ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی تەنیا بۆ خەمی گیرفانیان دێنە قسە
Sunday, 01/12/2013, 12:00
1994 بینراوە
یەکێک لەو گروپە هەلپەرستانەی ناو کۆمەڵگای کوردی، زۆربەی ئەدیب و هونەرمەند و شاعیر و نووسەرانن، کە لەوەتەی دەسەڵاتی کوردی دروستبووە، تەنها خەمی موچە و کاری تایبەتیی خۆیانن! کاتێک مرۆڤ لە کەسایەتیی ئەمانە دەڕوانێت، ئەوسا تێدەگات، ئەم گروپە چەند خۆپەرست و بێموراڵ و درۆزن و بێشەرمن، تەنانەت لەگەڵ خودی خۆشیاندا کێشەیان هەیە و دڵسۆز نیین. ئەمانە کار و چالاکییەکیان دژ بەسەدان تاوان و ناپاکیی و پێشێلکاری ئەو دەسەڵاتە نەکردووە، ئەو دەسەڵاتەی، کە دەستی خستۆتە قوڕقوڕاگەی میللەتەوە، کۆمەڵگای کوردی لە هەموو جوانییەکان دابڕاندووە.
ئەم هونەرمەند و نووسەر و روناکبیرانەی کورد لە نمونە ناشرینەکانی دنیای ئینتەرنێت و پەیوەندییە تەکنەلۆژیاکانی ئەم رۆژگارە جەنجاڵەی گلوبالیزمن.
نمونەمان زۆرە بەرادەیەک لەسەر پیشە و خولیاکانی خۆشیان، کە ئیدانە و کارو چالاکی ناکەن، کەچی لەو کارانەی دەسەلات دەیکات بۆ نەهێشتنی کەلتور و تێکدانی شوێنەوارەکان بێدەنگن، کە دەبوو بهاتبانایە سەرخەت، ئەمە لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە بە ئارەزوی خۆی شار و گەرەک و شوینی میژویی نەماوە ئازاری نەدابێت.
ئەوانەی کار و خەبات بۆ وەستاندنی ئەو تاوانە دەکەن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. یان ئەگەر لە هونەر لە گۆرانی و فلیم و شانۆ و چیرۆکی تەمسیلی کوردی بڕوانن، نازانم کوفر و هەڵە لە کوێدایە ئەگەر مرۆڤ راشکاوانە بڵێ، هونەر لەسەردەمی بەعس رەسەنتر بوو لەچاو ئەم کەربازاڕییەی ئەمرۆ! ئەم دەسەڵاتە هەڵکەوت زاهیرێک دروست دەکات و دەیهێنێتە پێشەوە، ئەویش کۆمەڵێک کچی هێناوە وەک دەنگخۆش و هونەرمەند پارەیان بەسەردا تەخشان و پەخشان دەکەن!
لە هەریەک لەم هونەرمەند و نووسەرانە ئەگەر نزیک دەبیتەوە، تەنها خەم و ئازارێک هەیبێت دەربڕینی ئازارەکانی نێو گیرفانی خۆی و خولیای وەرگرتنی خانەنشینی و پارە، سەیارە، خانو، زەویی، سەیران، گەران، خواردنەوە، لەگەڵ رابواردن و بەجێهێنانی ئارەزووەکانی خۆی، کە لە سەرو ئازاری میللەتەکەوەیەتی رایدەگرێت، ئەوەی کە خەمیانە و بۆیان ناکرێت ئەوەیە لە لەکۆبۆنەوەیەکدا ڕیزی لێنەگیرابێت، یان داوای کردووە کتێبەکەیان بۆ چاپ نەکردووە، یاخود داوای فڵانە پلە و پۆستی ئیداری کردووە بەری نەکەوتووە، هەموو باس و خواسێکیان تەنها ئەوانەیە و هیچی تر، ئەوانەی کە پێچەوانەی ئەم ناشرینانەش بیردەکەنەوە و رەفتار دەکەن، ژمارەیان کەمە، بە پەنجەی دەست دەژمیردرێن، ئەو کەسانەن کە دەنگ و ئازاری گەلەکەیان، لە خەمەکانیان گەورەترە و کەس نایبیستێت.
ئەم گروپە ناشرینەی کۆمەڵگای کوردی، چونکە بۆ خۆیان دەرونیان نەخۆش و هەست بە کەموکوری دەکەن، بۆیە هەمیشە دەیانەوێت بە هونەرمەندی گەورە، شاعیری مەزن، ئەدیبی ناودار بانگیان بکرێن، بەچەپلە رێزان بەڕێ بکرێن، لە کۆر و سیمنارەکاندا بەئەنقەست کەمیک خۆیان دوا دەخەن، بە خەیاڵی خۆیان تا خەڵک چاوەڕێیان بکات و زیاتر تامەزری بینینیان بکەن!، ئەمەم بە گوێی خۆم لەوانە بیستووە و بۆیان باس کردووم.
ئێمە کاتێک باس لە دەسەڵاتی کوردی و بە بنەماڵەبوونی حیزب و رێکخراوەکان دەکەین، دەبینین لە ناو میدیا و راگەیاندنەکانیشدا رەنگی داوەتەوە. ئەگەر تەماشای میدیای ئەهلی بکەین، دەبینین ئەم میدیایانە لەلایەن دوو سێ بنەماڵەوە قۆرخ کراوە، هەر یەکە لەو بنەماڵانە برا و خزم و کەسی خۆی کاری تێدا دەکات، هەر یەکە لەمانە برادەر و دۆستی خۆی هەیە، لەناو خۆیاندا وا رێککەوتوون، کە بە نووسین و قەڵەمی یەکتردا بڕشێنەوە و بۆ یەکتری بسەندنەوە، ستایشی یەکتر بکەن، لە دەرەوەی ئەوان ناهێڵن کەسێکی تر بێتە پێشەوە و رەخنەیەکیان لێبگرێت، شتێک بنووسێت، کە لە هێڵی بیرکردنەوە و ستایشکردنی ئەمان جیابێتەوە. دوای ئەوە هەر یەکە بە شان و باڵی ئەویتردا هەڵدەدات و پێی دەڵێت: (روناکبیر و نووسەر و رۆماننووسی گەورە و لێکۆڵەرەوەی بەناوبانگ، سیاسەتمەدار، دکتۆر فلان کەس.. هتد).. بەر لەوەی نووسینێکیان بڵاوبکرێتەوە پێش دوو سێ هەفتە دەکەونە ریکلامکردن، کە بڵاویشیان کردەوە، تا ماوەیەک پارچە پارچە لە قسەکانی دەردەهێنن و دەیکەین بە وتە و قسەی کەسە بلیمەتەکان، بەبێ ئەوەی گەنج و کەسە بێ ئەزمونەکەی نێوەندی ئەدەب، بزانن ئەمانە لە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و زمانەکانی ترەوە دزیویانە و بەو میللەتە هەژارەی دەفرۆشنەوە. ئەمە لەکاتێکیشدایە، کە دەبێ سەردەمی ناو و ناوبانگە زلەکان لەو نووسەرە بێ هەڵوێست و هەلپەرستانە کۆتایی پێ بێت. ئەوە گرنگ نییە چی دەنووسن، بەئاستی ئەوەی چیدەکەن!؟ ئاخر چۆن دەکرێ کەسێک، هونەرمەندێکی درۆزن و ژنباز و ماستاوچی لە لا گەورەتر بێ، وەک لەو گەنجانەی کە بەخوێنی خۆیان ئازادیی دەنەخشینن؟ یان شاعیرێکی گەندەڵ و هەلپەرست و دز، لەئاستی ئەو دەنگ و رەنگانەدا بێت، کە لە زیندانەکانی هەولێر و سلێمانی لەژێر رەحمەتی جەلادە کوردزمانەکانی پارتی و یەکێتییدا بن؟
ئەو سوپا هونەرمەند و رووناکبیر و نووسەرە زەبەلاحانە، ئەگەر پیشە و کارەکانیان لە خزمەت جوانیی و هوشیاریی ناو کۆمەلگا بەکار بهێنایە، ئایا پاشەکشەیەکیان بەدەسەڵات نەدەکرد؟ مەخابن بە پێچەوانەوە تەمەنی دەسەڵاتی کوردییان درێژتر کردۆتەوە.
کێ دەتوانی بۆ ئەمڕۆ ناوی پێنج هونەرمەندمان پێ بڵێت، گۆرانی دژ بە فەسادکردنی کۆمەڵگا گوتبێت؟
کێ دەتوانێت دەست بخاتە سەر تابلۆیەکی جوان! یان ئاواز و گۆرانیی و سرودێک خەڵکی وشیارکردبێتەوە!؟
کێ دەتوانی دوو پیشانگای کاریکاتیری دژ بە دەسەڵاتمان بۆ باس بکات؟
کێ دەتوانی ناوی کۆمەڵێک ئەدیبی دیاریی کورد پێ بڵێت، کە چیرۆک و شیعرەکانیان ریسواکردنی ئەو دەسەڵاتە بێت؟
ئێمە باس لەوەش ناکەین، ئەمانە لە لاشیان کفرە، ئەگەر بێنە ناو خەباتێکی جەماوەرییەوە و خۆیان تێکەڵ بە جەماوەر بکەن، ئەوانەی دێشن لە پڕ دەبیستیتەوە چۆنەتەوە لای دەسەلات و سیخوڕیان بەسەر خەڵکەوە کردووە!
یان کێ دەبینێت، یەکێک لەمانە سەرپەرشی نارەزایەتییەکیان کردبێت، لەخۆپیشاندانێکدا لافیتەیەکیان هەڵگرتبێت، وەک ئەو خەڵکە وەستابێت؟
ئەمانە چونکە لە ناخەوە بچوک و نابووتن، تۆڵەی ئەوە دەکەنەوە و دەیانەوێت ئەو بۆشاییەی خۆیان پڕ بکەنەوە بەوەی گوایە گەورەن، ئەگەر ئەمە بکەن لە کەسایەتیان کەم دەبێتەوە، هەرچەندە زۆرینەیان لە ترسی دەسەڵات ناوێرن، بەڵام لە ماڵەوە و لای هاورێکانیان لەکاتی خواردنەوەدا، لە ئیمە زیاتر رەخنە لە دەسەڵات دەگرن.
بەڵێ بۆ کۆی ئەمانە سەیر بکەن بیست و دوو ساڵە، تا ئیستا ئەدیب و هونەرمەند و نووسەر نەبووە، یەک نارەزایەتی جەماوەریان ساز کردبێت! ساڵی پار بۆ هەشت ملیۆن دینار و ئەمسالیش بۆ چوار ملیۆن، ئەوا پێش چەند رۆژێک کۆمەڵێک لەو هونەرمەندانە بەردەرکی وەزارەتی رٶشنبیریان گرتووە! لە کاتێکدا دەزانن ئەم دەسەڵاتە دەشنێ و لۆکەی هەیە، ئیتر چ پێویستی بەمان نییە! حەمە سەعید حەسەنی هەیە، چ پێویستی بە نووسەری تر هەیە!؟ شیوەکاری فەرهاد پیربال و شیرزاد حەسەنی نووسەری قەلەمفرۆشی سەردەمی بەعسی هەیە، چۆن ئاوڕ لە ئێوە دەداتەوە!
هەڵکەوت زاهیری هەیە هونەرمندی عەرەب و میسری دەهێنێتە هەولێر تا بڵێت ئەربیل شارێکی گەشتگوزاری عەرەبییە!
بۆیە دەڵێم ئێمەی کورد بۆ ئەمرۆ پێویستمان بەهەڵوێستکار و سینەماکاری وەک یەلماز گونای و هونەرمەندی وەک قایا و ئەدیب و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی وەک هەزارانی ناو زیندانەکانی دیاربەکرە، کە ببنە سیمبولی بەرخودان، نەک ئەم هونەرمەند و نووسەرە دەرچوانەی قوتابخانەی عەمیدیە، کە ئازارەکانیان لەگیرفان و ناوگەڵ و ورگ و پۆست وەرگرتندا چڕ کردبێتەوە؟
لە کاتی نووسینەوەی ئەم بابەتەدا، هەواڵێکم بە دەست گەیشت، شایانی ئەوەیە، لێرەدا بینووسمەوە، ئەویش پەیوەندە بەم باسەوە هەیە:
ئیستا زۆر لە رۆژنامەنووس و نووسەران کە لە کوردستان دادەنیشن، فێربوونە دەچن پەیوەندیی بە بەرپرس و بازرگانەکانەوە دەکەن، بۆ نمونە دەڵێن: دەمانەوێت لەسەر تۆ شتێک بنووسین و بڵاوی بکەینەوە، یان لە فلانە شوێندا لەسەرت نووسراوە ئێمە دەتوانین لە بری تۆ وەڵام بدەینەوە، ئەگەر ئەو بازرگانە، یان بەرپرسەش پێی خۆش بێت و رازیی ببێت، ئەوا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵدەکەن و لە بری ئەو خزمەتەش، بڕێک دۆلارێک دەخەنە مشتیانەوە. یەکێک لەوانە کە خاوەنی سایتێکی کوردییە، لەو ماوەیەدا پەیوەندیی بە بازرگانێکەوە دەکات، پێی دەڵیت لە کوردستانپۆستدا لەسەرت نووسراوە، ئەگەر رازییت زانیارییم بدەرێ، من لە ماڵپەرەکەی خۆمدا بڵاوی دەکەمەوە، ئەویش یەکسەر رەفزێکی بۆ دەردەکات. هەر ئەو کەسە نامەیەک دەنووسێت بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: خانوو دروست دەکەم دەمەوێت یەکێتی یارمەتییم بدات! ئەوانیش بۆ سوکایەتی پێکردن ٧٠٠ دۆلاری پێدەدەن، دوایی حاکم قادریش ٥٠٠ دۆلاری پێدەدات، ئەوەی جێگای سووکایەتییە پارەکە لە هەردووکیان وەردەگرێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەو کەسە بۆ خۆی باخ و خانووی لە سلێمانی هەیە، موچەی پێشمەرگەی دێرین وەردەگرێ، لە هەولێریش پارتی پارەی دەداتێ، لە سلێمانی پارەی تری بۆ بڕاوەتەوە، لە وڵاتێکی ئەوروپاش پارە وەردەگرێ. ئەم نمونەیەم بۆیە لێرەدا نووسی، تا خوێنەرە بەڕیزەکان بزانن کە لەناو بازاڕی راگەیاندن و میدیادا چی دەگوزەرێت، چۆن ئەو قەڵەم سووک و کەسایەتییە سووکانە لە پشت دەسەڵاتی کوردییەوەن و هەناسە بەبەریدا دەکەن.
سەرچاوەی هەواڵێک:
http://knnc.net/Detail-12032-4-True#.UpfHx-LLmQI