شۆرشی میسر لەبەردەم تەحەدایەکی مێژوویدا!
Friday, 05/07/2013, 12:00
"راگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین لە میسر"
رۆژی یەکشەممە ٣٠-٦-٢٠١٣، کرێکارانو چەوساوەکان، ئەوانەی لەژێرباری دەسەڵاتی سەرمایەو هەژاری رەهادا دەیان ناڵاندو بەسەدان هەزاریان لەژێر خانووی تەنەکەدا ژیان بەسەر دەبەن، ئازادیخوازانو نەیارانی دەسەڵاتی ئیسلامو لایەنگرانی مەدەنیەت لە میسر لە کردەوەیەکی شۆرشگێرانەی مێژوویی بێوێنەدا پەیامی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمینیان راگەیاند! کردەوەیەکی شۆڕشگێرانە کە دەیان ملیۆن مرۆڤی چەوساوەو ئازادیخواز تێیدا بەشداربوونو گەورەترین کۆبوونەوەی جەماوەرییان لەمێژوودا نمایشکرد. بەڵام ئەوەی لە رۆژی ٣-٧-٢٠١٣دا روویدا، هەوڵێکی کاریکاتۆریی سوپای میسر بوو بۆ خۆهەڵواسین بە شۆڕشو ئامانجەکانی شۆڕشدا بەمەبەستی لەباربردنی.
چینی بۆرژوازی میسرو سەرمایەداری جیهانی ماوەی دووساڵە، دوای لەدەستچوونی دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی حوسنی موبارەکی دڵخوازی خۆیان لەژێر زەربەی شۆرشی میسردا، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆئەوەی کۆتایی شۆرش رابگەیەنن. لە هەوڵی ئەوەدان بەکەمترین ئاڵوگۆڕ دەسەڵاتی سەرمایە لەدەستی نارەزایەتیو شۆڕشی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو تینووی ئازادیو یەکسانی قورتاربکەنو ئارامی و جێگیری بۆسەرمایەو چەوسانەوەی چینی کرێکار بگێڕنەوە. بۆرژوازی ناوخۆییو جیهانی بەحوکمی ناڕۆشنیو کەموکوڕیەکانی شۆڕش توانییان لە هەنگاوی یەکەمدا هەڵبژاردن وەکو ئاکامی شۆڕش دەرخواردی خەڵك بدەنو لە سندوقەکانی دەنگدانەوە ئیسلامی سیاسیو ئیخوان موسلمین، کە تەنها ئەڵتەرناتیڤی ئەوان بوو لەبەرامبەر شۆرشدا، سەردەربێننو کورسی دەسەڵات بکەوێتە دەستیان. ئێستاش کە ئیسلامی سیاسیو ئیخوان موسلمین کارایی خۆیان بۆ بۆرژوازی لەدەستداوەو لە کۆتاییهێنانو سەرکوتکردنی شۆرشدا شکستیان خواردووە، گڵۆپی سەوزیان بۆ کودێتای سەربازی سوپا هەڵکرد.
بۆرژوازی میسریو جیهانی لەپێشیانەوە ئەمریکا، دوای تەقینەوەی توڕەیی ملیۆنی خەڵکی چەوساوەو ئازادیخوازی میسر بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین، بۆ پێشگرتن بە قووڵبونەوەو رادیکاڵبوونەوەی شۆرش، بۆئەوەی جەماوەری شۆرشگێر خۆیان ئیسلامی سیاسیو ئیخوانو مورسی لەسەر کورسی دەسەڵات نەکێشنەخوارەوە، بۆئەوەی جەماوەری خەڵك سەرجەم هێزو بزوتنەوەکانی بۆرژوازی جێنەهێڵنو بۆرژوازی بێ بەدیلی سیاسیو دەسەڵات نەمێنێتەوە، بۆئەوەی دەسەڵاتی سەرمایە لە میسردا پارێزراوو دەست لێنەدراو بمێنێتەوە، لە پلانێکی بەرنامە بۆ دارێژراودا، بەناوی پارێزگاری لە خواستەکانی خەڵكو شۆڕشەوە، سوپای میسر کە بەداخەوە هێشتا بەپێی پێویست لەئاستی جەماوەریدا ماهیەتە چینایەتیەکەی نەناسراوە، دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت. بەمجۆرە سوپا، نەك لەدژی مورسیو ئیخوان، بەڵكو بەناوی خەڵکەوە کۆدێتای بەسەر خواستو ئومێدەکانی خەڵك و شۆڕشدا کرد! ئیخوان وەکو بەدیلێکی بیکەڵکو ماوە بەسەرچووی بۆرژوازی کە نەیتوانی ئەرکەکانی لە سەرکوتو کۆتاییهێنانی شۆرشدا بەئاکام بگەیەنێ، لە لایەن خودی بۆرژوازیەوە لە شانۆی دەسەڵات کرایە دەرەوە.
دەورەی داهاتوو بۆ شۆرشو جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی میسر دەورەیەکی سەختو پڕ لە رووبەرووبوونەوە دەبێ. لەلایەکەوە گەشەو پێشڕەوی زیاتری شۆرشو هەنگاونان بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنی وەهم بە بێلایەنی سوپاو لەوەش خراپتر باوەڕبوون بە لایەنگری سوپا لە شۆڕش. لەلایەکی دیکەوە پاشماوەکانی ئیسلامی سیاسیو ئیخوان کە هەڕەشەی بەخوێنکێشانی کۆمەڵگا دەکەن لە تۆڵەی شکستەکەیاندا، تەحەدایەکی دیکە دەبن لەبەردەم جەماوەرداو پێویستە خۆیانی بۆ ئامادەبکەنو پووچەڵی بکەنەوە. هەرئێستا ئەو دوو لایەنەی شۆرشی چەواشە(ئیخوان موسلمین لەلایەكو سوپای میسرو هێزە بۆرژواییەکانی هاوپەیمانی لەلایەکی دیکەوە) مەترسی جدییان بۆسەر شۆرش دروستکردوەو ئەگەری وەرچەرخانی بارودۆخەکە بەزیانی خەڵكو کۆمەڵگا دوورنیە. دوو مەرجی سەرەکیو دوو فاکتەری هەرە گرنگ کە ئامادەییەکانو تواناکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بۆئەو روبەرووبوونەوەیە دەبەنەسەرو کۆمەك بەوە دەکەن سەرفرازو سەرکەوتوو بێنەدەرەوە، شۆرش لەو مەترسیە رزگاربکەنو بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی بەرن ، پێکهێنانی شوراکانە لەناوەندە کرێکاریەکانو لە گەڕەکەکانو دروستکردنی حیزبی سیاسی پێشڕەوی چینی کرێکاری میسر، حیزبێك کە بتوانێ لەم شەڕە چینایەتیەدا پێداویستیە سیاسیو فکریەکانی سەرکەوتن دەستەبەربکات. شۆڕش لە میسر بانگەوازی کۆمۆنیستو سۆشیالیستە کرێکاریەکان دەکات بۆ وەڵامدانەوە بەم وەسیلە گرنگەی سەرکەوتنی شۆڕش. شۆرش لە میسر لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەی مێژوویدایە.
مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٥-٧-٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست