ئەی کێ قەندیل بپارێزێ
Sunday, 10/08/2014, 12:00
1617 بینراوە
شای ئێران هاریکاری سەربازی و لۆجستی بۆ پارتی تەرخان کرد و دواتر هەر بەفرمان و داواکاری شا پارتی و مەلا مستەفا ئاشبەتاڵیان پێکرا. لەمەدا، چارەنووسی شا لەساڵی ١٩٧٩ بەتەواوی لەئێران ڕەگ و ڕیشەی شاهەنشاهی نەماو شا خۆشی لەمیسر کۆچی داویی کرد. سەدام حسێن هەمان کردەی شای لەگەڵ پارتی و مەسعود دووبارە کردەوەو لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ هەولێریان داگیر کرد و دواتر سەدام خۆشی لەساڵی ٢٠٠٣ لەسێدارە درا . لەئاستی ناوخۆش لەسەرەتاکانی ساڵانی هەشتاکان چەندین حزب و ڕێکخراو و بزووتنەوەی کوردی شانبەشانی پارتی کەوتنە دژە بەرەی یەکێتی و دواتر هەریەکەیان سووك و ڕیسوا بوون و نەمان. حزبی شیوعی عێراقی لەمەڕ هاریکاری کردنی بۆ پارتی لە ١٩٨٣ لە قرناقەو پشت ئاشان وایان لێکرا کە جگە لە گۆچان هیچ جۆرە چەکێكیان نەبێ. ئیسلامیەکان بەهەمان شێوە کەیارمەتی پارتیان ئەدا ، لەهەورامان و هەڵەبجە تەفرو توونا دران و ئەمریکا قەلاچۆی کردن. پوختەی ئەم پێشەکیە تەنها بۆ ئەوەیە کە بزانین مێژوو وامان پێ ئەڵێ؛ هەر دەوڵەوتێك،ڕژێمێك،لایەنێکی سیاسی و حزبێك هاریکاری،هەڤاڵبەندی،هاوپەیمانی،یارمەتی سەربازی و لۆجستی بە پارتی دابێ، ئەوا سەرەنجام سەری خۆی خواردوەو لەناو چوە.
بۆچی پارتی لەشنگار هەڵهات؟ ئەوەی ووترا لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی کەوا ئەو شکستە کاتیەو تاکتیکی سەربازی بوە، سەرلەبەری هەڵەو چەواشەکاری پارتیە بۆ دۆخەکە. دەنا ، ئەوەی ڕوویدا شکستێکی سەربازی و پیلانێکی پێش وەختە بوو کەپارتی کردی دەرهەق بەخەڵکی یەزیدی.
هەڵبەتە ئەوەی لەنزیکەوە هێزی فشەڵی پارتی بینبێ تەواو شارەزەی ئەوەیە کە پارتی دژ بەدوژمنی گەلی کورد هەرگیز نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بێنێ و هەرگیز تواناکانی خۆیان بەکار نەهێناوە.بۆچی؟ پارتی وا پەروەردە نەکراوە و بەو شێوەیە مەشق پێنەکراوە کە دژ بەداگیر کەرانی کورد بجەنگێ و بەردەوام سەنگەر لەدوژمن بگرێ. پارتی هەر کات کەوتبێتە جەنگێك دژ بەدوژمنانی گەل، ئەوا هەڵهاتن و بەردانی وورەی پێشمەرگە یەکەمین هەنگاویان بوە. لەوەتی پارتی هەیە هەر خەریکی نمایش کردنی چەك و هەڵگرتنی بەردی گەورە بوە بەبێ ئەوەی زاتی ئەوەی کردبێ بیان وەشێنێ.نەك هەرئەوەش، بەڵکە لەزۆربەی شەڕەکاندا گەر زانیبێتیان سەرکەوتنێکی کاتی لە پێشە، ئەوا لەپشت هیزە هێرش بەرەکەوە هاتون خەریکی بەزەرد کردنی هەندێ شوێن بوون کەوا لەوەو پێش هێزێکی تر کۆنترۆڵی کردبوون، نمونەکانی شاری کەرکوك لە ساڵی ١٩٩١ باشترین نمونەی زیندوون کەوا چۆن پارتی هەر خەریکی هەڵواسینی ئاڵای داڵە بەزیوەکەیان و وێنەی مەلا مستەفای ئاشبەتاڵچی و بۆیاخە زەردباوەکەیان لەسەر دیوار و بارەگاکان کە بەخوێن و ئارەقەی خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەی یەکێتی دەستی بەسەردا ئەگیرا.
هێزی پارتی واتە هێزی فەرهود و خۆ هیلاك نەکەر، هێزی سەر سفری حازر و گیرفان پڕکەر. هەر بۆیە لەشنگار دوو سەدیان قەپات کرد و هەڵهاتن، دەنا،ئەبوو بەو هێزەی هەیانە بەرگریان بکردایە و خەڵکیان وەك گۆشتی قوربانی نەدایەتە دەست داعش .هێزی چەکداری پارتی تەنها لەتوانایاندایە دژ بەخەڵکی بێچەك بێنە مەیدان و گوللە بارانیان بکەن ، وەیان هەڵکوتنە سەر بارەگاو شوێنە بێ چەکەکان و دواتر بیان سووتێنن. ئەمە کورتەی ئەو هێزەیە کە مەسعود بەتەمایە دەوڵەوتی کوردی پێبسپێرێ.
لایەنی کۆمەڵایەتی: لەمێژووی پارتیەوە ئەوە ناسراوە کە لە دەڤەری بادینان، پارتی هەر خەریکی نانەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی بوە لەنێوان هۆز و تیرەو ئایینە جیاوازەکان، ئەمەش بەمەبەستی زیاتر ڕام کردن و دەستەمۆکردنیان،بەشێوەیەك کەوا کەلتوورێکی قیزەوەنی پەیڕەو کردوە کە سەراپا خۆی لەهەڵتەکاندنی هەموو جوانیەکانی کلتوور و پێکەوە ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بوە. لەوەتی پارتی هەیە خەریکی دروست کردنی ناوو ناتۆرەی ناشرین و هەڵواسینی بوختان و ووشەی نەشیاوو بوە بەبەرۆکی یەزیدیەکان. پارتی بۆ ئەوەی یەزیدی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بەئارەزووی خۆیان هەر چۆنێك بیانەوێ هەڵیان سووڕێنن و لەکاتی پێوستدا بەکاریانبێنن، هاتون و (ڕۆمەت)سومعەی یەزیدیەکانیان شێواندوە، بەوەی ئەوان ئیسلام نین و شەیتان پەرستن. پارتی نەك هەر ئەمەش ،بەڵکە گەمارۆی بازرگانی و مامەڵەی کڕین و شت فرۆشتنی لەسەر ئەمان داسەپاندبوو. بۆ نمونە، وایان لەخەڵکی بادینان گەیاندبوو کە نابێ ماست و شیر لە ناوچەی شێخان بکرن لەبەرئەوەی یەزیدیەکان پیسن و دەست پل ناشۆن. بۆیە ئەوەی خەڵکی دهۆك و زاخۆ بێ باش ئەزانێ کەوا یەزیدیەکان گەلێ بەزەحمەت بەرهەمەکانیان لەباژێرەکاندا بۆ ساغ ئەبۆوە. جگە لەمەش پارتی لە کوشتنی (دوعا)دا پشکی شێری بەرکەوت و ئەوەی ڕوویدا هەمووی ئەکەوێتە سەرشانی پارتی کەوا چۆن یەزیدیەکانیان ناشرین کرد و دواتریش لەلایەن ئیسلامیە تووندڕەوەکانەوە خوێنیان حەلاڵ کرا.
پەکەکە لەنێوان دوو ئاگردا: ئەوەی پەکەکە و پەیەگە و هێزەکانی تر پێشکەشی یەزیدیەکانیان کرد ئەوپەڕی جوامێری و کوردایەتی و نیشتمانپەروەریە. پەکەکە باش ئەزانێ کە داعش دروست کراوی تورکیایەو ئەو جەنگەی ئێستاش تەنها بۆ تێکشاندنی تورکیایە بۆ ئەوەی زیاتر مل بدا بۆ ئاشتی. پەکەکە شەڕ بۆ ئاشتی ئەکا و پیوستە بەرگری لێبکرێ، وە هەڵوێستی کوردپەروەرانەیان پێوستە بەرز ڕابگیرێ و بەچاوێکی مەردانەوە ئاووڕیان لێبدرێتەوە.لێ ئەوەی کە پێوستە پەکەکە درکی پێبکا ئەوەیە کەوا نابێ خۆی وەك هێزێکی (مشینەر)ی دەربخا و سبەی لەو ناوچانە بکشێتەوەو تەسلیم بەپارتیان بکاتەوە. ئەمە هەڵەیەکی سیاسی گەورە ئەبێ و پێوستە لە ئێستاوە ڕەچاوی بکەن. وە لەهەمان کاتیشدا ئەبێ ئەوە بزانن ئەوان تەنها قوربانیەکان و خەڵکە بێ دەسەڵاتە ڕزگار ناکەن،بەڵکە لەژێر سێبەری ئەو خەڵکەشژا،هێزێکی بەزیوی وەك پارتیش ڕزگاری ئەبێ و دواتر ئەبێتەوە بەکەڵەگاکەی جاران. پەکەکە ڕەنگە سەرکەوتنی کاتی وەدەست بێنێ، لێ دواتر ئەبێ کەڵەگایی پارتی قبوڵ نەکا. هیوادارین پەکەکە ئەوەندەی هێزو ستراتیژ لە هەگبەکەیدا هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ نەك شەنگار و زوممارو مەخمور بپارێزێ، بتوانێ قەندیل لەدەست نەدا.