کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


وەڵامێك بۆ دوایین دوو نوسینی گروپی بە گژا چونەوەی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان

Saturday, 20/10/2012, 12:00



لە سایتی كوردستان پۆستی بەرێزدا دوو بابەت لە بەرواری 26/9/2012 و 14/10/2012 بە ناوی (گروپی بە گژا چونەوەی گەندەڵی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان و گروپی بە گژا چونەوەی گەندەڵی لە كشتوكاڵی گەرمیان) بڵاوكراوەتەوە و ناوی منی تێدا هاتوەو هەندێ تۆمەت و درۆی شاخداریان نوسیوە لە سەر من و چەند برادەرێك كە بروانامەی ماستەرمان هەیە لە زانستی كشتوكاڵدا, بۆیە بە پێویستی دەزانم كە وەڵامێكی تێرو تەسەلیان بدەمەوەو گشت ئەو چەواشەكاری و تۆمەت و درۆ شاخدارانەیان بە بەڵگەوە بە درۆ بخەمەوە.
سەرەتا پێم خۆشە ئەو ڕاستیە بڵێم كە لە ژیاندا هەر پێشهات و حاڵەتێك دێتە پێش مرۆڤ ئیجابیات و سلبیاتی خۆی هەیە. لێرەشدا ئەم سێ برادەرە كە تۆمەت و شتی ناڕاستیان لە سەر من نوسیوە, باشەو ئیجابی ئەوەی تێدایە بۆ من كە ئەو گومانە دەڕەوێنێتەوە كە لای هەندێ برادەر هەبوو و ناو بە ناو و راستەوخۆ و نا راستەوخۆ دەوترا كە بەندە ئەو نوسینانەی پێشوی نوسیوە كە دەنوسرا لە سەر بەریوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان كە بە ناوی (گروپی بە گژا چونەوەی گەندەڵی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان) بڵاو دەكرایەوە, بە تایبەت لە نوسینەكانی پێشوودا. بۆیە سوپاس بۆ خوا ئەم دەرفەتە هاتە پێش و دەمەوێت بیقۆزمەوە بۆ ئەوەی بە گشت لایەكی بڵێم كە من بە هیچ شێوەیەك قەناعەتم بەو شێوە نوسینانە نیە كە ناو و ناونیشانی نوسەرەكە دیار نەبێت و بتەوێت شتێك بگەیەنێت بە بێ بەڵگە بە بەرامبەر بە مەبەستی دەرخستنی راستیەكان و ئیسلاح كردنی حاڵەتێك. وە من ئەگەر بمەوێت شتێك بنووسم و یان بیڵێم ئەوا زۆر زۆر بە ڕاشكاوی بە ناوی خۆمەوە دەینوسم و دەیڵێم. (سلیمان احمد علی).
لە ڕاستیدا ئەوەی ئەم قسە نا راستانەی داوەتە پاڵ من بریتین لە سێ برادەر و ناسراوی خۆمن و وە بە پێنووسی دڵنەخۆشترین كەسیان نوسراوە,كە دوانیان برادەری سەردەمی خوێندنی (زانكۆ)مە و ئەوی تریشیان برادەری سەردەمی خوێندنی ئامادەییمە. وە هەركاتێكیش پێویست بكات ئەوا ناوی سیانی هەرسێكیان و ئەو دوو كەسەی تریش كە هانی ئەم دڵنەخۆشەیان داوە بۆتان دەنووسم و لە گەڵ كورتەیەك لە ژیاننامەی خۆیان و كەسو كاریان.
جێگای داخە كە دوای ئەو هەموو گۆرانكاریە (فكری و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی)ەی كە روویداوە لە ساڵی (2000)ەوە تا هەنووكە لە ناو كۆمەڵگە ی كوردی و عێراقی و ئیقلیمیشدا , كە چ هێشتا كەسانێك مابن لەم شارو مەملەكەتەی ئێمەدا هەر بە عەقڵیەت و دڵنەخۆشی پڕ لە قین و حیقد و (حەسودی) ئێرەییدا كە پێشتر بوویانە مامەڵە لە كەڵ بەرامبەردا بكەن و تۆمەت و شتی ناڕاست و بێ بەڵگە لە سەر كەسی تر بنووسن. ئەمەش ڕاستی ئەو پەندە كوردیە دەسەلمێنێت كە دەڵێت ((خوویەك گردی بە شیری , مەگەر مەرگ بیبات لە بیری)).
با تا ئێرە بەس بێت بۆ پێشەكی و چەند ڕوونكردنەوەیەك بۆ خوێنەرانی بەڕێزی كوردستان پۆست.
بێینە سەر قسە هەلەق و پەلەقەكانی ئەم برادەرە (دڵنەخۆشە) و درۆ شاخدار و چەواشەكاریەكانی و هەندێ ڕستەی ناڕاستی بۆ ڕاست بكەمەوە.
- لە نوسینی یەكەمتاندا لە (26/9/2012) دەڵێیت (3) خاوەن بروانامەی ماستەر هەیە و لە نوسینی دووەمدا لە (14/10/2012) دەڵێیت (4) خاوەن بروانامەی ماستەر هەیە لە بەرێوەبەرایەتی توێژینەوەی گەرمیان دەوام دەكەن, لێرەدا با بپرسین ئەو برادەرە كێیە كە لە ماوەی ئەم 18 رۆژەدا هاتوەو ماستەری هێناوەو دەوام دەكات؟؟, كە چ هیچ فەرمانبەرێك نایناسێت و نەیبینیە مەگەر تەنها تۆ و ئەو دوو برادەرەكەت بیناسن؟!. یان نەخێر لەوە ئەچێت مەبەستت ئەو فەرمانبەرە بێت كە ماوەیەكی تر ماستەر تەواو دەكات و دەستبەكاردەبێت, تۆش هەر لە ئێستاوە مەڵاست بۆی داوە و چاڵت بۆی كەندوەو هەندێ چەواشەكاری و شتی نا دروستت بۆ ئەویش ئامادە كردوە. مایەوە (3) فەرمانبەر , لێرەشدا خۆت و برادەرەكانت زۆر بە باشی دەزانن كە تەنها دوانیان لە بەریوەبەرایەتی توێژینەوە دەوام دەكەن و بەندەش لە بەشی رێنمایی كشتوكاڵیم لە ب.گ.ك.گەرمیان. بە پێچەوانەی ئەو چەواشەكاریەی كە نوسیوتە هەموویان لە ب.توێژینەوە دەوام دەكەن.
- با بێنە سەر باسی سەفەری ئەمریكا, كە لەوە ئەچێت ئەم دوو سێ برادەرە زۆر حەز لە سەفەری دەرەوە بكەن. لێرەوە پڕ بە دڵ دەیڵێم خوا بكات هاوشێوەی ئەو سەفەرەی ئێمە بكاتە قسمەتی ئێوەش.
خوێنەری بەڕێز رۆشتنی ئێمە بۆ خوێندن لە سەر پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی كشتوكاڵ بوو كە بڕگەیەكی تێدابوو بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا بۆ ژمارەیەك فەرمانبەر كە ئێمە شەش كەس بووین,وە لە راستیدا چیرۆكی كێشەو مەشاكلی ئەم سەفەرە زۆر زۆری دەوێت و ناكرێت لێرەدا باسی بكەم, بەڵام تەنها سەرەكیترین كیشَەی باس دەكەم كە ئەوكات بە وەزیری خوێندنی باڵاش چارەسەر نەكرا, كە ئەویش كێشەی پارەی ناتەواو بوو بۆ ماوەی تەواوكردنی خوێندنەكەمان, وە لەراستیدا ئەو پارەیەی بۆ ئەو بڕگەیە دانرابوو بۆ وڵاتێكی كەم مەسرەف باشبوو بە بەراورد لە گەڵ وڵاتی ئەمریكا كە بۆ بژێوی یەك تاك لەو ویلایەتە (هاوای) پێویستیت بە زیاتر لە 2000 $ دۆلار هەبوو لە مانگێكدا ئەمە جگە لە ڕسوماتی زانكۆ. وە دوای دوو مانگ لە گەیشتنماندا ,لەلایەن زانكۆوە بە نوسراوی رەسمی (كە ئێستاش نوسراوەكەم لایە) ئاگاداركراینەوە كە (توویشن) و ڕسوماتی زانكۆ و مەسروفی ئێوە تا بەرواری 30/6/2010 دراوە و لەوە بە دوا پارەتان نیەو ئەبێت خەمی خۆتان بخۆن.(لەو بەروارەوە بۆ تەواو كردنی ماستەر پێویستمان بە ساَیك تەمدید هەبوو, وە بۆ تەواوكردنی دكتۆراش ئەو برادەرانە پێویستیان بە(2.5 دوو ساڵ و نیوی تر هەبوو) ئێمەش ئەم كێشەیەمان گەیاندە وەزارەتی خوێندنی باڵاو زیاتر لە دەیان ئیمەیل و تەلەفونمان كرد بۆ تەمدید و چارەسەری ئەم كێشەیە بەڵام بێ سوود بوو تا ئەو كاتەی بەڕێز وەزیری خویندنی باڵا خۆی سەردانی ئەمریكای كردو لەوێشەوە هات لە گەڵ ئێمەدا دانیشت و گوێی لە كێشەو داواكاریەكانمان گرد و دواتر بریاری دا كە خویندنەكانمان لە زانكۆكانی كوردستان تەكمیلەو تەواو بكەین.
سەرەرای ئەم كێشەو + چەندین كێشەی تر و لە ژێر سترێسێكی زۆردا وتوانیمان یەك سیمیستەر (كۆرس) تەواو بكەین و سوپاس بۆ خوا من بە نیسبەت خۆمەوە (12 كریدت) وەحدەم وەرگردبوو و توانیم بە پلەی باش ئەو سیمیستەرە بە سەركەوتووی تەواو بكەم .
وە تۆش ئەی برادەری تۆمەتچی و چەواشەكار, بۆ ڕاستێتی سەركەوتوێتیم دەتوانیت كەسێك بنێریت یان خۆت بێیت بۆ بەشی رێنمایی تا گشت مادەكان و نمرەكانیت پێ بدەم بە دۆكیۆمینتی مسەدەقی كە لە زانكۆكە وەرم گردوە, یان دەتوانیت پەیوەندی بكەیت بە سەرپەرشتیاری توێژینەوەكەم كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی بەشی (TPSS) (Tropical Plant and Soil (Sciencesە لە كۆلیژی كشتوكاڵی هەمان زانكۆ, یان دەتوانیت سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشی پرۆژەكان بكەیت داوای فایل و ئیزبارەی من بكەیت , یان دەتوانیت پەیوەندی بەو پێنج برادەرەوە بكەیت كە پێكەوە بوین و پێكەوە هاتینەوە. (ژمارەی مۆبایل و ناوی هەر پێنجیان ئەگەر ویستت دەددەمێ). وە دواتر دوای دەستپێكردنی خوێندنەكەم لە زانكۆی دهۆك سوپاس بۆ خوا بە زیاتر لە (5 مانگ) پێش گشت برادەرەكانم توێژینەوەكەم و ئامادەكردنی نامەی ماستەرەكەم تەواوكردو پێشكەشی سەرپەرشتیارو (لیژنەی زانستی بەش)م كرد كە دواتر سوپاس بۆ خوا بە پلەی زۆر باشە وەگیراو پەسەندكرا. بۆ دڵنیا بوون لە راستێتی ئەمەش دەتوانیت پەیوەندی بكەیت بە سەرپەرشتیاری پرۆژەكەم یان سەرۆك بەشی خاك و ئاو لە كۆلیژی كشتوكاڵ یان سەردانی بەشی خوێندنی باڵا لە كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی دهۆك بكەیت.
- لە نوسینی (26/9/2012) دا ناوی من و برادەرێكت هێناوەو وتووتە چاوپۆشیان لێ دەكرێت و پۆستیان پێ دراوە, وە لە نوسینی (14/10 / 2012) دا نوسیوتە زیاتر لە دووجار من غیاب دراوم و بەرێوەبەری گشتی نەیهێشتوەو داكۆكی لێم كردوە..... لە ڕاستیدا پێش بە درۆ خستنەوەی ئەم درۆ شاخدارە گەورەیەت ,خۆت و ئەو دوو سێ هاورێكەتیش پێش گشت كەس و خوێنەرێكی بەرێز خۆتان باش دەزانن كە ئەمە درۆیەكی زۆر گەورەو وازحە و هیچ ئەسل و ئەساسێكی نیە, چونكە گشت لایەك دەزانێت من تەنها فەرمانبەرێكم لە(بەشی رێنمایی) و هیچ پۆستێكم نیەو بە تەمای هیچ پۆستێكیش نیم وەك ئێوە كە هەمیشە لە خەمیدا دەژین.
ئینجا درۆی غیابەكەش ئەگەر شتێكی لەم شێوەیە ببوایە خۆ ئەبێت خۆم ئاگاداری ببوومایا!!؟ یان دەبوو كەسێك لە برادەرانی خۆیەتی ئاگادارمیان بكردایەتەوە با جارێكی تر غیاب نەبم! یان هیچ نەبێت خۆ دەبوو بەرێوەبەری گشتی ئاگادارمی بكردایەتەوەو بیوتبایا ئەمجارە من نەمهێشتوە غایب بدرێیت بەڵام جارێكی تر غایب مەبە!! بۆیە لە ڕاستیدا ئەمەش چەواشەكاری و تۆمەتێكی تری ئەم برادەرە دڵنەخۆشەیەو بە هیچ شێوەیەك من ئاگام لە غیابی لەم شێوەیە نیە.!
- ئیجابیاتێكی تری ئەم نوسینانەی كە ئەم دوو سێ برادەرە كە لە بەرواری (26/9/2012 و 14/10/2012) لە سەر ئێمەی خاوەن بڕوانامەی باڵا (ماستەر) شتی نا ڕاست و درۆی شاخداریان نوسیوە ئەوەیە كەوا لە ئێمە دەكات بە ناچاری(خۆمان حەز ناكەین) باس لە چالاكی و پرۆژەو توێژینەوەكانمان بكەین كە ئەنجاممان داوە.
- بەندە دوای دەستبەكابوونم لە سەرەتای مانگی 11 ی پار ساڵ و وە لە مانگی (12 و 1) دا سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی گەورەی رێنمایی بووم بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ لە ناوچەی گەرمیان, كە تا ئێستا لە كوردستاندا نەكرابوو. دوای ئامادەكردنی پرۆژەكە و كۆبوونەوەی گشت لێپرسراو بەشەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان بۆ گفتوگۆكردن لە سەر پرۆژەكە و دەوڵەمەندكردنی بڕگەو بابەتەكانی, بە سوپاسەوە دەیڵێم لە لایەن گشت ئەو بەرێزانەوە دەستخۆشیم لێكراو پەسەند كرا,وە دواتر دیسان بە سوپاسەوە دەیڵێم بە نوسراوێكی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ژمارە (1946) لە بەرواری (29/4/2012) پرۆژەكە بە ناوی خۆمەوە بەرزكرایەوە بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و راستەخۆ ئاڕاستەی نوسینگەی جەنابی وەزیر كرا. وە دواتر دوای بە دواداچوونم بۆ نوسراوەكە,لە لایەن بەرێز بەرێوەبەری گشتی پلاندانانەوە كە هاوكات وەفدی هاورێی جەنابی وەزیر بوو كە سەردانی كەلاریان كرد, پێی ڕاگەیاندین كە ئەو پرۆژەیە یان هاوشێوەی ئەو پرۆژەیە لە سەرەتای ساڵی 2013 لە هەولێر و لە ئاستی وەزارەت ئەنجامی دەدەین.
- وە لە بەرواری (10- 12 / 4 / 2012) بە توێژینەوەیەك بەشداریم كرد لە یەكەم كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی كشتوكاڵ كە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی زانستی ئەكادیمی بوو لە شاری دهۆك ئەنجامدرا,وە ئەو توێژینەوانەی كە بەشداربوون لەو كۆنفرانسە لە گۆڤاری زانستی كشتوكاڵ كە(گۆڤارێكی زانستی كشتوكاڵی نێودەوڵەتیە)و سەر بە زانكۆی دهۆك (نەشر) كراوەو بڵاو كراوەتەوە.
برادەری دڵنەخۆش دەتوانیت كۆتا ژمارەی گۆڤاری ناوبراو ببینیت + یان لاپەرە (69) لە كتابی پوختەی توێژینەوەكانی بەشداربوو لە كۆنفرانس ببینیت كە (81)پەڕەیە.
-لە نووسینی (14/10/2012)دا ئەم برادەرە دڵنەخۆشە دەڵێت كە بەندە كۆبوونەوەی بە جوتیارە نموونەییەكانی گەرمیان كردوە.
لێرەدا دەڵێم ئەی برادەری چەواشەكار ئەوە كۆبوونەوە نەبوو !! بەڵكو ئەوە ڕییزەڵت و ئەنجامی توێژینەوەی پرۆژەیەكی خاوەن بیرۆكەی خۆم بوو كە تا ئێستا لە كوردستاندا نەكراوەو ئەنجام نەدراوە. ئەوە مەسحێكی مەیدانی و بەراوردێكی زانستی و عەمەلی زیاتر لە 180 كێڵگەو پرۆژەی كشتوكاڵی دەڤەرەكە بوو كە بە فاكتەری یەك دامنابوو (location) , لە گەڵ فاكتەری دوو كە جۆری بەرووبومە كشتوكاڵیەكان بوو, بۆ بەراورد كردنی بەرهەمی (زۆر باش , مام ناوەند , خراپ), كە بۆ هەریەكەیان زیاتر لە (20) وەحدە تەجریبیم بە كارهێنابوو. ئەوە بەرهەمی زیاتر لە چوار مانگ ماندووبوون بوو كە گشت دڵسۆزێكی گەرمیانی و خەمخۆرانی بواری كشتوكاڵی دڵخۆش كردو وە هەر لەوێدا بەڕێز جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە وتەكەیدا دەستخۆشی لە بەندە كرد وەك خاوەن بیرۆكەكەو هەروەها بەرێز بەرێوەبەری گشتی و گشت ئەو جوتیار و بەرهەمهێنەرە لێهاتوە بەرێزانەی ئامادەی مەراسیمی رێزلێنانەكە بوون سوپاس و دەستخۆشیان لە بەندە كرد بۆ ئەو ماندووبونەی كە ئەنجامم دابوو.
لەوەش زیاتر بەرێز نوێنەری وەزارەت كە هاوكات بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و دەستخۆشی لە بەندە كردو هیوای خواست كە ئەم بیرۆكەو پرۆژەیە لە هەرسێ پارێزگاكەی تری كوردستان بەرجەستە بكرێت و ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە هاندانێك بۆ جوتیارانی ترو بتوانین بەرهەمی زیاتر و جۆری جوانتر لە بەرهەمی خۆماڵی بەرهەمبهێنین تا دەگەینە ئاستی (اكتفاو ژاتی) تێراخۆری.
حاڵەتێكی تر كە گرنگی و گەورەیی ئەم پرۆژەیە دەردەخات گرنگیپێدانی ڕاگەیاندنە بەڕێزەكان بوو , كە بە سوپاسەوە بۆ گشت لایەكیان دەیڵێم ,گشت كەناڵە ئاسمانیەكانی كودستان وەك هەواڵ و ڕاپۆرتێكی گرنگی كەرتی كشتوكاڵی گەرمیان دایان بەزاندوو بڵاویان كردەوە. وە هەروەها لە سایتی وەزارەتی كشتوكاڵیش وەك هەواڵ و چالاكیەكی گرنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان دانراوەو بڵاوكراوەتەوە, (دەتوانیت سەردانی ئەو سایتە بكەیت و بیبینیت).
لێرەدا و لە دوای ئەم ڕاستیە دەردەكەوێت كە (شەمشەمە كوێرە) ئاسا چاوت تەنها شتی ڕەش دەبینێت ,وا بزانم شەبەكیەی چاووت (شبكیە العین) تێكچووەو توشی نەخۆشی (عمى الالوان) بویتەو گشت ڕەنگە جوانەكانی ژیان تەنها بە ڕەش دەبینێت.
-وە لە دواین پەرەگرافی نوسینتدا لە (14/10/2012) باسی برادەرێكت كردوە كە شەش مانگە ماستەری هێناوە ,كە چ لە نوسینی (26/9/2012)تدا وتوتە 3 مانگە ماستەری هێناوە , لێرەدا چەواشەكاریەكەت بە ڕوونی لەوەدا دەردەكەوێت كە هەر بەنوسینی خۆتانیش بێت نێوان ئەو دوو بەروارە دەكاتە 18 رۆژّ !! ئەی دوو مانگ و دوانزە رۆژەكەیتر لە كوێوە هات ؟!! ئەگەر مەبەستت تەنها چەواشەكاری نەبێت؟؟.

سلیمان احمد علی
20/10/2012







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە