دوو وێنە لە ئەردووگاندا
Saturday, 27/08/2011, 12:00
وەك فریشتە
مناڵێكى برسى سۆماڵ
لە ئامێزیا لە باڵاى ژیان دەڕوانێ
وەكو شەیتان
لەدڵى فڕۆكەیەكەوە
بە بۆمبێكا دێتە خوارێ
تا لە قەندیل
مناڵێكى چاوگەشى كورد
بكات بە سووتووى گڕكانێ
لەوێ بەنان
وێنەى ئازادى دەكێشێو
بزە سەوز ئەكا لە لێوان
لێرە بە بۆمب
وێنەى جێرنیكا دەكێشێو
ئاگر بەر ئەدا لە لێوان
لەوێ ئەردوگان باوكە
لێرە جەلادو مناڵ كوژ
لەوێ شیرو مەمە مژە
لێرە جانەوەرو خوێن مژ
لەوێ سۆفى
خوا ناس
خوا دۆست
لێرە برین
شەپۆڕو كۆست
ئەم ئیسلامە پۆست مۆدێرنە
بەبەر تاقاى ئەو تۆپانەى
ئەیدا لە هەناوى قەندیل
پەیامى ئاشتى دەنێرێ
بۆسۆماڵو بۆ سودانو
بۆ ئەسەدو ئاغاى جوبریل
لەوێ بۆنى نانى لێ دێ
بۆنى پێكەنین
بۆنى كتێبو قەڵەمو
تەختە ڕەشى قوتابخانە
لێرە بۆنى ناپاڵمو
بۆنى ڕقو
بۆنى هاوەنوبیكەى سىو
تانكو چەكو جبەخانە
دیوێكى لەوێ فریشتەو
دیوێكى لێرە دڕندە
لەوێ وەكو لۆكە نەرم
لێرە پڕ كەڵبەو بڕندە
لەوێ بە فێڵ كردن لە خوا
دەیەوێ بچێتە بەهەشت
لێرە دەمامكى دەكەوێو
دۆزەخى دەبێتە پێدەشت
لەیەك كاتا ناكرێ زبرو نەرم بى
ناكرێ ساردو گەرم بى
ناكرێ دڕكو گوڵ بى
ناكرێ كلو چقڵ بى
لەیەك كاتا
ناكرێ لەوێ ئینسانو
لێرە دوژمنى ئینسان بى
لێرە ئەردۆگانى بكوژ
لەوێش ئەر دۆى میهرەبان بى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست