كوتلەبازی زبر یەكێتی بەرەو كوێ دەبات ؟
Thursday, 15/01/2015, 12:00
2104 بینراوە
سەرجەم كادرو سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دان بەوەدا دەنێن كە كێشەی ناوخۆییان هەیە و، هەر یەكە و بە شێوەیەك لە ململانێدایە و، تەنانەت راگەیاندنی سەربەخۆ و سایدە ئەلیكترۆنیەكانیشیان تێوەگلاندوە و كوتلەكان هەر ماوە و جارێك دان لە یەك دەسون و زۆرجار دەیگەیەننە مریشكە رەشە، بەڵام هەرجارەو بەهۆكارێكی نێوخۆیی خودیی یەكێتی بێت یان دەرەكی، بارودۆخەكە هێور دەبێتەوە . كە پرسیار دێتەئاراوە؛ بۆچی چارەسەری یەكجاری ناكرێت، وەڵامەكان هەمەچەشنن، هەریەكەو خەتاكە دەخاتە ئەستۆی ئەویتر، بەڵام زۆر جار بۆ ئاسان كردنی دۆخەكە دەڵێن یەكێتی لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە و هەروا هاتوە، دوور لە راستیی روداوەكان وەك ئەوەی پێكهاتەكانی یەكێتی نیشتمانی؛ كۆمەڵەی رەنجدەران و بزوتنەوە سوشیالیست و خەتی گشتی كوتلە بوبن لە كاتی خۆیدا نەك سێ رەوتی فیكری و عەقیدی و تەنانەت ئایدیۆلۆجی جیاواز و یەكتر تەواوكەری كاروان و رێرەوی ئەوكاتی شۆرشی نوێ . وەك ئەوەی ئێستا هەمان زەمینەی جاران بێت و گۆرانكاریە بنەرەتیەكان لەبەرچاو ناگیرێت و، ئەوە لەبەرچاو نەبێت كە یەكێتی لە پاش راپەرینەوە بەكوتلەبازی و شەرەدەندوك بەرەو دواوە چووە و پاشەكشەی لە زۆر بواردا كردووە . ئەگەر ئەوسا سێ رێبازی جیاوازی نێوخۆ و یەك دوژمنی هاوبەش سەرجەم پێشمەرگەی كۆكردبێتەوە و یەكێتی نێوخۆی یەكێتی پاراستبێت (جگە لە چەند جیابونەوەیەك)، ئێستا جگە لە ركابەری و ململانێی نێوخۆیی لەسەر پلە و پایەی حزبی و حكومەتی و پارە و پوڵ و كۆمپانیا نەبێت هیچ جیاوازیەك لە نێو باڵەكاندا نابینرێت و، تەنانەت ئێستا لە ململانێدا هەر كوتلە و دووری و نزیكی لە لایەنەكان بەتایبەتی لەگەڵ پارتیدا لەسەر ململانێی نێوخۆیی بیناتدەنێت و لەوبارەوە تادێت زەرەر لە خودی یەكێتی دەدەن و، پارتیش تا بۆی دەكرێت لەو نێوانەدا یاری سیاسی و ململانێی خۆی دەكات و تا ئێستا گەورەترین قازانجی لێكردوە . ئەگەر ئەوسا دوو كوتلەبوو،بەڵام ئەگەر پاش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و ململانێی لەگەڵ یەكێتیدا بخوێنینەوە ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كە چەند بارەكەی یەكێتیی زیاتر قورس كرد و، پاش نەخۆشكەوتنی مام جەلال، دواجار چۆن سێ كوتلە سەریهەڵدا . بە جیابونەوەی گۆڕان باڵانسی ململانێكانی یەكێتی و پارتی تێكچوو و لەوێشدا دیسان پارتی ئەسپی خۆی تاودا و كۆمەڵێك دەستكەوتی حزبی بەدەستهێنا، دواترینیان راكێشانی گۆڕان بوو بۆ نێو حكومەتی هەرێم بێ هیچ گۆڕانێكی چاوەروانكراو كە بزوتنەوەی گۆران لەسەر ئەو وەعد و پەیمانانە درێژەی بەخەباتی خۆی دەدا و بەم بەشداریكردنەی، بەزەرەر بۆ خودی گۆران و بۆ یەكێتیش شكایەوە .
ئەگەر پاش جیابونەوەی كاك نەوشیروان تا كاتی نەخۆشكەوتنەكەی، مام جەلال كاریگەری گەورەی لەسەر راگرتنی باڵانسی نێوخۆی یەكێتی هەبوو، بەڵام ململانێكان لەچەكەرەكردندا بون و خەتەری كوتلەكان لە سنوری خۆی دەرنەچوو، بەڵام ئێستا سێ كوتلەی بێ ئامانج و دور لە رەسەنایەتی یەكێتی جاران و بە تێروانینی تاكەسی و تەنها چاولەسەر پارەو پوڵ و پلەو پایە بەرامبەر لایەنێكی قۆرخكاری نێوخۆیی حزبی كە بەدەسترۆیشتو ناسراون، كێشەكانیان گەیاندۆتە ئاستێكی خەتەرناك و، ئەگەرو شێمانەی زۆری لێ چاوەروان دەكرێت، بەتایبەتی پاش ئەوەی لایەنی دەرەكیش دەستبخاتە نێو مەسەلەكە و لەپێناو چارەسەركردندا هیچیشی بۆ نەكرێت .
ئێستا و لەم قۆناغە زۆر خەتەرناكەدا، یەكێتی لەدوریانێكی ترسناكدایە، كە بەهەر لایەكی نەخوازراودا بشكێتەوە زەرەر لە خۆی و لە رەوتی سیاسی كوردستان و دەسكەوتەكانی گەلی كورد بە گشتی دەدات .
بە لاوازبونی لایەنێكی پێشكەتنخوازی نیمچە دیموكراسی لەكوردستان، راستەوخۆ لایەنی موحافزكار سەردەكەوێت، بەمەش رەوتی دیموكراسیبونی كوردستان و گەیشتن بە ئامانجە گشتیەكانی میلەت و بەدیهێنانی خزمەتگوزاری پەیوەست بە خەڵك دوادەكەوێت و ماوەی خەباتی بەرقەراربونی ئاشتی و دیموكراسی و گۆڕانی سیستمی سیاسی كوردستان روە و قۆناغێكی تر قورستر دەبێت . بۆیە زۆر پێویستە دەسەڵاتدارانی نێوخۆی یەكێتی بە وردی لەم كارە بروانن و پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت، بە كورتی بیبرنەوە و، ئەمەش بە هەنگاوی عەمەلی و قوربانیدان بە بەرژەوەندی شەخسی دەبێت، بەڵام هەرچەند كادرانی یەكێتی بدوێنی كەس گەشبین نیە بەم جۆرە پێكهاتەی ئێستای سەركردایەتی یەكێتیەوە و، ئەگەر هەموان نەبێت، زۆرینەیان لەوە دڵنیان تەنها بە گۆڕانی زۆرینەی رەهای ئەم سەركردایەتیە یەكێتی هەناسەیەكی ئاسودەیی هەڵدەكێشێت و، بە نەمانی سەرانی كوتلەكان تا رادەیەك وەزعی یەكێتی ئاسایی دەبێتەوە، ئەگەر نا، ئەوە كەس پێشبینیی بۆ دوارۆژی یەكێتیی پێ نیە .