کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕوونکردنەوەکەی نەریمان بابان، وانەیەکی نوێیە بۆ هونه‌رمه‌ندانی تر

Saturday, 27/10/2012, 12:00


سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەرکی میدیا و نووسەری ئازاد ئەوەیە کە ئازایانە ببێتە دەسەڵاتی چوارەم بۆ دەرخستنی نایەکسانی و زوڵم و زۆرداری ستەمکاران، هەروەها ئەرکێکی تری میدیای ئازاد ئەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگا هۆشیار بکاتەوە، تا نەکەونە هەڵەی گەورەوە...!
هیچ کەسێک بێ هەڵە نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە زوو دەستنیشانی هەڵەکانمان بکەین و وانەی نوێی لێوە فێربین...!

ئەم ڕوونکردنەوەی هونەرمەند نەریمان بابان دوای نووسینەکەی من لە دایک بوو، بۆیە دەکرێت بۆ خۆیی و کەسانی تر ببێتە وانەیەکی بەنرخ...!؟
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانیکردنی هونەرمەند نەریمان بابان بۆلای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە مەڵبەندی یەک لە تۆڕی هەواڵی سلێمانی، بابەتێکی ڕەخنە ئامیزم لەسەر بێهەڵوێستی کۆمه‌ڵێک له‌ هونەرمەند و نووسەران بە گشتی بڵاوکردەوە، بێ ئەوەی بە تایبەت باسی نەریمان بابان یان هیچ کەسێکم کردبیت، بەڵام وێنە و هەواڵی سەردانەکەی نەریمان بابان وەک هەواڵێکی هەنوکەیی کردمه‌ سەرەتای بابەتەکەم.
دیارە کاتێک نووسەرێک لەسەر بابەتێک دەنووسێت، دەبێت هۆکارێکی هەنوکەیی بۆ دێته‌ پێش بۆ باسکردن و وورووژاندنی ئەو بابەتە گرنگە...! من تەنها سەردانەکەی نەریمان بابانم کردە سەرەتایەک بۆ چوونە ناو ئەو بابەتە و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەی کە هونەرمەندان و نووسەرانیشی گرتۆتەوە، کێ بتوانێت هەوڵدەدات کە بەناوی هونەر و نووسین و ....زۆرترین دەستکەوت بۆ خۆی بپچڕێت، بێ گوێدانە ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئەو دەسەڵاتە چۆن دەبێنن، یان ئایا تا چەند ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە و تاوانی کردووە بەرامبەربە منداڵان و گەنجان و زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگا...؟ بەوەی سیستمێکی گەندەڵی بنەماڵەیی یان لە هەموو کایەکانی کار و ژیاندا کردۆتە دەسەڵاتێکی ناشەرعی و نەخۆشی یەکی کۆمەڵایەتی و زۆربەیان لەناو دەسەڵات و کارمەندان و هونەرمەندان و نووسەران و...تووشی ئەو دەردەکردووە...!
ئەم هەموو تاوان و گەندەڵیەش بە ناوی کوردایەتی و پارێزگاری لە نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن و زۆر کەسیان بە درووشمەکانیان هەڵخەڵەتاندووە و لە بۆنەکان و سەر تەلەفزیۆنەکانیاندا گۆرانی یان بۆ دەڵێن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن...!
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریکردنەوە بەرامبەر بە خۆمان و کۆمەڵگا و چارەنووسی خەڵکی کوردستان، نابێت وەک نووسەر و هونەرمەندی ئازاد و ئازا بکەوینە داوی سیاسی هەردووبنەماڵەوە، بەناوی کورد و کوردستان و نیشتمان و بەرگری کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان...!

دەسەڵاتی ٢٢ ساڵەی هەردوو بنەماڵە وەک ئەزمۆنێکی تاڵی بۆ دەرخستین کە ئەوان جگە لە خەمی دەسەڵات و گیرفان و ناوگەڵیان، هیچ خەمێکی تریان نییە...!

کاتێک هونەرمەندێکی وەک نەریمان بابان دەچێت بۆلای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەک بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتمانی، بە مافی خۆمانی دەزانین پرسیار بکەین لەو هونەرمەندە، کە پاش ١٧ ساڵ لە ئاوارەیی و دوور لە کوردستان و سلێمانی، هیچ شتێکی گرنگتر نەبوو سەردانی بکەیت...؟
من پێموایە لە ماوەی ئەو ١٧ ساڵەی دوورە ووڵاتی زۆر شتی بیستووە و بەرگوێی کەوتووە، بۆیە نەیوویستووە سەردانی کوردستانیش بکاتەوە...؟ یان باشترە پرسیارێک ئاڕاستەی کاک نەریمان بابان بکەم، که‌ بۆچی پێش ١٧ ساڵ کوردستانی بەجێهێشت...؟ ئەو کاتەش هەر بنەماڵەی تاڵەبانی حاکمی شاربوون...!، بەڵام ئەوەی بووە جێگای سەرنجی من و ستافی کوردستانپۆست، ئازایەتی و متمانە بە خۆبوونی هونەرمەند نەریمان بابان بوو، کاتێک بە پەلە ڕوونکردنەوەیەکی نارد بوو بۆ کوردستانپۆست و نەکەوتە سەنگەرگرتنی کوێرانە...! زۆر بە ڕاشکاویانە هەڵویستی خۆی وەک هونەرمەندێک ئاشکرا کردوو بلاویکردەوە، نەک چاوشارکێی و خۆشاردنەوە لە ڕاستی یەکان....!

بە هیوام هونەرمەند نەریمان بابان لەسەردانی کەسوکار و سلیمانی و کوردستاندا بە زۆربەی یادگارەکانی ئاشنا ببێتەوە و بە کردار پیسەلمێنێت کە لە خۆی زیاتر کەس خاوەنی ئەو و هونەرەکەی نی یە...؟ ئەو کاتە خۆی دەکاتە هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست، لەبەرەی ستەملێکراواندا، نەک وەک زۆربەی هاوپیشەکانی کە بێدەنگی یان هەڵبژاردووە و بە خشکەیی و لە ژێر سێبەری ستەمکاران و گەندەڵکاراندا، دەحەوێنەوە، بەڵام وویژدان و کاراکتەری ڕاستەقینەی خۆیان فرۆشتووە...!؟

سەرەڕای ئەوەی کە دەستخۆشی لە هونەرمەند نەریمان بابان دەکەم بۆ ئەو ڕوونکردنەوەیەی و ئاشکراکردنی هەڵوێستی خۆی، دەکرێت زۆربەی هونەرمەندان و نووسەرانی تریش ئەو ڕێچکەیە بگرن، تا وویژدانی خۆیان بەرامبەر بە کۆمەڵگا ئاسوودە بکەن و مێژوویەکی پڕ سەرفرازی بۆ خۆیان دروست بکەن...!؟
بەڵام جێێ داخە کە زۆربەی هونەرمەندان و نووسەران و شانۆکاران و شێوەکاران و شاعیران و کارمەندان و ....دەستەمۆی یەکێتی و پارتی و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کراون و بە ئاشکراو بە دزیەوە خۆیان دەگەیەننە ئەو نابەرپرسانەی کە بە پارەی دزراوی خەڵكی کوردستان خۆیان کردۆتە کەڵەگا بەسەر کۆمەڵگادا و بوونەتە خاوەنی زەوی و ئاسمان و ڕێسمانی کوردستان....!

هونەرمەندان کاتێک هونەر دەکەن دەبێت ئەوە بزانن گەر بێت و هۆشیار نەبن دەکەونە داوی ئیمتیازەکانی هەردوو بنەماڵە و خۆیان و هونەرە جوانەکانیان ناشرین دەکەن، لە کاتێکدا دەکرێت گۆڕانی بۆ ئازادی و دەنگە ناڕازی یەکانیش بڵێن...!؟

هەردوو بنەماڵە لە پێناو هونەر و پێشکەوتنی هونەردا نی یە کە پشی پشی بۆ ئەو هونەرمەندانە دەکەن، کە ناو و ناوبانگێکیان بە توانا و کاری هونەری خۆیان دروستکردووە، بەڵکو لە پێناو قۆرخکردنی هەموو بوارەکانە بە بواری هونەریشەوە لە لایەن بنەماڵە کانیانەوە بە ناوی حیزبەوە...! واتا حیزب پردی پەڕینەوەی ئامانجەکانیانە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی پارەو ئیمتیازێک کە ئەوان دەیبەخشنەوە و هەوڵدەدەن کە هونەرمەندان و نووسەرانی پێ لغاو بکەن، موڵکی گشتی خەلکە و ئەوان دزیویانە...!؟

دەمکوتکردنی زۆربەی هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی دەربار لە پێناو ناشرینکردنی هونەر و گەشەی ئازادانەی هونەرو کلتور و میدیاکاندایە....!؟

هونەرمەندانیش گەر بەخۆیان بزانن یان نا، بەرهەمەکانیان دەخریتە قاڵبێکی حیزبی و بنەماڵەییەوە و لە هەڵویست و ڕەخنە دایاندەماڵن...!؟

بۆیە هونەری ئەو جۆرە هونەرمەندانە هیچ خزمەتێک بە دەنگی ئازادی و خەڵکی چەوساوەی کوردستان ناکات، بەڵکو دەبێتە هونەرێک بۆ جوانکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ستەمکاران و سەرکوتکەرانی دەنگی ئازادی ...!؟

موڵک و پارە و ئیمتیازی خۆیی و شەخسی ئەوە ناهێنێت، کە ڕابووردووی جوانی خۆتان ناشرین بکەن و ستەمکاران و بکوژانی دەنگی ئازادی و ئازادیخوازان جوان بکەن. بە تایبەت لە دوای ١٧ی شوباتی پارەوە بینیمان چۆن بەعس ئاساگەنجان و منداڵانی وەک ڕیژوان و سورکیو و گەرمیان و گشت قوربانی یەکانی تریان تیرۆرکرد و خوپیشاندانیشیان قەدەغەکرد...!؟

هەروەها زۆر زوو بیرتان چۆوە کە ئەوە پیاوەکانی بارزانی و تاڵەبانی و هێرۆ بوون ئەو تاوانانەیان لە دژی دەنگە ئازا و ئازادەکان ئەنجامدا و ئێوەش چوون و دەستان خستە ناو دەستی ئەو تاوانبارانەی کە دەنگی ئازادی یان خنکاند ...!!؟؟

بە تایبەت شەرمەزارییە بۆ ئەو هونەرمەند و نووسەرانەی کە لە هەندەرانەوە دەگەڕێنەوە و بە خشکەیی لە بەر کۆمەڵێک ئیمتیاز دەچنە باوەشی ئەو ستەمکارانەوە...!!

ئێوە چ پێویستتان بەوەیە کە لەپێناو بستێک زەوی و مشتێک پارەدا، چاوپۆشی لە زۆر زۆڵم و زۆرداری ئەوان بکەن...!؟ لە کاتێکدا زۆربەتان لە هەندەران ژیانتان مسۆگەرە...!

دیارە کوردستان موڵکی ئەوان نییە و مافی هەمووانە لەکوردستان بستێک زەوی و مشتێک پارەمان بەربکەوێت و ژیانێکی ئاسوودە و ئازاد بەسەر بەرین، نەک ئەوان بیدزن و پاشان بیکەن بە پیاوەتی و منەت بەسەر خەڵکی چەوساوەی کوردستان و هونەرمەندان و نووسەرانیشەوە و ئازادی زۆرینە زەوت بکەن.....!

گەر هۆشیار بن هیچکات ناکەونە داوی ستەمکارانەوە لە پێناو خۆشی و ئیمتیازی کاتی خۆتان، بەڵام لەوە دەچێت زۆربەیان هۆشیارانە ئەو ڕێگا چەوتە خۆپەرستانەیەتان هەڵبژاردبێت، لەبەرئەوەی زۆر کورت بین و هەلپەرستانە بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن...!

گەر زۆربەی نووسەران و هونەرمەندان دژی ستەمکاران بوونایە، گۆڕێنی ستیستمی گەندەڵ و بنەماڵەیی کارێکی زۆر گران نە دەبوو...!؟

لە دوای ١٧ی شوبات و ١٩ی نیسانی پارەوە هەڵوێستەکان بە ئاشکرا بوون بە دووبەرەی دژبەیەک...!

بەرەی خەڵکی ئازادیخواز لە دژی بەرەی ستەمکارانی هەردوو بنەماڵە....!!
هەموو کەس و هونەرمەندانیش ئازادن کام بەرەیە هەڵدەبژێرێن، بەڵام بە داخەوە زۆربەیان بە ئاشکرا و بە نهێنی بێدەنگی و بەرەی ستەمکارانیان هەڵبژارد...!؟
هیچ پاساوێکیش نیە بۆ ئەو هەڵوێستە ناشرینانە....! بەڵام بۆ میژوو هەڵوێستە جوانەکان دەمێننەوە....!
کاتی قسەی زل و هەستیار بەسەرچوو بە ناوی نیشتمان و کوردایەتی و پارێزگاری لە بەرژەوەندیە باڵاکان، کە ڕۆژانە لە زمانی ستەمکاران و میدیاکانیانەوە گوێبیستی دەبین، لەبەرئەوەی هیچ بەرژەوەندیەک باڵاترنیە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن...!

بۆ خوێندنەوەی هەوڵەکە کلیکی ئەم لینکەی تۆڕی هەواڵی سلێمانی بکە:

نه‌ریمانی بابان : دوای حه‌ڤده‌ ساڵ له‌گه‌رانه‌وه‌م شاری سلێمانی زۆر ئاوه‌دانه‌

http://snnc.co/Detail.aspx?id=2227&LinkID=1

بۆ خوێندنەوەی ڕوونکردنەوەکەی نەریمان بابان کلیکی ئەم لینکە بکە:

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ نه‌ریمان بابانه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a4b25976

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە