کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


كەركوك، قوربانی دەستی تیرۆر و سیاسەتی هەڵەی حزب!!

Thursday, 05/12/2013, 12:00

1387 بینراوە



لەمێژە كەركوك وەكو ناوەندێكی ململانێ ناوخۆی و هەرێمیەكان بوەتە ناوەندێك كە لەلایەنێك زیاتر گرەوی لەسەر دەكەن و بوەتە (مێز) ماسەیەكی قومار كە براوەو دۆڕاوەكەشی هەر نەهامەتی بۆ خەڵكی شارە دێنن، كەركوك وەكو سەنتەری ناوچە كێشە لەسەرەكان لەئێستادا لە شارێكی ماندووی دوای جەنگێكی درێژخایەنی فاشیزمی بەعس لەبری ئەوەی هەوڵی رەخساندنی كەشێكی ئارام بدرێت بۆ دەرخستنی ماندوێتی خەڵكە رەسەنەكەی ئەو شارە بەردەوامیدان بەقوربانی و ماڵوێرانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەر چەندە ماوەی چەندین ساڵە كێشەی كەركوك وەكو سنوری جوگرافی یەكێ لەئاڵۆزترین كێشە چارەسەر نەكراوەكانی ئێراق بوە، لەگەلأ ئەوەشدا لەئێستادا بوەتە ناوەندێكی گەرم و گوڕی ملمیلانێی نادروست و كەشێكی هێندە نا ئارامی تیادا خوڵقاوە كە لەهەموو بوارەكانی بەڕێوەبردنی و پاراستنیەوە بۆشایەكی بەرفراوان دروستبوە و هەلێكی مەزنی بە گروپە توندڕەوەئیسلامیەكان داوە تا دەستی چەپەڵی خۆیان بهاوێژنە ئەو شارە و رۆژانە كاری تیرۆر و تۆقاندن ئەنجام بدەن. 
كردوە تیرۆریستیەكانی چواری ئەم مانگە ناتوانرێت تەنها وەكو كردەوەیەكی سەراسەر و تیرۆرێكی ئاسایی لێی بڕوانی، چونكە درێژكراوەی هەمان دەستە كەماوەیەكی درێًژە بەشێوازی جیاواز و بەخزمەتكردن بەئەجیندای جیاواز بەردەوامیان هەیە، لەئێستادا كە گروپە توندڕەوەكان بەهاوكاری هەندێ لە وڵاتانی كەنداو هێزی بەرژەوەندی خوازی نێو دەوڵەتی و هەرێمی لەهەوڵی گوڕكردنی شەڕی مەزهەبی و پێكدادانی نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین و بێ كاریگەر كردنی رۆڵی كوردن لەكێشمەكێش و ئالۆزی ناوچەكە. بۆ ئەمەش گرنگترین ئەوناوچانەی كە برایەتی تیایدا بەسەدان ساڵە خۆی پاراستوە ئامانجی سەرەكی هێرشەكانن. ئەم رەوشە تەنها گرێدان بەئێراقیشەوە كارێكی راست نابێـت ئەوەتە باس لەوە دەكرێت دوان لەو تیرۆریستانەی كە لەكردەوە تیرۆریستیەكەی كەركوكدا كوژراون كوردن و پێشتر بەناوی جیهادەوە هەڵخەڵەتێنراون و رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كراون. دوایی شكستیان لەرۆژئاوا هاتونەتەوە شارێكی تری فرەرەنگی كوردانیان كردوەتە ئامانج. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت كە لە ئاراستەكردنی ئەنجامدانی ئەم كردەوانەدا بەپلەی یەكەم نەیاری كوردان هەیە كە دەتوانرێت زۆربەڕونی دەست بۆ توركیا و هاوپەیمانەكانی درێژ بكرێت. لەلایەكی تر بەدەنگەوە نەهاتنی لایەنی ئەمنی ئێراقی بەتایبەتی فرقەی (12) بۆ كۆنترۆڵ كردنی بارودۆخی شارەكە هەندێك ئاماژە بەدەستەوە دەدەن كە ئەم كردەوە توندوتیژیانەی كەركوك بەتایبەتی و توندوتیژیەكانی تری ناوچەكێشە لەسەرەكان هێزێكی شاراوەی وەكو دەوڵەتی شاراوەی نێو دەوڵەتی توركیا لەنێو ئێراقدا هەیە و هێزێكی تایبەتمەندە بە قوڵكردنەوەی كێشەی كورد و پەراوێزخستنی لەهاوكێشەی سیاسی و قڕكردن و كۆچبەركردنی كوردان وەكو چۆن رۆژانە لەناوچە كێشە لەسەرەكان لە سەعدیە جەلەولا، دووز خورماتوو مەندەلی و كەركوك و چەندین ناوچەی تر بەدی دەكرێت.
ململانێی سیاسی ئێراقیش فاكتەرێكی تری سەرەكی ئالۆزیەكانن كە ئاماژەن بەوەی كە ئەم توندوتیژیانە رەهەندی ناوخۆیشیان هەیە، چارەسەر نەبوونی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و ئاڵۆزی نێوان شیعە و سونە، ترافیكی ئابوری، دیبلۆماسی هەرێم توركیا، بانگردنی عەشیرەتە عەرەبە سونەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ توركیا، لەهەمان كاتدا رۆشتنی مالكی بۆ ئێران و داخوازی رێگەدان بەسێبارە خۆ كاندیدكردنەوە بۆ سەرۆك وەزیران، مەسەلەی راكێشانی نەوتی هەرێم بۆتوركیا و ناڕەزایی ناوەند لەمەڕ بابەتەكە. وایكردوە كە ئێراق وەكو وڵاتێك جگە لەخودی ئێراقیەكان هەموو لایەك دەستیان تیاهەبێت و خاوەنی بن. 
هەرچی سیاسەتی كوردیشە لەو ناوچانە فاكتەرێكی تری سەرەكین كە رێگایان ئاوەڵاكردوە هەموو هێزێك لە پەرتەوازەییان هێز بگرن و ئەجیندای خۆیان پێك بهێنن. لەساڵی 2003 كاتێك رژێمی بەعسی روخاو لەشارەكە نەما لەگەلأ لەناو چونی ئەو رژێمە ئەو لایەنانەی كە ئەمڕۆ لەمپەڕی سەرەكین لەپێش جێبەجێكردنی مادەی 140ی تایبەت بە ناوچە كێشە لەسەرەكان، ئەو راستیەیان دەزانی كەمیوانن و ناتوانن خاوەنی ئەو ناوچانە بن بۆخۆیان ناوچەكەیان بەردا بەڵام ئەو كات ناكۆكی نێوان هەردووپارتی دەسەڵاتداری كوردی لەوەی كە كامیان حاكمی شارەكە بن وای كرد، ئەو عەرەبە هاوردانە بەڕێزە بانگێشت بكرێنەوەو قەدەری كەركوك رادەستی راپرسی و مادەیەكی دەستور بكرێـت تا لەهەڵبژاردنێكدا ئاستی دەسەڵات و حاكمیەتی ئەو دوو حزبە دەركەوێـت، بەڵام ئەنجامەكەی ریشەداكوتانی ئەو هێزانە بوو كە ئەمڕۆ زیاتر لەهەركەس دژایەتی كوردستانی بونی شارەكە دەكەن. دوای رادەستكردنی كەركوك بەمادەی دەستوی كە بەپلەی یەكەم كورد لێی تاوانبارە سەرەڕای ئەوەی كە بەهەڵبژاردن و رێژەش كوردان هێزی یەكەمن، بەڵام ململانێی تەسكی حزبی و نانەتەوەیی و پەرتەوازەی لایەنەكوردیەكان، لەسەروی هەموشیانەوە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار وایكردوە لەنێو كەركوكدا هاوكێشەیەكی سەرسوڕهێنەر دەركەوێت لە هێزی كورد بەدووهێز و عەرەب لەلایەكی تر، ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەكێ لەو هۆكارانەی كە ناتوانرێت باس لەهەبونی رێژەیەكی دروستی كورد بكرێت لەوشارەدا یەك نەبوون و پەرتەواز بوونی كوردانە وەكو چۆن لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی رابردوودا دەركەوت و ئەنجامەكەشی دیار بوو كە كورد چەندە زیانمەند بوو.
ئەوەی پێویستە بكرێت بەتایبەتی لەم هەلومەرجەی كە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەچین پێش هەر شتێك یەكخستنی نێو ماڵی كورد و بەشداریەكی هاوبەشی چالاكانەی لایەنەكانە لەپرۆسەكەدا، هەروەها هەوڵدانی نەهێشتنی تۆوی دوبەرەكیە كە ئامانجی هێزەدەسەڵاتدارەكانە لەنێو ئەوناوچانەدا بەجێی بكەن. بۆ ئەمەش پێش هەرشتێك زهنیەتێكی دیموكراتی و بەدوور ئەجیندای تەسكی حزبی پێویستیەكی دەستلێبەر نەدراوە ئەگەر نا دورنیە ئەو بۆشاییەی كە هەیە فراوانتر ببێت و رۆژانە هەواڵی دڵتەزێن لەسەر قوربانیەكانی كەركوك ببیستین.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)