کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستا وگرفتى میتۆدى وانە ووتنەوە !

Thursday, 28/10/2010, 12:00



یەكێك لەوكێشە پەروەدەیی وزانستیانەى كە ڕووبەڕووى زۆرێك لەمامۆستایان وفێركارانى قوتابخانەكان دەبێتەوە ڕیباز وچۆنێتى وانە ووتنەوەیە وتەریقەتى گەیاندنى زانیارى وزانستى وانەكانە لەلایەن فێركارەوە بۆ عەقلیەت وزیهنى خوێندكار,ئەم كێشەش شتێكى چاوەڕوانكراوە , چونكە كۆى ڕەهەندوخانەكۆمەڵایەتى وبوارە گشتێكانى ژیانى تاكى كورد یارمەتیدەرێكى سەرەكى بەدەركەوتنى ئەم دیاردەیەن ,لەگەڵ ئەوەش دا ئێمە لەكۆمەڵگایەك دا دەژین تائێستا مەسەلەى یەكگرتووى زمان وڕۆشنبیركردنى تاك وفەراهەم كردنى كەشێكى ئارام وئازادى لەبۆخوێندكار ومامۆستا وەك پێویست كارى بۆنەكراوە ,بەتایبەتى جیاوازى زمان وڵێك تێنەگەیشتنى خوێندكار ومامۆستا وجیاوازى زمان چ زمانى بێگانە بەتایبەتى (عەرەبى _كوردى) چ زمانى ناوخۆى خۆشمان وەكو (سۆرانى _بادینانى) ئەم جیاوازییە زمانەوانیەش كێشەكانى وانەووتنەوەى ئاڵۆزتر وقورستركردووە ! ,چونكەئەگەر باس لەتێكەڵاوى زمانى عەرەبى بكەین لەپاش پرۆسەى ئازادى وڕووخانى ڕژێمى بەعس بەلێشاو مامۆستا گەلێكى زۆرلەناوچە سەر سنورێكان وخوارووى عێراقیش ڕوویان كردە هەرێمى كوردستان كە هەژاربوونێكى زمانى كوردییان پێوە دیاربوو ,نەئەوە بوو خوێندكارەكان لەزامنى عەرەبى تێبگەن ونەئەوەش بوو مامۆستاكان فێرى كوردییەكى تەواو بن ,بەڵكو هەردوولا لەتێنەگەیشتنێكى وانەى دا دەژیان ,ئێستاش لەزۆربەى قوتابخانە وناوەندە فێركارییەكان دا هەست بەم دیاردەیە دەكرێ ولەم بوارەیەوە هیچ هەوڵێكى چارەسەركردنى بۆ نەدراوە بەڵكوكەوتووەتە سەر توانا وئاستى لێهاتووى وزیرەكى وهۆشیارى ئەو كەسە چ مامۆستا یاخوێندكار .
تەنها گرفتى زمانیش تاكە هۆكارێك نیە بۆلاواز بوون وسست بوونى تەریقەتى وانە ووتنەوەى مامۆستایان ,دەیەها مامۆستا وفێركار هەن كەلەنێو كولتور وخوێندن وزانكۆ كوردییەكانەوە دەرچوون كەچى نەیانتوانیوە لەڕێبازى وانە ووتنەوەیان دا جۆرە تێگەیشتنێك لەگەڵ خوێندكاردا دروست بكەن ,ئەمەش هۆكارەكەى بەبۆچوونى من دەگەڕێتەوە بۆ هەژارى مەعریفى وكەم ئەزموونى مامۆستا ولێنەهاتووى بوونى لەمامەڵەى كۆمەڵایەتى وپەیوەندى كردنى كەسێتیانەى لەگەڵ خوێندكاران دا ,بۆیە لەهەمان كاتدا ناكرێت ئێمە واتێبگەین كەلەهەر پۆلێكدا ئەگەر هەست بەتەمبەڵى ونەبوونى پرسیار وخراپى ئاستى خوێندكار بكەین یەكسەر بێ بیركردنەوە تاوان وهۆكارەكەى بخەینە ئەستۆ وئۆباڵى خوێندكارەكان ,ئەبێ خویندنەوەیەكى وورد وگشتگیریمان هەبێت بۆ هەردوو لایەنەكە وئەوە بزانین كەهەردوولا بەرپرسیارن ,مامۆستاى سەركەوتوو ئەو مامۆستایەیە كەتەنها بەیەك میتۆد وڕێبازیكى تایبەت ودۆگما كار ناكات ولەچوارچێوە وعەقڵێكى داخراو دا مامەڵە لەگەڵ خوێندكاران دا ناكات بەڵكو تاڕادەیەك دەتوانێت زیاد لەمیتۆد وڕێگایەگى گونجاو تر بدۆزێتەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ خوێندكارەكان دا ,وهەموو تێنەگەیشتنێكى خوێندكاران لەوانەكە بۆ ئاستى خوێندكارەكان ناگەڕێنێتەوە بەڵكو پێداچوونەوەیەك بەخۆیدا دەكات وڕێگایەكى تر بۆ تێگەیشتن ولێكحاڵیبوون دەدۆزێتەوە .
هەروەها كۆمەڵە هۆكارێكى دیكەش هەن كەبوونەتە هۆى دوور كەوتنەوەى پەیوەندى تێگەیشتنانەلە نێوان توێژى مامۆستا وخوێند كاران دا ئەویش مەسەلەى دەروونى ولێك نزیكبوونەوەى كەسیتیانە ونەبوونى تووڕەبوون هۆكارێكى دیكەیە بۆ زیاتر تێگەیشتن لەیەكدى وسەرخستنى میتۆدى وانە ووتنەوە ,هەركاتێك مامۆستا نەیتوانى ئەرك وپەیام وكارەكانى بەمامۆستابوون بەجێ بهێنێت وبەشێوازێكى ڕواڵەتى كاروبەرنامەى مامۆستایى بەڕى بخات وكردار وجووڵە وبوارى پراكتیكى لەنێو كەسایەتیەكەى دا ڕەنگ نەداتەوە ئەوا بێگومان ناتوانێت ئەو سیفاتانەى كەلەپێشدا باسمان كرد بەسەر خوێندكاران دا جێبەجێان بكات , بێگومان لەوكاتەش دا وەك مامۆستا پڕ بەمانایى ووشە كۆتایى پێ دێت نەك تەنها ئەمەش بەڵكو دەبێتە مامۆستایەكى چكۆلانە وتەنها لەپێناو مووچەدا دەژى وبەس ! چگە لەمەش مامۆستا دەكرێ لەڕووى عیلم ومەعریفەتەوە جیا بكرێتەوە لەئەوانى تر وكەسانى ئاسایى كۆمەڵگا و كەسێكى سادە وسروشتى نەبێت وەكو ئەوان ولەهەمان كات دا كۆمەڵێك هێڵى مەعریفى وئەخلاقى وڕۆشنبیرى هەبێت كەئەولەخوێندكارەكان وخەڵكانى دەرەوە جیا بكاتەوە !!ئەمەش بەمانایى دوور بوونەوەى مامۆستا نایەت لەكۆمەڵگا ولایەنى كۆمەڵایەتى خەڵك بەڵكو بەمانایى ئەوە دێت كەپێویستە مامۆستا باكگراوند وپێشینەیەكى مەعریفى هەبێت تاوەكو بەرامبەرەكانى پێ هۆشیاربكاتەوە ,كەواتە ئەگەر ئێمە بمانەوێت پەیوەندى نێوان خۆمان وخوێندكار چاك بكەین ,پێویستە یەكەم جار لەڕووى هۆشیارى مەعریفى وكۆمەڵایەتى وكەسێتیەوە خۆمان دەوڵەمەند بكەین ,وەزمان ودەڕبڕینى قسەكردنمان لەئاستێكى زانستى وتێگەیشتوو دا بێت وسەرنجى خوێندكاران بۆ لاى خۆمان ڕاكێشین ....
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە