"یه‌كێتی زیاتر له 30 ملیۆن دۆلاری بودجه‌ی سلێمانی ده‌بات بۆ حیزب"
Tuesday, 10/03/2009, 12:00
2056 بینراوە
عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ئه‌ندامی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ هاوڵاتی
سازدانی . هاوڵاتی
عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ئه‌ندامی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌چاوپێكه‌وتنێكدا كه هاوڵاتی له‌گه‌ڵیدا سازیداوه، پێیوایه چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی نیشتمانی‌و هه‌وڵنه‌دان بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی، به نه‌وشیروان مستهفاو ڕه‌گیشه‌وه، ئه‌وا یه‌كێتی تووشی پارچه پارچه بوون ده‌بات، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه سه‌ركرده‌كانی باڵی ڕیفۆرم داوایانكردووه، لیژنه پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له سه‌روه‌ت و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی.
هاوڵاتی: ماوه‌یه‌كه ئێوه وه‌ك باڵێكی ریفۆرمی ناو حیزب ده‌ركه‌وتوون و داوای چاكسازی و گۆرانكاری ده‌كه‌ن، ئایا داواكانی ئێوه له‌وه‌دا تایبه‌ت ده‌بێته‌وه كه‌چه‌ند كه‌سێكی به‌رپرس بگۆرن و چه‌ند كه‌سێكی دیكه دانێن، یاخود له‌راستیدا كێشه‌تان هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆی سیسته‌مه‌كه كه‌سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداری كوردستانه؟
عومهرسهیدعهلی: ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه‌ئێمه هه‌مانه مه‌سه‌له‌ی سیسته‌مه‌و به‌دامه‌زراوه‌كردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه، سیسته‌می (ی.ن.ك) سیسته‌مێكی روون نییه، ئایا ئێمه حیزبێكی دیموكراتین یان حیزبێكی شمولین، به‌هۆی ئه‌و ناڕوونییه‌وه مه‌بده‌ئی دامه‌زراوه‌مان له‌ده‌ستداوه، ئێستا ئه‌گه‌ر یه‌كێك سه‌یری هه‌یكه‌لی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكات، ره‌نگه پێمان بڵێت ئه‌وه‌نییه له‌ناو حیزب‌دا مه‌كته‌به‌كان و مه‌ڵبه‌نده‌كان و ده‌زگای پێشمه‌رگایه‌تی هه‌یه، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وانه به‌فعلی موئه‌سه‌ساتی نین، راسته پهیكهرێكهو ههیكهلێكهو بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانه ده‌سه‌ڵات و ئیشوكاریان به‌شێوه‌یه‌كی ههڕهمهكییهو ئۆرگانه‌كانیان شكڵییه، موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌م ئۆرگانانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ستوونی ره‌ها داڕێژراوه كه‌گوێ له‌ڕای به‌رامبه‌ر ناگرێ، زۆرێك له‌و مه‌كته‌بانه، یان به‌رپرسه‌كانیان بێده‌سه‌ڵاتن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌یه بۆ خۆی ئیمپراتۆرێكه چی بوێت ئه‌وه ئه‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌مانه‌وێت ئه‌و حیزبه بكرێت به‌موئه‌سه‌سات هه‌موو دامودهزگاو ئۆرگانه‌كان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بۆ دیاریبكرێت، واته له‌ڕوی رێكخراوه‌یی و دارایی و كارگێڕی و له‌ڕووه‌كانی تریشه‌وه ئه‌ركه‌كانی به‌ره‌و روو ئه‌بێته‌وه و به‌رپرسیارێتی ده‌گرێته ئه‌ستۆ، دیاره دروست وایه هه‌موو ئه‌و مه‌كته‌بانه په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌ی ئاشكرای خۆیان هه‌بێت، واته به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو به‌پێی پهیڕِهوێِك له‌سه‌ری ده‌ڕوات بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌شی ده‌بێت كه‌ره‌سته‌ی پێویست بخرێته به‌رده‌میان، كه به‌شێكی گرنگ لهكهرهستهكانی كادیرهو پێویستی مادی و ئامرازه هونهرییهكانن، هه‌روه‌ها شێوازی كاركردنی دامه‌زراوه‌یی خه‌ڵكی بهكهفائهت و به‌توانای ده‌وێت له‌شوێنه گرنگه‌كاندا، ئه‌و كه‌سانه داده‌نێت كه لێیان رازییه و ده‌توانن خزمه‌ت به به‌رنامه دیاریكراوه‌كان بكه‌ن، نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی تاچه‌نده ملكه‌چه بۆ به‌رپرسه‌كانی سه‌روو خۆی و ده‌سته‌گه‌ری له‌پێناوی ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازاتدا، خه‌ڵكی بێكهفائهو بێ‌توانا لائه‌بات خه‌ڵكی پاك و ئیشكه‌ر داده‌نێت و ئه‌وانه ئه‌هێنێته پێشه‌وه‌و خه‌ڵكی كار نهكهرو وگه‌نده‌ڵ وبێكهڵك لائه‌بات. له‌ڕاستیدا ئه‌مه ره‌خنه‌و بۆچوونی ئێمه‌یه، ئه‌گه‌ر بهپرسێكیش پێویست بكات كهبگۆڕدرێت ئێمه له‌و قه‌ناعه‌ته‌وه سه‌یری گۆرانكارییه‌كان ده‌كه‌ین، نه‌ك به‌ته‌نها جێگۆركێكردن به چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو له‌بازنه‌یه‌كی داخراودا. سروشتییه ئه‌م كاره له‌حیزب بكریت له‌پێشدا دوایی له‌حكومه‌تدا یان شانبه‌شانی یه‌ك، دیاره شێوازی هه‌ردوو بواره‌كه جیاوازی هه‌یه.
هاوڵاتی: ئێوه قه‌ناعه‌تان وایه بۆ گۆڕانكاری ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه له‌ناو حیزبیشدا ده‌ستنه‌كه‌وت له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزب بهێنرێت و به‌رپرسیارێتییان پێبدرێت؟
عومهرسهیدعهلی: بۆ حكومه‌ت ده‌كرێ خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه بێنین كه‌سانی ته‌كنۆكرات، ئه‌كادیمی، مه‌كته‌بی، به‌ڵام بۆ حیزب مه‌گه‌ر لهئیدارهكاندا دایان نێن، له‌كاری حیزبی‌دا ناتوانرێ خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزب بێنیت و پله‌یه‌كی بده‌یتێ، ئه‌وه ناكرێ. ئه‌شێ بۆ كاری ئیداری، ئه‌گونجێت و ئه‌بێت ، چونكه ئێمه زۆر لهئیدارهكانمان پێویستمان به‌خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی حیزبیشهو ئه‌توانین ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێویستمانه وه‌ك فه‌رمانبه‌ر بیانهێنین و سوود لهكهفائهتیان وه‌رگرین، ئه‌مه‌ش خاڵێكی تر له‌سوده‌كانی به‌دامه‌زراوه‌كردنی ئۆرگانه‌كانی حیزبه، كه ئێستا به‌م شێوازه ده‌توانین ته‌نها له‌كادره حیزبییه‌كان كه‌ڵك وه‌ربگرین.
هاوڵاتی: پێتوایه حیزب له ئه‌مرۆدا پێویستی به‌هه‌موو ئه‌و ده‌زگاو بنكه‌و باره‌گایانه هه‌یه كه ئێستا هه‌یه‌تی و مه‌سروفاتیان ده‌كێشێت؟
عومهرسهیدعهلی: به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر، حیزبه‌كه‌ی ئێمه یه‌كێك له‌كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی ئه‌وه‌یه كه جه‌یشێ له‌كادیری بۆ په‌یدا بووه‌وه، له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئۆرگان و باره‌گای زۆره و به‌مه‌ش توشی گرفتێك بووه پێویستی به‌بودجه‌یه‌كی زۆره، بۆ خه‌رجیی ئه‌و ئۆرگانانهو باره‌گاكانیان. ئه‌م مه‌سره‌فه به‌ڕاستی ئابوری هیچ حیزبێك ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت، ئه‌م حاڵه‌ته لایه‌نه سیاسییه‌كانی تریشی گرتۆته‌وه، بۆیه له‌هاوشێوه‌ی یه‌كێتی باوه‌ڕناكه‌م له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا حیزب هه‌بێت له‌ڕووی هه‌ڵاوسانی ئۆرگان و كادیرهوه، ئێستا به‌جۆرێك ئه‌م هه‌ڵاوسانه فراوان بووه‌ته‌وه، كادیره باشه‌كانیش ئه‌وانه‌ی به‌توانان و كاری باشیان له‌ده‌ستدێت ونبوون له‌ناو ئه‌م هۆسهیهدا، زۆرێك له كادیره‌كان، خۆشیان نیگه‌رانن به‌م حاڵه‌ته، گله‌یی ئه‌كرێت له‌وه‌ی كه‌كادیری وا هه‌یه ئه‌نواع وئهشكال موچه‌ی و ئیمتیازات و شتی تر وه‌رئه‌گرێ، به‌ڵام هیچیش پێشكه‌ش به‌حیزب و كۆمه‌ڵ ناكات، كادیره باشه‌كانیش كهلێهاتوون و كادیری نه‌وعین له‌ناوئه‌وانه‌دا ونبوون و موچه‌و ئیمتیازاتیان كه‌متره، چونكه خاوه‌ن بیر‌و باوه‌ڕو دیدوبۆچونن بۆ هه‌موو پرسه‌كانی حیزب و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگا، نه‌ك ملكه‌چی و پیاهه‌ڵدان بۆ به‌رپرسان لهپیێناوی پله‌و پایه‌و ده‌سكه‌وتی شه‌خسی.
هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌كرێت كه له كۆبونه‌وه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی‌دا باست له‌وه‌كردووه، كه پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌ریم سه‌رفده‌كرێت بۆ كاری حیزبی، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش مانگانه ده‌كاته 30 تا 35 ملێون دۆلاره مانگانه؟
عومهرسهیدعهلی: ئه‌وه ڕاسته، من لای به‌رپرسه باڵاكانیش باسمكردووه، ئه‌و پاره‌یه كه له‌بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ریده‌گرین، ئێستا ئه‌و بودجانه له حیزبه‌كان ببڕن، به‌دوو مانگ هه‌موو لایه‌كمان وه‌زعی ئابوریمان تێكده‌چێت، چونكه ئه‌و پارانه‌ی كه له ئۆرگانه حیزبییه‌كاندا به‌كاردێت، به موچه‌و مه‌سروفاتی ئۆرگانه‌كان هه‌مووی له‌و بودجه‌یه خه‌رج ده‌كرێت كه له‌حكومه‌تی فیدراڵی وه‌رده‌گیرێت كه بودجه‌ی گشتیی خه‌ڵكه.
هاوڵاتی: دوای ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆتان پێشكه‌ش كرد تاكو ئێستا مام جه‌لال دانیشتنی له‌گه‌ڵتاندا ساز نه‌كردووه، پێتانوایه ئه‌مه خه‌مساردی مام جه‌لاله؟ ئایا په‌یوه‌سته به‌سه‌رقاڵی ئه‌وه‌وه، كه زۆربه‌ی خه‌ڵك لایان وایه، خه‌مساردی ئه‌وه به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌كانی ناوخۆ؟
عومهرسهیدعهلی: به‌ڕاستی ئه‌و پرسیاره ئه‌بێ له به‌ڕێز مام جه‌لال بكرێ، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تره‌وه دیاره ئێمه له 2005 ه‌وه یاداشتمان داوه به به‌رێز مام جه‌لال، راسته له‌م دواییهداو له‌ئاكامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێمه هه‌ندێ راپۆرت و پێشنیار نووسراوه و كۆمیته دانراوه بۆ به‌دواداچوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و شتانه‌ی له‌م دواییانه‌دا هاتنه پێشه‌وه به‌تایبه‌تی چاوپێكه‌وتنه‌كان له رۆژنامه‌كان‌و هه‌ندێك له‌قسه‌ی به‌رپرسه‌كان، كه مه‌به‌ستیان ده‌رپه‌ڕاندنی یه‌كجاره‌كی هه‌ندێك له‌هه‌ڤاڵان و ناچاركردنیان به‌هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌و ئاراسته‌یه، هه‌موو شته‌كانی قڵپكرده‌وه، سه‌باره‌ت به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه ئه‌بوایه 5 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌رهه‌می شتێك دیار بووایه، چونكه ئێمه له2004 یاداشتمان داوه و هاوارمانه و داوای چاكسازی ده‌كه‌ین، خۆتان له‌هاوڵاتی ئه‌ڵێن له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو زیاد له په‌نجا جار باسی چاكسازی كراوه له‌كوردستانی نوێ دا.
هاوڵاتی: قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌كرێت مام جه‌لال بۆ ئه‌وه هاتنه‌وه‌كه‌ی دواده‌خست تا یه‌كڕیزی ئه‌و چوار كه‌سه شهقبكات، ئێوه خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌وه چییه؟
عومهرسهیدعهلی: ئێمه ڕایه‌كی تایبه‌تی خۆمانمان هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌بێ موساڵه‌حه‌ی گشتی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌كاك نه‌وشیروان و براده‌رانی ڕه‌گ و هه‌رچی هه‌یه لهدوورخراوهو دهرپهڕێنراوهكان چاره‌سه‌ر ناكرێت، زه‌مانه‌تی ئه‌م كاره‌ش به‌وه ده‌كرێت كه ئه‌م حیزبه بكرێته موئه‌سه‌سات، به‌بێ ئه‌و هه‌نگاوانه نه ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی ده‌كرێ نه‌ده‌توانین وه‌زعی خۆمان چاك بكه‌ین، دیاره ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ڕاستی رۆیشت، باوی ئه‌و شێوازه نه‌ماوه، كۆمه‌كی لایه‌ك بكه‌یت و ئه‌وانی دیكه پشت گوێ بخه‌ی، پێویسته جه‌نابی مام جه‌لال هه‌مووی بهههڤاڵی خۆی بزانێ، به‌كادیری خۆی بزانێ، به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موویان بكات، به‌پێی توانا‌و كهفائهتهكانیانن به‌كاریان بهێنێت و به‌رپرسیارێتییان بداتی، هه‌ركه‌س له‌بواری حیزبی یا حكومی یا پێشمه‌رگایه‌تی شارهزایێت، به‌ڵام ناكرێت هه‌ندێ له‌براده‌ران هه‌یه چه‌ند وه‌زیفه‌ی ده‌ده‌نێ و هه‌ڤاڵه‌كانی تریش له‌كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌ستبه‌تاڵ دانیشین، مرۆڤ چه‌ند به توانابێت ئه‌و هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌ی بۆ به‌ڕێوه ناچێت، ئه‌مه دیاره كه‌نا عهدالهتییهو جیاكردنه‌وه‌یه، پرسیاریش ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه له‌چییه‌وه هاتووه‌و سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ماوه‌یه‌كی كه‌میش نییه ئه‌و حاڵه‌ته به‌رده‌وامه.
هاوڵاتی: ئایا ئێوه داوای عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی كادره‌كانی حیزب، یان ده‌تانه‌وێت ریفۆرم بكه‌ن له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵ و حكومه‌تیش؟
عومهرسهیدعهلی: حیزب ئامرازێكه بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، دیاره ئێمه له‌ناوه‌وه‌ی حیزب‌دا داوای ئیسڵاحات ئه‌كه‌ین و وه له‌ناو حكومه‌تیشدا. حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه، ئه‌بێ حكومه‌تی خه‌ڵك بێت. كه‌ده‌بێت خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌و خه‌ڵكه بكات، ئه‌گه‌ر ئیسڵاحات له‌ناو حكومه‌تدا نه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه نه‌كه‌ین له‌وه‌ی كه چیمان كردووه و چۆن كاره‌كان ئه‌ڕوات، ناتوانین به‌خه‌ڵكی نیشان بده‌ین كه به‌راستی ئێمه خوازیاری ڕیفۆرمین، ئامانجمان چییه له باسكردنی ریفۆرم؟ ئامانجمان خزمهتكردنهو پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌خه‌ڵك، واته ئازادی و به‌ختیاری و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك ئامانجمانه‌و حیزب ئامرازێكه به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركه پیرۆزه كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مرۆ به‌شێكی گرنگی ده‌سه‌ڵاته، به‌جۆرێكی تر حیزب وه‌سیله‌یه به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌وه بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵ بۆ هێنانی حكومه‌تێكی باش و كارا كه سیاسه‌تێكی په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی، ئاوه‌دانكردنه‌وه خزمه‌تگوزاری، دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ خه‌ڵك، چاككردنی وه‌زعی بازاڕ و دابینكردنی پێداویسته‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك له سوته‌مه‌نی، ئاو، كاره‌با ، نیشته‌جێ. حكومه‌ت ده‌بێت به‌ئاگابێت و پێداچوونه‌وه له‌تواناو وه‌زع و بژێوی خه‌ڵكدا بكات، به‌تایبه‌ت چین و توێژه‌كانی خواره‌وه لهكرێكارو كاسبكار‌و فه‌رمانبه‌ری بچوك و بێكاردا، ئاگای له‌وه‌زعی جوتیاران وگونده‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان بێت، هه‌موو ئه‌مانه كه داواكاری خه‌ڵكن له ڕێگه‌ی كێوه ئه‌كرێت؟ له ڕێگه‌ی حكومه‌ته‌وه، حكومه‌تیش له‌رێگه‌ی چییه‌وه ئه‌و پێویستییانه دابین ئه‌كات؟ بێگومان له‌ڕێگه‌ی بودجه‌وه ئه‌كرێت، بۆیه پێویسته خه‌ڵك بزانێ بودجه چۆن خه‌رجده‌كرێت، حكومه‌ت چی له‌و پاره‌یه و له‌داهاتی تر ده‌كات و چه‌نده‌و چۆنه؟ ئه‌وانه به‌شه‌فافی له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا باسبكرێت و ڕاگه‌یه‌نرێت، دواتر هه‌موو ئه‌و وه‌زیرانه به‌رپرسن له‌وه‌ی كه‌به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چییه؟ به‌رنامه‌ی گشتی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه چییه؟ له‌ڕووی سیاسی و ئابوری و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و كشتوكاڵ و... تادوایی، له‌به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌هه‌موو چین‌و توێژه‌كانییه‌وه.
نایشارینه‌وه له چه‌ندین شوێن و چه‌ندین جاریش وتومانه له‌ڕووخانی رژێمی فاشییه‌وه تائێستا، زیاتر له 25 ملیار دۆلار بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بووه، له‌وه نزیكه‌ی 12 ملیار دۆلاری هاتۆته ئه‌م ناوچانه، راسته ئێمه ناڵێین هه‌ر هیچ نه‌كراوه شتكراوه، به‌ڵام ئایا ئه‌و شتانه‌ی كراوه به‌رامبه‌ر ئه‌و 12 ملیار دۆلاره‌یه؟ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌یه، با ده‌سه‌ڵات سه‌رپشك بێت له وه‌ڵامدانه‌وه.
هاوڵاتی: به‌جۆریك له‌جۆره‌كان ئێوه به‌وه تۆمه‌ت بارده‌كرێن كه سلێمانی چییه‌تی ئه‌كه‌ن و زیاتر له‌گۆشه‌نیگای به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵكی سلێمانیه‌وه سه‌یری رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه تاچه‌ند راسته؟
عومهرسهیدعهلی: ئاشكرایه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان قاعیده سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پارێزگای سلێمانیه، هه‌موو كه‌س ئه‌وه ئه‌زانێ، ئه‌گه‌ر ئێمه سلێمانی چییه‌تی ئه‌كه‌ین، ئه‌ی بۆچی هه‌رچی خه‌ڵكی شاره‌كان و شوێنه‌كانی دیكه‌یه له‌كوردستانی عێراق له‌م شاره‌دا زه‌وی وه‌ر ده‌گرێت خانوو ده‌كات پۆستی ئیداری و حیزبی وه‌ر ده‌گرێت، كه‌س پێیوتووه به‌ری چاوتان كلی پێوه‌یه؟ باشه خه‌ڵكی شاری سلێمانی چه‌ند كه‌سی له‌كه‌ركوك و هه‌ولێرو دهۆك زه‌وییان وه‌رگرتووه؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه با ناوی په‌نجا كه‌سمان بده‌نێ، كه به هه‌زاران له خه‌ڵكی ئه‌و شارانه لێره زه‌وییان وه‌رگرتووه، ره‌نگه خه‌ڵكی سلێمانیش گله‌یی له ئێمه بكات بڵێ ئێوه قاعیده‌ی حیزبه‌كه‌تان لێره‌یه بۆ خزمه‌تمان ناكه‌ن؟ خۆ ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه حه‌قی خۆمانه ناچن له‌شوێنه‌كانی دیكه بۆمان بێنن، له‌بودجه‌ی خۆمان مافی خۆمان بده‌نێ. ئه‌مه داوایه‌كی دروسته‌و كه‌ی هه‌قی به‌سه‌ر سلێمانی چێتییهوه هه‌یه؟ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌و داوایه‌وه داوایه‌كی ڕه‌وایه، من گه‌ر خه‌ڵكی شاری سلێمانی داوام لێبكه‌ن كاری خزمه‌تگوزاری بكرێ، ئه‌بێ ئیتهامی كه‌م به سلێمانچێتی و شارگهراییهوه؟ ئه‌مه پاداشتی خه‌ڵكی شاری سلێمانییه؟ باشه نابێت وه‌ڵامێكم هه‌بێت، ئه‌مه چ په‌یوه‌ندی به‌سلێمانی چییهتیهوه هه‌یه؟ باشه چه‌ند خه‌ڵكی سلێمانی له‌خانه‌قین و كۆیه زه‌وی یان پۆستی ئیداری و حیزبی وه‌رگرتووه؟ له‌شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌ماندا له‌پارێزگای سلێمانی جگه له‌ده‌ربه‌ندیخان و كه‌لار نزیكه‌ی (10000)ده هه‌زار شه‌هید هه‌یه له‌كۆی گشتیی (17709) شه‌هیدی گه‌له‌كه‌مان، پارێزگای سلێمانی ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی زیاتره له‌ژماره‌ی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی پارێزگاكانی تری ههرێَم، گه‌وره‌ترین و فراوانترین وێرانكردن و ده‌ستوه‌شاندنی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس و پیاده‌كردنی سیاسه‌ته‌كانی جینۆساید، جگه له‌گه‌رمیان كه‌ئه‌ویش بنكه‌ی بنچینه‌یی (ی.ن.ك)ه، به‌زۆری له‌م ناوچه‌یه‌دا روویداوه، ئه‌ی بۆ له‌وه‌دا پێمان ناڵێن سلێمانچێتی ئه‌كه‌ن؟ ئاوا سه‌یری خه‌بات و تێكۆشانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی ئه‌كه‌ن؟ ناو و ناتۆره له‌مێژووی ئه‌ده‌ن؟ بڕِۆن ئه‌وه ده‌زگای شه‌هیدانه خۆتان سه‌یركه‌ن بزانن ژماره‌كان چیمان پێده‌ڵێت.
ئێمه هه‌رگیز خۆمان له‌قاڵبی ته‌سكی شارگهری و ناوچه‌گه‌رایی نه‌داوه‌و به‌چاوی رێزه‌وه سه‌یری خه‌بات و تێكۆشانی هه‌موو چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان كردووه، له‌هه‌موو شار‌و شارۆچكه‌و گوند‌و ناوچهكانداو خۆمان به‌خزمه‌تكاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌زانین، هه‌رده‌م و هه‌میشه داوای بهپلانكردنی ورد‌و زانیستی كاره‌كانی حكومه‌تمان كردووه بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌كه له‌هه‌موو رووه‌كانه‌وه به‌بێ جیاوازی بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.
هاوڵاتی: له‌م ئاڵوگۆرانه‌دا سه‌ره‌تا كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ له‌ده‌ست لهكاركێشانهوهكاندا له‌گه‌ڵ باڵی ریفۆرمدا بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ندێك گۆڕان به‌سه‌ر ئه‌ودا هات، به‌ڕای ئێوه هۆكاری هاوبه‌شی كردن‌و گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی چیبوون؟
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی: ئه‌وه به‌رێز كاك كۆسره‌ت خۆی به‌رپرسه له‌و مه‌سه‌لانه، ئه‌كرێت ئه‌و پرسیاره له‌خۆی بكه‌ن.
هاوڵاتی: باڵی ریفۆرم زیاتر نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌شیروان مسته‌فا هه‌یه، ئه‌و نزیكایه‌تییه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
عومهرسهیدعهلی: ئێمه له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كێشه‌كانی خۆمان چۆن ئه‌بینین و خوێندنه‌وه‌مان بۆی چییه، ئێمه ئه‌زانین كه نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌نگی خۆی هه‌یه، به خه‌بات و تێكۆشانی سیاسی ئه‌و مێژووه‌ی بۆ دروستبووه له‌ناو جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و هێزه سیاسییه‌كان، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئێمه بۆمان دروست نه‌كردووه، خۆی و تێكۆشانی و رێخراوه‌كه‌ی بۆیان دروستكردووه، ئه‌مه پیاهه‌ڵدانیش نییه، ئه‌و بنكه‌یه‌كی خۆی هه‌یه له‌ناو رێكخستنه‌كانی (ی.ن.ك) و له‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیدا، له‌ناو حكومه‌تیشدا، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه له‌ناو خه‌ڵكدا، له‌به‌رئه‌وه كاك نه‌وشیروان كه‌سایه‌تییه‌كه له وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی ناسراوه، لای ئهمریكاو به‌ریتانیاو ئه‌وروپا ناسراوه، لای هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و هێزه سیاسیه‌كانی عه‌ره‌بییش ناسراوه و حسابی بۆ ده‌كرێ، كاك نه‌وشیروان رهقهمێكهو پاڵپێوه‌نانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌زه‌ره‌ری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زه‌ره‌ر نه‌كات، به‌ڵام هه‌ندێك براده‌ر هه‌یه به‌داخه‌وه كه هه‌ندێ ته‌سریحات ده‌ده‌ن، له‌لایه‌ك ده‌ڵێن كه‌سمان لێ زیاد نییه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌ڵێن نازی كه‌س هه‌ڵناگرین و له‌سه‌ر كه‌س په‌كمان نه‌كه‌وتووه، یان ئه‌ڵێن كێ ئه‌مێنێته‌وه بمێنێته‌وه، كێش نامێنێته‌وه كه‌یفی خۆیه‌تی وسهربهسته، ئه‌م جۆره ئسلوبهو بێمنه‌تییه له‌ئیشكردن ئه‌وه‌نیشان ده‌دات كه‌سانێك به‌نییه‌تی پاوه‌نكردنی ده‌سه‌ڵات وكهرتكردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كارده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خه‌تی سوره، كه‌س بۆی نییه بیبه‌زێنێ، ئه‌ی كه خه‌تی سوره ئێوه خۆتان پاڵی پێوه ده‌نێن خۆتان ئه‌و زهمینهیهتان ره‌خساندووه‌و خۆشكردووه تا خهتهسورهكه ببه‌زێنرێت، مه‌سه‌له هه‌ر شه‌خسی كاك نه‌وشیروان نییه كهبڕوات، بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری و حیزبییهكهشی ئه‌ڕوات، خۆتان دیموكراتییانه مامه‌ڵه ناكه‌ن، خۆتان ئازادی بهبهرامبهرهكهتان ناده‌ن، خۆتان شهفافییهتتان نییه لهئیشكردنداو ئاماده‌نین عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی پیاده‌بكرێت، ئاماده‌نین بریاڕی جه‌ماعی پهیرهوبكرێ، ئیتر چۆن ده‌توانن بڕوا و متمانه بۆ ئه‌وانی تر بگێڕنه‌وه، دیاره ئه‌م قسانه‌م به‌و مانایه نییه كه‌كاك نه‌وشیروانیش كه‌م وكوڕی نییه، ده‌كرێت ره‌خنه له‌ویش بگیرێ.
هاوڵاتی: له كه‌سێكی نزیكی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌واڵێكمان بیستووه، گوایه یه‌كێتی به‌ته‌مان لیژنه‌ی ته‌حقیقی دروستبكه‌ن له‌سه‌ر ئێوه واته هه‌ر چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی باڵی ریفۆرم؟
عومهرسهیدعهلی: تا ئێستا هیچی وام نه‌بیستووه، ئه‌گه‌ر بیشیكه‌ن پیرۆزه، ئێمه خۆمان داوای ئهوهمانكردووه، كه لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه دروستبكرێت، به‌یاداشت داومانه، بهپرۆژهش داوامانكردووه، خۆمان داوای ئهوهمانكردووه قابیله ئه‌گه‌ر له‌خۆشمان داوابكه‌ن بڵیین نابێت؟ كه ئێمه داوا له‌وان ئه‌كه‌ین ئه‌بێت بۆ خۆشمان بكرێ، ئێمه داواده‌كه‌ین كه ئه‌و لیژنه‌یه له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه لێكۆلینه‌وه له‌سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موو (ی.ن.ك) بكات، وه‌ك لهیاداشتهكهمان داوامانكردووه، هه‌موومان بگڕێته‌وه به‌تایبه‌تی مه‌كته‌بی سیاسی و كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی، وه‌كێ ئه‌و شتانه‌ی لایه باهه‌مووی بگرێته‌وه، ئێمه‌ش ته‌مه‌ننایان بۆ ئه‌كه‌ین به‌سه‌ر سه‌رو به‌سه‌رچاو ئاماده‌ین بۆههركارێكی له‌و جۆره.
هاوڵاتی: ئێستا قسه له‌سه‌ر ئهوهئهكرێت كاك نه‌وشیروان لیستی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، ئێوه تاچه‌نده لاتان وایه ئه‌م كاره ده‌توانێت گۆڕان بهێنێته ئاراوه؟
عومهرسهیدعهلی: پێویسته ئه‌وه ببه‌ستینه‌وه به به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه، ئایا له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و ئهزمونهكهیدا، (ی.ن.ك) وه‌ك ئامرازێكی سیاسی گه‌له‌كه‌مان لاوازبێت، چاكه یان به‌هێز؟ ئایا (ی.ن.ك) دووكه‌رت و سێ كهرتبێت باشه یان یه‌كگرتوو؟ ئه‌گه‌ر (ی.ن.ك) كه‌رت و په‌رتبوو، ئه‌ڵته‌رناتیڤ كێیه‌و كێ سوود له‌مه ئه‌بینێت؟ بۆ (ی.ن.ك) ئینجا پرسیارێك دێته پێشه‌وه، كێیه یه‌كێتی كه‌رت و په‌رت ئه‌كات؟ چ جۆره شێوازێكی كاركردنه ئه‌م پرسیارانه‌ی هێناوه‌ته گۆر؟ ئایا (ی.ن.ك) به‌شێوازی ئێستای كاری بۆ ئه‌كرێت؟
له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌وه ئه‌بینم یه‌كه‌م: ئاشتبوونه‌وه‌ی ناو (ی.ن.ك) بكرێت به‌كاك نه‌وشیروان و ره‌گ و هه‌موویه‌وه. دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌م یه‌كێتییه نه‌كرێت به‌دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش نه‌كرێ، شه‌فافییه‌ت له‌هه‌موو شته‌كان نه‌بێ و دیموكراتیه‌ت نه‌بێ و ئازادی راو دیدو بۆچوونی جیاواز نه‌بێ، بڕیاره‌كان به كۆمه‌ڵ نه‌بێ، ئه‌م حیزبه نه‌كرێ به‌حیزبی موئه‌سه‌سات، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌وه خۆمان ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی نه‌كه‌ین، خۆمان پاڵ به‌كاك نه‌وشیروان و ره‌گ و كادیره‌كانی تره‌وه بنێین، خۆمان زه‌مینه بۆ كه‌رت و په‌رتكردن دروستبكه‌ین له‌پێناوی پاوانكردنی ده‌سه‌ڵات خۆمان خه‌تی سوور ببه‌زێنین، ئه‌وا یه‌كێتی ئه‌بێت به‌چه‌ند پارچه‌وه له رووی بابه‌تی و خۆییه‌وه، ئه‌و كاته لیستی جیاوازیش دروست ئه‌بێت و ئیتر موبه‌ریر نامێنێت، چونكه به‌زۆر و شێوازی ناڕه‌وا زه‌مینه‌مان بۆ دروستكرد، لیستی جیاوازیش مانای كه‌رتبوونی بنكه‌ی حیزبی و جه‌ماوه‌ریی (ی.ن.ك)ه، جا چه‌ند گه‌وره یان بچوك بێت له‌ئاست لایه‌نه سیاسییه‌كانی تردا، من ڕهئیشم وایه ناكرێت هه‌موو ناكۆكییه‌كان و كێشه‌و گرفته‌كان ببه‌ستنه‌وه به‌وه‌ی كه‌گوایه به‌ڕێز مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان رێكناكه‌ون مه‌حاڵه، ئه‌گه‌ر وایه باههردووكیان پرۆژه‌ی خۆیان، هه‌ریه‌ك به‌جیا بخه‌نه به‌رده‌ستی حیزب، بڵێن ئێمه ده‌مانه‌وێت وا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی حیزب بكه‌ین، كێشه‌كان وایه‌و خیلافهكانمان ئه‌وه‌یه، ئه‌وكاته‌ش له‌به‌رده‌می هه‌موو حیزب وخهڵكیشدا پرۆژه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان به‌دیاربخرێت و دادوه‌ری له‌سه‌ر بكرێت، یان خاڵی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه له‌هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌دا، نه‌ك له‌ژووره داخراوه‌كاندا وتوێژ بكرێت و به‌ئه‌نجام نه‌گات.
هاوڵاتی: پێتوایه ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌رنه‌كرێت یه‌كێتی له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه یان به‌شێوه‌یه‌كی تر پێتوایه وایه یه‌كێتی ئینشقاقی تێده‌كه‌وێت و ده‌بێت به‌چه‌ند كه‌رتێكه‌وه؟
عومهرسهیدعهلی: دیاره یه‌كێتی ئامرازێكی گه‌وره‌ی سیاسی جوڵانه‌وه‌ی گه‌لی كورده له‌پاڵ ئامرازه‌كانی دیكه‌دا، یه‌كێتی به قۆناغه‌كانی مێژوودا هاتووه، له هه‌موو قۆناغه‌كاندا ده‌وری كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌و تێگه‌شتن و خوێندنه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه، كه جێی رێزی لایه‌نه سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بووه، به‌ڵام دیاره ئێستا ئه‌م گیروگرفت وكۆسپ و ته‌گه‌ره‌و كێشه‌و ململانێیه كه هه‌یه‌تی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌كات، حه‌تمه‌ن تووشی پارچه‌پارچه بوون ئه‌بێت، ئه‌م گرفته لای هه‌ندێ كه‌س به‌كه‌م سه‌یر ده‌كرێ، ره‌نگه به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بێت یه‌كێتی چی به‌سه‌ر دێت و هاوكێشه‌كان چۆن ده‌گۆڕێن، وابزانێ ئه‌مانه ته‌نها كێشه‌ی مه‌كته‌بی سیاسییه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی و ناچێته ناو بنكه‌ی حیزبی و ناپه‌ڕێته‌وه ناو خه‌ڵك، ئێمه له‌نزیكه‌وه هه‌ست به‌و واقیعه ئه‌كه‌ین، كه‌كێشه‌ی حیزبه‌كه‌مان و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك زۆر فراوانتر بونه‌ته‌وه‌و بونه‌ته كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌مڕۆی حیزبه‌كه‌مان، به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س نایه‌وێ ئه‌و كێشانه وه‌ك خۆی ببینێت، یان هه‌ندێ جار تكتی خۆی له‌سه‌ر هه‌ندێ تاكتیكی رۆژانه له‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌و ئه‌بڕێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری دورایی و قوڵایی مه‌سه‌له‌كان بكات، بۆیه ئێمه لامانوایه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه نه‌كه‌ین ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه یه‌كێتی توشی كێشه و له‌تبوون ده‌بێت و دواییش سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی په‌نجه‌ی په‌شیمانی ئه‌گه‌زێت.