شەقامەكانی سلێمانی پیستر مەكەن، چەكەكانتان بەرنە دەرەوە
Wednesday, 20/04/2011, 12:00
بەقوربانی ورەو وزەی دەست و گیانی هەموو ئەوانەبم كە ئەمڕۆ ڕوبەڕووی چەك و دەمامكدارەكان بونەوە لەسلێمانی، بەقوربانی هەموو بەردەكانی دەستان بم كە ئاراستەی زوڵمتان دەكرد، بەقوربانی ئەو دڵۆپە خوێنانەتان بم كە بەفیشەكی جەلادەكان دەڕژایە سەر شەقامەكانی شار، بەقوربانی بەقوربانی ئەو هەنگاوانەتان بم كەلەبەرامبەر فیشەكی چەكداراندا هەڵدەهاتن و هەڵمەتتان دەبردو دەتانویست سەرای ئازادی ڕزگاربكەن، قوربانی ئەو سەدان خۆپیشاندەرەتان بم كە ئێستە لەزیندانەكاندا شەو بەسەر دەبەن و دڵتان لەسەر شەقامەكان جێهێشتووە، قوربانی تاك تاكی ئەو خوێندكارانە بم كە ئەمڕۆ هەمویان بەعسیان بینی و گەڕانەوە بۆ ساڵی 88ی سەردەمی ئەنفال و سەرەتای ڕاپەڕینی 91.
سڵاو لەخۆڕاگری و ماندوو نەناسیتان، گەنجە بوێرو توڕەكانی مەیدانی ئازادی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی پەیمانگەو ئامادەیی و ناوەندییەكان، ماوەی 3 ڕۆژە هێزە چەكدارەكانی یەكێتی بەهەموو شێوەیەكی نامرۆیی دور لە هەموو قیەم و بەهایەكی ئینسانی كەوتونەتە پەلاماردانی مەیدانی ئازادی تاكو لەدواین هەوڵی تێكدەرانەی دوژمنكارانەدا سەكۆی ئازادییان سوتاندو سوكایەتیان بەوێنەی شەهیدەكانمان كرد و چەندین كەسیان دەستگیرو بریندار كرد، بەجۆرێك كە ئەمڕۆ سلێمانی هەموو شەقام و كوچەو كۆڵانێكی كرایە سەربازگە، دەیان هەزار چەكداریان بەچەكی قورس هێنایە سەرای ئازادی بۆ ڕێگرتن لەو خۆپیشاندانانەی كەماوەی دوو مانگە بەشێوەیەكی دوور لەتوندوتیژی بەردەوامە، ئەوان چاویان هەڵنەهات بەو ئازادی و ئارامیەی كە ئێمە خولقاندبومان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەكان، ئێمە لەمەیدانی ئازادییەوە سەراپای سەروەریەكانی ئەوانمان خستبووە ژێر پرسیار، بەجۆرێك كاریگەریمان لەسەر دروست كردبوون كە توشی هستریای كردبوون، ئەوان نەیانتوانی وەڵامی بچوكترین داخوازی خۆپیشاندەران بدەنەوە بۆیە قەزافی ئاسا یەكێتی دەیەوێ چاو لەپارتی بكات بۆ ئەوەی خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری بێدەنگ بكات، بەڵام با یەكێتی و پارتی دڵنیابن ئەگەر بیانەوێ بەمجۆرە سەركوتی خۆپیشاندەران بكەن كە نەشیانتوانیوە ئەو كارە ئەنجام بدەن، ئەوە پێویستە دڵنیا بن كە ئەم دۆخە ڕوو لە ڕاپەڕین دەكات، ئەو ڕاپەڕینەی كە هەموو دوكان و بازاڕ تێیدا وەك ئەمڕۆ دادەخرێ و هەموو شەقامەكانی شار دەبنە سەرای ئازادی، هەموو شەقامێك سەدان گەنج تێیدا ڕوبەڕوتان دەبێتەوەو ئاگری ئەم توندوتیژییەی كەبەرهەمتانهێناوە ماڵ بەماڵتان و بارەگا بە بارەگاتان دەگرێتەوە، بۆیە چاكترە مل بدەن بەئیرادەی خەڵك و لەكورسیەكانتان بێنە خوارەوە، چونكە سەردەمی حوكمی جەلاد كۆتایی هاتووە، سەردەمی حوكمی بنەماڵەو سەرۆكێكی بەزۆر سەپێنراو بەسەرچووە، جارێكی تر حوكم لەكوردستاندا ناگەڕێنرێتەوە بۆ پێش 17ی شوبات، هیوادارم بەشی ئەوەی تیا بیەڵنەوە كە بتوانن لەكوچەیەكی ئەم كوردستانەدا پاشماوەی ژیانتان بەسەر بەرن، دەست هەڵگرن لەم قەزافیاتانە، خۆتان باش ئەوە دەزانن هەركات گەل و دەسەڵات ڕوبەڕوو بوبێتنەوە گەل براوە بووە، كەس نەیتوانیوە بەحوكمی هێزو چەك وڵات بێدەنگ بكات، وڵات لەسایەی چەك و بێدەنگ كردندا توشی تەقینەوەی ناڕەزایەتی بووەو كۆتایی بەستەمكاری هێناوە، دەست هەڵگرن لەم خوێنڕێژییە ئاگری ئەم شەڕە نزیكە لەماڵەكانتان، لەكۆشك و كۆمپانیاكانتان، لەپولو پارە دزراوەكانتان لەو موڵكانەی كەهی میلەتەو داگیرتان كردووە، گەنجانی توڕە دڵنیابن لەپشتانین لەپێشتانەوەین، لەگەڵتانین تاكو شۆڕشە سپیەكەمان سەردەخەین و دەگەین بەدادگایی جەلادەكان و هەرەس هێنان بە ستەمكاری یەكێتی و پارتی، دوا قسەشم بۆ یەكێتی و پارتی ئەوەیە كە ئاگادار بن هەموو ماڵەكانی كوردستان چەكی تێدایە، خەڵك ناچار مەكەن دەست بداتە چەك. ئەو هەموو چەكە لەسەر شەقامەكان لابەرن ئێمە حزبی چەتەو چەكدارمان ناوێ، ئێمە ئاشتی و ژیانمان دەوێ، ئێمە تاڵەبانی و بارزانیمان ناوێ، ئێمە یەكسانی و خۆشگوزەرانیمان دەوێ.
سبەینێش وەك ئەمڕۆ توڕەتر و بەرفراوانتر لەسەر شەقامین خۆڕاگرین بەردەوامین تاكو هەڵوەشانەوەی سیستەمە ستەمكارەكەتان دەست لەخوپیشاندان هەڵناگرین، هەموومان فاروق ڕەفیق و ڕێبین هەردین، زیندانی گەورەترمان بۆ دورست بكەن چەكی زیاترو قورسترمان بۆ بهێنن با بەدەستی خۆتان عومری كۆتاییتان ببینین.
ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی ڕانیەو چەمچەماڵ و هەڵەبجەو خورماڵ و كەلارو كفری و كۆیە، سەلماندیان كە ڕۆحی بەرەنگاربونەوەیان لەگەڵ سلێمانیدایە دژی ستەم و زوڵمی یەكێتی و پارتین و ئامادەی هەموو قوربانیەكن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست