کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان لە بەردەم دەرفەتێکی مێژوییدا

Thursday, 25/09/2014, 12:00


پارتی لە چەند ساڵی ڕابوردودا و ئێستاش لایەنی باڵادەستە لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردوستانا. هەمو ئەو یاسایانەی پەرلەمانی کوردوستان دەریدەکا ت، هەمو بڕیارە چارەنوسسازەکانی حوکومەت و دەسەڵاتی دادوەری بە بێ پەسەندکردنی کۆتایی سەرۆکی هەرێم کە سەرۆکی پارتیشە نابێت. لە ساڵی ٢٠٠٦ وە کە حوکومەتی یەکێتی لە سلەیمانی و پارتی لە هەولێر یەکیانگرتەوە و کابینەی پێنجەمیان دروستکرد تا کابینەی هەشتی ئێستا پارتی نزیکەی ٦ ساڵ سەرۆک وەزیری داناوە کە نێچیروان بارزانیە، ڕێکەوتنی نەوت لەگەڵ تورکیا ئەندازیارەکەی کە ئاشتی هەورامیی وەزیری نەوتە سەر بە پارتیە، فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردوستان تا ئێستا تاپۆ یە لە سەر پارتی. لە ترۆپکی دەسگاکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردوستان مەسرور بەرزانی دانیشتوە کە ئەمیش یەکێکە لە لوتکە بەرزەکانی پارتی. پارتی شانازی دەکرد چۆن وەزیری نەوتەکەیان هەرێمی کوردوستانی خستۆتە سەر نەخشەی وزە لە جیهاندا، بەرهەمی ئەم سیاسەتە حەکیمانە ! بۆ خەڵکی کوردوستان بڕینی بەشە بودجەی کوردوستان وقەیرانی موچە و پەککەوتنی پرۆژەکانی حوکومەتی کوردوستان و نابودبونی بەشێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بو،هەروەها گرانبونی نرخی لیترێک بەنزین لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ ٩٠٠ دینار بو . هەمو هێزە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و پۆلیسی و حیزبی و خۆبەخشەکانی پارتی نەیانتوانی ڕێگری بکەن لە داعش کە ئەگەر ئەمریکا لە ئاسمانەوە و پێشمەرگە خۆنەویست و پاڵەوانەکانی سەر بە پەکەکە لە سەر زەویەوە نەبونایە داعش گەیشتبوە هەولێر. کردنی هەرێم بە نیمچەکۆلۆنی(مستعمره‌) ی ئابوری و ڕۆشنبیری و هەواڵگریی تورکیا لەسەر دەستی پارتی و لە ژێر بێدەنگی و بێهەڵوێستیی یەکێتیدا بو، بەرهەمی ئەم کۆڵۆنیکردنە کە پارتی ناوینابو هاوپەیمانی ئەوەبو تورکیا نەک هەر بە هیچ جۆرێ پشتیوانیی هەرێمی نەکرد لە شەڕی داعشدا بەڵکو بوبە پردی پەڕینەوەی داعشیەکان لە هەر چوارلای دنیاوە بۆ موسڵ و دەوروبەری، هەروەها بوبە بازاڕی ڕەشی فرۆشتنی نەوتی داعش لە تورکیا. بەڵگەکانی دیموکراتنەبونی پارتی زۆرن ، بۆ نمونە لە ڕاپەڕینی ئاشتیخوازانەی ١٧ شوباتی ٢٠١١ بینیمان چۆن پارتی هەولێر و دهۆکی کردە ئۆردوگای سەربازی و سیخوڕی و بەمە نەیهێشت ڕۆشنایی ڕاپەڕینەکە بگاتە ئەو دو شارە، یاسای هەموارکراوی خۆپیشاندان کە پەرلەمان تێیپەڕاند، سەرۆکی هەرێم ئیمزای لەسەر نەکرد بەڵگەیەکی تری دیموکراتنەبونی پارتیە.
بەڵگەکانی دیموکراتنەبونی یەکێتی زۆرن، بۆ نمونە لە کاتی دو ساڵ سەرۆک وەزیرییەکەی یەکێتی لە ژێر د. بەرهەم ساڵح ڕاپەڕینی ئاشتیخوازانەی ١٧ ی شوبات بە ئاگر و ئاسنی دەسگا ئەمنیەکانی یەکێتی کوژێنرایەوە کە لە ئەنجامیدا دەیان کەس شەهید و سەدانیش برینداربون، تازەترین بەڵگەش کۆسپ و تەگەرەیانە لە ڕێی هەڵبژاردنی (هەڤاڵ ئەبوبەکر) ی سەر بە گۆڕان بە پارێزگاری سلەیمانی کە زۆرترین دەنگی هێناوە و فراکسیۆنی گۆڕانیش بەهێزترین فراکسیۆنە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلەیمانی. دەستڕۆیشتوەکانی ناو یەکێتی لەو ٦ ساڵەی حوکمی پارتی و لەو ٢ ساڵەی حوکمی خۆیاندا زۆرتر مشوری پۆست و پلە و پارە یان خواردوە و کەمتر ویستویانە کێبەرکێیەکی دیموکراتیی شێلگیر بکەن لەسەر دەسەڵات لەگەڵ پارتی. جێگرەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران کە یەکێتی بون ، هەروەها لێپرسراوانی تری یەکێتی لە حکومەتی هەرێمدا تا ئێستا بونێکی پرۆتۆکۆلی و موچەیی و پارەییان هەبوە نەک ئەوەی لە بڕیاری سیاسی و ئابوریی گرنگدا دەورێکیان هەبوبێ، بۆ نمونە بینیمان چۆن (جەزا حەمە ساڵح) ی بریکاری وەزیری نەوت کە سەر بە یەکێتی بو دەستی لە کار کێشایەوە و وتی من (بریکار نەبوم بەڵکو بێکار بوم) یەعنی من هیچم بەدەست نەبو. هەمو هێزە چەکدارەکانی سەر بە یەکێتی نەیانتوانی جەلەولا لە دەست داعش ڕزگاربکەن، بە یارمەتیی هێزە میلیشیا شیعەکان و فڕۆکە جەنگیە عێراقیەکان و ئێران ، توانرا داعش لە سنوری توزخورماتو و لە جەلەولا بوەستێنرێ.
لەم ئێستا زۆر ئاڵۆزەدا کە پارتی و یەکێتی بە نەخۆشیی درێژخایەنی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن و شەکەت و ماندو بۆ کێشە زۆر و بنەڕەتیەکانی هەرێم پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتری درێژدەکەن ،گۆڕان دەتوانێ دەورێکی مێژویی مەزن ببینێ بە مەرجێ زۆر زۆر بە وریایی و حسابی وردەوە بچێتە ناو هاوپەیمانیەکان وناو مەیدانە گەرم و جۆراوجۆرەکانی حوکمڕانی لە هەولێر و لە بەغدا. هەمو پەلەکردن و خۆشبڕوایی و هەڵچونێک دەبێت ڕێ چۆڵبکەن بۆ پەروا و بڕێک گومانی پێوست لە لایەنی بەرامبەر و بیرکردنەوەی شیکاری و لۆجیکی ئارام. بڕیارە چارەنوسسازەکان دەبێت لە کۆتایی پرۆسەیەکی تێروتەسەلی وتووێژ و ڕاوێژ و ڕاوەرگرتن لە خەڵک و لە پسپۆڕی بوارە جۆراوجۆرەکان بێت، شانسی مێژویی گۆڕان ئا لەمەدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە