شكستى مۆراڵ لاى حیزبى تەقلیدى كوردى
Monday, 01/07/2013, 12:00
لە كۆمەڵگا گەشە كردوەكاندا ،هێندە ڕۆچونەتە نێو چەمكەكانى عەقڵانیەتەوە ، نرخى مرۆڤ وەك بونەوەرێكى ژیرو ئازاد، بە بەهایەكى بێمەرج خەمڵێنراوە، مرۆڤ لە هەر ئاست و ڕەنگ و ڕەگەزو نەتەوە و دین و مەزهەبێك بێت ، پێویستە خاوەنى شكۆ و گەورەیى خۆى بێت ، بۆیە شانازیكردن بە خودەوە ،جەخت كردنە لە سەر پێناسى كەسێتى خۆى لە ڕوە عەقلانیە كەیەوە، لێرەوە مۆراڵى مرۆڤەكان دەیباتەسەرئەركە مرۆییەكانى تا ئەو ڕادەیەى لەپیشَ مەرگیشدا هەوڵى چونەناو میژویەتى دواى مردنى،
مۆراڵ چیى یە؟
مۆراڵ بە ماناى خو و ڕەوشتى مرۆڤ و ئاكار و لایەنى مەعنەویش دەگرێتەوە ، چەمكێكى گشتگیرى هەیە ، لە ڕوە كۆمەڵناسیكەوە بەرپرسیارێتیەكى ویژدانیە ، پرۆسەیەكە خود تێیدا بەرپرسە، لاى ئیفلاتون سێ توخمى سەرەكى گرنگن، ئەوانەش بریتین لە(داد پەروەرى+ئیستاتیكا+حەقیقەت) ئەم سێ ڕەگەزەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر بنچینەیەك كە پێ ى دەوترێ(خێر) ئەوەش تەنها شتە كە پێویستە هەوڵى بۆ بدرێ كە ماناكەى (مۆراڵە) هەمو ڕەگەزەكانى تر لە خۆوە دەئاڵێنێ..
لاى ئەرستۆى قوتابى ئفلاتون ،مۆراڵ گەیشتنە بە بە ختەوەرى، ئیمانوئل كانت(1742-1804) فەیلە سوفى ئەڵمانى پێچەوانەى ئەو دوو زانایە ، پرۆسەى مۆراڵ دادەبڕێت لە هەموو(چێژى ژیان و بەرژەوەندى و هەستە خودیەكان) ئەو فەیلە سوفە پێى وایە ،ئەوەى مرۆڤ بەرەو بەختەوەرى ئەبات (عەقڵە) ،ئەوەى مرۆڤ بەرەو چیژ و نەرگسیەت وبەرژەوەندیەكان دەبات پاڵنەرە غەریزیەكانە، كەواتە بۆ ئەوەى مرۆڤ بە تەواوى مۆراڵى دۆخیكى پۆزەتیف وەربگریت، پێویستە لە دیاردە غەریزیەكان دور بكەوێتەوە ، بەواتایەكى تر پرنسیپەكانى ئەخلاق ئازاد بكات لە ڕەغبەتەكانى،
ئەم پێوەرە تا ئیستە بەسە بۆ پێوانى كەسێتى سیاسى حیزبى تەقلیدى كوردى كە باشترین نمونەیان (پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكێتى نیشتیكانى كوردستانە) چونكە گەر مۆراڵ بە شێك بێت لە هوشیارى مرۆڤ، ئەوا ئەو بەشە لە عەقل و هەستى ئەو تاكە پواوە چەقبەستوانەدا بونى نیەو ئاوێتە بونێك لە حەزو ئەندێشە غەریزیەكان پاڵنەریانە لە سەر بڕیار وكۆدەنگیە نێگەتیفەكانیا ن دژ بە ئیرادەو خواستى گشتى كە (خەڵكى كوردستانە) ، ئێستا خەڵكى كوردستان لە ناو چیژو هەستە غەریزیە بێدیسپلینەكانى ئەواندا هاوكیشەیەكە ئەنجامەكەى سفرە، لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر نرحى مرۆڤ لاى كانت كە بە(بەكار هێنانى عەقڵانێتى ئەخلاقە لە كرداردا) پێچەوانەكەشى بۆ كەسانى نامۆراڵى ڕێك دروستە.
لێرەوە مۆراڵ لاى ئەو دو حیزبە سیمایەكى یەك رەِنگى ،خەسڵەتێكى شكست خواردو بۆ گشت بەرهەم دێنێ ،لە بوارەكانى(ئازادى ودادپەروەرى و چون یەكى لەداخوازى و ئەرك و فرمان و فرەیى)دا بۆیە ئەم پرۆسەیە تەنها بابەتێكى تیوەرى وشك و بێجوڵە نیە بەڵكو زیندویەتیەكەى لە كرداردا دەردەكەوێت ،
درێژكردنەوى وادەى سەرۆكایەتى هەرێم
یەكێتى نیشتیمانى كوردستان ،وەك ڕێكخراوێكى سۆشیال دیموكرات ، كەوتۆتە پاشكۆى پارتێكى تا بینەقاقا خێڵ پەرست ، ئەم پاشكۆكردنەش هێدى هێدى بەرەوپوكانەوە و شكستى قورسى بردوە ، كە لە ڕاستیدا حیزبە سۆشیال دیموكراتەكان باوەڕیان وایە، پرسنسیپەكانى هەڵبژاردن و نوێ بونەوە خێراكان ،دیموكراسیەت جیگیرترو هەلكشاوتردەكات تا دەستەڵات بكەوێتە ژێر ڕكێفى زۆرینەى گەلەوە، ئەوكاتە دەوڵە دەبێتە خاوەنى زۆرینەى كۆمەڵ، بە پاشكۆبونى یەكێتى بەواتاى شكستى مۆراڵى بەرپرسەكان و كردنەودەرەوەى كادر و ئەندام و هەوادارانیشیان لە ناوەندى بڕیا وبێئاگاكردنیان لە هەرچیەك دەگوزەرێ لەبازنەى تەسكى بڕیاردەرەكاندا ، دواجار ناوخۆیى و یەكڕیزى گەورەترین زیانى بەردەكەوێت، لەڕاستیدا بۆ زیندو هێشتنەوەى
هەر پارت و ڕێكخراوێك چاكسازى ڕیزەكانى و داڕشتنى پلاتفۆڕى نۆى و پیادەكردنى سیاسەتى میانڕەوانە، ئەركى سەرەكى سیاسیەكانە بەژیرانە تیوەریزەىبكەن و هەنگاوى پراكتیكى بنێن ، ئایا تازە یەكێتى نیشتیمانى كە خۆى چەكوشى تێكشكانى مۆراڵ و بەهاكانى خۆیەتى دەكرێت ؟
هەستى زاڵخوازى پارتى
ڕەنگە لە ناو پارتى دیموكراتى كوردستاندا، كەسانى خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەو دنیادیدەى هەندەران زۆربێت، كەچى دواى جۆرەهەستێك كەزیاتر وەهمێكى تاقانەیى وبەزۆر پیرۆزركردنى تاك كەوتون ، بەبێ ئەوەى جارێك لە جاران ئەو وەهمە بخرێتە بەر ڕۆشنایى زانست و عەقڵ و لۆژیك و شیكارى ، ئەمەش ئەو دیوارە ئاگرینەیە كە بارزانیەكان تابێت زیاتر بەرزى دەكەنەوە تا هیچ كەس و گروپێك پەى بە ناوەوەى نەبەن ، لایەنى زاڵخوازیانەى بارزانیەكان گرێ یەكى دەرونى یە ،كە بەشێكى پەیوەندى بەو غەریزە پەروەردەنەكراوەى خێڵەوە هەیە و بەشەكەى تریشى پەیوەندى بە هوشیارى گشتیەوەهەیە، ئەوەش وادەكات هەمو پاوانكردن و ناداد پەروەرى وئازادیەكان ..تاد بەناوى گشتیە وە تێپەڕێنرێت ، كەدواجار ئەو خەڵكەى بە مۆرفینەكانى سەركردەى كارێزماو مێژوى درێژىپارتایەتى و پێفرۆشتنەوەى خەبات وملكەچ پێكردن بەپارەو و پۆست و ئیمتیاز مەست دەكەن، بۆیە ئەم كاتانە زۆر دریژ نابنەوە ،چونكە جەماوەرلە هەناوى خۆیدا پارێزگارى لە هێز و هەڵچون و تەوژم و شەپۆلى ناڕەزایى خۆیەوە یەوە دەكات و دروشمە ڕاستەقینەكانى لە كاتى پێگەیشتنا بارو دۆخى چاوەڕوانكراودا جى بەجێ دەكات وەك هەریەكە لە (تونس و لیباو میسرو سوریاش) لە بەرچاومانە
دەرەنجام
ئێمەگومانمان لەوەنیە ، ئەم دەستەڵاتە لە بنچنەدا ئەگەرچى بەچەند ساڵ جارێك دەچێتە نێو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، ڕۆژانێكى پڕلە گفت و بە ڵێن و بەخشینەوەى پارەى دزراوىخەڵكى و بەكارهیناى میدیاى زەبەلاح و گەلێكى تر لەم چاوڕاوە دەكات ، بەڵام لە دواجاردا، ئەوانەى دەنگیان پێدابە ئومیدى ئایندەیەكى باشتر دەكەونە بە ر تف و نەعلەت و نایاساى و ڕێژنەى گوللەو بیحورمەتى پێكرد ن و بە كۆیلە سەیر كردن و تێڕوانینى پلەنزمى هاوڵاتى ، ئەمە ئەو شكستە مۆراڵیە یە كە سیاسیە كوردەكان لە سەردەمى تەقینەوەى مەعریفى و شكۆداركردنى مرۆڤ وڕەهاكردنى ئازادیەكان وشكاندنى كۆت و \داخوازى و ئومێدەكانى خەڵكە ،بۆیە زەرورەتى مێژوە هەمومان پێكەوە وەرچەرخاندنێك لە دۆخى سیاسى و سیستمى فەرمانڕەوایى و شكست هێنان بەپاوانخوازى و ناداد پەروەرى بهێنین ، دەنگى ئێمە باببێتە دەنگدانەوەى میژوى نوێ ى نەتەوەكەمان ، چونكە ئەوان خاوەنى تەرازوە دیرینەكەى چینن(دەگێڕنەوە چینیەكۆنەكان زۆر فێڵ بازبون لە تەرازوبازیدا، سێ جۆر تەرازویان بۆ شتومەكەكانیان هەبوە(1-بۆ ئەو شتانەى دەیكڕێ وەزنەكەى قورس بوە2- بۆئەوشتانەى ئەیفرۆشێ وەزنەكەى سوك بوە3- بۆئەو كەسانەى وەكو خۆیان فێل بازو لیزان بون بەرامبەربوە)بۆیە كاتێك سەرۆك ئاسودە دەبێت ، چركەكانى مانەوەى لەسەر كورسى سەرۆكى هەریم دریژتربیت ، ئەوەش جگە لە تێركردنى غەریزە و مانەوى شەقڵى خێل هیچ تەفسیرێكى تر هەڵناگرێ .
1-7-2013
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست