه بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشێکی دوور له توند‌و تیژی.
چه‌ند فاکته‌رێکی گرنگ زه‌مینه خۆشکه‌رن له‌به‌رده‌م سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی‌دا، کۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که قوربانی سیاسه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵات بوون له بیست ساڵی رابردوودا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه باوه‌ڕیان به خۆیان زیاتره و نه‌فه‌سیان درێژتره. که ده‌ڵێم قوربانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات واته یان زیندانی کراون یانیش به هۆی باوه‌ڕ بوونیان به مه‌سه‌له عادیلانهکان و بیروباوه‌ڕی جیاوازی خۆیان دوور خراونه‌ته‌وه له کاره‌که‌یان یان پله‌ی حزبایه‌تییان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه. فاکته‌رێکی گرنگتر داڕشتنی پلانێکی ستراتیجییه بۆ رزگاری نیشتیمانی. به جۆرێک پشت به‌خۆبه‌ستن مه‌رجی سه‌ره‌کی بێ و رێگا نه‌درێ که یارمه‌تی ده‌ره‌کی رۆلی هه‌بێ له بزواندنی ڕه‌وتی شۆڕشه‌که.
که‌واته رزگاری بوون له دیکتاتۆریه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له هه‌موو هه‌لومه‌رجه‌کاندا و په‌یوه‌ندی به توانای خه‌ڵکه‌وه هه‌یه که بتوانێ خۆی رزگاری بکات له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که له رابردوودا وه‌کو سایکۆلۆجی دیکتاتۆریه‌ت به‌سه‌ریاندا زاڵ بووه، مانای دوور که‌وتنه‌وه له سیاسه‌تی توندوتیژی. ده‌بێ دان به‌و راستییه‌دا بنێین که تاکی کورد خۆی رزگار کردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به هه‌موو جۆره فۆرمه‌کانیه‌وه هه‌لومه‌رجی خه‌باتی ئاشتییانه دوور له توند‌و تیژی په‌سند ده‌کات.
مه‌ترسی دیالۆگ
کاتێک خه‌باتێکی سیاسی له‌گه‌ڵ دڕنده‌ترین ده‌سه‌ڵاتدا روو به روو ده‌بێته‌وه، به‌شێک له‌خه‌ڵک دێنه دواوه و نا‌ئومێد ده‌بن. هه‌ندێک خه‌ڵکی تر هیچ هیوایه‌ک له به‌ده‌ستهێانی دیموکراسیدا به‌دی ناکه‌ن. باوه‌ڕیان وایه خه‌بات دژی ده‌سه‌ڵاتێکی خوێنرێژ، سامناک و پڕ مه‌ترسییه. ئا له‌م کاتانه‌دا شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی به ناچاری توشی دیالۆگ ده‌بێ. هه‌ندێک جار خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن ئێمه به هه‌ڵه له ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووین راستی له یه‌ک لاوه نیه، له‌وانه‌یه راستی له‌لای ده‌سه‌ڵاتیش بێ. هه‌رکه‌سێک هاتو وتی من ده‌مه‌وێ ئاشتی به‌رقه‌رار بکه‌م ئه‌مه مانای تێدا نیه، ئه‌گه‌ر پراکتیزه نه‌کرێ، بۆیه ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بین ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن ڕێگای دیالۆگی گرته به‌ر ده‌بێ سنووردار بێ.
به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی کارێکی ئاسان نیه، پلانی ده‌وێ، ستراتیجی ده‌وێ، لێزانین و ڕێکخستنی ده‌وێ، له‌گه‌ڵ بوونی هێزی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک له کوردستاندا خۆپیشانده‌ران ده‌توانن ده‌سه‌ڵات رابماڵن و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی به ده‌ست بێنن. ئه‌وه ئه‌رکی ئۆپۆزسیۆنه دیموکراتخوازه‌کانه که هێزه‌کانیان کۆ بکه‌نه‌وه. له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی کوردستاندا که قه‌یرانه‌کان به شێوه‌یه‌کی رادیکالانه گۆڕانی به سه‌ردا هاتوه، ده‌سه‌ڵات بووه به کۆمیته‌یه‌کی عه‌سکه‌ری که له وڵاتانی دیکتاتۆری جیهاندا له رابردوودا هه‌بوون. له‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌دا ئۆپۆزسیۆن ته‌نها ڕێگایه‌ک که بتوانێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا بمێنێته‌وه ده‌بێ ئه‌و پرده دروست بکاته‌وه که له چه‌ند رۆژێکی رابردوودا به هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ربه‌ستیان خرا بووه سه‌ر.
ئه‌رکی ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان
لهههلو مه‌رجی وه‌کو ئه‌مڕۆ کوردستاندا ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان گه‌وره‌ترین ئه‌رکیان له ئه‌ستۆ دایه. ئه‌مانه ئێستا کۆمه‌ڵگای کوردی کاری پێیانه، چونکه ده‌سه‌ڵات زۆر بێباکانه په‌لاماری خه‌ڵکی داوه به شایه‌تی ئه‌وه‌ی له دوو مانگی رابردوودا زیاتر له بیست که‌س شه‌هید و سه‌دانیش بریندار و ده‌یان که‌سیش له زیندانه‌کانی ده‌سه‌ڵات گیراون. له کوردستاندا ده‌سه‌ڵات گوێ له کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییه‌کان ناگرێ به‌ڵام ناتوانێ پشتیان تێبکات. هه‌رچه‌نده زۆر ماندوو نه‌ناسانه له هه‌موو بواره‌کاندا کاریان کردووه به‌ڵام نه‌یانتوانیوه مشه‌خۆری کۆمه‌ڵگاکه له‌ناوبه‌رن. نه‌یانتوانی پێش له مه‌رگی ئافره‌تێکی وه‌ک دوعا بگرن، نه‌یان توانی سه‌رده‌شت عوسمان له داڵه گۆشت خۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات رزگار بکه‌ن.
له مێژوودا رۆلی ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان هه‌ر له شۆڕشی هه‌نگاریا (1956) تا راپه‌ڕینی پۆڵه‌ندا، سه‌ندیکاکان رۆلی گه‌وره‌یان بینی له به ڕێوه چوون و باشتر کردنی ژیانی خه‌ڵک. ئه‌مڕۆ ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان زیاتر له هه‌موو جاران، چاودێری بارودۆخی کوردستان و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر هێور کردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌که شایانی ئه‌وه‌یه که به به‌رزی بنرخێندرێ.
لاوازی ده‌سه‌ڵات له چیدا یه؟!
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردی وه‌ک هێزێکی عه‌سکه‌ری مه‌حکه‌م خۆی ده‌بینێ، ده‌زگای هه‌واڵگری هه‌یه، پۆلیس و چه‌ندین جۆر میلیشیای هه‌یه، کۆمه‌ڵێک جه‌ماوه‌ری حزبی هه‌یه که به پله و پایه‌ی حزبی رازی کردوون. ده‌سه‌ڵات ئازاری خه‌ڵک ده‌دات، سامانی وڵاتی له‌به‌ر ده‌ستدایه به‌کاری ده‌هێنێت بۆ تیرۆر کردنی خه‌ڵک و به‌دیهێنانی ئاره‌زووه‌کانی خۆی به به‌رده‌وامی. لاوازی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دایه که خه‌ڵکی له‌گه‌ڵ دا نیه، ئه‌و یاسایانه‌ی کاری پێ ده‌کات کۆنن، رۆتین به‌شی زۆری ژیانی ئه‌وانه. ده‌سه‌ڵات و پیاوه‌کانی ئه‌وانه‌ن که له ماوه‌ی بیست ساڵه له شاخه‌وه هاتونه‌ته‌وه خه‌ڵکی تازه‌یان تێدا نیه، لاوازی ده‌سه‌ڵات له تێکچوونی هه‌موو سیمبوڵه‌کانی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته. لاوازی ده‌سه‌ڵات له کێشه‌ی نێوان ئه‌و ده‌زگایانه‌یه که به ناو ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه ده‌به‌ن، لاوازی ده‌سه‌ڵات له‌وه‌دایه که ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی خه‌ڵکێکی که‌م دایه. ده‌سه‌ڵات ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌شداری خه‌ڵک نیه به‌ڵکو ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چه‌ند که‌سێکه.
ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌م شۆڕشه
سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی و سه‌رتاسه‌ری ئه‌م خۆپیشاندانه ئه‌وه‌یه که دووره له هه‌موو کار و ئامانجه‌کانی توندوتیژی که ده‌سه‌ڵات به هه‌موو جۆرێک ده‌یه‌وێ ئه‌م ره‌وشه‌یان لێ تێک بدات و له توندوتیژی بگلێنێ، چونکه ده‌سه‌ڵات هیچ مه‌نتیقێکی ئه‌خلاقی له‌لا نه‌ماوه که بتوانێ له لای خه‌ڵک متمانه بۆ خۆی دروست بکاته‌وه.
یه‌که‌م: به‌رچاوترین ده‌ستکه‌وت، ده‌رکه‌وتنی درزه له دیواره‌کانی ده‌سه‌ڵات و میلیشیاکانیدا، که به جۆرێک تاک تاک و پۆل پۆل خه‌ڵک دێنه ریزی خۆپیشانده‌رانه‌وه. دووه‌م: داواکاری خۆپیشانده‌ران ده‌رکه‌وت، خواستی ئه‌وان خواستی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه . سێهه‌م: ده‌سه‌ڵات شکستی هێنا که بتوانێ به ڕێگه‌یه‌کی هێمنانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بکات، تا له دواییدا پشتی به هێزی سه‌ربازی به‌ست بۆ سه‌رکوت کردنی خۆپیشانده‌ران. پیاوه‌کانی ده‌سه‌ڵات دوو دڵن له جێبه‌جێ کردنی فه‌رمانه‌کانی ده‌سه‌ڵات، چونکه له خۆیان ده‌پرسن که سه‌رکه‌وتنی میلله‌ت نزیکه و ناتوانن له دادگای خه‌ڵک ڕا بکه‌ن. چواره‌م: خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ئازادی سه‌لماندیان که خاوه‌ن ستراتیجن و پلانی دوور و درێژیان هه‌یه، بۆیه هه‌ست و سۆزی هه‌موو چین و توێژه‌کانی میلله‌تیان بۆ خۆیان به‌ده‌ست هێناوه: قوتابییان و خوێندکاران، مامۆستای زانکۆکان، پیاوانی ئایینی، کاسبکاران، سه‌نعه‌تکاران، و .... هتد
ئێمه‌ی کورد له کوردستانی باشووردا ئه‌مڕۆ له بارودۆخێکداین وه‌کو ئه‌وه وایه که له سینه‌مایه‌کدا دانیشتوین ده‌بێ له کۆتاییدا بزانین کێ ده‌یباته‌وه یان وه‌کو نێچیرێک به‌ده‌م داڵه گۆشت خۆره‌کانه‌وه نازانین کام داڵ ده‌مانخوات. ئه‌م شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه وای له تاکی کورد کردووه، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه بوویت وا هه‌ست ده‌که‌یت خه‌بات و هه‌وڵ و تێکۆ شانت هیچ به‌رهه‌مێکی نه‌بووه. ئه‌گه‌ر مامۆستای زانکۆی بیت حه‌ز ده‌که‌یت بڕۆیت ببیته‌وه به قوتابی و شتێکی تر بخوێنێت که خزمه‌تی ئه‌م ده‌رفه‌ته مێژووییه‌ی پێ بکه‌یت. ئه‌گه‌ر دایکێکی به ته‌مه‌ن بیت حه‌ز ده‌که‌یت، منداڵی زیاترت بێت چونکه وا هه‌ست ده‌که‌یت هیچ خزمه‌تی ئه‌م وڵاته نه‌کراوه.
فهوزهوییهکان کێن ؟
له مانگی مایسی ساڵی 1919، سێ هه‌زار قوتابی خه‌ڵکی چین بڕیاریاندا خۆپیشاندان بکه‌ن بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژ به په‌یمانی ڤێرسایهل که یابان یه‌کێک بوو له‌وانه که سودمه‌ند بوو له‌و په‌یمانه. له سه‌ره‌تادا بڕیاری قوتابییه‌کانی په‌کین ئه‌وه بوو که له خۆپیشاندانه‌که روو له وه‌زاره‌تی هه‌نده‌رانی حکومه‌تی چین بکه‌ن، به‌ڵام کاتێک له مه‌یدانی تیانهمان به ڕێکه‌وتن، له ڕێگادا پۆلیس ئه‌و ڕێگایه‌ی گرت بوو، بۆیه ئه‌وان ڕێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌کانیان گۆڕی بۆ سه‌ر ماڵی وه‌زیری هه‌نده‌رانی چینی که هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵ یابانهکاندا. قوتابییه‌کان که گه‌یشتنه به‌ر ماڵی وه‌زیر سه‌یریان کرد ماڵه‌که‌یان کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ستی ته‌خته‌یی بۆ کراوه. بۆ ئه‌وه‌ی که‌س نه‌توانێ بچێته ئه‌ودیوی ماڵه‌که‌یانه‌وه، له‌هه‌مان کاتدا پۆلیسێکی زۆر ده‌وری ماڵه‌که‌یان دابوو، له‌م کاته‌دا یه‌کێک له قوتابییه‌کان به ناوی کوان هوشینگ له ڕێزه‌که هاته ده‌ره‌وه ڕای کرد به‌ره‌و ماڵه‌که، توانی یه‌کێک له په‌نجه‌ره ته‌خته‌کان بشکێنێ و له په‌نجه‌ره‌که‌یانه‌وه بچێته ناو ماڵه‌که‌وه، قوتابییه‌کانی تریش دوای که‌وتن، کوان هوشینگ یه‌که‌م که‌س بوو که ئاگری نا به ماڵه‌که‌وه. بۆیه قوتابی ناوبراو به ئانارکی ناسرا واته فه‌وزه‌وی. ئه‌وه سه‌ره‌تایی مێژووی فهزهویهت بوو له جیهاندا.
له کوردستان ده‌سه‌ڵات فهوزهوییه چونکه خۆپیشانده‌رانی دایه به‌ر گولله، ده‌سه‌ڵات فهوزهوییه چونکه کۆمه‌ڵێک سه‌رباز و جبه‌خانه‌ی هێناوه سه‌رکوت کردنی خۆپیشانده‌ران، شاره‌کانی کردووه به سه‌ربازگه و پشێوی و نائارامی دروست کردووه، ده‌سه‌ڵات فهوزهوییه به‌وه‌ی چه‌ندین خۆپیشانده‌ری له زیندانه‌کاندا توند کردووه، ده‌سه‌ڵات فهوزهوییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناهێڵێ خۆپیشانده‌ران به هێمنی ناره‌زاییه‌کانی خۆیان ده‌رببڕن.
شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له جیهاندا به‌رده‌وامیان هه‌یه و خه‌ڵک و به‌شداربوانی بنیاتنه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌و شۆڕشانه‌یه. شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له خاڵێکدا ناوه‌ستێ و گه‌لانی جیهان رۆژانه به‌رده‌وامن بۆ درێژه دان به ژیانێکی خۆشتر و ئازادتر و به‌خته‌وه‌ر تر له ژیانی پێشوویان. ئه‌مه‌ریکا وه‌ک یه‌کێک له وڵاته گه‌وره‌کانی جیهان له چه‌ند ساڵێکی رابردوو گه‌وره‌ترین شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی به خۆوه بینی. بۆ نمونه له ساڵی 1995 گه‌وره‌ترین سیسته‌می سۆشیالی له بنه‌ڕه‌ته‌وه گۆڕی و ته‌ئسیرێکی به‌رچاوی هه‌بوو بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی بێکاران. که‌واته شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و گۆڕانه‌یه که له بنه‌ڕه‌ته‌وه سیسته‌مه‌که ده‌هه‌ژێنێ.
ئابوریناسی به‌نگلادیشی محمه‌د یونس، داهێنانی گه‌وره‌ی له بواری پرۆژرهدانان بۆ له‌ناوبردنی هه‌ژاری له به‌نگلادیش و وڵاتانی تری جیهانی سێهه‌م ئه‌نجامدا به شێوه‌یه‌ک توانی به خۆی قه‌رزی 2.3 بلیۆن دۆلار بۆ نزیکه‌ی دوو ملیۆن خه‌ڵکی هه‌ژار له سه‌رتاسه‌ری جیهانی سێهه‌م دابین بکات. ئه‌مه‌ی ئه‌م پسپۆڕه ئابورییه کردی شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. بناغه‌ی ئابوری جیهانی سێهه‌می به پرۆژرهکهی بۆ ده‌یان ساڵ پێشکه‌وتنی به خۆیه‌وه بینی.
له کۆتاییدادهکرێ بڵێین ئه‌و شۆڕشانه‌ی که له رابردوودا روویان دا له مێژووی کوردا شۆڕشی خه‌ڵک بوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی بۆناپارتی کوردی دروشم و ده‌سكه‌وتی شۆڕشه‌کانی بۆ خۆی قۆسته‌وه. ئه‌و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی که روو به رووی شۆڕشه‌کانی ئێران و نیکاراگوا و فلیپین بووه‌وه له کوردستانیش راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دوچاری هه‌مان ئه‌نجام بووه‌وه. خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی ئه‌مڕۆی گه‌لی کوردستان که زۆربه‌ی شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستانی بۆماوه‌ی زیاتر له‌دوو مانگه گرتۆته‌وه، هۆکاری سروشتی ئه‌و قه‌یرانه ئابورییانه‌یه که هاتۆته پێش خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی کوردستان، نایه‌کسانی و نه‌بوونی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی فاکته‌رێکی گرنگی تری ئه‌م راپه‌رینه جه‌ماوه‌رییه‌یه. دروشمی خۆپیشانده‌ران له سه‌ره‌تادا داوای چاکسازی ده‌کرد، به‌ڵام دواتر داوای ده‌ست له کار کێشانه‌وه هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێمیان کرد که ئه‌مه له چوارچێوه‌ی شۆڕشێکی سیاسی‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه. به‌ڵام داواکاری خۆپیشانده‌ران له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا، سنووری شۆڕشی سیاسی‌یان به‌زاندووه و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت و هه‌موو ده‌زگاکانی تر ده‌که‌ن که وه‌ک ئامرازێک وان به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتێکی کۆن. سه‌رکه‌وتنی ئه‌م شۆڕشه له‌وه‌دایه که به شێوه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه به‌ڕێوه ده‌چێت و سوورن له سه‌ر داوا ڕه‌واکانیان، دروشمه‌کانیان به به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ستراتیجی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌که دامه‌زراوتر ده‌بێ، به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری هه‌نگاو ده‌نێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست