کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی یەکێتی چی بوو؟

Thursday, 03/10/2013, 12:00




یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە حزبێکی نیمچە بەرەیی فرە مینبەری کراوەی کوردستان بوو لە یەکگرتن و گردبوونەوەی چەندین ئاراستەو تەوژمی فکری جیا لە ناوەڕاستی دەیەی حەوتەمی سەدەی بیستەمدا و لە شومترین ڕۆژگارەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردا لە لایەن نوخبەیەکی ڕوناکبیرو ئەکادیمی شارنشینەوە لە تاراوگە هاتە دامەزراندن ، ئەم حزبە لە مێژووی خەباتی سیاسی و سەربازی و مەدەنی کوردا خاوەنی گەلێك نوێگەری و داهێنان و دەستکەوت بووە ، بەڵام لەدوای کەوتنی ڕژێمی بەعس و دورکەوتنەوەی سکرتێرە گشتییەکەی و دواتر دروست بوونی ناکۆکی قوڵ لە نێوان هەندێك لە کادرەباڵاکانی ئەم حزبەدا کە ڕیشەی ئەو ناکۆکیانە دەگەڕایەوە بۆ سەرەتاکانی دروست بوونی ئەم ڕێکخراوە بارودۆخی ناوخۆیی ئەم حزبە بەرەو ئاقارێکی ترسناك ڕۆشت بە تایبەتی لە سەروبەندی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی بەناو ستراتیژیدا کە هەتا ئێستاش مەتن و دەقەکەی نە بۆ مەکتەب سیاسی و جێگرەکانی سکرتێری گشتی ئەم پارتە ئاشکرا کراوە نە بۆ بنکەو لوتکەی خودی ئەو حزبەش ، ئەمەش هەر زوو بوو بە مایەی بێزاربوونی بنکەی جەماوەری و کادرە وریاکانی ئەم حزبە! چونکە بەپێی ئەم ڕێکەوتننامەیە پارتی کرا بە کوێخاو سەرداری ڕەهای ئەم هەرێمە بەبێ گەڕانەوە بۆڕای مەکتەبی سیاسی و مەکتەبەکانی ئەم حزبە ،هەر ئەمەش بوو بە هۆی نیگەرانی نەوشیروان مستەفاو قوڵتربوونەوەی قەیرانی ناو یەکێتی، هەروەها پاشتریش لە هەڵبژاردنی ٣٩ مەڵبەندەکاندا فراون بوونی گاپی متمانە لە نێوان سکرتێری گشتی و جێگرەکەیدا بەدیکراو لەو مێژووە بەدواوە سەرەتاکانی شکستی یەکێتی ڕۆژ دوای ڕۆژ دەردەکەوتن بە تایبەتیتر دوای پەسەند نەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان و دورکەوتنەوەی جێگری سکرتێری گشتی لە یەکێتی ڕۆژ دوای ڕۆژ جەستەی ئەم حزبە بەرەو پوکانەوەو داهێزران دەڕۆشت ! چونکە لەگەڵ دوور کەوتنەوەی نەوشیروان مستەفادا لە یەکێتی پۆل، پۆل کادرە هۆشیارو وریاکانی یەکێتی دادەنیشتن و << ماڵە گەورەکەیان >> چۆڵتر دەکرد ، یەکێتیش جێگەی ئەمانی بە هەندێك کادری سەربازی نا چالاك پڕ دەکردەوە ، پاشتریش یەکێتی بۆ تۆڵەکردنەوە لەو باڵە تۆراوەی کە پاشتر لیستی گۆڕانیان پێکهێناو دوای ئەوەش هەر بەو ناوەوە بزوتنەوەی گۆڕانیان ڕاگەیاند ، هەستا بە نزیك بوونەوەیەکی نائاسایی لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و تەسلیمی ئیرادەو ویستی پارتی بوو ،هەندێك جار بەهۆی نزیکی ئەم دوو پارتەوە گران بوو بۆ لێکۆڵەرەوان کە جیاوازی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بدۆزنەوە ! کە لە بنچینەدا یەکێتی و گەشەی یەکێتی لە ڕابردوودا بە هۆی ئەوەوە بووە کە جیاواز لە پارتی لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بیری کردۆتەوەو هەڵسوکەوتی نواندووە، ئەم نزیك بوونەوەیەش لە پارتی تا دەهات بنکەی جەماوەری ئەو پارتەی لە سەرکردەکانی دوورتر دەخستەوە ، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی تاکەکەسی و خانەوادەیی هەندێك خێزانی باڵا دەستی ناو یەکێتیدا بەڕێوە دەچوو ، بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراوو ئاسایی بوو کە خەڵکی، بگرە جەماوەری توڕەی یەکێتیش بڕیاری تۆڵەکردنەوە لە یەکێتی بدەن ، سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە ڕووی حزبییەوە یەکێتی پشتی لە جەماوەرو دڵسۆزانی خۆی کردبوو وەهەروەها ئە ڕوخسارو دەموچاوانەی کە یەکێتی لە دەڤەرو ناوچە جۆربەجۆرەکاندا کردبوونی بە کادرو لێپرسراوی ئۆرگانە حزبییەکانی دەموچاوی کراوەو گەش نەبوون و خۆشەویست نەبوون لە دڵی خەڵکیدا ، جگە لە هەموو ئەمانەش نابێ هەڵەی هەندێ پەڕلەمانتارو تەسریحی نابەجێی هەندێ لێپرسراوی ئەو حزبەو ڕۆڵی خراپ و لاوازی میدیاو زمانی بازاڕی کەناڵی گەلی کوردستان و مەکتەبی ڕاگەیاندنی ئەم پارتەمان لە بیر بچێت کە شەوو ڕۆژ خەریکی بریندار کردنی هەست و سۆزی جەماوەری کوردستان و دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و تێکۆشەرانی یەکێتی بوو، جگە لە مانە کادرە باڵاکانی ئەم حزبە ئومێدیان لە سەر زانیاری هەڵەو داتای ناڕاست هەڵچنیبوو هەر بۆیە یەکێتی دوای ساڵانێکی زۆرلە خەباتی سیاسی وسەربازی و وێڕای هەبوونی دراوو کادرێکی زۆرو زەوەندو ستراکچەرێکی قەبەی حزبی سەرەنجام بە حزبی سێیەمی کوردستان دەرچوو .

بەپێی ڕای زۆربەی چاودێرانی سیاسیش لە ئەگەری نەگۆڕینی نەهجی ئەم حزبەدا بەرەو کرانەوەو سەربەخۆیی و شەفافیەت و دادگەری، دابەزینی بۆ پلەی چوارەمیش ئەگەرێکی کراوەیە.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە