لەنێوان وێنەکانی"تاڵەبانی" و وێنەکانی"عەجرەم"
Saturday, 05/04/2014, 12:00
1899 بینراوە
چەند ڕۆژێك لەمەو بەر کەناڵەکانی یەکێتی چەند وێنەیەکی تاڵەبانیان بۆ بڵاوکردینەوە کە ئەڵێن مێژووکەی ئەگەڕێتەوە بۆ مانگی ڕابردوو. گرنگ ئەوەیە تاڵەبانی لەو وێنانەدا گەنج بۆتەوە و قیت لێی دانیشتوە دەوریشی قەرەباڵغە. تاڵەبانی یاخوا ئامۆژنە هێرۆ بەقوربانی بێ ڕۆژ دوای ڕۆژ وەزعی سحی باشەو لەو چەند وێنەیەدا خەریکی خواردنەوەی شلەمەنیەکە کەنازانین و برادەرانی یەکیتی هەروەك چۆن لە ناردنی نەوتەکە ناشەفافن، ئاوهاش لەو شلەمەنیەی تاڵەبانی ناشەفافانە مامەڵەمان لەگەڵدا ئەکەن پێمان ناڵێن و لەجەماوەرەکەی خۆیان و ئێمەشیان شاردۆتەوە. تۆ بڵێی ئەو شلەمەنیە ئاوی کەوسەر بێ، وەیان شەربەتی قەل بێ. تا وا کاریگەری لەسەر تەمەنی مامە کردوەو وەك عەددای بەنزین سفری کردۆتەوە و گەنجی کردۆتەوە. بەڵام هێشتا ئەڵێن بەباشی قسە ناکاو تێکەڵ و پێکەڵی ئەکا، خوا گەورەیە بۆ ئەوەشیان ، لەوانەیە تا سەری مانگ و نزیك بوونەوەی هەڵبژاردن بکەوێتەوە قسەو شەش شەش ڕیزیان بکا.
کورد ئەڵێ(پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش). تاڵەبانی دوای ئەوەی یەکێتی سوك و سەلیم کرد و تەسلیمی پارتی کرد. زانی کەس تاقەتی لەکەناڵەکانی یەکێتی نابێ و هەر بۆیە هەستا بەدابەش کردنی ئەرزە و پارە. ئەوەتا کەمالی هاوڵاتی جاران و شارپرێشی ئێستا کەوا ٢ دۆنم زەوی لەتاڵەبانی وەرگرت و ئەحمەد میرە کەوا ٥٠٠٠ دۆلاری لە ئامۆژن وەرگرت، هەر خێرا کەوتنە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە. دەنا ئەگەر ئەمان نەبونایە، ئەبوو تاڵەبانی و وێنەکانی تەنها لای خۆیان تۆزی ئەگرت و کەس نەی ئەبینی.
هەر بەڕێکەوت نانسی عەجرەم لەم ماوەیەدا گۆرانیەکی نوێی بڵاو کردەوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٣ ملیۆن بینەری هەیە. تۆ بڵێی بۆ نانسی عەجرەم ئەوەندە بینەری هەیەو تاڵەبانیەکەی لەمەڕ خۆمان کەس نایەوێ بچم و دەمو چاوی ببنێ؟ هەر ئەمڕۆ لەسایتی سبەی(بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و خێرا لەترسی توورکیا لایان برد)، خانمێکی کوردی باکوور بەناوی(لەیلا) کەتوانی لە ٨٣% ی دەنگەکانی جزیرەو بۆتان بۆ خۆی مسۆگەر بکا لەگەڵ دیدارێكی cnn ی تورکی ڕازی نەبوو بەزمانی تورکی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوەو تەنها زمانی کوردی کرمانجی باکووری وەك ئاخافتنی زمانی دایك بەکارهێنا ، ئەمە لەکاتێکدا زمانی کوردی تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی لەتورکیا سنووردار کراوە. کەچی تاڵەبانیەکەی خۆمان لەخولی پەرلەمانی پێشوو، ووتارەکەی بەزمانی عەرەبی خوێندەوە. ئائەمەیە کەوا تاڵەبانی وا ڕەزای قوورس بوەو کەس نایەوێ بزانێ چۆنەو چ کارەیە. ئەوە بۆ زیاتر لە ساڵێك ئەبێ بزرەو دیار نیە.کەچی یەك کەس گرنگی پێناداو تەنانەت هیچ میدیاکەی جیهانی سەرە دێڕێکیش بەوەو تەرخان ناکەن و وەك ئەوەی نەبوبێ. تاڵەبانی ئەو کەسایەتیەیە کەوا کاتێ چوو بۆ ئەمریکا و سەردانی نەخۆشخانەیەکی کرد کەوا سەربازە ئەمریکاییەکانی تیا چارەسەر ئەکران، هەریەکەو چەند هەزار دۆلارێکی بۆ ئەخستنە ژێر سەری و تا یەکێکیان کە لەهۆش خۆی بوو، ووتی ئێمە بۆ بەرژەوەندی ووڵاتی خۆمان هاتووین بۆ عێراق و بۆ ووڵاتی خۆمان گیانمان فیدا کردوە، نەك بۆ پارە. لەوێنەکەدا لەتیفی ئاوەڵ زاوای دەرئەکەوێ، تۆ بڵێێ چی بە گوێیا بچرپێنێ ! ڕەنگە پێی بڵێ؛ مامە گیان بەخوا یەکێتی بە قاعیدەو سەرکردایەتی و بنکردایەتیەوە ڕیخانویانە و بەڵام خەمت نەبێ ، ئەوا ئوتێلێكی باشمان لە لەندەن بۆ کاکە پاڤێڵ کڕیوە.