زۆر بە کورتی بۆ مەلا بەختیار
Friday, 05/07/2013, 12:00
پاش نووسینەکەم لەسەر مەلا بەختیار لە کوردستانپۆست بەناونیشانی (سەرسەختترین دوژمنی تاڵەبانی و یەکێتی هەمیشە مەلا بەختیار بووە) مەلا بەختیار بە هەردوو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کورستان جەمیل هەورامی و ڕەهبەری سەید براهیمی ووتوە ئێوە پەیوەندی شەخسی و تەلەفۆنیتان لەگەل ڕزگار ساڵحی نووسەری کوردستانپۆست هەیە، بۆ ئەوەی تەجمیدتان نەکەین وەک ئارێز عەبدوڵا، دەبێت داوای لێبکەن، کە لەمەودوا لە کوردستانپۆست نەنووسێت.
ئەمەش وەڵامی منە بۆ ئەو هەڕەشەیە:
من وەک ڕزگار ساڵح بە مەلا بەختیار دەڵێم: ئەو دوو بەڕێزەکە مەلا بەختیار قسەی لەگەڵدا کردوون، لە ژیانی ١٧ ساڵی خۆمدا لە ووڵاتی هۆڵەندا بۆ یەک جاریش پەیوەندی تەلەفۆنیان لەگەڵ مندا نەبووە، ڕاستە کاک ڕەهبەری سەید براهیم لە شاری ئەنیشخەدە لە ساڵی ١٩٩٧ تا گەڕانەوەی بۆ کوردستان وەک پەنابەر لەیەک شاردا ژیاوین و پێکەوە پەیوەندیمان هەبووە وەک دوو پێشمەرگەی دێرین، بەڵام پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان بۆ یەک جاریش گوێم لەزەنگی تەلەفونی ڕەهبەری سەید براهیم نەبووە، جەمیل هەورامیش ساڵی ٢٠١٢ هاتە ووڵاتی هۆڵەندا و لەشاری ئەنیشخەدە، کە من تیایدا دەژیم ئەوەی پێم کرابێت ڕێزم لێگرت. بەس بێ سڵەمینەوەش ئەوەی، کە لە نووسینەکانمدا وەک ڕەخنەی توند باسم کردبوون بەزیاترەوە بەرامبەری خۆی پێم ووت و ڕەخنەی چەکوش ئاساشم لێگرت، تا ئەم چرکەساتەش گوێم لەدەنگی جەمیل هەورامی نەبووە بەتەلەفۆن.
با مەلا بەختیار و ئەوانەی سێبەری ئەون باش بزانن، تا ئەو کاتە ڕزگار ساڵح دەمرێت وەک کەس ... وەک پێشمەرگەی دێرین... وەک نووسەر، وەک ئەو کەسانە نییم کە قەڵەمەکەم بگۆڕمەوە بە بڕێک دۆلار و مۆلار، ئەوانەی ئەمە دەکەن کە لە رابردوودا خۆیان بە گیڤارای شۆڕشگێڕی چەک و نووسین دەزانی لە کوردستانپۆستدا دەیان نووسی، پاش ترازان و کەوتنیان بەرەو باوەشی دەسەڵات بۆ بڕێک دۆلار هەر هەموویان مردوویەکی زیندوون، هیچ کەس نووسینەکانیان بەیەک قڕان ناکڕێت. من ئەو جۆرە مردنە هەڵنابژێرم.. زیندووم و شانازی بە رابردوو و ئیستای خۆشمەوە دەکەم، چونکە تا ئیستا خۆم نەفرۆشتووە. من خۆفرۆش و ترسنۆک نییم.
لینکی نوسینەکەم لە کوردستانپۆست لەسەر مەلابەختیار:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=e2b3cbe5ڕزگار ساڵح
٥-٧-٢٠١٣
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست