کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەمی كەركوك، گۆڕینی دەموچاوەكانی حزبە، یان چاكسازی و هەنگاوی دڵسۆزانەیە؟!

Thursday, 24/02/2011, 12:00



دوای نزیكەی (8) سالأ لە تێپەڕبوون بەسەر رووخانی دەسەڵاتی بەعس و دانانی كۆمەڵێك بەرپرسی حزبیی حزبە باڵادەستەكانی باشووری كوردستان و هەندێ لە حزبە هاوپەیمانەكانیان و لە ئەنجامی ئەو باهۆزی گۆڕانكارییەی لە ناوچەكەدا دەستی پێكردووەو خەریكە باشووری كوردستانیش دەگرێتەوە، تازە بە تازە دەسەڵاتی حزبی كەوتوونەتەخۆ بۆ گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی كە ساڵانێكە جگە لە پەیڕەو و پیادەكردنی سیستەمێكی سەقەتی سیاسەتكردن، لە كوردستان بەگشتی و لە كەركوكیش بەتایبەتی، هاتوون و بە قسەی خۆیان دەیانەوێ گۆڕانكاری بكەن!!، هەرچەندە زۆرینەی خەڵكی سڤیل و كەسانی وەكو ئێمەومانانیش دڵنیایە لەوەی كە مادام گۆڕانكارییەكان حزب دەیانكات و كۆرپەی منداڵدانی هەمان سیستەمی حكومڕانیی فەلسەفەو ئایدیای حزبایەتین، ئەوا گۆڕینی هەندێ لە بەرپرسەكان، جگە لە گۆڕینی دەموچاوەكانی ئەندامە باڵادەستەكانی حزب بەولاوە هیچیتر نییەو خۆڵ لەچاوكردنی جەماوەرو درێژەدانە بەلاڕێدابردنی چارەنووسی كەركوك و هێشتنەوەی زێدو مرۆڤەكانیەتی بە داگیركراوی.
دڵنیاین لەوەی كە بەرپرسێكی حزبی هەرچەندە دڵسۆزی گەل و نەتەوەكەی بێت، تا ئەو شوێنە لەگەڵ كاروانی ئەو دڵسۆزییەدا رێدەكات كە حزبەكەی رێگەی پێدەدات و دوای ئەوە دەبێ: یان دەسبەرداری حزبایەتیو گیرفان پڕكردن بێت، یاخود ببێتەوە دەستەمۆی حزبەكەی!!. ئەمەی لێرەدا ئاماژەی پێدەكەم، خودی ئەوجۆرە بەرپرسانەیش لە من وخەڵكانی دیكەش باشتر دەركی پێدەكەن، لێ لە ترسی حزبەكانیان دەیان و سەدان پاساوی بێ پاساویان بۆ دەهێننەوە: وەك ئەوەی پێش رووخانی سەدام، مەترسی سەداممان لەسەربوو، دوای ئەویش مەترسی وڵاتە هەرێمایەتییە داگیركەرەكانی دەوروبەرو هەتا مەترسیی بەغداشمان لەسەرە!!. ئەرێ پێمان ناڵێن كەی ئەو مەترسییانە كۆتاییان دێت، یان دڵنیان كۆتایی هاتنی ئەو مەترسییانە كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی خودی خۆتانە؟
بە كوردی و بە كورتی: ئەگەر ئەو شكستەی كورد لە كەركوك بەدەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو حزبە پاشكۆكانی دیكەیەوە خواردی و دۆخەكە بەمڕۆژە تاریكە گەیشت كە پێویست ناكات بچینە ناو وردەكارییەكانییەوە، چونكە منداڵێكیش دەزانێت كە لەدرێژەی ئەم هەشت ساڵەدا لە كەركوك چی كراوەو چۆن كراوەو بۆ كراوە؟!!
بۆیە ئەگەر گۆڕینی بەرپرسە حزبییەكانی ناو حكومەت لە كەركوكدا، گۆڕینی ئەوانەن كە حزب پێی وایە، ئەوان بارودۆخی كەركوك و كەركوكییەكانیان بەم دۆخە گەیاندووەو دەبێ كەسانێكی دیكەی حزبی و گوێڕایەڵی حزب لەو شوێنە هەستیارانە دابنرێن، ئەوا هەڵەیەكی كوشندەی دیكە دەكەن، چونكە ئەوجۆرە بەرپرسە حزبییانە، ئەگەر دارەكەی مووساشیان بدەیتە دەست، بەبێ بڕیارو فەرمانی حزب، ناتوانن هەنگاوێك هەڵبێنن. من پێموایەو دڵنیاشم كە گۆڕینی بەرپرسە حزبییەكانی ناو هەندێ لە جومگەو كایە گرنگەكانی حكومڕانێتی لە كەركوك، لە ئێستادا، جگە لە گۆڕینی دەموچاوە حزبییەكان كە حزبیش گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی هەندێك لەوانە لای جەماوەر ناشیرین بوون، كە دیسانەوە دەیڵێمەوە: ئەوانە ئەگەر ناشرینیش بووبن، هەرخودی حزب ناشیرینی كردن، بەولاوە هیچیتر نییە.
بە دڵنیاییەوە تاكە چارەسەر بۆ پرسی كەركوك و ئاییندەی كەركوكییەكان، گۆڕینی ریشەیی ئەو سیستەمی فەرمانڕەوایەتییەیە كە لە هەرێمی كوردستان و بەغداش پەیڕەو دەكرێت، دەڵێم سیستەم نەموتووە، حزب و كەسەكان، چونكە ئەگەر هەرهەمان سیستەمی فەرمانڕەوایەتی پەیڕەو و پیادە بكرێت، با حزبی (ئەلیف) نەبێت، (ی) بێت، ئەوا هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێت و تەنها هەوڵی خۆڵ لەچاوكردنی جەماوەرە كە مەحاڵە، هەتا دونیا دونیایە ئەوها ملكەچ و بێدەنگ دانیشێت و نووزەی لێوە نەیەت!!.
  
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە