با پارتى سكاڵاى یاسایى لەسەر سەركردەكانى خۆى تۆمار بكات و -میللەتیش داواى قەرەبووى مادى و مەعنەوى لەو حزبە بكات مۆدێلێكى نوێى چەتەگەرایى لە
Sunday, 05/09/2010, 12:00
لە ڕووى یاساییەوە چەمكى دەوڵەتى قانونى كە بەكاردێت بە واتاى هەموو كەسایەتیە سروشتى و مەعنەوییەكان لە وڵاتدا مل كەچى یاسا بن بە بێ هیچ ئیستسناْ بۆ هیچ كەس و لایەن و جیهەتێكى دیارى كراو .
ئەگەر بەراوردى ئەو پێناسەیە بكەین كە یاساناسان بۆ دەوڵەتى قانونى كردوییانە لەگەڵ بەكارهێنانى دەستەواژەى دەوڵەتى قانونى لەم مەملەكەتەى خۆمان لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە بەتایبەت بەرپرسانى پارتى و سەرۆكەكەى و ئەندامانى حزبەكەى بە ئاشكرا هەست دەكەین كە تەواو ئاوەژووە ئەو دەستەواژەیە لەگەڵ مانا ڕاستەقینە یاساییەكەى خۆى .
ئەوەى لێرە دەبینرێت و دەكرێت قەشمەڕى كردنە بە یاسا و سەروەرى یاسا ,لەم دەڤەرە یاسا وەك تۆڕى ماسی وایە بە دەست دەسەڵاتدارانەوە كە بچوكەكان (میدیاى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆن و خەلكانى دەرەوەى حزبى خۆیان و بێ واستە)ى پێ ڕاو دەكەن و ماسیە گەورەكانیش (میدیاكانى خۆیان و سێبەر و بەرپرسانى حزبى و پیاوانى خۆیانى) بە ئاسانى بۆى دەردەچن و هەرگیز ڕاو ناكرێن.
لەوێ ڕۆژانە بە چەندەها جار پێشێلكارى و گاڵتە بە یاسا دەكرێت لەلایەن پیاوانى حزبیەوە بەڵام هیچ كەس نە ماف وە نە جورئەتى ئەوەى نیە بڵێت سەر و چاوتان برۆى پێوەیە .
لەوێ بە چەندەها میدیاى جوێن فرۆشى بازاڕى و زمان شڕى خاڵى لە ڕۆشنبیرى و سود گەیاندن بە خوێنەر و بینەر و بیسەر پڕ لە سوكایەتى كردن بەخەڵك و خوا و میللەت و پێغەمبەران و هەموو پیرۆزییەكان و حزب و میدیا و ڕاگەیاندنەكانى دەرەوەى دەسەڵاتى ژێر حزبە كۆنترۆڵ بەدەست و جوڵێنەرەكانیان و پێچەوانەى هەموو ئاداب و سیستمێكى گشتى هەیە و ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە لە داهات و بوجەى گشتى هاوكارى و دەعم دەكرێن بەڵام یاسا و دادگا و داواكارى گشتى و حكومەت و پەرلەمان خەوییان لێ كەوتووە.
ئەوان بە خۆیان و سەرۆكى پارتەكەیانەوە هەر كە زۆرییان بۆ هات بە بۆنە و بێ بۆنە باس لە سەروەرى یاسا و دەوڵەتى یاسا دەكەن و پێمانى دەفرۆشنەوە لە هەڕەشە و چاوسوركردنەوە لە زمان و قەڵەمە ڕاستگۆكان ژمارەى پێوانەیى و خەیاڵییان شكاندووە بەڵام دەبارە یاسا و دادگا و داواكارى گشتى بونەتە اێحب الكهف و لە سەردەمى حكومڕانى كوردى ئەم دوو حزبەوە كەوتونەتە خەوێكى قوڵەوە و واش بڕوات تا ئەم دەسەڵاتە بمێنێت بۆ پیاوانى ئەوان بەخەبەر نایەن .!
ئەوان كە دەمیان دەكەنەوە قسە جوان و باشەكەیان ناوهێنان و كردنى میللەتە بەسەگ و درۆكردن و بوختان هەڵبەستن و تۆمەتدانە پاڵى میدیاى ئەهلى و زمانە ڕاستگۆ و ئازاكانە بە دەست لە پشتەوە بوون و هەڕەشەو چاوسوركردنەوە و كوشتنى ڕۆژنامەنوسان و تۆماركردنى داواى یاسایى و داواكردنى قەرەبووى خەیاڵى لە میدیاى ئەهلیە.
ئەوان كە سەرۆكى پارتەكەیان (مەسعود بارزانى) قسە دەكات نەدى و نەشارەزا بە سەرۆكى وڵاتانێكى دیموكراسى وەك سوید و سوسیرا تێ دەگات و وا دەزانێت ئەم كابرایە سەرۆكى ئەو وڵاتانەیە لەم هەرێمە نەگبەتەدا لێى قەوماوە !چونكە بنێشتە خۆشەى سەر زمانى باسكردنە لە دەوڵەتى قانونى و سەروەرى بونى یاسا لە وڵاتدا .
ئەوان دەیانەوێت بەناوى سەروەرى یاسا و یەكلایى كردنەوەى كێشەكان لەڕێى یاساوە گیرفانى خۆیان و قاسەى حزبەكەیان پڕ بكەن و بڕبڕەى پشتى كارى ئەو میدیایانە كە بە لایەنى داهاتەوە دەڕوات بەڕێوە بیشكیێنن .
تۆماركردنى سكاڵاى یاسایى لەسەر میدیا ئەهلییەكان داواكردنى قەرەبووى خەیاڵى لێیان ئەوانەى بەڕەش دەڵێن ڕەش و سپیش ناكەن بەڕەش یەكێكە لە ئیهانەكردنەكانى دەسەڵات و پیاوانى پارتى بە یاسا و سەروەرى یاسا ,من واى دەبینم هەموو شتێك بێت یاسایى نیە تەنها مەبەستەكە بۆ خستنە سەر ساجى عەلى ئەو میدیایانە و تەمبێ كردن و كردنیانە بە عیبرەت بۆ كەسان و ڕاگەیاندنەكانى تر تا چى تر جورئەتى ئەوە نەكەن ڕاستیەكان وەك خۆى بڵێن و بیگەیەنن .
دیارە ئەمە بەو مانایە نا كە لەگەڵ ئەوە نەبین كە یاسا سەروەر بێت و داواى یاسایى لەسەر ئەو میدییانە تۆمار نەكرێت ئەگەر سەرپێچى یاسایان كرد ,نەخێر ئەمە بەو مانایەى ئەگەر بڕیار بێت یاسا هەیە و یاسا سەروەرە و ئەوا با بۆ هەمووان وەك یەك بێت نەك وەك ئاماژەى پێدرا پێشتر یاسا بەس بۆ ماسیە بچوكەكان بێت پیاوانى حزبى دەسەڵات وەك بەرزەكى بانان بۆى دەربچن .
تۆماركردنى داواى یاسایى لەسەر میدیا ئەهلیەكانى وەك ئاوێنە و هاوڵاتى لە هەفتەى ڕابردوو لە لایەن سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پارتیەوە و داواكردنى قەرەبووى خەیاڵى لەو ڕۆژنامانە جگە لە مۆدێلێكى نوێى چەتەگەرایى و ڕاو و ڕوتكردنى میدیاى ئەهلى و قەڵەمە ڕاستگۆ و ئازاكان كپكردن و وشكردن و لاوازكردنیان لەڕووى ئابورییەوە هیچ شتێكى تر نیە لە دەوڵەتە قانونیەكەى پارتى و سەرۆكەكەى .
ئەو مۆدێلە تازەیەى ئەو حزبە لەمڕۆدا خولقاندویەتى لە داواكردنى قەرەبووى خەیاڵى لە میدیا ئەهلیەكان و كوشتن و چاوسوركردنەوە تۆمەتباركردن و درۆ هەڵبەستن و هەڕەشەكردن لە ڕۆژنامەنوسەكانیان سونەتێكى خراپ و دیكتاتۆریانەى پیاوانى ئەو حزبەیە لە سەردەمى حكومڕانیان لە دەوڵەتە قانونیەكەى خۆیان كە وادەڵێن و وا باسى دەكەن!!!!!!!!
پارتى و پیاوانى ئەو حزبە دەبوایە پێش هەموو كەس هەستن بە داخستن و دەمكوتكردنى میدیا سێبەر و كلكەكانى خۆیان و لە پێش هەموو شیانەوە لە پیاوانى حزبەكەى خۆیانەوە دەستیان پێبكردایە كە دیاربوو كێ زۆر بێ چاوو ڕووانە بە میللەتى وت سەگ ,بێگومان بەرپرسەكەى مەكتەبى ڕاگەیاندنى پارتى بوو نەك میدیاى ئەهلى و ئاوێنە و هاوڵاتى !!!!
لە پێشتر لە پارتیش دەبوایە هەموو میلەت لەڕێگەى داواكارى گشتى كە تەمسیلى بەرژەوەندى گشتى كۆمەڵگا دەكات هەستایە و هەستێت بە تۆماركردنى داواى یاسایى لەسەر كلكە میدیاكانى پارتى و پیاوانى ئەو حزبە لە بەرامبەر قەزف و تەشهیركردن بە میللەت نمونەى ئەو پیاوە حزبیانەش سەرۆ قادرى بەرپرسى مەكتەبى ڕاگەیاندنى ئەو حزبە و چەندەها سەركردەو كەسایەتى ئەو حزبە هەر لە سەرۆكەكەیانەوە تا ئەندامانى تریان بە تۆمەتى جۆراو جۆر .داواى قەربووى لێ بكردنایە نەك ئێستا ئەوان بەو سیاسەتە كلاسیكیەى خۆیان كە هێنانە سەر ساجى عەلى میدیاى ئەهلى و ڕۆژنامەنوسان چاوترسێنكردنیانە داواى یاسایى تۆمار بكەن و داواى قەرەبووى خەیاڵى یان بكەن.
بەداخەوە ئیتر میللەت بێ خاوەنە و دەنگو ڕەنگى ئەو میللەتە هەر ڕۆژە و لە لایەكەوە گۆبەندى بۆ ساز دەكرێت وەك داواكارى گشتى بۆتە داواكارى بنەماڵە پەرلەمانیش ئەوەندەمان وت وابكەن وامەكەن دەممان سوا لەگەڵییان هەموو خەمێكى پەرلەمان و پەرلەمانتاران بۆتە شەڕكردن لەسەر مۆنیكا و موكافەئەكانیان,كارەكانى خۆشیان لە قاڵب داوە لە چوارچێوەى تەسكى خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسا كە پەرلەمانیش نمونەى كارگەیەكى بەرهەمهێنانى كاڵاى لێهاتووە بەس بۆ بەرهەمێنانى یاسا بەڵام بازاڕێك نیە تێیدا ساغ بكرێتەوە ئەگەر نا بێ دەنگ بونى پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش لە پێ ڕاكێشانى حزب و پیاوانى حزب و ئیهانەكردن بە یاساكانى ئەو پەرلەمانەى دەرى دەكات نەنگی و شورییە بۆ ئەوان پێش هەموو كەس .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست