كوڵە جۆ
Thursday, 14/04/2011, 12:00
دڵ خوازەكەم...
كەنیشكێكی كوڵە جۆ بوو،
ئەنفال نەیهێشت، رانەگەشتم
رازی دڵم بۆ دەرنەبڕی.
لەسەر ئەوەى...
نەبوو بەمەزەى حەجاجێك..،
بە بەر چاوی خواو ویژدانو ئاسمانەوە،
جەلادەكان وەكو مامز سەریان بڕی.
هەجوى ئەنفال
بابە گوڕ گوڕ...
خدری زیندەى نیشتمانەو
بەشەوانە نوری پاكى لێ هەڵدەستێ.
دڵی گەورەى نیشتمانەو...
ئەو نەبێت هەموو جەستەمان..
وەك سەهۆڵ بەندان ئەیبەستێ.
ئاخر یاشێخ...*
دە سەیرێكى ئەو پێ دەشتە ڕووتانەكە،
بزانە چۆن نووری ڕۆحمان شوێن بزرو
جەستەشمان خەڵتانى خوێنە.
ئێمە بەلێواری مەرگو...
لەبیر چونەوەى مێژوودا بەجێماوین،
دە سا یاشێخ هەجوى ئەنفالێ وەخوێنە.
شێخ ڕەزاى تاڵەبانى
؟
بەسەر شانو...
مەمكى تازە هەڵتۆقیوتا،
قژێك زەرد زەرد وەك ئاڵتونو..
وەكو خۆری بەیانیانى دەمى كۆیژە.
یا وەكو نینۆكو لێوت..،
سوور وەك خوێنى سێو سێنانو..
دڵی ئەنفالی گەرمیانو، بادینانو
وەك خەرمانى ئەو ڕۆحانەى
هەڵوەریون لەهەڵەبجە.
دیارنو كەس نایانبینێ،
تۆ كیژێكى كوردستانى.
ئەگەر بەر لەدایك بوونت
پرسی خۆتیان بكردایە
دەبوویت یاخود لەچارەنووس
پەشێمانى؟
نەوت
لەوەتاى هەم...
دەریای نەوت لەشا دەماری
خوێنمایە.
ئەو بەئاگر...
سەما بۆ ڕۆحى من دەكاو..
منیش سەرم ماشێنێكی ترومپایە.
یەكجار سەیرە...
لەبەر دەرگای دوو هەزارەى
زاینی دا ڕاوەستاوین بۆ چرایە!
بەڵام هەموو ئێوارنێ ...
دایكم بێدەنگ لێم دەپرسێ..،
ئەرێ ڕۆڵە، چراكەمان نەوتى تیایە؟!
هۆرە
دەمم دەنێم...
بەمەمكى ئەو ڕووبارەوە،
بەڵكو دەمێ گریانم ژیربكاتەوە.
سەرم دنێم...
بەدەشتى ڕدێن سووتاوى..
ئەو گەرمیانى ئازارەوە،
بەڵكو ڕستەى ئەنفالم بۆ شیكاتەوە.
دەچمە حوجرەكەی شێخ ڕەزاو...
داوا دەكەم، بەڵكو چیرۆكى..
ئاگرم بۆ وەخوێنێ.
ئەم نامەیە...
دەنووسم دەیدەمە دەست خۆر،
بەڵكو كاتێك گەڕایەوە..،
هۆرەى كیژێكى گەرمیانم
لەعەر عەرەوە بۆ بێنێ.
دوو ئاواز
شیعری من...
شمشاڵی ناو دڵی..،
ئەشكەوتى شاخێكەو..
پەنجەو دەم هەمیشە..
دوو ئاواز دەژەنن.
یەكێكیان مامزى گەرمیانە،
لەمانگى ئەنفالدا كرایە قوربانىو
یەكێكیان...
ئەو ڕۆحە پاكانەى هەڵەبجەن،
تا ئێستاش بەمەرگ دەخەنن.
ژنە ئەنفال
برسی و هەژار...
ڕۆژی لەسەد دەرگا دەدات.
هەتاو شەرم لەبەرگى ڕەش پۆشی
دەكات.
كەچی...
ماڵە دەوڵەمەندى ویژدان مردوو،
خەریكن دەشیكەن بەدز..،
نازانن ژنە ئەنفالەو پرسیاری
ناو نیشان دەكات.
عەر عەر
هەموو شەوێ...
لەسەر ڕێی مانگ دادەنیشم،
خۆڵ و فرمێسكى لێدەڕژێ..
كە دێ لەبیابانەوە.
لێی دەپرسم...
ئەرێ لالە عەر عەر دوورە؟
ئەو كەنیشكە پاكیزانە..
بۆچی هەر نەگەڕانەوە؟!
بیابان
كناچەیەك...
لەو گەرمیانى هەڵقرچانە،
هەموو گەردی بەیانیانێ..
لەڕادوێكەى عروبەدا.. گوێی
لەسورەتى ئەنفال بوو.
لەدواى یەك سەدە ونبوونى
لەقەد تەپۆڵكە لمێكى بیاباندا
ڕێیان كەوتە سەر تەرمەكەى
لەبەر دەمى دوو سەگى ڕەشی..
گەماڵ بوو.
چارە نووس
چارە نووستان...
پرسیارێكەو ڕۆژی سەد جار،
گەرمیان لەئازادی خواكانى
سەر تا سەری دونیاى دەكات.
هەتا پەترۆڵ...
دیاری شەرفی تكاوى
عروبە بێت بۆ ڕۆژ ئاوا..
ئەبێ ئەنفال وەكو ئایەت
تەنها عەرەب لەبەری كات.
دەنا هەر ئازادى خوازێ...
بەڕێكەوت بۆنى پەترۆڵی كردبێ،
زۆر زەحمەتە لەحزوریا..
سەر سمێكى نەبردبێ.
دەفتەری باران
بۆ كوێتان برد ئەو ڕۆحانەى وەكو بەفری سپی وا بوون؟
ئەوان كۆچی ڕووبار ئاسا لەچاوى وڵات ئاوا بوون
ئەنفال كۆستو ئەنفال مەرگو ئەنفال نامەى ڕەشی تاوان
ئەنفال شمشێری جەلادو ئەنفال گۆڕی بێ ناو نیشان
مێژوو سەد جار شەرمەزارە لەدەست ئەم چەرخى ویژدانە
خوێن دادوەری دادگاكانو بێ تاوانى خۆی تاوانە
مافی مرۆڤ درۆی گەورەو ڕستەیەكى بێمانایە
بۆیە ئێوەش ناونیشانتان لەدەفتەری باران دایە.
بادینان
هەورێك...
رەش رەش وەك بەختى كورد،
هەتا ئێستا دەناڵێنىو..
نازانێ فرمێسكەكانى لەسەر خاكی
كام گۆڕی بێ ناونیشانە هەڵوەرێنێ.
ژنێك...
رەش رەش وەكو رەنگی..
عەباكەى خۆی..،
ژنە ئەنفالێكی سوتووی بادینانەو
نازانێ لەسەر كام گۆڕی..
باوكو براو مێردو كوڕى
وەكو بێشكە خۆی راژێنێ؟!
پێ دەشتى ئەنفال
ئەو پێدەشتە...
زەنگوڵ زەنگوڵ خوێن لەبرینى دەچۆڕێ.
ئەو مناڵە چاو كاڵانەى...
دوێنێ چاویان لەكەلی ئاسۆ بڕیبوو،
ئەمڕۆ هەتاو داخیكردن.
دنیا مەستى پەترۆڵ بووە...
ئەگینا چۆن پەپوولەو گوڵ..،
بەیەكەو ئاگر دەدرێ؟
ڕۆحو جەستە...
بێ هیچ بڕیارێكى دادگا..
بەتاوانى بێ تاوانى لەخاچ دەدرێ؟
ئەگینا چۆن...
مانگ چاوى كانى كوێر دەكاو..،
بووكى باران بۆ سەر مەرگى كێڵگە دێنێ؟
دوێنێ كاتێ...
غەزاڵ پرچی بەردابۆوە..،
بەدەم شنەى شەماڵەوە..
شەنو كەوى خەرمانى ڕوومەتیان دەكرد.
ئەبێ ئەمڕۆ...
لە تەلبەندى كام لەشكری وەحشیاندا،
پرچی لەكۆتەرە بدرێو..
لێویشی مەزەى شەرابی خوێن نۆشین بێ؟
كوڕە لاوێ...
دوێنێ لەسەر كارێزەكەى كەنار دێوە،
لەناو دڵی ئاوێنەدا..،
لەچاوى خۆی هەڵدەڕوانىو..
گۆرانى بۆ دڵی دەوت.
ئەبێ ئەمڕۆ...
لە كام چاڵی بەكۆمەڵدا چەند فیشەكێ
سنگیان لەبێژنگ گرتبێو..
پەلە كوتەى مەرگ بكات؟
دنیا مەستى پەترۆڵ بووە...
تەماشاكەن لەئەمڕۆی مافی مرۆڤو
جیهانى ئازادیخوادا تاوان كردن..
گوناهى ڕەش دەشواتەوەو
بێ تاوانى خۆی تاوانە.
لەكەناری شەوەكانى مردنەوە،
كەشەو بۆ خۆی نهێنى بێ...
ئیدى نهێنیەكان لەكوێ
دەتوانن چاو شاركێ لەناو شەوا بكەن؟
ئەستێرەكان بەڕِووباری...
پیتە كۆچ كردووەكانا دێن.
دەیانەوێت...
لەتاریكى پرچی شەودا..،
قۆناغێكو گوللەیەكو..
بەلەپیتكەیەكى تفەنگ بدۆزنەوە.
لەڕۆژێكى خۆڵبارانى ئەیلولدا دێن،
دەیانەوێت بێژنگێ بۆ ڕوى پیاو كوژو
گۆچانێ بۆ لێخوڕینى هەورەكانو..
چاویلكەیەك...
بۆ خوێندنەوەى بەڵێنەكانى خۆر ئاواو
ڕاپۆرتەكانى بەرەى جەنگ بدۆزنەوە.
ئاسان نی یە...
بەنواڕینێكى سەر پێی..،
هەموو لافیتە ڕەشەكان بخوێنمەوە.
ڕۆژێك ئەبێت...
هێندەى ڕووداوى لافاوێك..،
مەرگى خۆمو هاوڕێكانى ناو سەنگەرم
ناچێتە بەر دەستو پەنجەى..
پیرە فلوت ژەنێكەوە.
چرام...
بەم شەوە تاریكە دوام مەكەوە،
من لەناو گۆڕەكەى خۆما سەنگەر دەگرم.
ئەگەر سبەینێ هاتمەوە
لەدووژمنەكەم هەڵاتووم،
گەر سەنگەرەكەم هاتەوە
لەدەست دووژمن هەڵاتووە،
گەر تفەنگەكم هاتەوە
لەسەنگەرا پێكراوم،
گەر یەكجاری...
نەمن نەسەنگەر نەتفەنگ
لەدەرگامان نەدایەوە..
تۆش بەیداخێكى ڕەش هەڵكە.
ئەنفال
نــاونیشانـتان..ئەشكى چـاوە
لــەژێر لمــی بیابانـدا بەجێماوە
خـــۆشــەویــستى نـیشـتمانـتان
بـــەخوێـــنى دڵـــتان نووسراوە
ئــەوەى بــیرمان بــۆی نەدەچوو
شـــاڵاوى ڕەشـــی ئـەنـفال بــوو
بــەڵام ئـەوەى لێــی دەتــرساین
دێــــوەزمــەى داگــیركەران بــوو
منـــاڵو پــــیر ژنو پـیاومــــان
گــوندو مزگــەوتـى سـووتاومــان
خوێندنگەى تەختى بێ خوێندكار
كـێڵگەى تــەنیای بێ جوتیارمان
پێـــدەشتى ســـووتماكى گەرمیان
ناوجەرگـــەى ئەنــــفالو تـاوان
بـــەرگــى ڕەشـــی ماتــەم بـــارە
بۆ كـــۆستى گــەورەى كـوردستان.
چــەند شـــاڵاوى ڕەشـــی تــاوان
گەرمیان, كــوێــستانو بادینـان
ســـەدو هـــەشـــتاو دوو هـــەزارو
هەشت هـــەزار ئـەنفالی بارزان
ئـەى لــــەڕۆژی مــەرگو تـاوان
لـــەڕۆژی كۆســـتى نیـــشتمــان
مـــافی مـــرۆڤ لــەكـوێ چــاوى
دۆلارو پـــەتــرۆڵ دەیخــەوان؟
تــا كەنــاری مـەرگـیـان بـردین
بەڵام هـــەر مــاینو نــەمردیـن
دەســــەڵات تـــاپـۆی كـەس نیە
ئــەوان ڕســواو ئێمەش مـەردین.
ئەنفال
تابلۆیەك لەفرمێسكو خوێن
ئاى لەئایەتى ئەنفالو...
لەتەفسیرى جەلادانەى دیكتاتۆرو
لەتاوانى بێ نمونەى جەلادەكان!
ئاى لەدڵی ڕەشی مرۆڤ...
لە سەری سەختى قوربانىو..
لەو ساتانەى ئاشنان بەتیرۆرو تاوان!
ئاى لەسەر زەمینى شەڕو...
لەسەر سمو تەپو تلی ئەسپەكانو..
لەخامۆشی دواى گریانى چاوى ئاسمان!
ئاى لەجەلادو قوربانى...
لەخەڕەندى دۆش داماوى كارمامزو,
لەپێ دەشتى گومانو سەرابى ژیان!
ئاى لەدۆزەخى چاوەڕێو...
لەپوش پەڕی گڕەى زوڵمو..
لەقەڵای بێ سەرو بەری نوگرە سەلمان!
لەهۆرەى لەخاچ دراوى كوڕە جافو...
لەسێوى تاڵانكراوى گەورە كچو..,
لەو مەرگەى هەموو ساتێكە بۆ پیاوەكان!
ئاى لەسەگى داوەتى خوانى عروبەو...
لەو گۆڕانەى ناو نیشانیان لەدەفتەری
ڕەشە بادا, جەلادەكان بەخشیویانە بەبیابان!
ئاى لەو شەوە دۆزەخیانەى...
با، لەپۆستەخانەى دۆزەخ نامە بەر بوو,
نامەى چارەنوسی ڕەشی دەبرد بۆ تاریكى ئاسمان!
سپێدەى خەم...
زەردە پەڕی بەدەم كەلی ئازارەوە..,
بەرەو خاكى هەڵوەرینى ڕۆح دەكێشا!
بەیانى زوو...
گمەگمى كۆترەكانى سەر كانى..,
لەگفتوگۆی دوو ئاشقی تووڕە دەچوون!
سۆزى دەنگى بلوێرەكان...
لەشیوەنى نەوڕەسێكى ئاشق كوژراوى
كەناری ئۆقیانووس و دەریا دەچوون!
تەپ و تۆزى...
شوێن پێی وردى كارمامزە تۆقیوەكان,
لە زریانو گەردە لولی توونەكانى بابا دەچوون!
چێشتەنگاو هیلاكو ماندوو...
دەستەكانى ناوەتە پشتى كەمەریو
كۆڵی خەمى قەدەرێكى بێ چارەنووس,
بەشوێن خۆیدا بەرەو ئەنفال ڕادەكێشێَ!
هەتاوى تووڕەى سەرە ڕۆ...
دەرزى ئاژنى ڕومەتى كێڵگە دەكات!
هاوارێكى بێ كۆتایی...
بەناو توناو تونى مەرگا گوێ كون دەكات!
پێش نیوەڕۆ ناڕەسەنە...
چاو دەپۆشێ لەزارۆكى بەرماڵانو..
لەو تاعونەى تاوێكى تر دێتە گوندو..،
ئاڵاى مەرگ لەقەرسیلی گوڵە گەنمدا هەڵدەكات!
نیوەڕۆمان تلیاك كێشە...
سەری خزاندۆتە نێوان دوو ئەژنۆییو
گوێ بەكەڕەناى بێزاری ئەنفال نادات!
هەتاو ئەڵێی نیشانە گری زەوییەو...
نە دەجوڵێو نە دەرفەتى بانگ كردنى
شەومان دەدات!
پاسەوانێكى تووڕەیە...
لەچاویدا تۆماری هەموو ڕوداوێك هەڵدەگرێتو
لەگەڵ ئاوابوونى خۆیدا نهێنى چارەنووس دەبات!
كە بەیانیان هەڵدەێتەوە...
بێ باك لەوانەى كەدوێنێ ڕوویانداوە..,
كامێراى مێژوو بۆ ونبوون لەجەنگەڵدا
جێگیر دەكات!
پاش نیوەڕۆ كەمەر شلە...
بەكۆڵی قورسی ڕووداوى ئەو ڕۆژەوە..,
بەنیوە گیان ڕێشمەى خۆر بەرەو ئاوا بوون
ڕادەكێشێ!
مێژوو لەخوێندا سوور دەبێو...
پاش نیوەڕۆ بێ باكانە نە ئاوڕێك دەداتەوە..,
نە پاساری نیگایەكى لەسەر چڵی دارە مەیتێ
هەڵدەنیشێ!
خۆر باوێشك دایدەگرێتو، چاو لەتاوانى
عروبە دەپۆشێتو، لەترسی ئەنفالی خۆشی
هەناسەى سارد هەڵدەكێشێ!
هەتاو خۆشی لارە ملە...
نە (پەرەجوو) تەنها جارێك تۆمار دەكاو..,
نە جارێكیش لەدادگادا گەواهى تاوانێك دەدات!
شەو كە دڵی نهێنی یە...
شەو كەقەڵاى مێردانە خۆی..,
لەكۆستى ڕەشی ئەنفال دا ڕووناكى بۆ خۆی
بانگ دەكرد!
لە شەوى مەرگى گەرمیاندا...
دەرگاى هەموو قەڵاكانى بەڕوماندا دادەخستو
بێ دەربەست بوو لەویژدانو چاو پۆشی..
لەتاوان دەكرد!
لەچركە ساتى داماوییو دۆش داماندا...
شەو هەر بۆ خۆی لێمان دەبوو بەمردوو شۆر,
دەهاتو كفنى ئەنفالی لەبەری ژیانمان دەكرد!
شەو ناپاك بوو...
لەوە بەدوا شەو بوو بەسیخوڕی ئەنفال,
ناو نیشانى هەنگاومانى بۆ سەرانى..
ئەنفال دەبرد.
ئێستا...
ویژدانى ئازادی خوازى شەرمەزارە..،
دەیەوێت تفو نەفرەتى سەر تەوێڵی بسڕێتەوە!
خۆر, چاو بەرەو ژێری ئێمەى قوربانیە...
دەیەوێت پەلی ناپاكى لەقەدى خۆی ببڕێتەوە!
نیوەڕۆ هەناسە ساردە...
بەڵێن ئەدات سێرەى ناپاكى لەمرۆڤ نەگرێتەوە!
مێژوو بۆ خۆی شەرمەزارە...
ئەو هەموو زوڵمو تاوانە چۆن لەودا دەنووسرێتەوە؟!
شەو ڕووى نایە سەر هەڵبڕێ...
بەچی بڕواى قەڵا بوونى خۆی لەشەودا بكڕێتەوە؟!
ئەوا ئێستا جەلادەكان گۆڕ بەگۆڕن..،
ڕۆژی سەد جار شەرمەزاری..,
بەسەر تەوێڵی ڕەشیاندا دەڕشێتەوە!
چاویلكەى ئازار
سەر دەمێ...
گەرمیانم خانەقاى ئەوین بوو،
دوو دەستى خوێناوى جەلادێك
كردیانە ئازاری دەروێشی سەربڕاو.
گوڵینكەى...
ئێوارەى یەكەمى نەورۆز بوو،
بەخواستى غەزەبی جەلادێك
كردیانە دایكێكى ڕەشپۆشی كوڕ كوژۆاو.
سەر دەمێ...
گەرمیانم بەهەشتى تەمەنو
پایتەختى ئارانى ئەشق بوو،
بەدەستى دۆزەخى جەلادێك
خرایە ناو خاڵی نیشانەى یەك
دوور بین.
هەر بۆیە...
ئەمێستاش هەموومان چاوەڕێی..
هەواڵی دۆزەخو گەڕانەوەى خێڵەكانى
كاروانى عەرە عەر دەكەینو..
هەزار پرسیاری لێدەكەین
ئەگەر تەنیا چاوى كزى
چاویلكەیەكیش ببینین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست