کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەكى كراوە لە كوردێكى دڵشكاو بۆ سەرۆكى بەڕێز ئۆباما

Thursday, 28/10/2010, 12:00


ســــــــــڵاو
بەڕێزم تكاتان لێ دەكەم ئەم نامەیەم بخوێننەوە هەر چەندە دەزانم ئێوەى بەڕێز زۆر سەرقاڵن و هەمیشە هەولأ دەدەن وەكو ئەم سەركردانەى خۆمان بە تایبەتى (كاكەى سەر سور و مامەى ورگ زل) ئەو پەیمانانەى لە كاتى هەڵبژاردن بە خەڵكتانداوە جێبەجێیان بكەن، بەڵام تكایە ئەم نامەیەم بخوێننەوە، تەنها لە بەر ئەوەى یەك ئۆمێدم لەم دونیایە ماوە ئەویش ئەوەیە دەمەوێ پێش مەرگم بزانم كام سەركردە و سەرۆكمان پەیوەندى بە ئیتلاعات و میت و موخابەراتەوە هەبوە و هەیەتیى.
لەوانەیە جەنابتان بڵێن جا من چوزانم و چ پەیوەندییەكى بە منەوە هەیە؟ ئەگەر زانیاریشمان هەبێت ئەوە لاى برادەرانى (سى،ئاى،ئەى)یە و بۆ داوا لەوان ناكەن؟
بەڕێزم من لە یاساكانى ئەمەریكا شارەزانیم، ئایا ئەگەر داوا لە (سى،ئاى،ئەى) بكەم ئەو زانیاریانەم پێدەدەن یان نا، بەڵام من دەزانم لەم وڵاتەى خۆمان مافى زانینى هیچ زانیارییەكمان نییە، تەنها مافى ئەوەمان هەیە بزانین مافى پرسیاركردنمان نییە! بۆیە سەركردەكانمان هەر ڕۆژە و لە بازاڕێكى میللەت فرۆشیدا دەمان كەن بە قوربانى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆیان و ئێوە و ئێمەش بێدەنگین، تكایە گلەیمان لێمەكەن و بڵێن كە ئێوە خۆتان بێكەڵكن من چیتان بۆ بكەم؟!
جەنابى سەرۆك ئۆباما نازانم كوردستانپۆست دەخوێننەوە یان نا، هەندێك جار بەزمانى ئینگلیزیش بابەت و نووسین بڵاو دەكاتەوە، تكایە بە كاكە بوشیش بڵێن لەمەوبەدوا بائەویش سەیرى كوردستانپۆست بكات بۆ ئەوەى پەشیمان بێتەوە كە بۆ تاڵەبانى گریاوە!
ببورە جەنابى سەرۆك خەریكە لە بابەتەكەش دەردەچم بەڵام ئەوە خوى ئێمەیە و لە سەركردەكانمانەوە فێربوین، جەنابى سەرۆك دەزانم لە كاتى هەلبژاردنەكاندا پەیمانت بە خەڵكى ئەمریكا داوە كۆتایى بە شەڕ بێنن و ڕۆڵەكانتان لە عیراق و ئەفغانستانەوە بگەڕێننەوە بۆ وڵات، بەڵام تكایە لە بەرخاترى من و بە دیهاتنى ئۆمێدە تاقانەكەم،لەو بەڵێنەى خۆتان پەشیمان ببنەوە، قەیچى ئەكا ئەوەنییە سەركردەكانمان ڕۆژانە دەیان پەیمانمان پێدەدەن و هیچیشیان جیبَەجى ناكەن؟ بۆیە ئێوەش وەكو كاكە بوش لە ناكاو بڕیار بدەن و هێرش بكەنە سەر ئێران و دواتریش حكومەتى ئەنقەرەمان بۆ بروخێنن و پاشان ئەزییەت بكێشن و كوڕەكەى ئەسەدیش كەوابزانم ناوى (بەشار ئەفەندی)ە لە كۆڵمان بكەنەوە.
بەڕێزم ئێمە هیچمان لە جەنابتان ناوێ و داواى دروستكردنى دەوڵەتى كوردى ناكەین چونكە دەزانین ئەگەر ئێوەش دەوڵەتمان بوو دروست بكەن ئەوا سەركردەكانمان تێكیدەدەنەوە، ئیتر خۆتان چۆن ئەو وڵاتانە بەڕێوەدەبەن و تەسلیمى كێى دەكەن ئەوە بڕیارى خۆتانە، بەڵام تەنها یەك شتمان بۆ بكەن تكایە وەكو عیراق مەكەن و مەلەف و بەڵگەنامەكانى (ئیتیلاعات و میت و موخابەرات)پێش ئەوەى بگوازنەوە بۆ ئەمریكا و سەرنگۆنیان بكەن، وەریانگێڕنە سەر زمانى كوردى و بۆ ئێمەش بڵاویان بكەنەوە،بۆ ئەوەى بزانین كام سەركردە و سیاسەتمەدارى كورد جاسوسى ئەو دەزگا سیخوڕیانە بووە و ڕاپۆرتى لە میللەتەكەى خۆى داوە؟؟!
كاكە ئۆباما دەمێكە ئێمە دەزانین بەشێكى زۆرى ئەم خۆ فرۆشانەى خۆیان ناو ناوە سەركردایەتى سیاسى كورد كرێگرتەى ئێوەن، بەڵام دەمانەوێ بزانین چۆن ئەمانە ڕێگەیان لە دروستبوونى دەوڵەتى كوردى گرتووە و بە ناوى شۆڕش و كوردایەتییەوە چۆن كوردیان كوشتووە؟!
كاكە ئۆباما من نازانم لە گشت مێژووى ئەمریكا چ سەرۆكێكى ئەو وڵاتە هەبوە بۆ ڕاوەدوونان و كوشتنى هاوڵاتیانى ئەمریكى داواى لە (مەكسیك و كەنەدا) كردبێت بنكەى جاسوسى و مافیایى پیاو كوشتن لە ناو ئەمریكا بكەنەوە؟!! ئایا شتى وابوە؟
تكایە توڕە مەبن، بۆیە ئەم پرسیارەم كرد، چونكە ئەم جەلال تاڵەبانییەى لاى ئێمە بە (مامە) ناسراوە (15) سالأ لەمەوبەر داواى لە ئیتیلاعاتى كۆمارى ئیسلامى دڕندە كردووە بنكە و بارەگاى خۆیان، لە ناو شارى (سلێمانى) بكەنەوە!!!! تكایە نەڵێن جا چۆن؟ ئەى سلێمانى شارى هەڵمەت و قوربانى نییە؟! با بەڵام خۆ خەڵكەكەى پێی نەزانیوە و منیش تازە زانیومە.
بۆیە تكایە تكایە ئەم نامەیەم بخوێننەوە و بێ ئەوەى كۆنگرێس و ئەملا و ئەولا بڕیار بدەن، هەرسێ حكومەتە داگیركەرەكەى دراوسێمان بۆ بڕوخێنن.... تكایە.
سیروان كەركوكى
ئاوارە لە وڵاتى خۆى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە