ئایا دەبێت بۆ به‌رهه‌م ساڵح خەمباربیین!؟
Monday, 28/07/2014, 12:00
1776 بینراوە
له‌زنجیره‌یه‌كی تری سوكایه‌تیكردن له‌لایه‌ن هێرۆی ژنی جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌رهه‌م ساڵحی به‌رپرسی دیاری یه‌كێتی له پۆستی سه‌رۆك كۆماری داهاتوی عێراق دورخرایه‌وه‌و فوئاد مه‌عسوم جێی گرته‌وه.
شكستهێنانی به‌رهه‌م ساڵح له‌پرۆسه‌ی ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاره كورده‌كان له‌به‌غداو سه‌ركه‌وتنی ركابه‌ره‌كه‌ی وه‌كو كۆتاییی ژیانی سیاسی و ته‌واو جێپێلێژكردنی له‌نێو ئه‌و حیزبه‌دا له‌لایه‌ن هه‌ندێك نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس و چاودێر‌و كادیری ئه‌و حیزبه‌وه لێكده‌درێته‌وه، تا راده‌ی شین و شه‌پۆڕو داواكردن له‌خودی به‌رهه‌م ساڵح بۆئه‌وه‌ی به‌رله‌وه‌ی به‌ته‌واوی ئافهرۆزی بكه‌ن، هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت و ئه‌گه‌ر بۆ تهنیاجارێكیش بوه، له‌به‌رامبه‌ر هێرۆخان بێده‌نگ نه‌بێت.
مه‌دح و ستایشكردنی به‌رهه‌م ساڵح له‌ئێستادا به كه‌سی لیبراڵ و جیاواز له‌به‌رپرسه‌كانی تری یه‌كێتی تا چه‌ند راسته، جێی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنه. ده‌بێت هه‌ڵوێسته لهسهرئهوهبكرێت كه ئایا به‌رهه‌م ساڵح به‌شێك نییه له‌قه‌واره‌یه‌كی سیاسی گه‌نیو كه خۆی وه‌كو حیزبێك نمایش ده‌كات. به‌ڵام له راستیدا سه‌ره‌وه‌ی گروپێكی مافیا‌و خواره‌وه‌یشی ههزارانو سه‌دان كادیری مشه‌خۆرو بهزیوهو ترۆپكهكهیشی بنه‌ماڵه‌یه‌كه كه چاوی له‌وه‌یه چۆن به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بپارێزێت بی له‌به‌رچاوگرتنی هیچ مۆراڵێك. پرسیارێكی تریش ئه‌وه‌یه، كه به‌رهه‌م ساڵح له‌چیدا توانتیویهتی جیاوازیی خۆی له‌به‌رپرسه بودهڵو گه‌نده‌ڵه‌كانی تری یه‌كێتی و بگره هه‌رێمی كوردستانیش بخاته‌ڕو؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه ده‌بێت، بزانرێت به‌رهه‌م ساڵح چۆن گه‌یشتوه‌ته پۆستی ههستیارو فه‌لسه‌فه‌ی كاری حیزبایه‌تی و به‌رپرسیارێتی چییه؟
سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی به‌رهه‌م ساڵح ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2000، كاتێك كرایه به‌رپرسی ئیداره‌ی سلێمانی ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتی، له‌جیاتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی. ئه‌مه‌ش به‌پشتیوانی ته‌واوی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی حیزبه‌كه‌ی. مه‌به‌ستی تاڵه‌بانی له‌مه‌دا ئه‌وه‌بو به‌م كاره‌كته‌ره نوێییه كه هه‌م له روی ته‌مه‌نییه‌وه، لهچاوبهرپرسهكانی تری یه‌كێتی گهنجترهو هه‌میش كه‌سێكی قسه‌زانه، لێدانی پێگه‌ی كۆسره‌ت رهسوڵو نه‌وشیروان مسته‌فا بو. كۆسره‌ت ره‌سوڵ كه‌ئه‌وكاته تاڵه‌بانی وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له كورسییه‌كه‌ی به‌رله‌وه‌ی دواتر ته‌واو ده‌سته‌مۆی بكات، لێی ده‌ڕوانی. به‌جۆرێك كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌بودجه‌و پۆستی ئیداره‌ی سلێمانی كه له ساڵانی 1997 بۆ 2000 سه‌رۆك وه‌زیرانی بو، كه‌وتبوه كڕینی كادیر‌و به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتیی. به‌شێوه‌یه‌ك پێگه‌ی به‌هێزبو كه باسی له‌وه‌ده‌كرد ئه‌گه‌ر ئه‌وكاته هه‌ڵبژاردن له‌نێو یه‌كێتیی بكرێت ئه‌وا ئه‌م ده‌رده‌چێت و تاڵه‌بانی ده‌دۆڕێت.
نه‌وشیروان مسته‌فاش له‌به‌رئه‌وه‌ی پێگه‌ی به‌هێزی سلێمانییه و ئه‌و قسانه‌ی ئه‌وكاته‌ی به‌رهه‌م ساڵح باسی لێوهدهكردن له خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری تاراده‌یه‌كی زۆر له فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی ئه‌م ده‌چێت. به‌و شێوه‌یه له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه كه‌مه‌و تا 2005، ئه‌ستێره‌ی به‌رهه‌م ساڵح لهدرهوشانهوهدابو، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی ئیداره‌ی سلێمانی بو موچه‌ی بۆ به‌شێك له فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ته‌كه‌ی زیادكرد‌و هه‌ندێك پرۆژه‌ی بچوكی جێبه‌جێكرد. جگه له زمان لوسیهكهی و توانای قسه‌كردنی به‌جۆرێك تا ئیستاش هیچكام له به‌رپرسه‌كانی دوایی خۆی كهشوێنیان له‌و پۆسته‌دا گرتۆته‌وه، نه‌یانتوانیوه شان له‌شانی بده‌ن. ئه‌وه‌ی له‌مه‌دا یارمه‌تیده‌ری بو ئه‌وه‌بو، كه به‌رهه‌م ساڵح هه‌فتانه له‌میانی كه‌ناڵی كوردساتی هێرۆخان، چاوپێكه‌وتنی لهگهڵدهكراو قسه‌ی بۆ خه‌ڵك ده‌كرد. ئه‌مه‌ش ئه‌م كاره‌كته‌ره نوێیه‌ی زیاتر به‌خه‌ڵك ناساند.
به‌رهه‌م ساڵح له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یتوانی هیچ شتێكی گه‌وهه‌ری له‌شێوازی حوكمدانی هه‌رێمه‌كه بگۆڕێت. ته‌نیا ئه‌وه‌نه‌بیت كه‌ئه‌و پاره‌یه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌خه‌ڵكی ده‌دزی و بۆ كڕینی كادیرانی حیزبه‌كه‌ی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی خه‌رجی ده‌كرد، ئه‌م گێڕایه‌وه‌و به‌شێكی خه‌رج كرد بۆ زیادكردنی موچه.
گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت و ده‌ستی حیزب له‌ناو حكومه‌ت و به‌خشینه‌وه‌ی پۆسته حكومیه‌كان و لاوازی ئه‌دای ئیداره‌كه‌ی هه‌روه‌كو ئیداره‌كه‌ی پێشوی بو، بگره خراپتریش. به‌رهه‌م ساڵحیش له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین كه‌سی له‌وانه‌ی ده‌وروپشتی به‌پله‌ی تایبه‌ت و به‌موچه‌ی زۆر خانه‌نشینكرد له‌وانه‌ش ساڵح عه‌بدوڵڵای سكرتێری رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی كه ناسراوه به ستران عهبدَوڵاو جه‌بار عه‌بدوڵا ره‌زا كه‌ناسراوه به هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵاو خۆی لێكردبوینه پسپۆڕی بواری هاتوچۆ.
واته به‌رهه‌م ساڵَحیش وه‌كو به‌شان و باڵی هه‌ڵده‌درێت وانییه، به‌ڵكو درێژه‌پێده‌ری هه‌مان شێوازی ئیداره‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ بو به‌و جیاوازه كه‌مه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستومانهتهڕو.
كاتێكیش سه‌دام روخا، له‌به‌غدا پۆستباران بو، گه‌لێك به‌رپرسی باڵای پارتی و یه‌كێتی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نزیكبون له‌بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی، پۆستی هه‌ستیاریان وه‌رگرت له‌وانه به‌رهه‌م ساڵح. سه‌ره‌تا بوه جێگری ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاتی له‌ساڵی 2004 و دواتریش بوه وه‌زیری پلاندانان له كابینه‌كه‌ی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری (2005-2006)و جێگری نوری مالیكی بو له ماوه‌ی (2007-2009) تا ئه‌و كاته‌ی بوه سه‌رۆكی لیسته هاوبه‌شه‌كه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی 2009 و رۆژ نوری شاوه‌یس جێی گرتۆته‌وه.
له‌م ماوه‌یه‌شدا، به‌رهه‌م ساڵح چ ئه‌دایه‌كی جیاوازی له به‌رپرسه‌كانی تر پێشكه‌شكردوه جگه لهخۆدهوڵهمهندكردن و قه‌به‌كردنی سامانه‌كانیان و دامه‌زراندنی كه‌سه نزیكه‌كانی نه‌بێت؟ من داوا لهوانهدهكهم كه ئێستا باسی به‌رهه‌م ساڵح وه‌كو فریشته ده‌كه‌ن، بۆمان رونبكه‌نه‌وه. به‌رهه‌م ساڵح كاتێك جێگری جه‌عفه‌ری بو بۆ كاروباری ئابوری و وزه باس له‌وه‌ده‌كرا كه گه‌نده‌ڵی له گرێبه‌ستی هاورده‌كرنی خۆراكی كۆبۆنی مانگانه كردوه‌و داویه‌تی به خزمێكی خۆی. جگه‌له‌وه‌ش هه‌ڵوێستی به‌رهه‌م ساڵح چی بوه له‌مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 كه ساڵی 2007 واده‌ی دیاریكراوی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ته‌واو بو؟ جارێكی تریش من داوا له‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌مه‌وه كه ئێستا فرمێسك بۆ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڕێژن، وه‌ڵام بده‌نه‌وه.
به‌كورتی و به‌پوختی، به‌رهه‌م ساڵح كاره‌كته‌رێكی جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیاسه‌ته حیزبی و ئیدارییه بوه كه جه‌لال تاڵه‌بانی خۆی گوته‌نی مامۆستا‌و سه‌ركرده‌ی، به‌دڵی بوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆژێك له رۆژان به م‌و لێی لابدات.
ئه‌م كاره‌كته‌ره تا ئه‌و راده‌یه پشتیوانی لێكرا له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی و هێرۆخانی ژنیه‌وه كه له‌ناو یه‌كێتی بوه خاوه‌ن جه‌ماوه‌ری خۆی. ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته ده‌ركه‌وت، كه ساڵی 2005 و له‌میانی كامپینی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌و ساڵه، به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی زانكۆی سلێمانی كرد و له‌وێ سه‌دان خوێندكاری زانكۆكه كه به‌چاوی ئومێده‌وه لێیانده‌ڕوانی پێشوازیی گه‌رمیان لێ‌كرد، به‌جۆرێك ئاماده‌نه‌بون پێشوازی هاوشێوه له خودی تاڵه‌بانیش بكه‌ن. لێره‌وه ئاوابونو كزبونی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ده‌ستیپێكرد. ئه‌وه‌بو له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ناڵی كوردستانی هێرۆخان، دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح به ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك گه‌نج له‌ناو ستۆدیۆ سازدا به‌ڵام تا ئه‌مڕۆژه‌ش، ئه‌و چاوپێكه‌وتنه به‌فه‌رمانی هێرۆخان روناكی نه‌بینیوه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یش، به‌رهه‌م ساڵحی زۆر په‌رێشان كردبو به‌جۆرێك ته‌له‌فۆنی بۆ هه‌موكه‌سێك كه لههێرۆخانهوه نزیكبون ده‌كرد و پرسیاری ده‌كرد كه بۆچی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی په‌خش ناكرێت.
كاتێكیش ساڵی 2009-2011 بوه سه‌رۆكی كابینه هاوبه‌شه‌كه‌ی پارتی ویه‌كێتی، كه‌هاوكات بو له‌گه‌ڵ نه‌خۆشكه‌وتنی جه‌لال تاڵه‌بانی مامۆستا‌و پشتیوانی سه‌ره‌كیی، هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن هێرۆخان حاكمی سلێمانی بو نه‌ك به‌رهه‌م ساڵح. به‌جۆرێك به‌شی هه‌ره‌زۆری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی له‌لایه‌ن ئه‌وو بهتهزكیهی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی كه‌ئه‌وكات لێپرسراوی بو داده‌نران و ئه‌وه‌ی حسابی بۆ نه‌ده‌كرا، راو بۆچونی به‌ناو سه‌رۆكی كابینه هاوبه‌شه‌كه بو.
له‌گه‌ڵ دیارنه‌مانی به‌ته‌واوی تاڵه‌بانی له‌ناو یهكێتیو جڵه‌وكردنی ئه‌و حیزبه له‌لایه‌ن هێرۆخانه‌وه، به‌رهه‌م ساڵحیش له‌كه‌سێكی دیاره‌وه بوه لاوه‌كی‌و كاتێكیش له 2013 داوای ده‌سه‌ڵاتی پۆستی جێگری سكرتێری گشتیان لێ‌كرد له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵی جێگری یه‌كه‌م، ئه‌وه‌بو هێرۆخان هیچ حسابێكی بۆ ئه‌م داوایه‌یان نهكردو درێژه‌یدا به كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی یه‌كێتی. به‌جۆرێك ئێستا هێرۆخان كه‌سی یه‌كه‌م و بڕیارده‌ره‌و جێگرانی سكرتێری گشتیش ته‌نیا به‌ناو هه‌ن.
كۆسره‌ت ره‌سوڵ زو تێگه‌یشت كه پێگه‌ی له‌ناو یه‌كێتیدا به‌ره‌و پوكانه‌وه ده‌چێت، بۆیه قبوڵی كرد به‌وه‌ی پۆستێكی وه‌زیرو ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی بدرێت به‌هه‌ردو كوڕه‌كه‌ی و له‌ئێستا باس له پۆستێكی وه‌زاری بۆ كچه تاقانه‌كه‌ی ده‌كرێت له‌به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر بێده‌نگبونی. هه‌رچی به‌رهه‌م ساڵحیشه هێشتا نه‌چۆته نێو ئه‌م گهمهوهیهوهو پێشناچێت ئه‌میش وه‌كو كۆسره‌ت ره‌سوڵ باوكێكی هێنده (میهره‌بان) بێت كه له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی كوردستان، پۆست و پله‌ی به‌رز بۆ كوڕ‌و كچه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ربكات.
تاكه كاردانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵحیش له‌به‌رامبه‌ر ئافهرۆزكردنی له‌لایه‌ن هێرۆخانه‌وه ئه‌وه‌بو كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، خۆی گوته‌نی پۆسته‌كه‌ی هه‌ڵپه‌ساردوه له‌ناو یهكێتیو ئه‌ندامێكی ئاسایی ئه‌و حیزبه‌یه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش ره‌نگه له‌به‌رژه‌وه‌ندی پلانه‌كه‌ی هێرۆخان بێت و هیچ له‌مه‌سه‌له‌ی كێشمه كێشه‌كانی ناو یه‌كێتیی ناگۆڕێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌مو بێهه‌ڵوێستییه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، ئه‌وه‌بو جارێكی تر، كارتی سوربۆ به‌رهه‌م ساڵح له‌لایه‌ن هێرۆخانه‌وه به‌رزكرایه‌وه‌و له‌پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بێبه‌شكرا.
به‌رهه‌م ساڵح وه‌كو كاره‌كته‌رێكی حیزبی له‌ناو یه‌كێتیی، به‌كه‌سێكی دوڕو ترسنۆك ناسراوه. هیچكات نه‌یتوانیوه هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی ئازایانه بخاته‌ڕو. كاتیك پێویست به‌وه‌بوه كه قسه له‌سه‌ر مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كان بكات، وتویه‌تی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌مه‌كته‌ب سیاسی باس ده‌كه‌ین. له‌ڕوی په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ریدا، كه‌سێكی سپڵهیهو ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵیاندایه كه ئیشی پێیانه. ئیشی پێیان نه‌ما پشتیان تێده‌كات. ره‌نگه خاڵی سلبی تریشی هه‌بێت به‌ڵام من نامه‌وێت بچمه نێوباسكردنیهوه.
له‌كۆتاییدا، ده‌ڵێم به‌رهه‌م ساڵح جگه لهكارهكتهرێك كه پێویست بوه بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵێكی دیاریكراو بگێڕێت كه جه‌لال تاڵه‌بانی بۆی داناوه‌و مه‌به‌ستی بوه، هیچی ترنییهو له‌گه‌ڵ لاچونی له‌سه‌رشانۆی سیاسیی حیزبه‌كه‌ی كه ئاماژه‌كان بۆ ده‌چن، ئه‌میش ده‌چێته ریزی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابوردوی مێژوی یه‌كێتیدا، ئامرازێك بون بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رامه‌كانی تاڵه‌بانی و بچوككردنههی كاره‌كته‌ره‌كانی تر و ئێستا لهبیرچونهتهوه.
هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م هه‌ره‌سه كهسیهیشی بۆ ترسنۆكییهكهی ده‌گه‌ڕێته‌وه. كه به‌جۆرێكه تائێستاش نه‌یتوانیوه به وشه‌یه‌ك گوزارشت له‌و سوكایه‌تییه بكات كه هێرۆخان و كوتله‌كه‌ی پێی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك كادیری یه‌كێتی كه له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن داوای هه‌ڵوێستی لێده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها سیناریۆی جۆراوجۆر بۆ داهاتوی ده‌هۆنرێته‌وه كه هه‌ر له فاڵگرتنه‌وه دهچێتو هیچیان پێناچێت راستبن.