پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی قسه و هێرشه‌کانی تاڵه‌بانی، هه‌ڵوێستی نه‌وشیروان چی ده‌بێت؟
Saturday, 26/12/2009, 12:00
پاش ئه‌وه‌ی له ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبووه‌وه، که له چواره‌مین پلينۆمى یه‌کێتیی نیشتیمانییدا له رۆژانى (29-30-31/10/2009)، تاڵه‌بانی هێرشی سه‌ختی کردۆته سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا، بۆیه سایتی سبه‌ی پرسیارێکی ئاڕاسته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فای کرد، پرسیاری کرد گوایه جه‌لال تاڵه‌بانی له قسه‌كانیدا لێپرسیراوێتی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێستی خستوه‌ته ئه‌ستۆی تۆ، رای به‌ڕێزت چییه؟
بۆ ئه‌و پرسیاره نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ڵامی دایه‌وه،
که ئه‌و هه‌واڵه، هی ده‌ستی دوه‌مه یه‌عنی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و له ده‌می ئه‌م و ئه‌وه‌وه بیستوویه‌تی، نه له ته‌له‌فزیۆندا نه به نوسین بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه گێڕانه‌وه شتێكی له‌سه‌ر بینا ناكرێت. له خواره‌وه کوردستانپۆست ده‌قی قسه‌کانی تاڵه‌بانییتان بۆ بڵاوده‌کاته‌وه، که تێیدا هێرشی ڕاسته‌وخۆی کردۆته سه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌و قسانه له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ و پی ی‌و که‌ی میدیادا بڵاوکراوه‌ته‌و، ئه‌مه‌ش وه‌ک ده‌ستی یه‌که‌م، که دوور له گێڕانه‌وه شتی له سه‌ر بیناده‌کرێت، بۆیه به دوایدا ده‌پرسین، که دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی قسه‌کانی تاڵه‌بانی، ئاخۆ هه‌ڵوێست و وه‌ڵامی نه‌وشیروان مسته‌فا چی ده‌بێت؟
***************************************************
ده‌قى راپۆرتی هه‌ڤاڵ سكرتێری گشتیی ی.ن.ك له پلینۆمی چواره‌م (به‌شی یه‌كه‌م)29-31/10/2009
هه‌ڤاڵان و دۆستان!
یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان رۆژانى (29-30-31/10/2009) له‌هۆڵى ته‌لارى هونه‌رى شارى سلێمانیدا، به‌ئاماده‌بوونى زیاتر له(1600) هه‌ڤاڵ چواره‌مین پلينۆمى به‌ست، ئه‌گه‌ر:
یه‌كه‌مین پلینۆم (1989- زه‌ڵێ)، سه‌ره‌ڕاى یه‌كخستنى باڵه‌كانى ناو یه‌كێتى (كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان و یه‌كێتى شۆڕشگێڕان) له‌هه‌لومه‌رجی سه‌ختى ئه‌نفاله‌كاندا، لایه‌نى گه‌ش و خامۆشى هه‌بووبێ.
- دووه‌مین پلینۆم(1992 شه‌قلاوه)، له‌دواى راپه‌ڕین بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌رگا له‌رووى ره‌وته چه‌پ و دیموكراته‌كاندا بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌یان له‌ناو ى.ن.ك-دا، وێڕاى لایه‌نه گرنگه‌كانى له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، بۆ به‌هێزكردنى یه‌كێتى و پاراستنى ئه‌زموونه دیموكراتییه‌كه‌ى كوردستان له‌به‌رامبه‌ر دژه دیموكراته‌كاندا، پاشماوه‌ى كێشه‌و ململانێكانى ناو ره‌وتى چه‌پ و دیموكراته‌كانى بۆ بونیادنانى ئه‌زمونێكى دیمو‌كراتى تازه بونیاتنراوى بنه‌بڕنه‌كردبێ.
سێیه‌مین پلنیۆم (2007 - قه‌لاچوالان) بۆ داڕشتنه‌وه‌ى سیاسه‌ت و چاره‌سه‌ركردنى كێشه په‌نگخواردوه‌كانى سه‌رده‌مى شاخ‌و شارى هه‌ناوى یه‌كێتى، تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریى هه‌بووبێت، به‌لام نه‌شى توانیبـێ سه‌رجه‌م گرفته‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ناو په‌یكه‌ره‌ى ڕێكخراوه‌یی و سه‌ركردایه‌تیدا، چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وا.
-چواره‌مین پلینۆم (2009 سلێمانى) به‌ستنى له‌هه‌لومه‌رجێكى ڕێكخراوه‌یی دژوارتر له‌هه‌لومه‌رجى هه‌رسێ پلینۆمه‌كه‌ى پێشتر‌و ته‌نانه‌ت یه‌كه‌مین كۆنگره (1991)و دووه‌مین كۆنگره‌ش (2001)، هه‌لومه‌رجێك، جگه‌له‌وه‌ى بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وت، ئه‌وانه‌ى له‌ناو یه‌كێتیدا، له‌دواى تێكچوونى مفاوه‌زاته‌كه‌ى (1983-1985- نه‌ك له‌سێ چوار ساڵى ڕابوردودا گوایه دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى و تاد..) ده‌كه‌ن، له‌هه‌ر قۆناغێكدا به‌جۆرێ خه‌ریكى قووڵكردنى گیروگرفت و ململانێ تایبه‌تى و گشتییه‌كان بوون، بۆ داپۆشینى شكسته سیاسییه‌كانیان و بۆ هه‌ڵڕشتنى ڕق و كینه‌ى له‌مێژینه‌یان هیچ جۆره چاره‌سه‌رێكیشیان نه‌ده‌سه‌لماند، ئه‌مانه ده‌ركه‌وتن له‌پێناوى چ جۆره كوده‌تایه‌كى ڕێكخراوه‌یی خۆیان مه‌لاسدابوو، ئه‌م ڕاستییه مێژووییانه، كه‌چیتر ته‌مومژى سیاسی، فكرىو ڕێكخراوه‌یی ناو هه‌ڤالان و خه‌ڵكی ڕه‌وانده‌وه‌و بوارى پڕوپاگه‌نده‌ى نابه‌جێى بۆ چه‌واشه‌كردنى ڕاى گشتى نه‌هێشته‌وه. به‌ڵێ.
كۆی كێشه په‌نگ خواردوه‌كانى ناو یه‌كێتى له‌ناوه‌ڕاستى هه‌شتاكانه‌وه كه به‌پشوویه‌كى بێوێنه له‌مێژووى حیزبایه‌تیدا سیاسه‌تى گێره‌شێوێنی و پیلانگێڕییان ته‌حه‌مول ده‌كرا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش گه‌یاندیانه دوابڕیارى جیابوونه‌وه‌و سه‌ره‌نجامى چاوه‌ڕوان نه‌كراوى هه‌ڵبژاردنى پارله‌مانى كوردستان، ئه‌مه جگه له‌گیروگرفته پاشماوه‌ى كێشه‌و بێشه‌ى هێشتا چاره‌سه‌رنه‌كراوى ناو یه‌كێتیش كه ئه‌میش به‌گوێره‌ى خۆى دابڕاو نه‌بوو له‌و هه‌ولانه‌ى جیابۆوه‌كان له‌ناو یه‌كێتیدا ده‌یاننا، كۆى ئه‌م كێشه‌و ململانێ و ناكۆكییانه، ڕوبه‌ڕووى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌چواره‌مین پلینۆم‌دا ببوونه‌وه‌و ده‌بوایه له‌م بارودۆخه‌ى جیهان، ناوچه‌كه، عیراق، كوردستان و یه‌كێتیدا، به‌رنامه‌یه‌كى ئه‌وتۆ بۆ پلنیۆم دابڕێژرێ، به‌شێكى زۆرى ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ك به‌پینه‌و په‌ڕۆى كاتیی ڕۆژانى پلنیۆم به‌ڕێ بكرێ. ئه‌مه‌ش كارێكى سه‌خت بوو. به‌تایبه‌تى، له‌م پلنیۆمه‌دا، (جیابوه‌وه‌كان) سه‌ره‌ڕاى ڕاگه‌یاندنى ئاشكرایان، كه‌ناڵه ژێربه‌ژێره‌كان، هه‌روه‌ها، ده‌ستكێشه پیلان گێڕه‌كانیشیان، به‌رده‌وام خه‌ریكى پڕوپاگه‌نده‌ى سایكۆلۆژی و دروستكردنى نائومێدی بوون، هه‌تا وه‌كو نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو چواره‌مین پلینۆمیش، به‌ده‌ردى پلینۆمه‌كانى دیكه به‌رن، به‌ڵكو ده‌یانویست یه‌كێتى له‌ناو پلینۆم‌دا بگه‌یه‌ننه بنبه‌ست و نائومێدى له‌ناو هه‌ڤاڵ و ئۆرگانه‌كانیدا، به‌یه‌كجاره‌كى ته‌شه‌نه بسێنێت.
كورتیه‌كه‌ى، ڕه‌نگه كه‌م حزب له‌خۆرهه‌لاتى ناوه‌ڕاستدا، وه‌كو یه‌كێتى، كه‌وتبێته به‌ر قه‌ده‌رێكى چاره‌نوسساز، له‌م پلینۆمه‌دا، كه‌چاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌میدا نه‌مابوو، ته‌نیا سه‌رخستنى پلینۆم نه‌بێ، ئه‌مه‌ش مه‌حاڵ بوو، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوشوێنێكى گونجاو و به‌شێوه‌یه‌كى فراوان، گوێ له‌ئۆرگان و كادر‌و ئه‌ندامانى پلینۆم نه‌گیرێ، ڕه‌خنه‌كانیان به‌سنگێكى فراوان قبوڵ نه‌كرێ و پێشنیازه‌كانیان نه‌خرێنه ناو ڕاپۆرتى هه‌ڤاڵ سكرتێرى گشتى و كۆمیته پێكهێنراوه‌كانى پلنیۆم كه زیاتر له (500) هه‌ڤاڵ به‌شدارییان تیا كرد. یان به‌شێوه‌یه‌كى دیكه بڵێین: ده‌بوو پلنیۆم بدرێته‌وه ده‌ست بنكه‌و بنه‌ماكانى یه‌كێتى، هه‌تا به په‌رۆشیى خۆیان، ڕێوشوێنى چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى دیارى بكه‌ن و نه‌خشه ڕێگاى دواى پلینۆمیش بنه‌خشێنێت.
له‌م ڕێڕه‌وه‌شدا، راپۆرتى هه‌ڤاڵ سكرتێرى گشتى، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژووى یه‌كێتیدا، ئه‌وه‌ى له‌بنى به‌ڕه‌بوو، خستیه‌سه‌ر به‌ڕه، نه‌ك ئێستا، به‌ڵكو مێژووى یه‌كێتیشى له‌گه‌لێ بڕیارى نابه‌جێ، چه‌واشه‌كارى، دووڕویی، ڕاڕایی، تاوان و هه‌لپه‌رستى ڕزگاركردو به‌رچاو ڕۆشنیه‌كى زۆرى به‌خشییه هه‌ڤالان، به‌مه‌ش ده‌روازه‌ى گفتوگۆیه‌كى ئازاد‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ى كرده‌وه، كه ئیتر دوودڵى له‌باسكردنى ڕاستییه‌كان و ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان له‌لوتكه‌ى یه‌كێتییه‌وه بۆ دامێنى نه‌مێنێ. كه پێمانوایه ئه‌م راستییه‌ش، نه‌ك نهێنى، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه‌ى سه‌ركه‌وتنى چواره‌مین پلینۆمى یه‌كێتى بوو. گه‌رچی دركاندنى ئه‌م ڕاستیانه دواخران و له‌م دواخستنه‌ى ڕاستیه‌كانیشدا، (جیابۆوه‌كان) سوودێكى زۆریان له‌چه‌واشه‌كردنى ڕێكخستن و ئۆرگانه‌كان و ڕاى گشتی دا وه‌رگرت، به‌لام له‌ناو پلینۆم‌دا هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌ى به‌شێكى به‌رچاوى ڕاستییه‌كان، كاریگه‌ریى فراوانى هه‌بوو. باس نه‌كردنى راستیگه‌لێكى دیكه‌ش، بێگومان له‌ناو نانێكى گه‌رمدا، بابمێنێ.
بۆ مێژوو ده‌بێ بڵێین: ئه‌ندامانى پلینۆمیش، به‌ڕاستى جۆشى په‌رۆشى یه‌كێتیان خواردبوو. به‌دڵ و به‌گیان، به‌هه‌ست و هه‌ڵوێستى جوامێرانه‌یان، دواى پێشكه‌شكردنى ڕاپۆرته‌كه‌ى هه‌ڤاڵ سكرتێرى گشتى و دركاندنى زۆربه‌ى ڕاستییه‌كان، هه‌ر وه‌كو مۆته‌كه‌یه‌كى له‌مێژینه‌ی سه‌ر ویژدانیان له‌كۆڵ بووبێته‌وه، بێ دوودڵى، یه‌ك ئاراسته‌و یه‌ك هه‌ڵوێست، كه‌وتبوونه مشتوماڵى ناو ماڵى یه‌كێتى و به‌گیانێكى یه‌كێتیانه، ئه‌و گیانه‌ى ده‌مێك بوو به‌پیلان، له‌ناو ئۆرگانه‌كاندا سارد ده‌كرایه‌وه، بوژایه‌وه‌و هه‌ڤالان ئه‌ركه‌كانیان ڕاده‌په‌ڕاندو ڕۆژانى پلینۆم و كۆمیته‌كانى پلینۆم و گفتوگۆى هه‌ڤالانه‌ى ناو پلینۆمه‌كه‌یان، چه‌شنى شانه هه‌نگ لێكردبوو، شیله‌ى دڵسۆزى هزریان، له‌ناو هه‌نگستانى پلینۆم‌دا، چۆڕ چۆڕ له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا، داچۆڕاند، هه‌تا پلینۆم به‌رهه‌مێكى ئه‌وتۆى هه‌بێ، له‌ئاستى لێپرسراوێتى مێژوویی دا بێ، هه‌رواش ده‌رچوو.
كاتێك، ڕاپۆرته‌كان ده‌خوێندرانه‌وه‌و پێشنیاز، ڕه‌خنه، بیربۆچوون و گفتوگۆكان پێشكه‌ش ده‌كران، هه‌موو ئه‌ندامێكى پلینۆم هه‌ستى ده‌كرد، چ وزه‌یه‌كى شاردراوه له‌ناو هه‌ڤالاندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌و چ ئاینده‌یه‌كیش، پێچه‌وانه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى دژه‌كانو دوژمنان، چاوه‌ڕێى یه‌كێتییه. سه‌ربارى ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه:
خوێندنه‌وه‌ى ((په‌یمانى ئاكار))و یه‌كه یه‌كه مۆركردنى له‌لایه‌ن هه‌ڤالانى مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه، فرمێسك‌و شادى ناو هه‌ڤالانى، كرده تابلۆیه‌كى دۆخێكى ڕاچه‌نینى یه‌كێتى و یه‌كێتییه شۆڕشگێڕه‌كه‌ى جۆشدایه‌وه‌و خسته‌وه سه‌ر ڕه‌وته مێژووییه‌كه‌ى، بۆئه‌وه‌ى قۆناغى ناله‌بارى كێشمه‌كێشه‌كان جێ بهێڵێت و به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌ركه‌كانى له‌مه‌ودواش ڕاپه‌ڕێنێ.
په‌یمانى ئاكار، ڕه‌نگه له‌ڕوویه‌كه‌وه، مایه‌ى په‌سه‌ندى گه‌لێ له‌هه‌ڤالان و دۆستان نه‌بێ، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێیانوایه په‌یڕه‌وى ناوخۆ، خۆى له‌خۆیدا په‌یمانى حزبایه‌تییه، ئه‌مه راسته. به‌لام ئه‌م ڕاستییه، ئه‌و ڕاستییه ناخاته په‌راوێزه‌وه، كه یه‌كێتى له هه‌لومه‌رجى دواى جیابۆوه‌كان، ئیتر ده‌بوو به‌ره‌سمى په‌یمانێكى نوێ رابگه‌یه‌نێ هه‌تا بتوانێ ته‌واوى ڕێكخستن بخاته‌وه سه‌ر هه‌ستو هه‌ڵوێستى هه‌ڤالانه‌و ئاراسته‌ى پابه‌ندبوون به‌په‌یڕه‌وو پرۆگرام، جوانتر به‌رجه‌سته‌ى بكات.
په‌یمانێك، ئه‌ویش له‌ناو پلینۆمێكى وادا، بۆچى ده‌ستوبرد نه‌خرێته خزمه‌تى په‌یڕه‌وو پرۆگرامى یه‌كێتى؟ ئه‌ى بۆچى بروسكه ئاسا (په‌یمانى ئاكار) نه‌مان هێنێته‌وه سه‌ر ڕه‌وتى ڕاسته‌قینه‌ى یه‌كێتى؟ بینیشمان په‌یمانه‌كه چ هه‌ژانێكى خوڵقاند. ده‌مێنێته‌وه چۆن جێبه‌جێى ده‌كه‌ین.
هه‌ڤالانو دۆستان!
واپلینۆم به‌دڵى هه‌مووان ته‌واوبوو، هه‌مووشمان په‌یمانمانداوه بڕیاره په‌سه‌ندكراوه‌كانى جێبه‌جێ بكه‌ین، كه‌وابێ:
له‌دواى پلینۆمه‌وه، سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵ و ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى ئۆباڵیان كه‌وتۆته ئه‌ستۆ، پێویسته سه‌ركردایه‌تى، بنكه‌كانى ڕێكخستن و ئۆرگانه‌كانى دیكه، پێكڕا شان بده‌ینه به‌ر راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كان، هه‌تا بتوانین هه‌م دۆخى ڕێكخراوه‌یی یه‌كێتى چاك‌و چالاك بكه‌ین. هه‌م زه‌مینه‌یه‌كى له‌باریش بۆ به‌ستنى سێهه‌مین كۆنگره بڕه‌خسێنین و یه‌كێتى له‌هه‌موو نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێیه‌ك ده‌ربازبكه‌ین.
ته‌نیا به‌مه‌ش، گیانى شه‌هیدان و ده‌روونى كه‌سوكاریان ئاسووده ده‌كه‌ین، یه‌كێتیش له‌هه‌موو پیلان و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌و گچكه‌ى ئێستا‌و ئاینده بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه دیموكراسی‌و مه‌ده‌نى و عه‌لمانییه‌كان، هه‌روا بۆ جێبه‌جێ كردنى ورده ورده‌ى عه‌داله‌تى كۆمه‌لایه‌تى، ڕزگار ده‌كرێ.
به‌هیواى سه‌ركه‌وتنى زیاتر‌و پێشكه‌وتنى زۆرتر..
بۆ پێشه‌وه به‌ره‌و جێبه‌جێ كردنى بڕیاره‌كانى چواره‌مین پلینۆم
مه‌كته‌بی سیاسی ى.ن.ك 2009/11/15
هه‌ڤالانى تێكۆشه‌ر
به سلاوێكى شۆڕشگێڕانه‌ى گه‌رمه‌وه، بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م پلینۆمه‌مان به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌م، هیوادارم هه‌موومان پێكه‌وه به‌وردى له هه‌لومه‌رجه بابه‌تىو تایبه‌تییه‌كان و دۆخى عێراق به‌كوردستانیشه‌وه، دۆخى ى.ن.ك و حكومه‌تى هه‌رێم و هاوپه‌یمانیه‌كانمان بكۆڵینه‌وه، جگه له ده‌رس و په‌ندى پێویست، رێبازى دروستمان و هه‌ڵوێسته راست و ره‌واكانمان دیارى بكه‌ین و بوێرانه‌ش چاو به خه‌باتى خۆماندا بخشێنینه‌وه‌و لایه‌نه گه‌ش و سه‌روه‌ریه‌كان و لایه‌نى هه‌ڵه‌و خامۆشیه‌كانیش به‌كرده‌وه، دوور له‌لادان و بادان، ده‌ست نیشان بكه‌ین و رێگه‌ى نوێیبوونه‌وه‌و چاكسازى و گه‌شه‌پێدان له‌هه‌موو بواره‌كانى ژیانى حزبایه‌تى، سیاسى، حكومى، هاوپه‌یمانى، فیكرى‌و.. هتد به‌پێى گیانى سه‌رده‌مه‌كه بگرینه‌به‌ر، نه له‌رابردودا بخولێینه‌وه‌و نه‌بازیش بده‌ین به‌سه‌ر گه‌شه‌كردنى سروشتى قۆناغی گوزه‌راندنى دیموكراسى له كوردستانى تازه رزگار‌و ئازادكراودا.
هه‌ڤاڵینه:
پلینیۆمه‌كه‌مان، له‌كات و ساتێكى دژوار‌و پڕ له مه‌ترسى، به‌لام له‌بارو پڕ له ئومێدى ئاینده‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوتر ده‌به‌ستین. له‌م سا ت و كاته سامناكه‌دا ده‌به‌سترێت كه عێراقى پێدا ده‌ڕوات، كه‌له‌چه‌ندین لاوه چاوچنۆكى ناحه‌زان و دوژمنانى لـێ زه‌ق بۆته‌وه‌و گه‌ره‌كیانه ئه‌و كۆرپه ساوایه‌ى دیموكراسى و فیدراڵى و سه‌ربه‌خۆیى به‌جۆره‌ها پیلانى ئابورى، سیاسى، تیرۆریستى و تێكوپێكدانى ژێرخان، له‌ناوبه‌رن و عێراق به‌ره‌و رۆژگارى ره‌شى دیكتاتۆریه‌ت بگه‌ڕێننه‌وه دواوه، یان هیچ نه‌بێت بیخه‌نه ناو گێژاوى تیرۆر، پشێوى، سه‌رلێشێوان، ته‌نگو چه‌ڵه‌مه‌ى ئابوورى، سیاسى و كۆمه‌لایه‌تیه‌وه، ئه‌م راستیه‌مان ده‌بێت له‌به‌رچاوبێت كه هه‌ر له ئێستاوه دوژمنان خۆیان بۆ سازده‌ده‌ن، تا به‌تایبه‌تى دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له عێراق هه‌ڵكوتنه سه‌ر ره‌وته دیموكرات و پێشكه‌وتنخوازه‌كه‌ى عێراق، به‌نیازى له‌ناوبردنى.
له‌ئاستى ئه‌م مه‌ترسیانه‌دا، ده‌ورى جولانه‌وه‌ى خه‌ڵكى كوردستان، (ى.ن.ك)، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و حزبه نیشتمان په‌روه‌ره‌كانى تر، ده‌بێ به‌چاكى و دووربینانه له‌م پلینیۆمه‌دا دیارى بكه‌ین. بۆیه پلینیۆمه‌كه‌مان له‌م ئاسته‌شدا گرنگییه‌كى تایبه‌تى هه‌یه. هه‌روه‌ك بۆ دیاریكردنى هه‌لومه‌رجه‌كانى رێوشوێن دانان بۆ ئه‌و مه‌ترسیانه‌و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پیلانى دوژمنانداو، پاراستنى عێراقى دیموكرات و فیدرالا، ده‌بێ ژیرانه بڕیارى پێویست بده‌ین. له ئان و كاتى خۆیشیدا، شۆڕشگێڕانه به‌رپه‌رچیان بده‌ینه‌وه.
بێگومان، گه‌شه‌پێدانى (ى.ن.ك)و خۆنوێكردنه‌وه‌و چاكسازى پێویست، له هه‌موو بواره‌كاندا، زۆر گرنگ و بایه‌خدار ده‌بن. به‌تایبه‌تى چونكه (ى.ن.ك) له هه‌موو بواره گرنگه‌كانى خه‌باتى كوردایه‌تى، هاوپه‌یمانى كوردستانى، هاوپه‌یمانى عێراقى، داڕشتنى ده‌ستوورى عێراق، چه‌سپاندنى دیموكراسى و فیدرالى و گه‌شه‌پێدانى ره‌وتى دیمو‌كراتى، رۆڵێكى كاریگه‌رى دیارى به‌جۆرێك هه‌بووه كه زۆرجار بۆته هه‌وێنى ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ى له‌عێراق به كوردستانیشه‌وه پێویست و چاره‌نووساز بوون.
جا لێره‌شدا به‌هاو گرنگى پلینیۆمه‌كه‌مان و كاریگه‌رى گه‌شه‌پێدانى (ى.ن.ك) بۆ دواڕۆژى عێراق و كوردستان، ساغ ده‌بێته‌وه.
بۆیه، له‌راستیدا به‌هێزكردنى (ى.ن.ك)و گه‌شه‌پێدانى بۆ پاراستنى ره‌وتى دیمو‌كراتى عێراق و فیدرال، سه‌ربه‌خۆیى عێراق، پاراستنى حكومه‌تى هه‌رێم و گه‌شه‌پێدانى ژیانى سیاسى، كۆمه‌لایه‌تى، ئابوورى‌و خوێنده‌وارى كوردستانیش، زۆر گرنگ و پێویسته. پێچه‌وانه‌كه‌شى لاوازكردنى (ى.ن.ك) و چه‌واشه‌كردنى خه‌ڵك ده‌رباره‌ىو درۆ‌و بوختان هه‌ڵبه‌ستن بۆى، راسته‌وخۆ خزمه‌تى دوژمنانى كورد‌و كوردستان، داگیركه‌رانى كوردستان و دوژمنانى دیموكراسى ده‌كات. راسته‌وخۆ خزمه‌تى پیلانى كۆنه‌په‌رست، به‌عسییه سه‌ددامیه‌كان، شۆڤێنیه‌كان و تیرۆریستان ده‌كات. هه‌ربۆیه‌ش ده‌بینین كه ئه‌وانه، به كۆنه‌جاشه‌كانى سه‌ر به بێگانه‌و جاسووسه‌كانى به‌عسى سه‌ددامى هه‌موویان دژى (ى.ن.ك) و پارتى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانن.. ئه‌گینا چ شتێك له‌گه‌لا ئه‌وانه‌ى ئه‌م دژایه‌تیه ده‌كه‌ن، له به‌گژداچوونى پارێزه‌رانى كوردایه‌تى و حكومه‌تى هه‌رێم و فیدرال دا كۆیان ده‌كاته‌وه؟
ئه‌و به‌ره‌یه‌ى كۆنه‌په‌رست، كۆنه‌به‌عسى سه‌دامى، شۆڤێنیه‌كان، دوژمنانى دیموكراسى و فیدرال، به‌هه‌ندێ له سه‌رۆك جاشه نیشتمانى فرۆشه‌كانى كوردیشه‌وه كلكیان لێك گرێداوه، دژى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ناوچه دابڕاوه‌كانى كوردستان بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ڕێى دوژمنایه‌تیكردنى ى.ن.ك و پارتى و حزبه كورد په‌روه‌ره‌كانى تره‌وه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش، چ به فرت و فێل و پیلانى تایبه‌تى راسته‌وخۆ بێ، چ له ڕووى بابه‌تیه‌وه بێ، ئه‌م سیاسه‌ته هاوپیلانییه‌و هاوپێناوییه، ورده ورده دڵنیاین به‌پێى هه‌لومه‌رج و بۆلوانیان، مه‌ترسیه‌كان و نه‌خشه‌كانى زه‌قتر ده‌رده‌كه‌ون.
جا ئه‌وانه‌ى داواى پچڕپچڕكردنى ئیقلیمى كوردستانى رزگار ده‌كه‌ن و بێباكن، بگره ناشیانه‌وێت ناوچه دابڕاوه‌كان به كه‌ركوكیشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم، به هه‌ر ناو و بیانوویه‌ك بێت، راسته‌وخۆ خزمه‌تى ئه‌و به‌ره‌یه‌ى دوژمنانى دیموكراسى‌و كوردایه‌تى ده‌كه‌ن. له‌م رێڕه‌وه‌شدایه له كۆبوونه‌وه‌كانیاندا ده‌ڵێن: به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى له به‌غداد قبول ده‌كه‌ین، به‌لام وه‌زاره‌ت له‌كوردستاندا وه‌رناگرین!!
بۆیه هه‌ڤاڵینه، زۆر گرنگه ئه‌م پلینیۆمه‌مان ببێته خاڵى وه‌رچه‌رخان و ئاڕاسته‌ى نوێى وریابوونه‌وه له‌سه‌ر ته‌واوى ئاڕاسته‌و ئاسته‌كانو بیكه‌ینه پلینیۆمى گه‌شه‌پێدانى (ى.ن.ك) به چاكسازى ناو ریزه‌كانى خۆمان و بنبڕ‌كردنى یه‌كجاره‌كى ده‌سته‌گه‌رى، به‌چه‌سپاندنى یه‌كێتیى ریزه‌كانى (ى.ن.ك) له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌ره‌تاكانى سیاسى‌و رێكخراوه‌یى و ئایدیۆلۆژى دیمو‌كراتى سه‌رده‌مانه. هه‌ر ته‌نها به راپه‌ڕاندنى ئه‌م ئه‌ركه بابه‌تىو تایبه‌تیانه‌ش ده‌توانین یه‌كێتیى له‌ناو ئه‌و گێژاوه سیاسى‌و رێكخراوه‌ییه ده‌رباز بكه‌ین، كه ساڵه‌هایه به نه‌خشه‌و مه‌رامو رق‌و كینه، یه‌كێتیى خراوه‌ته ناوى.
ئه‌ركه‌كانمان
یه‌كه‌م گه‌شه‌پێدانى ى.ن.ك
ئه‌م گه‌شه‌پێدانه‌ى (ى.ن.ك) ته‌نها بۆ خۆى، بۆ پته‌وكردنى نێوانى له‌گه‌ل كۆمه‌لانى خه‌ڵك، هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى كوردستانى و عێراقى پێویست و گرنگ نیه، به‌ڵكو ئه‌ركێكى نیشتمانى (عێراقى و كورده‌وارى)شه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا شه‌رتێكى گرنگیشه له په‌كخستنى ئه‌و هه‌ول و كۆششانه‌ى دژى ره‌وتى دیمو‌كراتى عێراق و دژى ده‌ستورو فیدرالاو ناوچه دابڕاوه‌كانى كوردستان ده‌درێن. بۆ ئه‌م گه‌شه‌پێدانه‌ش، پێویستیمان به‌م ئه‌ركانه‌ى خواره‌وه هه‌یه:
1- پته‌وكردنى یه‌كێتیى ریزه‌كانمان بۆ بنبڕ‌كردنى ده‌سته‌گه‌رى.
2-په‌ره‌پێدانى ئاستى هۆشیارىو فیكرى له‌ناو ئه‌ندامانو لایه‌نگران و كۆمه‌لانى خه‌ڵكیشدا: گه‌شه‌پێدانى بیر‌و هۆشیارى و فیكرى زۆر گرنگه. ئه‌مه‌ش به پاك كردنه‌وه‌ى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى ئه‌و ژینگه سیاسى و فكرییه دێته‌دى، كه ساڵه‌هایه له كوردستاندا به هه‌ڵه، به تێنه‌گه‌یشتنى بابه‌تیانه، به مه‌رامو نه‌خشه، ئاوێته‌ى بیر‌و بۆچونى ناڕاست‌و هه‌ڵدێراوى كراوه.
3-دیاریكردنى كه‌موكوڕیه‌كان، ده‌ستنیشانكردنى هۆكاره‌كانیانو ژیاندنه‌وه‌ى گیانى ره‌خنه‌له‌خۆگرتن له‌ناو ریزه‌كانى (ى.ن.ك)دا.
4-ئه‌م پلینیۆمه به‌رده‌بازى كۆنگرێس بێت. له‌مه‌ودواش به‌ستنى پلینیۆم و كۆنگرێس له‌كاتى خۆیدا بێ دواخستنیان.
5-سه‌رخستنى هه‌ڤالانى ژنان و كچان و لاوانى به‌تواناو لێوه‌شاوه بۆ هه‌موو ده‌زگاكانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌به جیاجیاكان.
6-جۆشدانه‌وه‌ى گیانى پێشمه‌رگانه‌و بیروباوه‌ڕى دیمو‌كراتى و كوردایه‌تى له‌ناو (ى.ن.ك)و له‌ناو كۆمه‌لانى خه‌ڵكدا.
7-هۆشیاربوونه‌وه‌مان و، هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌لانى خه‌ڵك له مه‌ترسیه‌كانى سه‌ر ره‌وتى دیمو‌كراتى عێراق، فیدرالا، ده‌ستوور، سه‌ربه‌خۆیى عێراق، بوژاندنه‌وه‌ى گیانى هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتى نیشتمانى، كوردایه‌تى له‌ناوخۆمانو خه‌ڵكدا.
8-بژاركردنى ریزه‌كانمان به لێكۆڵینه‌وه‌ى ورد له هه‌موو ئه‌وانه‌ى گه‌نده‌ل بوون، ژیاندنه‌وه‌ى گیانى حیزبایه‌تى و فیداكارى له‌پێناوى خه‌ڵكدا.
9-چونه‌وه ناو كۆمه‌لانى خه‌ڵك: رێكخستنه‌كان نابێ هه‌ر خه‌ریكى خۆیان بن، به‌ڵكو ده‌بێت شانبه‌شانى گه‌شه‌پێدانى خۆیان، بچنه ناو خه‌ڵك، گوێیان لـێرابگرن، له راز‌و نیازیان بگه‌ن و بیگه‌یه‌نن به سه‌ره‌وه، پێویسته به‌رده‌وام سه‌ردانى كه‌سوكارى شه‌هیدان، لێقه‌وماوان بكه‌ن، له شین‌و شایى خه‌ڵكدا به‌شدارى بكه‌ن.
10-جێبه‌جێكردنى په‌یڕه‌وى ناوخۆ‌و خستنه‌گه‌ڕى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى و رێكخستنه‌وه‌ى مه‌كته‌به‌كان.
11-زیاتر بایه‌خدان به ژنان و لاوان له هه‌موو بارێكه‌وه، سیاسى و كۆمه‌لایه‌تى و هوشیارى و دانانى به‌رنامه‌ى تایبه‌ت بۆیان. هه‌روا زۆرتر بایه‌خ به رێكخراوه دیموكراتیه‌كان و باشتر گونجاندنیان به گیان و ئه‌ركه دیموكراسیه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه.
12-جارێكى تر دروشمى (به‌ره‌و خانووه قوڕه‌كان) به‌رزبكه‌نه‌وه‌و رووبكه‌نه گه‌ڕه‌كه هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت و دێهاتى كوردستان. هه‌تا ورده ورده یه‌كێتیى سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى عه‌داله‌تى كۆمه‌لایه‌تیش، هاوشانى ئه‌ركه دیموكراتیه‌كانى، وه‌كو هێزێكى سۆسیال-دیموكرات جێبه‌جێ بكات.
به‌ڵێ هه‌ڤاڵینه گه‌شه‌پێدانى (ى.ن.ك) گرنگ و پێویسته، به‌لام هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سو باش نییه، به‌ڵكو ده‌بێت:
دووه‌م
پاراستنى هاوپه‌یمانى كوردستان
له‌گه‌لا هه‌موو حیزب‌و رێكخراوه‌كانى كوردستان دۆستایه‌تى و هاوخه‌باتى بكه‌ین. نابێ به‌كه‌میان بگرین، هه‌رچه‌نده بچو‌وكیش بن. یان هه‌موویان حاشایه‌كى ئه‌وان به‌هیچ و بچوك و خوێڕى وسف بكه‌ی ن‌و پاشانیش كه ئیشمان پێیان بوو ده‌ستو دامێنیان بین، هه‌روه‌ك جیابۆوه‌كانى ناو خۆمان ده‌یانگوت. پاشانیش كه‌وتنه هه‌ڵپه بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵیاندا.
له‌ناو ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌داو بۆ به‌هێزكردنى هاویه‌یمانیه‌كه‌ش، پێویسته به‌تایبه‌تى هاوپه‌یمانى پارتى‌و یه‌كێتیى زۆر به‌گرنگو بایه‌خدار بزانین. دیاره پێویستیه‌كانى ئه‌م هاوپه‌یمانیه لاى هه‌موو دڵسۆز‌و هۆشیارێك ئاشكرایه، پێم وایه ده‌رسو په‌نده‌كانى تاڵ و تفتى شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆ، به‌هه‌موو كوردێك و دڵسۆزێكى گه‌له‌كه‌مان ده‌سه‌لمێنێ بۆ هه‌وڵدانى بێ‌وچان بۆ پاراستن‌و گه‌شه‌پێدانى ئه‌و هاوپه‌یمانیه. هه‌روه‌ها بۆ به‌گژداچوونى هه‌ول و ته‌قه‌للاى دوژمنانى كوردایه‌تى و دیمو‌كراتى بۆ تێكدانى ئه‌و هاوپه‌یمانیه. چ هه‌وڵى راسته‌وخۆ، چ هه‌وڵى ناڕاسته‌وخۆش.
سێیه‌م دۆستایه‌تى هێزه‌كانى عێراق
هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ هێزه دۆسته‌كانى عێراق، شه‌رتێكى گرنگى یه‌كخستنى هێزه‌كانى به‌ربه‌ره‌كانى دیكتاتۆریه‌ت بوو، هه‌روه‌كو هۆیه‌كى گرنگى داڕشتنى ده‌ستوورى عێراق به‌م شێوه دیموكراتیه‌ى كه تێیدا مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان تۆماركراون بوو، بێ ئه‌و هاوپه‌یمانیه له‌توانادا نه‌بوو مافه ره‌واكانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ده‌ستووردا بسه‌لمێندرێن و بچه‌سپێندرێن. به‌ردى بناغه‌ى ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ش، هاوپه‌یمانى هێزه‌كانى كوردستان بوو (به‌پارتى و یه‌كێتیشه‌وه) له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى شیعه‌ى عێراق، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ناو (المجلس الاعلى للپوره الإسلامیه)دا به‌سه‌رۆكایه‌تى خوالێخۆش بوو (أیه الله محمد باقر الحكیم) كۆببوونه‌وه. كه به‌ڕاستى ئه‌م زاته، هه‌م شه‌خسیه‌تێكى زانا‌و گه‌وره، دووربین و نیشتمان په‌روه‌ر بوو، هه‌م دۆستێكى گه‌وره‌ى خه‌ڵكى كوردستانیش بوو، لێره‌دا پێویسته ئه‌و راستیه مێژووییه‌ش بخه‌ینه‌وه یاد كه باوكى (سماحه ایه الله العڤمى محسن الحكیم) كه رێیبه‌رى شیعه‌ى دونیا بوو، له‌سه‌ره‌تاى به‌رپابونى شۆڕشى ئه‌یلولدا، شه‌ڕى دژى كوردى به‌ناشه‌رعى و گوناهـ دانابوو. كه ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا چاكه‌یه‌كى گه‌وره بوو به‌سه‌ر كوردایه‌تى. دیاره هاوپه‌یمانى له‌گه‌لا هێزه‌كانى شیعه، رێگرى هاوپه‌یمانى كوردایه‌تى نه‌بوو له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى عیراقى، الحركه الإشتراكیه العربیه، حیزبى به‌عسى قیاده‌ى قگرى عیراق و هێزه‌كانى تر‌ى علمانى عیراق، به‌لام ئه‌و دوو هێزه سه‌ره‌كییه به‌ردى بناغه‌ى هاوكارى دژى دیكتاتۆریه‌ت بوون و پاش رووخانى دیكتاتۆریه‌ت بوونه به‌ردى بناغه‌ى هاوكارىو هه‌ماهه‌نگى له‌داڕشتنى ده‌ستوورى عێراق و چه‌سپاندنى مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان تێیدا.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گرنگیه‌ى ئه‌م هاوپه‌یمانیه، ئێمه هه‌میشه هه‌وڵمانداوه كه هێزه نیشتمانى و دڵسۆزه‌كانى عه‌ره‌بى سوننه‌ش بهێنینه ناو كۆڕى موعاره‌زه‌وه، ئه‌وه‌بوو توانیمان له‌گه‌لا حیزبى ئیسلامى عێراقیش پێش و پاش رووخانى دیكتاتۆریه‌ت پێكبێن، له دانانى ده‌ستووره‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌موو دڵسۆزێك شایه‌ده كه ى.ن.ك چ رۆڵێكى گرنگى گێڕاوه له به‌هێزكردنى ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌و پێكهێنانى حكومه‌تى ئیئتیلافى یه‌كێتیى نیشتمانیى عێراق. به‌تایبه‌تى دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا له به‌غداد، كه وه‌خت بوو برایه‌تى و هاوپه‌یمانى كورد‌و شیعه به هێرشكردنه سه‌ر (ایه الله العڤمى سید سیستانی) هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. كه ئه‌وسا ئه‌و ده‌ستووره‌شمان به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ده‌ست نه‌ده‌كه‌وتو ره‌وتى روداوه‌كانیش له عێراق و كوردستاندا، ئاقارێكى مه‌ترسیداریان ده‌گرته‌به‌ر.
له‌وماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو ى.ن.ك هه‌میشه ناو بژیكه‌ر و پێكهێنه‌رى ته‌بایى و په‌كخستنى هه‌وڵى تێكده‌ران بووه، مایه‌ى شانازیمانه كه هه‌موو دڵسۆزان ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمێنن و ستایشى ده‌كه‌ن. ته‌نها بێ نمه‌كو بێ ئه‌مه‌كه‌كانى ناوخۆمان و دژ‌و دوژمنان نه‌بێ!!
ئێسته‌ش پێویسته ئه‌و ده‌وره پڕ له سه‌روه‌ریه زۆر به‌كه‌ڵكه، درێژه‌پێبده‌ین و به‌هۆى دۆستایه‌تى له‌گه‌لا هه‌موو لایه‌ك، هه‌وڵى پێكهێنانى گونجاوى هێزه كاریگه‌ره‌كانى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى سیاسه‌تى بابه‌تى و ئه‌قلانى و ته‌وافقى بده‌ین به‌ر له هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، هه‌روا دواى هه‌ڵبژاردنیش بۆ پاراستنى عێراقى دیمو‌كراتى فیدرال و بۆ په‌كخستنى پیلانگێڕىو دوژمنایه‌تى به‌عسیه‌كانى سه‌ددامى و تیرۆریسته‌كان، پێشم وایه ژیاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه چوارقۆڵیه‌كه‌ى مه‌جلس، ده‌عوه، پارتى، ى.ن.ك هه‌وڵدانیش بۆ به‌شداریكردنى حیزبى ئیسلامى، ویفاقى وه‌ته‌نى و هه‌ندێ هێزى وه‌ك حشع، ده‌بێته هۆى پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى نیشتمانیى فراوان دژى پیلانگێڕىو تیرۆریزم، به‌بێ وه‌لاوه‌نانى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى لیسته‌كانى جیاجیا كردوویانه له‌گه‌ل هێزه‌كانى دۆستیان. واتا: ئه‌و رێككه‌وتنه چوارقۆڵیه ببێته داینه‌مۆى هه‌وڵى پێكهێنانى به‌ره‌ى نیشتمانیى.
چواره‌م دۆستایه‌تى هێزه كوردستانیه‌كان
دۆستایه‌تیكردن له‌گه‌ل هێزه كوردستانیه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتن و پاراستنى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ریه‌كه‌و، پاراستن و ره‌چاوكردنى ده‌ستكه‌وتى به‌شه رزگار‌و دیموكراته‌كه‌ى كوردستان له‌عێراقدا، هاوكات یارمه‌تیدانى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌ك گێچه‌ل و ته‌شقه‌ڵه بۆ دروستكردنى. شایه‌نى باسه كه هێزه كوردستانییه سه‌ره‌كیه‌كانى كوردستانى ئێران تاڕاده‌یه‌كى، باش به‌سوپاسه‌وه، ئه‌م سه‌ره‌تایه ره‌چاوده‌كه‌ن. هیوادارین كه په‌كه‌كه‌و هه‌وادارانیشى هه‌مان هه‌ڵوێستى ئه‌و برایانه‌مان وه‌ربگرن و چیتر كۆسپ نه‌بن له‌پێش ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى دێهاتى سه‌ر سنوور‌و راكێشانى ئۆردووى تورك بۆ سه‌ر كوردستانى عێراق.
ئێمه پێمان وایه كه زه‌مانى شه‌ڕى چه‌كدارى وه‌ك ستراتیژ‌و هۆى سه‌ره‌كى خه‌بات ده‌مێكه تێپه‌ڕیوه. ئه‌م سه‌رده‌مه، سه‌رده‌مى جیهانگیرى، سه‌رده‌مى خه‌باتى سیاسى، جه‌ماهیرى، په‌رله‌مانى، دیبلۆماسى و میدیاكانه. ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى پێشوودا، زۆرجار به خه‌باتى چه‌كداریش نه‌هاتنه‌دى، له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌ئه‌قڵى سیاسى كراوه‌و تێگه‌یشتنى ورد له فه‌لسه‌فه‌ى سیاسى و دیموكراسى جیهانگیرى، به‌ره به‌ره دێته‌دى. گۆڕانكاریه‌كانى ناو كۆمارى توركیا له‌م سالانه‌دا، به مافه سیاسیه‌كانى كورد‌و كرانه‌وه‌ى زیاتر دیموكراسى و ئاوه‌دانى، باشترین به‌ڵگه‌ى ئه‌و راستیانه‌ى سه‌ره‌وه‌ن سه‌باره‌ت به گۆڕانكاریه‌كانى جیهانگیرىو سه‌رده‌مه‌كه. بۆیه داوامان له په‌كه‌كه ئه‌وه بوو كه ئه‌م راستیه ره‌چاو بكه‌ن و، كه‌ڵك له‌و هه‌له وه‌ربگرن كه له جیهان و توركیادا هاتۆته‌پێش، بۆ چاره‌ى دیمو‌كراتى و سیاسى كێشه‌ى گه‌له‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ى كوردستاندا.
پێویسته ئه‌و راستیه‌ش دووپات بكه‌ینه‌وه، كه ئه‌و سیاسه‌ته‌مان بۆ راكردن نییه له به‌رپرسیارى نه‌ته‌وه‌یى، به‌ڵكو سه‌باره‌ت به پێویستیه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه‌مانه. ئه‌گینا كێ هه‌یه بتوانێت نكولى له‌و هه‌موو فیداكارى و هاوكارى و یارمه‌تیدانه‌ى ى.ن.ك بكات له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه زیندووه‌كانى سه‌رتاسه‌رى كوردستاندا.
بۆ هێز هه‌یه ى.ن.ك یارمه‌تى نه‌دابێت؟ پارچه هه‌یه له كوردستان بۆ پاراستن‌و گه‌شه‌پێدانى كوردایه‌تى و هاوده‌ردى خه‌ڵكى كوردستان، خوێنى پێشمه‌رگه‌ى ى.ن.ك-ى له‌سه‌ر نه‌ڕژابێت؟
پێنجه‌م هاوخه‌باتى له‌گه‌ڵ سۆشیالیست ئینته‌رناسیۆنال
بۆمان هه‌یه شانازى به‌وه بكه‌ین كه یه‌كێتییه‌كه‌مان، له ناساندنى كێشه‌ى ره‌واى كورد به دونیا‌و په‌یداكردنى دۆست و هاوپه‌یمان بۆى، رۆڵێكى دیارى هه‌بووه. چ له ئاستى حیزبه‌كانى دونیا‌و چ له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌ته‌كانیش.
(ى.ن.ك) بوو، توانى به‌هیممه‌ت و دووربینى سه‌رۆكى نه‌مر (حافڤ الاسد) بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژوودا ده‌رگاى سوریا‌و حزبى به‌عسى عه‌ره‌بى ئیشتراكى له سوریا، بۆ كوردایه‌تى و ى.ن.ك و هێزه‌كانى تر‌ى كوردیش بكاته‌وه، ى.ن.ك توانى نێوان له‌گه‌لا زۆربه‌ى زۆرى هێزه‌كانى شۆڕشى فه‌له‌ستین دروست بكات، له‌سه‌ر ئاستى ئه‌وروپاش ى.ن.ك توانى له‌پێشه‌وه له‌گه‌ل حزبى دۆست‌و یاریده‌ده‌رى كورد، حزبى سۆشیالیستى فه‌ره‌نسى و ئینجا حزبى كارگه‌رانى به‌ریتانیاو ئینجا حزبى سۆشیال دیمو‌كراتى تر‌ى ئه‌وروپا دۆستایه‌تى دروست بكات. تا واى لێهات گه‌یشتینه ئاستى بانگهێشتكردن و به‌شدارى پێكردنمان له كۆبوونه‌وه
فراوانه‌كانى ئه‌و حیزبانه‌و سۆسیالیست ئه‌نته‌رناسیۆنالیش. ته‌نانه‌ت گه‌یاندمانه راده‌یه‌ك بووین به ئه‌ندام له SIو پاشان سكرتێرى گشتى ى.ن.ك به جێگرێكى سه‌رۆك له‌و رێكخراوه ئینته‌رناسیۆنالیزمه‌دا له‌كۆنگره‌ى (ئه‌سینا-2007) هاوشانى سه‌ركرده ناوداره‌كانى جیهانى رێكخراوه‌كه هه‌ڵبژێردرا .
به‌م جۆره چیتر هه‌ر ته‌نها شاخه‌كانى كوردستان پشت‌و په‌نامان نه‌ما، به‌ڵكو ده‌یان حزب‌و چه‌ندین ولاتیش بوونه دۆست و پشتیوانمان. هه‌ڵبه‌ته بایه‌خى ئه‌و ده‌وره‌ى ى.ن.ك له‌ناو (SI) دا روون و ئاشكرایه، هه‌رچه‌نده دوژمنانى كوردایه‌تى زۆریان پێ‌ناخۆش بوو، هه‌رچه‌نده هه‌ر له تاقمه‌كه‌ى كۆمپانیاى وشه‌وه، تا سه‌ر شۆڤێنیه‌كانى عه‌ره‌بو تورانى هه‌ولده‌ده‌ن ئه‌و ده‌وره كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌لام به‌پێچه‌وانه‌وه ى.ن.ك رۆژ به رۆژ له‌ناوSI پایه‌و پله‌ى چه‌سپاو و رووه‌و به‌هێزتر ده‌بێت، هه‌روه‌كو بایه‌خى (SI)ش، به‌هه‌موو مه‌سه‌له‌ى كورد له رۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاستدا زۆرتر ده‌بێت. باشترین به‌ڵگه‌ش، بڕیاره‌كانى دوا كۆنگره‌ى حزبى ده‌سته‌خوشكى سۆسیالیست دیمو‌كراتى سویده، كه سه‌باره‌ت به كێشه‌ى گه‌له‌كه‌مان و مه‌رگه‌ساتى ئه‌نفال بڕیارى زۆر گرنگیان داوه.
شه‌شه‌م: دۆستایه‌تى نێونه‌ته‌وه‌یى و ناوچه‌یى
ى.ن.ك بۆى هه‌یه شانازى به‌وه‌وه بكات، كه به پاراستنى سه‌ربه‌خۆیى خۆشییه‌وه، توانیویه‌تى دۆستایه‌تى له‌گه‌ل چه‌ندین ده‌وڵه‌تى ناوچه‌كه: عه‌ره‌بى، ئاسیایى، ئه‌وروپى و ئه‌مریكى پێكبهێنێت، هه‌ر له‌چینى گه‌وره‌و به‌هێزه‌وه، تا سه‌ر ئێران، توركیا، سوریا، ئوردن، میسر، هه‌موو ولاتانى عه‌ره‌بى، ى.ن.ك رێز‌و ته‌قدیرێكى زۆرى هه‌یه‌و به‌هۆى په‌یوه‌ندى دۆسته‌كانیشیه‌وه، توانیویه‌تى رووى گه‌شى كوردایه‌تى به‌و ولاتانه بگه‌یه‌نێت.
هه‌روه‌ها له‌رۆژهه‌لاتیشه‌وه هه‌تا سه‌ر یۆنان، ئیتالیا، فه‌ره‌نسا، ئیسپانیا، پۆله‌ندا، رۆمانیا، نه‌مسا، ئه‌ڵمانیا، سوید، نه‌رویج، به‌لژیكا، دانیمارك، سویسرا، هۆڵه‌ندا، به‌ریتانیا، ئینجا ئه‌مریكاو به‌رازیل، ى.ن.ك دۆستایه‌تى باشى هه‌یه له‌گه‌ڵیان. له‌رێى ئه‌و دۆستایه‌تیه‌شه‌وه رووى گه‌شى كوردایه‌تیان بۆ روون بۆته‌وه‌و پشتیوانى مافه دیموكراتییه ره‌واكانیشى ده‌كه‌ن.
ده‌ورى ى.ن.ك-یش له عیراق، به‌ڕێوه‌بردنى عیراق، چاره‌ى گیروگرفته‌كان له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه ته‌قدیر ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت راپۆرتى سكرتێرى گشتى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ ولاتانى عه‌ره‌ب له‌سه‌ر عێراق ده‌ڵێ: كورد ئێستا هۆكارى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانه، نه‌ك به‌شێك له‌كێشه‌كان.
بۆیه به‌هێزكردنى ئه‌م دۆستایه‌تییه ئه‌ركێكى گرنگمانه. چونكه ده‌بێته هۆى خێر‌و چاكه‌ى عیراق‌و ناوچه‌كه‌و كوردستانیش.
سیاسه‌تى راست و ره‌واى ئه‌مجاره‌مان له‌گه‌ل هاوپه‌یمانان، هۆیه‌كى گرنگى ده‌ستكه‌وته‌كانمان بوو له‌عیراقدا، ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى ناڕاست‌و ناڕه‌واى نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌با، له‌كاتى جێگرى سكرتێرى گشتیدا، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌مان له‌دواى رزگارى كوه‌یت زیاتر‌و زووتریش ده‌ست ده‌كه‌وت. وه‌ك له‌شوێنى خۆیدا روونى ده‌كه‌ینه‌وه.
حه‌وته‌م: دۆستایه‌تى هێزه‌كانى جیهانى عه‌ره‌ب
ى.ن.ك دۆستایه‌تى دێرینى له‌گه‌لا هێزه‌كانى دیموكرات‌و پێشكه‌وتنخوازى دنیاى عه‌ره‌ب هه‌یه، هه‌ر له‌هێزه‌كانى شۆڕشى فه‌له‌ستین (منڤمه التحریر الفلسگینیه)وه بگره، تا سه‌ر حزبى ته‌قه‌دومى سۆشیالست له لوبنان و حزبى شیوعى له‌زۆر له‌ولاتانى عه‌ره‌ب، به‌عسى سوریا، هێزه دیموكراتیه‌كانى میسر‌و یه‌مه‌ن. ئه‌م دۆستایه‌تیه دێرینه‌ش له‌م دواییه‌دا گه‌شه‌ى پێدراو چاكتر رووى گه‌شى ى.ن.ك و كوردایه‌تیان بۆ روون بۆته‌وه، بۆیه زۆر پێویسته ئه‌و دۆستایه‌تییه بپارێزین‌و په‌ره‌شى پێبده‌ین. پێویسته خۆمان نه‌ك هه‌ر دوور له‌دروشمه شۆڤێنییه‌كان بگرین، به‌ڵكو دژیشیان بوه‌ستین. بێگومان ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ش له‌قازانجى عیراقه به‌كوردستانیشه‌وه. به‌تایبه‌تى له‌م هه‌لومه‌رجه جیهانى و دیموكراسیه‌دا، ئاینده‌ى رووداوه‌كان هه‌تا دێت، باشتر‌و شیاوتر ده‌بێ، هێدى هێدیش، كێشه‌و گرفته مێژووییه‌كان، چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و تێگه‌یشتنى شارستانى نێوان گه‌لان، رووى له پێشكه‌وتنه.
گه‌شه‌پێدانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان
یه‌كێك له‌ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانى ى.ن.ك له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌شه‌پێدانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه. چونكه هێشتا گه‌له‌كه‌مان پێویستى زۆرى به‌هێزى پێشمه‌رگه هه‌یه. نه‌ك هه‌ر بۆ پاراستنى مافه‌كانى خۆى، به‌ڵكو بۆ پاراستنى ره‌وتى دیمو‌كراتى له عێراق و كوردستانیشدا، بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌ى هێشتا نه‌هاتونه‌ته‌دى.
جا بۆیه (هـ.پ.ك) بۆئه‌وه‌ى بتوانێت ئه‌و ئه‌ركانه‌ى سه‌رشانى راپه‌ڕێنێت، ده‌بێت له‌ڕووى چۆنایه‌تى و مه‌شقو چه‌كه‌وه گه‌شه‌ى پێبدرێت. بۆئه‌وه‌ش پێویستیمان به پلانێكى رێك‌وپێك هه‌یه، به‌تایبه‌تى دواى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، كه پێویسته به‌زوویى جێبه‌جێ بكرێت. چونكه ئه‌م یه‌كخستنه شه‌رتێكى بنه‌ڕه‌تى گه‌شه‌كردنیه‌تى.
دیاره گه‌شه‌پێدانى چۆنایه‌تیه‌كه‌ى، ئینجا مه‌شقى نوێ و مۆدرین، ئینجا په‌یداكردنى چه‌كى به‌رگرى پێویست بۆ (هـ.پ.ك) زۆر پێویسته، بۆ پێویسته؟ ئایا ئێمه به‌ته‌ماى شه‌ڕین؟ یان به‌ته‌ماى شه‌ڕبوونه‌وه‌ین؟
به‌سه‌ربه‌ستى ده‌ڵێم:
نه‌خێر ئێمه تالاوى شه‌ڕو جه‌نگمان چه‌شتووه، به‌ته‌ماى شه‌ڕیش نین و نامانه‌وێت تووشى شه‌ڕ بینه‌وه، به‌لام ده‌مێكه گوتراوه خۆسازدان بۆ شه‌ڕ، شه‌ڕ دوورده‌خاته‌وه.
1)تیرۆریست و دوژمنانى گه‌له‌كه‌مان، پیلانگێڕه‌كان ره‌نگه جۆرێك شه‌ڕمان به‌سه‌ردا بسه‌پێننه‌وه كه (هـ.پ.ك) شان به‌شانى هێزه چه‌كداره‌كانى عیراق به‌رهه‌ڵستى هێرش و په‌لاماریان بكات.
2)(هـ.پ.ك) چونكه به‌شێكه له‌هێزه‌كانى چه‌كدارى عیراقى فیدرال، ناتوانێت دووره‌په‌رێز بوه‌ستێت له‌شه‌ڕى دژه تیرۆر‌و پیلانگێڕان. بۆیه ره‌نگه عیراقى فیدرا‌ڵ زیاتر له‌ئێستاش پێویستى به (هـ.پ.ك) له په‌كخستنى پیلانى دوژمنان‌دا هه‌بێت.
3)بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان له‌په‌لامارو چالاكى تیرۆریسته‌كان، كه ره‌نگه بیانه‌وێت جارێكى تریش دزه بكه‌نه‌وه ناو كوردستان و تاوان ئه‌نجام بده‌ن.
4)بۆ په‌كخستنى هه‌و ته‌قه‌للاى ناحه‌زانى فیدرا‌ڵ و حكومه‌تى هه‌رێم له‌كاتى پێویستدا.
گه‌شه‌پێدانى حكومه‌ت و په‌رله‌مانى هه‌رێم
نیاز له‌گه‌شه‌پێدانى حكومه‌تى هه‌رێم، دواى پێكهێنانى له‌و هێزانه‌ى هاوپێناون له‌م قۆناغه‌دا، دانان و په‌یڕه‌وكردنى به‌رنامه‌كه‌یه‌تى، كه ده‌بێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له‌بوارى خزمه‌تگوزاریدا زیاتر چالاك بێت و بایه‌خێكى تایبه‌تى به لادێ و خانووه قوڕه‌كانى ناو شاریش بدات. هه‌روه‌ك پێویسته پلانێكى دوورودرێژ دابنرێت بۆ گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازىو كشتوكا‌ڵ له كوردستاندا. پلانێكى ستراتیژى ئه‌وتۆ كوردستان له ولاتێكى به‌رخۆره‌وه (استهلاكی) بگۆڕى به‌ولاتێكى به‌رهه‌مهێن (المنتج). ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌وه ده‌كرێ كه به‌پێى پێویستىو پێداویستیه‌كانى سه‌رده‌م ژێرخانى ئابورى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى پیشه‌سازىو كشتو‌كاڵى دروست بكرێ. هه‌ر ئه‌مه‌ش له‌گه‌لا په‌ره‌سه‌ندنى كۆمه‌لایه‌تى و چینایه‌تى كوردستانى ئێستا ده‌گونجێ، به‌تایبه‌تى تازه تازه بۆ یه‌كه‌مین جاره ئه‌وه‌ته‌ى كوردستان داگیر‌و دابه‌شكراوه، له‌كوردستاندا، چینى بۆرژواى نیشتمانیى سه‌رهه‌ڵده‌داو نه‌شونماش ده‌كات، له‌م رێڕه‌وه‌دا، بایه‌خدان به نه‌وتو گاز، به‌ده‌رهێنانى كانزا گرانبه‌هاكانى كوردستان، به كارگه‌ى چه‌شناوچه‌شنى گه‌وره، به‌سیاسه‌تى ئابورى هاوچه‌رخ، به پاشكه‌وتى نه‌ختینه‌و دراو، به هاوسه‌نگى بازاڕ‌و تواناى كڕینى هاوولاتى، ئه‌ركێكى چاره‌نووسسازى ئابورى كوردستانه كه زۆر زۆر گرنگه پلان‌و پرۆژه‌ى ستراتیژیان بۆ په‌سه‌ند بكرێ و بودجه‌ى پێویستیشى بۆ ته‌رخان بكرێ. دیاره هه‌مووشى به هاوكارى له‌گه‌ل ده‌وڵه‌ته دۆسته‌كانو كۆمپانیاكانى جیهان. پێویسته سه‌رمایه‌دارى خۆماڵىو كه‌رتى تایبه‌تیش یارمه‌تىو هان بدرێن بۆ به‌شدارى چالاكانه له بازرگانى‌و ئه‌و جۆره پیشه‌سازییانه‌ى پێیان ده‌كرێت. به‌تایبه‌تى ئه‌زمونى زۆرێك له ولاتانى جیهان سه‌لماندویانه كه: پیشه‌سازى گه‌وره‌و گچكه، ته‌واوكه‌رى ئابورى نیشتمانیى، نه‌ته‌وه‌یىو بازاڕى ئازادن.
بۆ كشت‌وكال، ده‌بێت پلانێكى تایبه‌تى بۆ بوژاندنه‌وه‌ى لادێ و بوژاندنه‌وه ى كستوكال و چاره‌ى كێشه‌ى كه‌مئاویى دابنرێت. ژینگه‌ى كوردستان له هه‌ر چوار وه‌رزیشدا، بۆ ئابورى فره‌چه‌شن له‌باره. ئه‌م له‌بارییه‌ى ژینگه، ده‌بێ به پرۆژه‌ى ئابورى كشتو‌كاڵى هه‌مه‌لایه‌نه سودى لێوه‌ربگیرێ و سودى پێ ببه‌خشرێ.
هه‌روه‌ها پێویسته حكومه‌ت بیرێكى جددى له چاره‌كردنى ژماره‌ى زۆرى كارمه‌ندانى بێئیش، واتا ئه‌وانه‌ى بۆ موچه‌وه‌رگرتن دانراون بێئه‌وه‌ى پێویست بن، یان به‌شدارى له كاركردن بكه‌ن. دیاره ده‌بێ بیر له دۆزینه‌وه‌ى كاریش بۆ ئه‌وانه‌ى زیاد ده‌بن بكرێته‌وه.
نیاز له گه‌شه‌پێدانى په‌رله‌مانیش، خستنه‌گه‌ڕیه‌تى، ره‌خساندنى هه‌لومه‌رجى گفتوگۆى ئازاد، راده‌ربڕین، لێكۆڵینه‌وه‌و پێشنیازكردنه. ئێمه پێویستمان به په‌رله‌مانێكى زیندووى هۆشیار هه‌یه، كه ئه‌ركه‌كانى نیشتمانى ده‌خاته سه‌رووى داخوازییه‌كانى حزبى و شه‌خسى و تایبه‌تى.
حكومه‌تو په‌رله‌مانه‌كه‌مان پێویسته ئه‌م راستیانه بخه‌نه به‌رچاوى خۆیان، كه هێشتا رژێمى دیمو‌كراتى فیدراڵى عیراق، به‌كوردستانیشه‌وه، نه‌چه‌سپاوه؛ هێشتا پیلانه‌كانى دوژمنان بۆ له‌ناوبردنى به‌رده‌وامه؛ هێشتا چالاكى تیرۆریستى بۆ كوشت‌و كوشتار‌و كاولكردنى ولات هه‌ر به‌رده‌وامه. بۆیه ئه‌مڕۆ ئه‌ركى سه‌ره‌كى حكومه‌تو په‌رله‌مانیش له‌گه‌لا هه‌موو هێزه سیاسیه دڵسۆزه‌كان، كه په‌رۆشى دیموكراسى‌و فیدراڵن، هه‌ر پاراستنى ره‌وتى دیمو‌كراتى و سیسته‌مى عێراقى دیمو‌كراتى فیدراڵه. هێشتا هه‌ر په‌كخستنى پیلانگێڕى دوژمنه‌كانى ئه‌م ره‌وتو سیسته‌مه‌یه. دیاره چاره‌یه‌كى راست‌و ره‌وا گیروگرفته‌كانى نێوان حكومه‌تى مه‌ركه‌زىو حكومه‌تى هه‌رێم یه‌كێكه له‌ئه‌ركه گرنگه‌كانى حكومه‌تو په‌رله‌مانى كوردستان.
چاكسازىو پاكسازیش له داموده‌زگاكانى حكومه‌تدا ئه‌ركێكى گرنگ‌و پێویسته، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته به‌رنامه‌یه‌كى هه‌مه‌لایه‌نه دابنرێت و زوو ده‌ست به چالاكى ژیرانه‌ى جێبه‌جێكردنیشى بكرێت.
كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى وه‌زیر، ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، فه‌رمانبه‌ره گه‌وره‌كان، زیادكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ره كه‌م مووچه‌و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانیش، زۆر پێویسته.
جگه له‌وه هه‌قه چاو به مووچه‌ى خانه‌نشینه‌كان بخشێندرێته‌وه تاكو به‌پێى یاسا بێت، وه‌ك یه‌كى بێت، نه‌ك له گۆتره‌و له‌به‌ر خاترى خاتران و مه‌حسوبیه‌ت، تاكو هه‌ر خانه‌نشینێك به‌پێى یاسا چه‌ندى هه‌ق ده‌بێ، چه‌ندى به‌ر ده‌كه‌وێ بیدرێتێ، هه‌تا به‌رى ره‌نجى ده‌یان ساڵه‌ى خزمه‌ت و ماندووبونیشیان به‌یاسا له‌ژیاندا ده‌سته‌به‌ر بكرێ.
ره‌گ و ریشه‌ى فیكرى‌و سیاسى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان له‌رێبازو قه‌واره‌ى ى.ن.ك
هه‌ڤاڵینه:
پێم وایه وه‌ختى ئه‌وه هاتووه كه‌ئێمه‌ش بیروڕاى خۆمان به‌ڕاشكاوى ده‌رباره‌ى ره‌گ و ریشه‌ى فیكرى، سیاسیى و ره‌وشى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان ده‌رببڕین. راستییه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، با تال و تفتیش بن.
ده‌ستپێك له‌ناكۆكى سیاسیى و ره‌وشت و كرده‌وه‌كان له‌ناو شۆڕشدا سه‌ریهه‌ڵداوه، پاشان به‌قۆناغى جۆراوجۆر په‌ناو پێچى جیادا هاتووه، تا گه‌یشتۆته ئه‌مه‌ى له‌م ساڵه‌دا دیمان.
دیاره ناكۆكى سیاسیى، فیكرى، كار‌و كرده‌وه‌ش، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ى.ن.ك-ه‌وه هه‌بووه. سه‌باره‌ت به پێكهاته‌ى ى.ن.ك له سێ هێڵى فیكرى جیاواز‌و سێ رێكخستنى تایبه‌تى كه هه‌موویان له‌ناو ى.ن.ك-دا به‌شێوه‌ى نیمچه به‌ره‌یى كۆبووبوونه‌وه. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندى یه‌كێتیى بووه‌و له هێزه‌كانى تریشى جیاكردۆته‌وه.
ئه‌م جیاوازییانه، هه‌ر له‌نێوان پێكهاته‌كانى ى.ن.ك-دا نه‌بوو به‌ته‌نها، بگره له‌هه‌ریه‌ك له‌و پێكهاتانه‌شدا هه‌بوو. هه‌ڵچوون و داچونیشى به‌خۆیه‌وه ده‌بینى!
بۆ پێكه‌وه هێشتنه‌وه‌ى باڵه‌كانى ناو ى.ن.ك و پاراستنى یه‌كێتیى كار‌و كرده‌وه‌ى پێویست له شۆڕشى نوێ‌دا، دوو هێل و دوو بۆچونى له‌یه‌كتر جیا هاتبوونه كایه‌وه. یه‌كێكیان هێڵى پاراستنى یه‌كێتیىو ته‌بایى له‌ناو باڵه‌كانیدا، هه‌رچه‌نده نرخى له پاشه‌كشه‌و سازش ویستبێت، هه‌رچه‌نده پشوودرێژى شۆڕشگێڕانه‌ى گه‌ره‌ك بوبێت.
ئه‌مه‌یان هێل و بۆچوونى ئێمه‌مانان بوو، له‌سه‌ره‌تاوه هه‌تا ئیمڕۆ.
هێڵى دووه‌م (بۆچوونى دووه‌م) بێباكى بوو له پاراستنى یه‌كێتیى و یه‌كێتیى ریزه‌كانىو ره‌چاوكردنى ده‌ستكه‌وتى تایبه‌تىو حزبى‌و جارجار شه‌خسیش.
ئه‌وه‌نده له‌بیرمه، كه هاتینه سێ سنووره‌كه (له‌دۆڵى گۆستێ- مانگى حه‌وتى 1977)، ئه‌م جیاوازییانه ده‌ستبه‌جێ ده‌ركه‌وتن، به‌تایبه‌تى له‌نێوان شه‌هیدى نه‌مر عه‌لى عه‌سكه‌رى و نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌ره‌ڕاى ناكۆكى نێوان كۆمه‌ڵه‌و شۆسیالیست، سه‌ره‌ڕاى ناكۆكى ناو خودى شۆسیالیست و ناو خودى كۆمه‌ڵه‌ش. جارێكیان كار گه‌یشته لێكترازان! هه‌تا به هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌مان پێكمان هێنانه‌وه. له‌وساوه به‌نده‌ى موخلیستان ئه‌ركى پێكهێنانه‌وه‌و چاره‌ى ناكۆكییه‌كان، به‌گفتوگۆ پێكه‌وه سازان و پاراستنى یه‌كێتیى شۆڕش و ى.ن.ك ى گرته ئه‌ستۆ.
به‌لام دواى كاره‌ساتى هه‌كارى ناكۆكى نێوان كۆمه‌ڵه‌و شۆسیالیست، به‌تایبه‌تى نه‌وشیروان و سالار له‌یه‌ك و خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵى نه‌مرمان كاك ره‌سول مامه‌ند گه‌یشته راده‌ى لێكترازان و جیابوونه‌وه‌ى شۆسیالیست به‌خۆیان و رێكخستن و پێشمه‌رگه‌كانیانه‌وه له ى.ن.ك، جگه له‌هه‌ڤاڵى نه‌مر عومه‌ر ده‌بابه‌و هه‌ڤاڵێكى زۆر. پاشان ناكۆكى نێو كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى كوردستان تا ده‌هات توندتر ده‌بوو، به‌تایبه‌تى له‌نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا له‌لایه‌ك و سالار و مه‌لا به‌ختیار له‌لایه‌كه‌وه، توندوتیژى نه‌وشیروان و پیلان سه‌پاندن بۆ ده‌رپه‌ڕاندنى نه‌یاره فكرى و سیاسییه‌كانى له كۆنفرانسه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌راندا، به سه‌پاندنى لیستى تایبه‌تى له‌هه‌ڵبژاردنى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵه‌دا، له‌به‌رامبه‌ریشدا، لاسارى و سووربوون له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ى سالار عه‌زیز له‌لایه‌كى تر، كاره‌كه‌ى گه‌یانده جیابوونه‌وه‌ى ئالاى شۆڕش له ى.ن.ك. ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌و كێشانه به تێپه‌ڕینى رۆژگار قابیلى چاره‌سه‌ركردن بوون.
ئه‌وه‌ى راسته من و برایانى شۆسیالیست (شۆڕشگێڕان پاشان) كه مابوونه‌وه، له‌ناو ى.ن.ك دا هه‌وڵمان دا په‌كى ئه‌و سیاسه‌ته توندوتیژییه بخه‌ین، به‌لام مه‌خابن گه‌یه‌ندرایه حوكمى ئیعدام و چاره‌ى ناكۆكییه‌كه به‌شه‌ڕو پێكدادان. كه‌چى سكرتێرى كۆمه‌ڵه ئه‌و هێڵه‌ى قیاده ده‌كرد كه به كوشتن و گرتن و ته‌فروتوناكردن كێشه‌كان ببرێته‌وه.
له‌ناو خۆشمان‌دا، بێ ئاگادارى سكرتێرى گشتى و نیوه‌ى (م.س)و ناوه‌ندى كۆمه‌ڵه‌ش، بڕیارى كوشتنى خه‌ڵكى له‌شارو له‌لادێ ده‌رده‌كرد. ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆیه‌كى گه‌وره‌ى ناكۆكى ئێمه‌مانان له‌گه‌ل هێڵى نه‌وشیروان له‌ساڵى (1981)ه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا. تا كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ى هه‌ڕه‌شه‌مان كرد به‌به‌جێهێشتنى ولات ئه‌گه‌ر كوشتار له‌شارو له‌لادێ رانه‌وه‌ستێت، هه‌رچه‌نده، سه‌ره‌تا ئه‌نجامدانى ئه‌و تاوانانه‌و گه‌لـێ بڕیارى ترمان لـێ ده‌شاردرایه‌وه، به‌لام سه‌ره‌نجام، دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م، له‌رێگه‌ى به‌رپرسانى گه‌وره‌ى ناو شاره‌وه، راستیه‌كانمان هه‌موو زانى و چیكه فڕوفێل دادى نه‌ده‌دا. ئه‌م راستیانه‌ش واى لێكردین بتوانین دوا سنوور بۆ پاكتاوى جه‌سته‌یى ناڕه‌وا دابنێین! ئه‌مه یه‌كه‌مین ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى ناڕاسته‌وخۆى گرنگى نێومان بوو، له‌گه‌لا په‌یڕه‌وانى توندوتیژى.
پاشان، هه‌ر له‌و زه‌مان و زه‌مینه‌یه‌دا، مه‌خابن، شه‌ڕى ناوخۆ قوڵتر كرا‌و به‌سه‌رى ى.ن.ك دا سه‌پێنرا كه به‌رگریى له‌خۆى و شۆڕش بكات، ئه‌وه بوو، له هه‌ولێرو سلێمانى‌و هه‌ندێ ناوچه‌ى تریش، شه‌ڕ، پێچه‌وانه‌ى به‌رنامه‌و سیاسه‌تى یه‌كێتى، روویداو، له‌ره‌وتى گشتى روداوه‌كانى ناوخۆ تێنه‌په‌ڕین. به‌لام روداوه‌كان له شه‌ڕى قرناقاو پشت ئاشان-دا به‌هۆى گرتنه‌به‌رى سیاسه‌تێكى عه‌سكه‌رى بڕیارلـێنه‌دراوه‌وه، خراپ و نامرۆڤانه شكانه‌وه‌و رووداوى زۆر ناله‌بارییان لـێكه‌وته‌وه. كه ئه‌م روداوانه له‌مه‌ڵبه‌ندى یه‌كى سلێمانییدا روویان نه‌دا.
له‌ڕووى فیكرییشه‌وه، به‌ئاشكرا ده‌یگوت: كه ماركسیزم گه‌ڕوگول بووه‌و سۆشیالیزم باوى نه‌ماوه، كه‌چى خۆشى سكرتێرى كۆمه‌ڵه‌ى ماركسى لینینى بوو! هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ى ئه‌ویش بنه‌ماى فیكرى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه بوو له‌دواییدا.
له‌شه‌ڕیشمان له‌گه‌ل عیراقدا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئاشكرا رژێمى عیراق فاشستى بوو، تاوانى جینۆسایدى ئه‌نجام ده‌دا، به‌لام سكرتێرى كۆمه‌ڵه جارجاره به‌ته‌نیا ئه‌مرى واى ده‌رده‌كرد، كه جێبه‌جێكردنیان به‌ڕواڵه‌تیش شه‌ڕه‌كه‌ى ده‌كرده شه‌ڕى كورد‌و عه‌ره‌ب نه‌ك شه‌ڕى كوردایه‌تى له‌دژى دیكتاتۆریه‌ت، ئه‌مه‌ش پاساوى ده‌دایه شۆڤێنیه‌كان بۆ زیاتر ئه‌نجامدانى تاوان. هه‌روه‌ك گاڵـه‌و گاڵته‌شى به‌دروشمه‌كانى برایه‌تى كورد‌و عه‌ره‌بو هاوخه‌باتى هێزه‌كانى كورد‌و عه‌ره‌ب ده‌هات، لێره‌شدا جیاوازییه‌كى تر له‌نێوانمان دروست بوو، چونكه ئێمه‌مانان باوه‌ڕمان به‌و برایه‌تى و هاوخه‌باتییه هه‌میشه هه‌بوو، هه‌وڵى پێكهێنانى جه‌بهه‌ى عیراق دژى دیكتاتۆریه‌تیشمان به‌رده‌وام دابوو.
ناچار بۆ مانه‌وه‌ى شۆڕش‌و یه‌كگرتویى ریزه‌كانى یه‌كێتیى، سه‌ره‌ڕاى كێشه‌و بێشه‌و دوبه‌ره‌كییه شاردراوه‌كه‌ش، به‌هیواى چاك كرد ن‌و راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌و بۆچوونه ناڕاسته‌كان، گوزه‌راندمان. به‌پێى ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ى كه په‌سه‌ندمان كردبوو، سه‌ره‌تاى پاراستنى یه‌كێتى و یه‌كێتیى ریزه‌كانى ناو ى.ن.ك به‌تایبه‌تى كه سكرتێرى كۆمه‌ڵه بوو، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ل زۆربه‌ى كادره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ش تێكى دابوو، به‌تایبه‌تى نه‌مران جه‌بار فه‌رمان و د.خه‌سره‌و و د.ئه‌رسه‌لان و هه‌ڤال عومه‌ر فه‌تاح و عه‌لى بچكۆل و ده‌یان هه‌ڤاڵى تریش.
له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه سیاسى و فكرییه‌دا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى زۆرمان له‌گه‌ل سه‌دامییه‌كاندا هه‌بوو، به‌تایبه‌تى سیاسه‌تى سه‌دام له‌جه‌نگى عێراق-ئێران‌دا، سروشتى فاشیانه‌ى رژێم ئاشكرا ده‌ركه‌وتبوو، ده‌ریش كه‌وتبوو كه ئه‌م فاشیستانه له‌هیچ تاوانێك نه‌ده‌سڵه‌مینه‌وه، مفاوه‌زاته‌كه‌شمان له‌گه‌ل رژێم ساڵێك بوو به‌هۆى شۆڤێنیه‌تى به‌عسى سه‌دامى و ته‌كنه‌لۆژیاى جه‌نگی و فشاره ئیقلیمیه‌كه، شكستى خواردبوو، ئه‌و هه‌موو راستیانه‌مان ده‌زانى، بۆیه ده‌بوو ژیرانه‌تر هه‌ڵبسوڕێین و كه‌مترین پاساو بده‌ینه ده‌ست فاشیه‌كان، كه‌چى له‌وكاته‌دا، نه‌ك نه‌مانتوانى جیاوازیه‌كان و هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به سكرتێرى كۆمه‌ڵه كه‌م بكرێنه‌وه، به‌ڵكو ناوبراو ناكۆكیه‌كانى له مه‌یدانى سیاسه‌تو فكره‌وه، گه‌یانده ئاستێكى ترسناك، ئه‌ویش بوارى عه‌سكه‌رییه، بڕیارى هه‌ره مه‌ترسیداریش له‌وكاته‌دا، ئه‌وه بوو به‌بێ ره‌زامه‌ندى سكرتێرى گشتى، كه فه‌رمانده‌ى گشتى هێزى (پ.م)ش بوو، به‌ڵكو به‌بێ ره‌زامه‌ندى زۆربه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى‌و سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیش، فه‌رمانى عه‌سكه‌رى دابوو به فه‌رمانده‌و هه‌ڤالانى ده‌ڤه‌رى هه‌ڵه‌بجه، كه وه‌كو به‌شێك له هاوكێشه عه‌سكه‌رییه‌كانى جه‌نگى عێراق ئێران هه‌وڵى رزگاركردنى هه‌ڵه‌بجه بده‌ن. گوایه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گوشار بوو بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تى كه رژێم په‌لامارى ده‌دا. ئه‌م بڕیاره‌ش به‌وشێوه‌یه، به‌بێ لێكدانه‌وه‌ى هه‌لومه‌رجى جه‌نگه‌كه‌و سروشتى فاشیانه‌ى سه‌دامیه‌كان له دوو ساڵى كۆتایى جه‌نگه‌كه‌دا، پاساوى دایه ده‌ست سه‌دام كه سروشته فاشیه‌كه‌ى به رۆژى روناك، به‌بێ دوودڵیى له شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا جێبه‌جێ بكات. كه ئه‌گه‌ر هاتباو ئه‌م نه‌خشه‌یه له مه‌كته‌بى سیاسى‌و له‌گه‌ڵ سكرتێر‌و فه‌رمانده‌ى گشتی (پ.م)دا، باسكراباو تاوتوێ بكرایه، بێگومان رێگه‌نه‌ده‌درا رێگه‌ى وا بگیرێته‌به‌ر. به‌ڵكو هه‌ولا ده‌درا نه‌خشه‌و تاكتیكى عه‌سكه‌رى گونجاوتر له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بگیرێته‌به‌ر. به‌تایبه‌تى حكومه‌ت پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ ناردبوین كه هه‌ر په‌لامارێك له‌گه‌لا پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ر شوێنێك، به به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى جوابى ده‌بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر شارى سلێمانیش بێت. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌م راستیانه‌ش، ئۆباڵى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رانسه‌رى كوردستان، له‌ئه‌ستۆى به‌عسى سه‌دامدایه.
كه كاره‌ساته‌كه روویداو حوكمى دیكتاتۆرى هه‌ڵه‌بجه‌ى دایه به‌ر چه‌كى كیمیاوى، ناڕه‌زایى له‌سه‌ر سه‌پاندنى بڕیاره‌كه، كه به‌بێ ره‌زامه‌ندى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌ركرابوو، له‌لایه‌ن چه‌ندین هه‌ڤاڵه‌وه به‌رزبۆوه. به‌لام تازه كار له‌كار ترازابوو.
ناكۆكیه‌كى تر‌ى سه‌ره‌كى له‌نێوانماندا، له‌سه‌روبه‌رى راوه‌ستانى شه‌ڕى ئێران- عیراق بوو، له‌وساته‌دا سكرتێرى كۆمه‌ڵه باوه‌ڕى به‌شۆڕش نه‌مابوو، له‌دواى شه‌ڕى سه‌ركردایه‌تى وره‌ى به‌ردابوو، به‌په‌له‌پروزه ناوچه‌كه‌ى به‌جێهێشت به‌سه‌ر هه‌ڤالانى سه‌ركردایه‌تیدا بێ ئه‌وه‌ى پرس و راوێژیان پێ بكات. به‌تایبه‌تى له‌دواى ئه‌نفاله‌كان. كه سه‌دان خێزان و هه‌زاران كه‌س له‌گه‌لا یه‌كێتى له‌پاشه‌كشه‌دا كه‌وتبوون و پێویستیان به‌هاوكارىو رێنوێنى هه‌بوو، به‌لام سكرتێرى كۆمه‌ڵه به‌ئاره‌زووى خۆى بڕیارى ده‌داو سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌خۆ كه‌وته بلاوه‌پێكردنى شۆڕش‌و ده‌ستى كرد به‌ناردنه ده‌ره‌وه‌ى كادیره‌كانى نزیك له‌خۆى و هاندانى پێشمه‌رگه‌ش بۆ چونه ماڵى خۆیان یان بۆ ئێرَان. به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ده‌سه‌لاتى جێگرى سكرتێرى گشتى له‌غیابى سكرتێرى گشتیدا، خه‌ریك بوو شۆڕشه‌كه بلاوه پێ بكات. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستى هه‌ڤالان كاك كۆسره‌تو هه‌ڤال جه‌بار فه‌رمان و چه‌ند هه‌ڤاڵێكى شۆڕشگێڕیان نه‌با، به‌ره‌سمى بڕیارى بلاوه‌پێكردنى شۆڕشى ده‌دا. سه‌ره‌نجامى ئه‌م سیاسه‌ته‌و ئه‌م باوه‌ڕه‌ى كه‌وته هه‌ڵگرتنى دروشمى گفتوگۆ له‌گه‌ل سه‌دام و پروپاگه‌نده بۆ نه‌مانى تواناى درێژه‌دان به شۆڕش. بۆ رازیكردنى سكرتێرى گشتیش، كه له‌سوریه بوو، هه‌ڤال عومه‌ر عه‌بدوڵلا یان نارده لاى. به‌لام سكرتێرى گشتى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى په‌سه‌ند نه‌كردو به‌قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ى وه‌لامى دانه‌وه، كه خه‌بات درێژه پێده‌ده‌ین تا سه‌دام هه‌ر ده‌ڕوخێنین.
لێره‌وه ناكۆكى نێوان سكرتێرى گشتى و جێگره‌كه‌ى زۆر توند‌و قول بوو. هه‌ر به‌وه خاوكرایه‌وه كه پاشان (م.س) بڕیارى دا شۆڕش به‌شێوه‌ى شه‌ڕى پارتیزانى درێژه‌ى هه‌بێت و خه‌بات شان به‌شانى موعاره‌زه‌ى عیراقیش دژى دیكتاتۆریه‌ت درێژه‌ى هه‌بێت، خۆشمان ده‌ست بكه‌ین به دروستكردنى ده‌سته‌ى چه‌كدار له‌شاره‌كان و ئۆردوگاكان بۆ رۆژى خۆى. چونكه ئێمه پێمان وابوو، كه سه‌دام كه‌تنێك له‌گه‌لا كوێت، هه‌ر ده‌كات، ئه‌مریكاو ئه‌وروپاش هه‌ر لێى ده‌ده‌ن. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش له‌گه‌ل نه‌وشیروان ناكۆك بووین، چونكه ئه‌و پێى وابوو كه له‌سه‌دام نادرێت، ته‌نانه‌ت دواى په‌لاماردانى كوێتیش پێى وابو سه‌دام ده‌كشێته‌وه، بۆیه داواى گفتوگۆى له‌گه‌لا سه‌دام ده‌كرد. ئه‌وه‌بوو، بێ پرسى هه‌ڤالانیش، به‌تایبه‌تى سكرتێرى گشتى، كه‌وته نامه‌ناردن بۆ سه‌دام و هه‌وڵدانى لاواز بۆ رێكه‌وتنێكى لاواز به‌هیواى ئه‌وه‌ى سیاسه‌تى خۆى بباته‌سه‌ر. كه‌چى نه‌ك سه‌دام ئاماده‌نه‌بوو چاره‌سه‌رێكى لاوازیش بۆ كێشه‌كه بسه‌لمێنێ، به‌ڵكو شه‌خسى خۆى ئاماده نه‌بوو وه‌لامى یه‌ك نامه‌ى جێگرى سكرتێرى یه‌كێتیى بداته‌وه، ته‌نیا داواى زاره‌كى ئه‌وه‌بوو كه (یاخیبووه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ریزى نیشتمانى) ئه‌مه‌ش هه‌ر بیروبۆچونه‌كانى هێڵى روخاندنى سه‌دامى سه‌لمانده‌وه، كه رژێم شۆڤێنى و فاشییه‌و مافى دیمو‌كراتى هه‌رگیز نادات.
له‌ناو هه‌ڤالان و پێشمه‌رگه‌و باره‌گاكانیشدا، هه‌وڵى ده‌دا بیروڕاكانى هه‌ڤال كۆسره‌ت و برایانى تر، كه ده‌یانگوت سه‌دام لێى ده‌درێت و ده‌شڵه‌ژێ، كه‌مبایه‌خ بكات، هه‌تا بتوانێ هێڵى سیاسیى خۆى زیاتر بره‌و پێبدات. له‌م رێڕه‌وه سیاسییه‌داو له‌و بارودۆخه‌دا، نه‌وشیروان دوو هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى كرد: یه‌كه‌میان ئه‌و لێكدانه‌وه هه‌ڵه‌یه بوو، ده‌رباره‌ى لێدان و لـێنه‌دانى سه‌دام و ده‌ركردنى له كوێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و لێكدانه‌وه چه‌وته‌ش ى.ن.ك-ى توشى هه‌ڵه‌یه‌كى مێژوویى كرد، كه ده‌رفه‌ت و هه‌لێكى مێژوویى له‌ده‌ستداین، ئه‌ویش ئه‌مه‌ى خواره‌وه بوو:
ئه‌مریكیه‌كان به سكرتێرى گشتى ى.ن.ك یان راگه‌یاند، كه ئه‌گه‌ر بێت و هاوكارى هێزى هاوپه‌یمانان بۆ رزگاركردنى كوێت بكه‌ن، ئه‌وا هه‌م یارمه‌تییه‌كى باشى چه‌ك و ماددى ده‌ده‌ن به‌كوردو هه‌م پاشان فیدرالیه‌تیشى له‌عیراقدا بۆ ده‌سه‌لمێنن و ده‌سه‌پێنن. سكرتێرى گشتیش، داواى له‌نه‌وشیروان كرد، كه له‌گه‌ل هه‌ڤالانى سه‌ركردایه‌تى و پارتیش دراسه‌ى بكه‌ن و وه‌لامى بده‌نه‌وه. ئه‌ویش وا وه‌لامى سكرتێرى گشتى دایه‌وه: كه ئه‌وه په‌سه‌ند نییه، چونكه سه‌دام هه‌ر به‌خۆشى له‌كوێت ده‌كشێته‌وه‌و شه‌ڕه‌كه‌ش تووشى ئێمه ده‌بێت. به‌م هه‌ڵوێسته هه‌ڵه‌یه هه‌ڵێكى مێژوویى له‌كیس كورد دا، ئه‌گینا دواى رزگارى كوێت، به‌تایبه‌تى كه‌زۆربه‌ى زۆرى كوردستان‌مان رزگاركردبوو، فیدراڵمان بۆ ده‌چه‌سپا.
له‌دواى ئه‌و دوو هه‌ڵه‌یه، نه‌وشیروان دووچارى هه‌ڵه‌یه‌كى تریش هات، ئه‌ویش كه راپه‌ڕین به‌هاتنه‌وه‌ى له‌شكرى عیراق بۆ شاره گه‌وره‌كان تووشى شكان هات، له‌جیاتى ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى به‌ربه‌ره‌كانێى بكات، وه‌ك جێگرى (س.گ)و (ف.هـ.پ.ك) ئه‌مجاره‌ش به‌بێ بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى‌و به‌رنامه‌یه‌كى سیاسى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه ناله‌باره، گوتبوى من ده‌مزانى وامان به‌سه‌ردێ، به‌لام مام جه‌لال ئه‌م سیاسه‌ته‌ى سه‌پاندو تووشى كاره‌ساتى كردین. گوایه له‌ترسى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك تۆڵه‌ى كوژراوى خۆیانمان لـێده‌كه‌نه‌وه!
به‌مجۆره ده‌بینین كه له ئان‌و كاته هه‌ستیاره مێژووییه‌كاندا نه‌وشیروان هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى توشى ى.ن.ك كردووه. هه‌ربۆیه‌ش دواى خۆگرتنه‌وه له‌راپه‌ڕینه‌كه، له‌كاتێكدا هه‌ڤالا كۆسره‌ت له‌ناوچه‌كانى هه‌ولێرو هه‌ڤالا جه‌بار فه‌رمانى نه‌مر له‌ناوچه‌كانى سلێمانى و گه‌رمیان خه‌ریكى پاراستنى ناوچه رزگاركراوه‌كان و ده‌رپه‌ڕاندنى هێزى میرى بوون، نه‌وشیروان له‌ناوزه‌نگ خۆى شاردبوه‌وه‌و په‌یتاپه‌یتاش ره‌خنه‌ى روخێنه‌رى ده‌گرت.
له‌دواى ئه‌وه‌ى ئیتر ولاتى بۆ له‌نده‌ن به‌جێهێشت. تا سه‌روبه‌رى یه‌كه‌مین كۆنگرێس نه‌هاته‌وه. كه هاته‌وه‌ش، بۆ به‌گژاچوونى سكرتێرى گشتى و تێكدانى ى.ن.ك كارى ده‌كرد، به‌جۆرێك كه به‌ئاشكرا ده‌یگووت با ى.ن.ك تێك چێت، شتێكى نوێ دروست ده‌كه‌ینه‌وه. سه‌ره‌نجامى ئه‌م كێشانه، كۆنگره له‌باتى ئه‌وه‌ى له‌راپه‌ڕیندا رێ و شوێنى سیاسى بۆ سه‌ركه‌وتن و ئیداره‌ى حكومه‌ت دابنێ، هه‌ر گیرۆده‌ى كێشه‌و بێشه‌ى كۆن و هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌كانى رابردوو بوو. گوایه درێژترین كۆنگره بوو، به‌لام كه‌مترین چاره‌سه‌رى دۆزییه‌وه.
به‌م جۆره له‌مێژ ساڵه، له‌سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانه‌وه (نه‌ك له دوو هه‌زاره‌وه)، دوو هێڵى ناو ى.ن.ك هاته‌كایه‌وه، هێڵى پاراستنى ى.ن.ك و په‌رۆشى و دڵسۆزى بۆ یه‌كێتى ریزه‌كانىو هێڵى بێباكى له‌یه‌كێتىو به‌خشكه‌یى كاركردن بۆ له‌به‌ریه‌ك ترازاندنى.
هه‌ڤاڵینه!
له دووه‌مین كۆنگره‌شه‌وه، كه‌زانیى زۆربه‌ى زۆرى كادرى ناو ى.ن.ك-ى له‌گه‌لا نییه، كه‌وته پیلاندانان بۆ ده‌ستگه‌رى، هه‌رجاره به‌بیانوویه‌كو به‌شێوه‌یه‌ك. هه‌موو هه‌وڵێكى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵیا سودیان نه‌بوو. له‌دوا سه‌ره‌نجامدا، هه‌لى قۆزته‌وه بۆ هه‌ڵڕشتنى سیاسه‌تى كۆنه‌قینو پیلانه كۆنه‌كانى.
ده‌سته‌گه‌ریى نه‌وشیروان له‌لایه‌ن باڵى یه‌كێتیى خواز‌و دڵسۆز هه‌ستى پێكرابوو، ته‌نانه‌ت ناو به‌ناو بلاوكراوه‌ى ناوخۆشیان ده‌گه‌یشته ده‌ستمان، به‌لام به‌هیوا كۆنه‌كه‌ى خۆمان، هیواى پاراستنى یه‌كێتیىو یه‌كێتیى ناو یه‌كێتیى چاوپۆشى لـێده‌كراو هه‌وڵى دڵڕاگرتنى ده‌درا. ده‌ریش كه‌وت كه ئه‌م سیاسه‌ته، به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تى تێك‌و پێكدانى یه‌كێتیى ناو یه‌كێتیى، ئه‌نجامى خوازراوى نه‌بوو بۆ رێگرتن له‌جیابونه‌وه. بڕیارێك بوو دابویانو بردیانه‌سه‌ر. به‌لام هێڵى یه‌كێتیى پارێز، له‌ناو یه‌كێتیدا، بالاده‌ست مایه‌وه‌و یه‌كێتیش سه‌لماندییه‌وه كه به‌وان هه‌رگیز تێك ناچێ. به‌ڵكو زۆر ناخایه‌نێ یه‌كێتیى ده‌برێته‌وه سه‌ر رێبازه مێژووییه‌كه‌ى بۆ راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه دیموكراسى‌و مه‌ده‌نى و كوردایه‌تیه‌كه‌ى. به چاكسازىو گۆڕانكارىو به‌دیهێنانى سیسته‌مێكى مۆدێرنیشه‌وه.
ئاشكرابوونى دژایه‌تى (ى.ن.ك)
دواى ئه‌وه‌ى نه‌وشیروان توانیبوى چوار ئه‌ندامى (م.س) له‌گه‌لا چه‌ند ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى به‌لاى خۆیدا رابكێشێت، ده‌ستى به پیلان دانان بۆ جێبه‌جێكردنى نه‌خشه‌ى دژایه‌تى ى.ن.ك و لاوازكردن و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵته‌كاندنى، كرد.
خۆى به‌بیانوى ئه‌وه‌ى تاقه‌تى حزبایه‌تى نه‌ماوه له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه ده‌ستى له‌یه‌كێتى هه‌ڵگرت، به‌پێى نه‌خشه‌یه‌كیش، كه پاشان ئاشكرابوو، داواى كرد كه بۆ دانانى (په‌یمانگایه‌كى ستراتیژى بۆ توێژینه‌وه) بۆ ى.ن.ك و حكومه‌تى هه‌رێمو كوردایه‌تى یارمه‌تى بدرێ.
سكرتێرى گشتى سه‌ره‌ڕاى بۆچوونى جیاواز له‌ناو مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى، باوه‌ڕى پێكردو پاره‌ى كه داواى كرد (ده ملیۆن دۆلار)و گرده‌كه‌و هه‌ندێ شتى تر‌ى بۆ دابین كرد. ئه‌ویش له‌جیاتى توێژینه‌وه‌ى ستراتیژى، كۆمپانیاى وشه‌ى پێ دانا، ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌و رادیۆى پێ دانا‌و كه‌وته دژایه‌تی ی.ن.ك.
سكرتێرى گشتى له‌ژێر گوشارى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و (م.س) به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى سه‌ربه‌خۆى بوون، له‌گه‌ڵیدا كه‌وته‌وه گفتوگۆ، له‌ئه‌نجامدا به‌ڵێنى دا پشتیوانى له‌پرۆژه‌ى چاكسازى هه‌ڤاڵ سكرتێرى گشتى بكات، بۆ جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌لاته‌كانى حیزب و حكومه‌ت. ته‌نانه‌ت به‌شداریشى له داڕشتنى پرۆژه‌كه‌ى سكرتێرى گشتى كرد كه پاشان بلاوكرایه‌وه.
كه‌چى له‌بنه‌وه هه‌ر خه‌ریكى پیلانگێڕى بوو.. ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌شى به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌پۆسته‌كانیان له‌ناو ى.ن.ك هه‌رچى توانیان بۆیان ئه‌نجام دا. له‌هه‌موو خراپتر‌و بێ ئه‌مه‌كتر، بلاوكردنه‌وه‌ى نهێنییه‌كانى یه‌كێتى بوو له‌میدیاكاندا. كه ئه‌مه ناپاكى بوو به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌تى مه‌سئولیه‌ت. ئه‌وه‌بوو كه زانى له‌ناو خه‌ڵك ناڕه‌زایى هه‌یه، لیستى گۆڕ‌انى هێنایه كایه‌وه بۆ دژایه‌تی ى.ن.ك. پێشتریش خۆى و ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌ى، كه‌وتبونه هێرش بۆ سه‌ر ى.ن.ك و به‌درۆى سلێمانچێتى كردن، یه‌كێكه له‌و پروپاگه‌نده ناڕاستانه‌ى بلاویان كرده‌وه، گوایه ى.ن.ك مانگانه پاره‌یه‌كى زۆر وه‌رده‌گرێتو خه‌ڵكى سلێمانى لـێبێبه‌ش كردووه! ئه‌وه‌ى راست بێت، راستیه‌كان ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌یه:
1-ى.ن.ك ئه‌و پاره‌یه‌ى وه‌رى ده‌گرێ بۆ (هـ.پ.ك)، شه‌هیدان، كه‌مئه‌ندامان، چه‌كو تفاقى (هـ.پ.ك)و ئینجا ى.ن.ك-ه.
2-ئه‌وه‌ى زیانى دارایى گه‌وره‌شى له سلێمانى دا، هه‌ر نه‌وشیروان و ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌ى بوون، كه بونه هۆى بێبه‌شكردنى سلێمانى له نزیكه‌ى سێ هه‌زار ملیۆن دۆلار. چۆن؟
كۆریه‌كان له‌گه‌ل (س.گ) پێكهاتبوون كه هێزێكیان بهێننه معسكر سلام كه بۆ پاراستنى ئاسایش له عێراق به‌بڕیارى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان هاتبوون. به‌ڵێنیشیان دا كه نزیكه‌ى (3) هه‌زار ملیۆن دۆلار له‌چه‌ند ساڵێكدا له‌و ناوچه‌یه سه‌رف بكه‌ن، رێگه‌ى كارگه‌یه‌كى كۆرى بده‌ن كه كارگه‌یه‌كى ئاسن له پێنجوێن دابنێت.
كه داواى كۆریه‌كان گه‌یشته (م.س) نه‌وشیروان و ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌ى ره‌تیان كرده‌وه‌و گوتیان: نابێت بێنه ناوچه‌ى سلێمانى.
ئه‌وه‌بوو چونه هه‌ولێرو پاره‌یه‌كى زۆریان له هه‌ولێر سه‌رف كرد.؟ دیاره ده‌ستیان خۆش بێ. هه‌ولێریش شارى خۆشه‌ویست و پایته‌ختى خۆمانه، خه‌ڵكه‌كه‌شى خه‌ڵكى دڵسۆز‌و خۆشه‌ویستى خۆمانن. ئه‌م راستییه‌م بۆیه باسكرد كه نیشانى بده‌ین ى.ن.ك هه‌میشه دڵسۆزى سلێمانى و خه‌ڵكه دلێره‌كه‌ى بووه، به‌لام نه‌وشیروان و ده‌سته‌كه‌ى رێگرى ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و خێر‌و بێره به‌خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى سلێمانى و پێنجوێن بگات!
سیاسه‌تى راسته‌قینه‌ى گۆڕ‌انى گرده‌كه
گۆڕ‌انى گرده‌كه، كه ده‌كاته گۆڕ‌انى نه‌وشیروان، له‌ده‌ستپێكیه‌وه دژى ى.ن.ك كارده‌كات.
به‌لام سیاسه‌تى شاردراوه، یان نیمچه شاردراوه‌یان دژى كوردایه‌تى، دژى فیدراله، دژى یه‌كێتى خاكى كوردستانه، دژى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى كه‌ركوكه بۆ باوه‌شى هه‌رێم، دژى (هـ.پ.ك)و یه‌كێتیى خه‌ڵكى كوردستانه. چۆن؟
1-دژایه‌تیكردنى (ى.ن.ك) بۆ هه‌موو خه‌ڵك و خۆمان ئاشكرا‌و روونه، بۆیه پێویستى به‌باسكردن نییه.
2-دژى فیدرالى كوردستانن: گه‌ر بۆیان بكرێ سلێمانى له هه‌رێم جیاده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌رێم پارچه پارچه ده‌كه‌ن، هه‌ر پارێزگایه‌ك بۆ خۆى لامه‌ركه‌زیه‌تێكى هه‌بێت.
3-دژایه‌تى كوردایه‌تین: به‌نه‌هێشتنى ئه‌و كیانه سیاسیه‌ى كوردستان دژى هه‌رێمو فیدرالیه‌تى كوردستانن.
4-دژى هاتنه‌وه‌ى كه‌ركوكن بۆ سه‌ر كوردستان: هه‌رده‌م به‌گوته‌یه‌ك جارێكیان ده‌ڵێ وا چه‌مچه‌مال و كفرى و كه‌لار هاتۆته سه‌ر سلێمانى و زۆربه‌ى نه‌وت و غاز له‌وێیه: ئیتر ئێمه بۆ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌را بكه‌ین؟ جارێكى تریان ده‌ڵێ: با كه‌ركوك پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ بێت! له‌هه‌ردوو جاردا كه‌ركوك نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم!
5-لاى هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت و هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى عیراقى ده‌ڵێ (هـ.پ.ك) زیاده‌یه‌و پێویستمان پێى نه‌ماوه.
6-هه‌ندێ جاریان نه‌وشیروان به‌ئاشكرا ده‌ڵێ بادینى كورد نین، كه‌ركوكى كه‌س نازانێ چین؟ هه‌ولێریش (قسه‌ى قێزه‌ون ده‌كات)، بۆیه هه‌ر سلێمانیمان به‌سه:
جا هه‌ڤاڵینه: ئێمه پێویسته كه له‌سه‌ر گۆڕ‌انى نه‌وشیروان ده‌نووسین، ئه‌م راستیانه بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه. نه‌ك شتى شه‌خسیه‌كانیان. پێویسته خه‌ته‌رى ئه‌و سیاسه‌ت چه‌وته‌یان ریسوا بكه‌ین.
هه‌روه‌ك پێویسته ئه‌م راستیه‌ش بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه، كه ئه‌و گۆڕانه پێویسته به نه‌وشیروان ناكرێت، به‌ڵكو به ى.ن.ك و پارتى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، كه ئه‌وان دژایه‌تیان ده‌كه‌ن.
پێویسته ئه‌م راستیه بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه كه بۆچى: له سه‌رۆك جاشه بابه‌لباب خائینه‌كانه‌وه، تا سه‌ر مه‌لا كرێكار، تا سه‌ر جاشه هاره‌كانى خۆماڵى، تا سه‌ر كۆنه جاسوس و كۆنه به‌عسى، هه‌روه‌ها باڵى تۆرانى جه‌بهه‌ى توركمانى، به‌گه‌رمى ده‌نگیان بۆ دان؟ ئایا له‌دژى پارتى و ى.ن.ك و حكومه‌تى هه‌رێم و كوردایه‌تى نه‌بوو؟
به‌ره‌و نوێكردنه‌وه‌ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و رێكخراوه دیموكراتییه‌كان پێویسته ئه‌م پلینۆمه بكه‌ینه سه‌ره‌تاى خه‌بات بۆ به‌ستنى كۆنگرێسێكى تێروته‌سه‌ل له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا بۆ خۆنوێكردنه‌وه، نوێكردنه‌وه‌ى ى.ن.ك و هـ.پ.ك و رێكخراوه دیموكراتییه‌كان. بۆ بنبڕ‌كردنى ده‌سته‌گه‌رى و بۆ به‌هێزكردنى یه‌كێتیى ریزه‌كانى یه‌كێتى، كه ئه‌و تاقمه سڕیان كردبوو، به‌كرده‌وه‌ش په‌كى ئیراده‌ى سیاسى ى.ن.ك-ى خستبوو. بۆ جێبه‌جێكردنى چاكسازىو ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى كه سكرتێرى گشتى پێشكه‌شى كرد، بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى یه‌كێتیى، هه‌ر له‌م پلینیۆمه‌دا پێویسته پلینیۆم بڕیارى سه‌رژمێریى ئه‌ندامان بدات، تاكو ژماره‌ى راسته‌قینه‌مان بۆ ساغ ببێته‌وه‌و به‌رنامه‌و پرۆژه‌و ئه‌ركو فه‌رمانه‌كانیش به‌وپێیه دیارى بكرێ.
هه‌ڤاڵینه هه‌موو هه‌لومه‌رج و كه‌ره‌سته‌ى سه‌ركه‌وتنمان له‌به‌دیهێنانى ئه‌و ئه‌ركانه له‌به‌رده‌سته. به‌مه‌ش ى.ن.ك به‌ڕووى گه‌شى مێژوویى خۆى، دواى داته‌كاندنى ته‌پوتۆز به‌سه‌رییه‌وه، دێته‌وه كایه‌ى خه‌بات، وه‌ك میراتگرى ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌رییانه‌و ئه‌و هه‌زاران شه‌هیدانه، وه‌ك پارێزه‌رى ده‌سكه‌وته بێوێنه‌كانى مێژوویى كه‌بریتین له‌سه‌رخستنى شۆڕشى كوردستان، دابینكردنى دیموكراسى بۆ عیراق‌و فیدرال بۆ كوردستان، هێنانه‌كایه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و ئه‌و هه‌موو ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى رووناكبیرىو ئاوه‌دانییه، وه‌ك تێكۆشه‌رى رێگه‌ى رزگارىو دیمو‌كراتى شان به‌شانى برایانى پارتى و حزبه دڵسۆزه‌كانى تر‌ى كوردستان.
هه‌ڤاڵینه ئاسۆ رووناكه سه‌ركه‌وتن له‌به‌رده‌سته ده‌سا بۆ پێشه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانمان.
http://www.pukmedia.com/kurdish/hewal2/25-12-2009/news01.html*****************************************************
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی وه‌ڵامه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه که له سایتی سبه‌یدا بڵاوکراوه‌ته‌وه:
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌شێك له هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن به‌زیانی كورده Tuesday, November 17, 2009
سازدانی هۆشیار عه‌بدوڵا:
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=343&cat=2&title=2*
له پلنیۆمی (ی.ن.ك) مام جه‌لال له قسه‌كانیدا لێپرسیراوێتی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵوێستی خستوه‌ته ئه‌ستۆی تۆ رای به‌ڕێزت چییه؟نه‌وشیروان مسته‌فا: من یه‌كه‌م هه‌واڵه‌كانی، كه به من گه‌یشتوه هی ده‌ستی دوه‌مه یه‌عنی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و له ده‌می ئه‌م و ئه‌وه‌وه بیستومه‌ته‌وه، من خۆم نه له ته‌له‌فزیۆندا گوێم لێبوه چی باس كردوه و نه به نوسینیش خوێندومه‌ته‌وه چی باس كردوه، ئه‌وه‌ی كه بیستومه ئه‌وه‌یه كه له رۆژنامه‌كاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی كه بیستومه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وانه‌ی له‌و پلنیۆمه‌دا به‌شدارییان كردوه به‌ده‌م بۆیان گێڕاومه‌ته‌وه و یاخود كه‌سی سێیه‌م بۆی گێڕاومه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه گێڕانه‌وه شتێكی له‌سه‌ر بینا ناكرێت تاوه‌كو بڵێیت ماده به ماده خاڵ به‌خاڵ و ئیتیهام به ئیتیهام جوابی بده‌مه‌وه، ئه‌وه هی یه‌كه‌مه هی دوه‌میش به‌ڕاستی من به‌لامه‌وه سه‌یره كابرایه‌ك به‌شی هه‌ره زۆری ته‌مه‌نی مه‌سئول بوبێت مه‌سئولی یه‌كه‌می جوڵانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو جوڵانه‌وه‌ی كورد بوبێت به‌م ته‌مه‌نه‌وه بڕوات پاكانه بكات بۆ حیزبی به‌عس، پاكانه بكات بۆ سه‌دام حسێن تاوانی كیمیابارانكردنی شارێكی گه‌وره‌ی كوردستان، كه ئێستا بوه به ره‌مز بۆ جوڵانه‌وه‌ی كورد له‌باتی ئه‌وه‌ی بیخاته سه‌ر نیزامی به‌عسی، بیخاته سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه ئێستا له دادگاكان‌دا مه‌حكه‌مه ده‌كرێن، بیخاته سه‌ر هاوڕێكانی خۆی من زۆر به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست