ئیرادەى خەڵك ئەو پێڵاوەیە حكومەتى عێراق لەپێی دەكات
Tuesday, 08/10/2013, 12:00
تێكڕای ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەى ڕۆژانە لێرەو لەوێ لە شارەكانى عێراق دەگوزەرێن ڕوویەكى قێزەون و ناشیرینیان بەپرۆسەى دیموكراسی بەخشیوە و ئەنجامدەرانى ئەو كەسانەن چاویان بەپرۆسەكە هەڵنایێ و چێژ لە تەقینەوە وەردەگرن.. كەیفساز و خۆشنوود و ئاسوودەی لەوەدا دەبینن كە بزانن كەس لە حاڵ و ماڵ و گیانى دڵنیا نییە، ئەو كەسانە هەمیشە لەبیری ئەوەدان چۆن چاڵ بۆ ئەم و ئەو لەپێناو مانەوەى خۆیان هەڵكەنن تا ببنە مشەخۆر و لەسەر حیسابی ئەم و ئەو نەش و نما بكەن، لێرەدا چەند پرسیارێ خۆیان قوت دەكەنەوە بەوەى: بۆچی خەڵك خۆی لە ئینتیما بۆ ئەو حكومەتەى عێراق دەبوورێ و ئەم وڵاتە سەراو ژوور ببێ ئامادە نییە بەبچوكترین زانیاری دەستی هاوكاری بۆ دام و دەزگاكانى هەواڵگری و پۆلیس و ئاسایش درێژ بكات لەكاتێكدا ئەگەر زۆری بۆ بێنى یەكسەر پێت دەڵێ: خۆزگەم بەكف دز، پێشتر بۆچی ئەم وڵاتە ئەوها كاول نەبوو؟ ئەگەر كاكە ڕەش بمابوایە ئەوجا پیاوم دەویست پێ بەخواری دانێ و زاتى ئەوە بكات ئاسیشی نەك شارێ تەنانەت گێرەشێوێنى لە گەڕەكێكدا بەرپا بكات.
ئەوە تێڕوانینى خەڵكانێكى ئێمەن: ئاخر ئەو بیركردنەوە و هزركردنە چ مانایێ دەبەخشن لەكاتێكدا هەموومان بێ پەروا شانازیمان بەوەوە دەكرد كە چرای تەمەنى گەورەترین دیكتاتۆر لەعێراق بۆ تاهەتایە كوژایەوە و كەچی بەدوای خۆیدا بەچكە دیكتاتۆری زۆری بۆ بەجێ هێشتین كە هەر ئەوەى لەجێی خۆی ڕاست دەبێتەوە بەئەقڵیەتێكی تەسك بیر دەكاتەوە، بیركردنەوەى بۆ شتەكان لەوەدا هەڵدەهەنجێ بەوەى ئەگەر تەواوى شتەكان بۆمن نەبن، ئەوە نابێ بۆ كەسی تر ببن و لەو سۆنگەوە ئامادەیی هەموو قوربانیەكن بۆ مانەوەى خۆیان وەك نانبڕینى ئەم و ئەو، وەك ئەنجامدانى تەقینەوەى بەردەوام لەپایتەختى عێراق و شارەكانى دیكە و دەست تێكەڵاوكردنیان لەگەڵ ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان و بەهەموو شێوەیێ خۆیان دەدزنەوە لەهەر هەوڵێك كە ببێتە هۆكار بۆ بەرقەراربوونى ئارامی و ئاسایش و خۆشنوودی بۆ تەواوى كۆمەڵانى خەڵكی عێراق.
چاوچنۆكى و خۆبەزلزانین و خۆپەرستى بەرپرسان گەیشتۆتە ترۆپكى بێڕێزییەكى ئەوتۆ قەت بەكوژرانى ڕۆژانەى دەیان و سەدان هاوڵاتى ئەم وڵاتە خێر لەخۆ نەدیوە بەتوندی ئازاری دەرونیان نادات و ناخیان ناهەژێنێ و تەقەى سەریان دێ، بگرە نەك بەكوژرانى دەیان كەس، بەڵكو لافاوى خوێن هەڵسێ ویژدانیان ناجولێ قفڵی دەمیان بكەنەوە و بێنە دەنگ و بەڕاشكاوى جاڕی دەست لەكار كێشانەوەى خۆیان بدەن، ئەوتانێ لەوڵاتە پێشكەوتووەكان زۆر جار لەڕوودانى كارەساتێكى سروشتى نەخوازراودا كە دەسەڵاتى مرۆڤى بەسەرەوە نیە و وەلێ لەسەرهەڵدانى دا وەزیر و كاربەدەست و بەرپرسانى پەیوەندیدار بەبێ هیچ فشار و خۆپیشاندان و توند وتیژییەك دەست بەرداری پۆستەكەیان دەبن و ئەوەندە كورسی پەرست نین كە هەتا دەمرن دەبێ هەر خۆیان دەمڕاست و مشرگێر و سوپەر ستاری فلیمەكانبن، وڵاتێك لێوان لێوبێ لە گەندەڵی و كوشت و بڕ و بێ یاسا و بێ سەروەری هەرگیز جێی ئومێد و تروسكایی نییە بتوانى لەگەڵیدا هەڵبكەى و دڵت پێی خۆشبێ، سەیرە خۆ ئێمەى كورد كە ئەوانمان لەلێواری مەرگ گەڕاندەوە و دەستیانمان گرت وتمان: بۆ خۆتان ببنە پیاو، تەماشای ئەزموونى هەرێمى كوردستان بكەن، بنواڕن بۆ ئەوەى وەكو ئێمەتان لێبێ، فەرموو وەرن ئەو ئەزموونە بگوازنەوە و ئەزمونەكەیان وەرگرت كەچی هیچ شتێكى تازە رووینەدا، نوری مالیكى تا بووەوە بە سەرۆك وەزیران بەرد شەقی برد و ئیدارەى وڵاتێكى بیست سی ملیۆنی لەبۆشایی دەخولایەوە دوای شەش حەوت مانگ بێنە و بەردە و ململانێ كەس بۆ كەسی دانەهێنا و كەس لەخەمى ئەوەدا نەبوو ئەوەى باجی ئەو شەڕە كورسیە دەدات تەنها و تەنها خەڵكە ڕەش و ڕووتەكەیە، دەى هەستنە سەرپێ ئەگەر ئێوە خۆتان بە فریادڕەسی ئەو قەیرانە دەزانن بۆچی لەیەك نابوورن و دەست لەملانێی یەك نابن؟ بۆچی سازش لەسەر هەندێ بابەتى هەنووكەیی بەرژوەندوشك ناكەن و بابەتە چارەنووسسازەكان ناكەنە سومبولی ئاشتەوایی و ئاشتبوونەوەى گشتى؟ باشە گوناهی ئەو ماڵە چییە ئێمە دەریایەك نەوتمان لەژێردا پەنگى خواردبێتەوە و بەبەرچاومانەوە ڕۆژانە بەدەیان ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەكانى جیهان دەنێرن و كەچی خەڵكێك هەبێ لەماڵەوە نان نەبێ بیخۆن و هەر دەبێ بەو ڕبەیە شتەكان بپێون: هى خۆمان دەخۆین و هێ ئێوەیش دەخۆین.
عێراق بەكورد و سوننە و شیعە قەت وەك سێ سەرە بەرانە لە مەنجەڵێكدا ناكوڵێ.. سەركردایەتى سیاسی كورد هەقە بیر لەوە بكاتەوە تاكەى ئەوان براگەورە و ئێمەیش خولامكاربین؟ تاكەى هەر چاومان لەوەبێ ئەگەر ئەوان خێرمان پێ نەكەن و بودجەكەمان بۆ نەنێرن كە لەسایەیدا هەندێ پڕ و هەندێ قڕن ئیدی هەر چاومان لێیانبێ و هەرچیەك بڵێن: لێیان قەبوڵ بكرێ، لەكاتێكدا هەست بە ئیرادەیەكى تۆكمە و بەهێز ناكرێ كە بەرپرسانى كورد خۆیان بۆ هەر ئەگەر و قەیران و ئیعلانێك ئامادەكردبێ چونكە ئەوە شەقامە بارودۆخەكە دەخوێنێتەوە و شەقامە وادەزانێ سەركردایەتى سیاسی كورد نەیتوانیوە خۆی لەقاوقی دوورەپەرێزى و دیواربەندی بەینیان ئاشتى بكاتەوە، لەولایشەوە سەركۆنە و بنكۆڵكردنى یەكتر لەلایەن پارتە سیاسیەكانەوە وەكو هیچ دەرەنجامێكى نییە و خزمەت بەدۆزى ڕەوای گەلەكەمان ناكات لەهەمان كات ئەگەر بەرپرسانى عێراق ئیرادەى خەڵك وەك پێڵاوێك دەبینن و دەیكەنە پێیان، بێتو بەرپرسانى خۆشمان بەهەمان نەفەس و بەو ئاڕاستە بیر بكەنەوە هەر لەخەمى خۆیاندا ببن و بەرژوەندی باڵای نەتەوەیی بەهەند هەڵنەگرن ئەوە پشتگیری جەماوەر و كۆمەڵانى خەڵك لەكوێی پرۆسەكەدا دەردەكەوێ ئەگەر بمانەوێ ئیعلانى دەوڵەتى سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنین و خەڵك بەو ئیعلانە دڵخۆش نەبێ و وابزانێ ئەویش هەر بەڕبەى تەق تەقە! لەوردكردنەوەى ئەو بۆچوونە دەبێ بەرپرسان ئەوەى بۆ خۆیان پێ خۆشە، هەمان شتیان بۆ هاونیشتمانیان پێ خۆشبێ و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیان و دادگەری و بنبڕكردنى گەندەڵی و چەسپااندنى بنەما دیموكراسیەكان زامنى هەموو پشتیوانیەكە، نەك پشت تێكردن و نەبوونى ئینتیما و ئامادەنەبوون بۆمقاوەمەت و بەرخودان لەمەڕ هەر پێكدادان و شەڕو شۆیەك وابزانین سەركردەكان بۆ دوو ڕۆژیتر وەتەنیەتمان بەسەر بفرۆشنەوە و ئێستا چۆن ڕەفتار دەكەن بۆ ئەو ئان و ساتە بەناوى دەستكەوە خراپتر بكەن و ئیرادەى خەڵك بكەنە بن پێیان و حیسابی بۆ نەكەن.. بۆیە دەكرێ ئەم ڕاپۆرتە بكرێتە هەوێنى داڕشتنى كارنامە و ئەجیندایەكى ستراتیژی بۆ ئەوەى بەرپرسانى لەمەڕ خۆمان لەسەری بوەستن و بەرنامەڕێژی بۆ ئەو داهاتووە گەشە بكەن كە هەموومان بەپەرۆشەوە چاومان تێبڕیوە و لە چاوەڕوانى هەڵهاتنى خۆرێكى تازەین بۆ ئەوەى بەیەكجاری دەستمان لەبەغدا ببڕێ و خۆمان مشووری خۆمان بخۆین كە ئەفسووس تاوەكو ئێستا تموحاتەكان لەو ئاستەدا نین كە لەئەگەرەكانى جیابوونەوەدا بتوانین خۆڕاگر ببین و بەرگەی برسێتى پێنج شەش مانگ و هەموو ئەو ئابلوقانە بگرین كە دەبێ بۆ هەموو شتەكان گریمانە و ئەگەری خۆمان لەسەری هەبێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست