کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نانی یه‌کێتیان خوارد و ده‌نگیشیاندا به‌ گۆڕان

Monday, 08/03/2010, 12:00


بۆچاودێریکردنی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ بنکه‌ی (Wembely Park) له‌ له‌نده‌ن ، من و هاوڕێیه‌کم ڕێمان گرته‌ به‌ر ، هاوڕێکه‌م که‌ کۆنه‌ یه‌کێتییه‌ به‌ڕاشکاوانه‌ ده‌یگووت که‌ ده‌نگ به‌ گۆڕان ده‌دات ، منیش نه‌ک بۆ ده‌نگدان به‌ڵکو بۆچاودێری چووبووم ، له‌ نزیک بنکه‌ی ده‌نگدانه‌که‌دا چێشتخانه‌یه‌کم چاوپێکه‌وت که‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی به‌ دروشم و ئاڵاو وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ڕازابۆوه‌ ، دوای ماوه‌یه‌ک له‌ چاودێریکردن و وێنه‌ گرتن پێویستیمان به‌ پشویه‌ک بوو هه‌ر بۆیه‌ بۆ نان خواردن له‌ بنکه‌که‌ دوورکه‌وتینه‌وه‌ ، که‌ نزیک بوینه‌وه‌ له‌ چێشتخانه‌ ڕازاوه‌که‌ی یه‌کێتی خاوه‌ن ماڵ که‌ به‌ڕێز (پێشڕه‌و) ی برا بچوکی حاکم قادر بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڕێکه‌می ده‌ناسی فه‌رمووی لێکردین بۆ ژووره‌وه‌ ، دوای چوونه‌ ژووره‌وه‌ به‌ هاوڕێکه‌مم گووت که‌ نابێت لێره‌ نانبخۆین ، چونکه‌ کاک پێشڕه‌و پێی گووتین که‌ نان خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌لاشه‌ واتا بێ پاره‌یه‌ له‌سه‌ر حیسابی یه‌کێتییه‌ ، هه‌ربۆیه‌ به‌ هاوڕێکه‌مم گووت که‌ ئه‌و ده‌نگ بدات به‌ گۆڕان چۆن نانی یه‌کێتی ده‌خوات ، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ وه‌ڵامی هاوڕێکه‌م بوو که‌ پێی گووتم ئه‌مه‌ نه‌ک نانی یه‌کێتییه‌ به‌ڵکو نانی میلله‌تی کورده‌ به‌ خۆمانی ده‌فرۆشنه‌وه‌ .. ئه‌مه‌ نانی زه‌حمه‌تکێشانی ناو یه‌کێتییه‌ ئه‌مڕۆ پێمانی ده‌فرۆشنه‌وه‌ .. هه‌ر بۆیه‌ نانی یه‌کێتی ده‌خۆم و ده‌نگیش به‌ گۆڕان ده‌ده‌دم .
به‌ گوێره‌ی چاودێری من له‌ 80% ئه‌وانه‌ی هاتبوون ده‌نگیان به‌ گۆڕان دابوو ، وه‌ به‌دڵنیایشه‌وه‌ زۆربه‌یان نانی به‌لاشی یه‌کێتیان خوارد که‌ به‌مافی ڕه‌وای خۆیانیان ده‌زانی وه‌ک کۆنه‌ یه‌کێتییه‌ک ، کاک پێشڕه‌ویش زۆر ڕێزی له‌ هه‌موو که‌س ده‌گرت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باشی ده‌زانی که‌ هه‌مووشیان ده‌نگ به‌ گۆڕان ده‌ده‌دن چونکه‌ ئه‌ویش باش حاڵییه‌ له‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی ناو یه‌کێتی .
ئه‌م تابلۆیه‌ ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات که‌ لایه‌نگرانی گۆڕان کێشه‌یه‌کی جه‌سته‌ییان له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا نییه‌ ، به‌ڵکو داخله‌دڵن به‌رامبه‌ر به‌ که‌موکوڕییه‌کانی یه‌کێتی که‌ بریتییه‌ له‌ ئاوه‌ڕنه‌دانه‌وه‌ له‌ دڵسۆزان و ماندوبووه‌کانی ناو یه‌کێتی هه‌روه‌ها به‌ نرخنه‌گرتنی ڕه‌نجی دڵسۆزانی ناو یه‌کێتی و ده‌رگا واڵانه‌کردن به‌ رووی کوڕان و کچانی هه‌ژاری ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتی ، هه‌ڵبه‌ت لیستی گۆڕان نه‌ فه‌لسه‌فه‌ .. نه‌ فکره‌ و نه‌ ئایدۆلۆژیایه‌ به‌ڵکو قین و تۆڵه‌یه‌که‌ له‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی یه‌کێتی ، هه‌موو ئه‌م ئه‌نجامانه‌ یه‌کێتی خۆی لێی به‌رپرسیاره‌ و به‌ده‌ستی خۆی ڕێکخستنه‌کانی به‌م ئاقاره‌ بردووه‌ و پۆل .. پۆل هه‌ڵوه‌رین له‌ ڕیزه‌کانیان دێته‌ ئاراوه‌ ، شه‌ڕ و ململانێی بنه‌ماڵه‌یی و به‌ زۆر سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و پۆست و ملکه‌چکردنی ئه‌ندامه‌کانیان بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌ تایبه‌تێکانی خۆیان وایلێکردن که‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان لێیان دوور بکه‌ونه‌وه‌ .
برینی له‌شی یه‌کێتی خوێنێکی زۆری لێده‌چۆڕێت و هێواش .. هێواش ڕه‌گی ده‌ماری ژیانیان زه‌رد ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ره‌و ئاقارێکیان ده‌بات که‌ نه‌توانن به‌ ئاسانی چاکببنه‌وه‌ .
به‌ گشتی ده‌بێت یه‌کێتی چاو به‌ سیاسه‌تی خۆیدا بخشێنێته‌وه‌ و گۆڕانکارییه‌کی سه‌رتاسه‌ری له‌ناو خۆیدا بکات ، هه‌ڵبه‌ت یه‌کێتی وه‌ک ڕێکخراوێک مه‌حاڵه‌ له‌ناو بچێت به‌ڵام ده‌گونجێت که‌له‌ داهاتوودا ئه‌م هێزه‌ی ئێستاشی نه‌مێنێت ، جابۆیه‌ تاکات دره‌نگ نه‌بووه‌ ده‌توانێت به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی نه‌ک نانی یه‌کێتی بخۆن و ده‌نگیش به‌ گۆڕان بده‌ن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە