ژانی گۆڕان، فۆبیای گۆڕان
Saturday, 14/02/2009, 12:00
1582 بینراوە
رژێم (رێژیم) هێژایهك ره‌خنه‌ی هه‌بوو، که له‌چه‌ند نووسینێکی بووریدا، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانم به رژێم (رێژیم) ناوزه‌ند کردووه‌و له‌و جۆره گوتاره "به بێژه‌ی ئه‌و حه‌ماسی"یانه فلسێك ناکه‌ن.
هه‌رچه‌نده له‌وێدا هاوڕام، سه‌رده‌می گوتاری ئیدیۆلۆژیی بهکهفوکوڵ به‌سه‌رچووه؛ لێ ئه‌وو هه‌ر هێژایه‌کی دی بهدحاڵیبوو دڵنیا ده‌که‌مه‌وه، بۆ گیڤبوونهوه ئه‌و وشه‌یه‌م هه‌ڵنه‌بژاردووه.
له راستییدا گه‌ر هه‌وڵیش بده‌م وه‌ك "فۆرم" نووسینه‌کانم به سۆزه‌وه دابڕێژم، هێشتا به‌پێی توانا یه‌که‌مێتی ده‌ده‌مه ئاوه‌زو ژیربێژو له ناوه‌رۆکدا هزری به‌رانبه‌ر ده‌دوێنم... ده‌بێت پێ له‌و راستییه‌ش بنێم، دوو هێنده‌ی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم سوودگه‌یاندنه، به مه‌رامی سوودوه‌رگرتن ده‌نووسم؛ هه‌میشه خۆم به قه‌رزداری ره‌خنه‌گران ده‌زانم.
وشه‌ی رێژیم له بنه‌ڕه‌تدا فره‌نسییه، سه‌ره‌تا واتایه‌کی "لا نه‌گر (نۆیترال)"ی گه‌یاندووه‌و وه‌ك ئه‌مڕۆ نه‌رێنی نه‌بووه. به هه‌ر شێوازێکی (ده‌سه‌ڵات)ی دهوڵهتییو دامه‌زراوه‌یی (رامیاریی/ ئابووریی/ کۆمه‌ڵایه‌تی/ کارگێڕیی) که له سه‌ره‌وه رێك بخرێن‌و به‌ڕێوه ببرێن گوتراوه. واتای وشه‌که بۆ بواره‌کانی دی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام بۆ بواری رامیاریی، هێدی هێدی ده‌سه‌ڵاته ره‌شه‌کانی مێژوو روویان ره‌ش کردووه‌و واتایه‌کی نه‌رێنی له‌خۆ گرتووه؛ ئه‌زیش هه‌ر مه‌به‌ستم واتا چهوتانهکهی بوو.
ئه‌مڕۆ (رێژیم) وه‌ك چه‌مك ده‌کاته: ده‌سه‌ڵاتێکی توندوتیژی قۆرخکاری ناڕه‌وا یان ره‌وایی له‌ده‌ستچوو، که گومان له دێمۆکراسییبوونی بکرێت‌و پێگه‌ی باڵای خۆی، وه‌ك ده‌ستاوێژی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌کی به‌کار بهێنێت.
ئێستا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: ئایا پێگه‌و ناووده‌نگی رامیاریی رژێمی هه‌رێمی کوردستان، به کوێی ئه‌و پێناسه‌یه نامۆ‌و ناته‌بایه؟!.
کام ده‌ستاوێژی گۆڕان؟ خه‌باتی چه‌کداریی دژی هه‌موو ئه‌و رژێمانه ره‌وایه که تۆتالیتارن، به چهپو راست دهچهپێننو رێگه به ته‌نها هه‌ناسه‌یه‌کی دێمۆکراسیی ناده‌ن؛ نموونه: (رژێمی له‌ناوچووی به‌عس/ رژێمی ئایینیی ئێران).
خه‌باتی چه‌کداریی ته‌نانه‌ت دژی ئه‌و رژێمانه‌ش پاساوی ژیربێژی هه‌یه، که دوو پێوه‌ریان هه‌یه بۆ دێمۆکراسیی‌و نه‌ژادپه‌رستانه له ماف‌و ئازادییه‌کانی میلله‌تانی دی ده‌ڕوانن؛ نموونه: (رژێمی که‌مالیستی تورکیا).
به‌ده‌ر له‌وه به بڕوام له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، ته‌نها نووزه‌یه‌کی دێمۆکراسیی ههبێتو مرۆڤ چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ژادیی له‌سه‌ر نه‌بێت... خودی که‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان هۆکاری ناڕه‌وایی‌و نادادپهروهرییو پێشێلکردنی دێمۆکراسیی بن. واته گه‌ر سیستمی رامیاریی وه‌ك تیۆریی، تۆتالیتا‌ر نه‌بێت، توندوتیژیی چه‌کداریی هیچ پاساوێکی نییه‌و پێویسته هه‌ر له پرینسیپه‌وه یه‌کبڕ (زه‌رب)ی به‌سه‌ردا بێت؛ چونکه هه‌ڵه‌و ناڕه‌واو کارهساتهێنهره؛ نموونه (هه‌رێمی کوردستان).
هه‌رێمی کوردستان، گه‌ر پێویستی به ریفۆرمی سیستمی رامیارییش هه‌بێت، پێویستی به گۆڕینی سیستمی رامیاریی نییه. چونکه وه‌ك تیۆریی، بنچینه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان کهمخهوشن.
لێ ته‌نها به گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی رامیاریی، کێشه‌کانی ده‌که‌ونه‌وه سه‌ر ره‌وتێکی سروشتیی... چونکه ئاکاری رامیاریی په‌یوه‌سته به مۆرال‌و کاره‌کته‌ری ده‌سه‌ڵاتدار. گه‌ر مۆرال‌و کاره‌کته‌ری ده‌سه‌ڵاتدار بۆگه‌ن بوو، چیدی ریفۆرم وه‌رناگرێت، پێویسته بگۆڕرێت.
گه‌ر مرۆڤ ئیدیۆلۆژیاو فه‌لسه‌فه‌و په‌یامی هه‌ر پێڕۆیه‌کی هه‌مه‌کیی مێژوو (فاشی/ نازیی/ کۆمونیستیی/ به‌عسیی/ ئیسلامیی...تد) بخوێنێته‌وه، ده‌توانێت له مانیفێستیاندا، پاساوی هزرییو رامیاریی، بۆ ره‌فتاری رژێمه فه‌رمانڕه‌واکانی ئاڵاهه‌ڵگریان به ئاسانی بدۆزێته‌وه.
که‌چیی نموونه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌گمه‌نن ((وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان)) که به چاووڕاوی پهیامو فه‌لسه‌فه‌و رامیاریی جوانه‌وه میریی به ڕێوه ده‌به‌ن، به‌ڵام به کردار رۆژانه هه‌تكی ده‌که‌ن... له راستییدا فێڵه‌کانی ئه‌و ته‌رزه ده‌سه‌ڵاتدارییه، ئهزموونو په‌ندوه‌رگرتنه له داڕمان‌و که‌وتنی رژێمه تۆتالیتار‌و نادادپه‌روه‌ره‌کانی مێژوو... پێشبینییه‌کانی ئه‌و جۆره له فه‌رمانڕه‌وایی، خه‌یاڵپڵاوییه‌کی دژوێژه به زیندووهێشتنهوهو درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی ناڕه‌وا یان ره‌وایی له‌ده‌ستچوو.
رژێمێکی ده‌سه‌ڵاتداری له‌و جۆره، ئه‌و کاته‌ی ده‌ترسێت بکه‌وێته خوار، توند خۆی به سه‌رله‌به‌ری سیستمه‌که‌وه ده‌جه‌ڕێنێت، هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو شت به خۆیه‌وه بخاته خوار. که‌واته هه‌ر هه‌وڵێکی توندوتیژی چه‌کداریی، بۆ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ها، دوور نییه نه‌بێته هۆی داڕمانی سه‌رله‌به‌ری سیستمه‌که به هه‌موو ئهرێنییهکانییهوه، ئه‌مه جگه له مه‌ترسییه‌کانی شه‌ڕی میللی‌و...تد.
به‌ڵام ئایا، پێویستمان به هیچ جۆرێکی توندوتیژیی نییه بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاریی له ده‌سه‌ڵاتدا بکه‌ین؟ به بڕوام، با!
پێویستمان به‌وه‌یه توندوتیژ بین له داواکردنی ئه‌و مافانه‌ی له یاسادا چهسپاونو ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێت نکۆڵییان لێ بکات... یه‌ك له‌وانه: هه‌ڵبژاردنێکی دهستتێوهرنهدراوی پارله‌مانیی به چاودێریی ناوه‌نده متمانه‌پێکراوه‌کانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه.
له‌گه‌ڵ ده‌نگۆی هه‌ڵبژاردندا، (پاسیفیسته‌کان) به هاریکاریی راستهوخۆو ناڕاسته‌وخۆی پێنووسه‌کانی ده‌سه‌ڵات، که‌وتوونه‌ته‌وه ریزکردنی به‌یتوبالۆره‌ی مێژووی شۆڕشگێڕییو مه‌ترسی له‌سه‌ر ئهزموونهکهمانو فاکته کۆمهڵایهتییهکانو...تد. که به بڕوام، مه‌به‌ستیشیان باش بێت، هه‌ر ده‌چنه خانه‌ی پاساوو به‌رگریی بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و رژێمه.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به تکاو پاڕانه‌وه‌و کڕوزانه‌وه‌ی پاسیفیسته رووخۆشهکان چاك نابێت... جارێك نووسێنێکی تایبه‌تم له‌سه‌ر (پاسیفیسته‌کان) بڵاو کرده‌وه، لێره‌دا زۆر ده‌رباره‌ی ناڵێم، ته‌نها وته‌زایه‌کی هونه‌رمه‌ندی فره‌نسی (مۆنتاند/ ١٩٢١- ١٩٩١) دووباره ده‌که‌مه‌وه؛ وی گوتی: پاسیفیسته‌کان وه‌ك ئه‌و مهڕانهن، که وا ده‌زانن گورگه‌که گیاخۆره!.
ئایا هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت؟ گه‌ر ده‌سه‌ڵات له چێ‌بوونی لیستێکی به‌هێز، که ئالتاری ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی میلله‌ت بێت‌و بچێته هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دڵنیا بێت، گومانم هه‌یه رێگه به ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بدات!.
دوورنییه دوو پارته‌که بۆ چاووڕاو، له‌نێو خۆیاندا تێکی بده‌ن؛ یان ته‌نگژه‌یه‌کی ده‌ره‌کیی بۆ په‌کخستنی هه‌ڵبژاردن قوت بکه‌نه‌وه؛ یاخود کێشه‌ی ناوه‌کیی یه‌ك له دوو زلپارتهکه بکه‌نه بیانووی دواخستن؛ یاخود سیناریۆی پشێوییه‌ك ئاماده بکهنو له‌مپه‌ڕ له به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دابنێن!.
بۆیه پێویسته هه‌موومان خۆمان بۆ ئه‌وه به‌رهه‌ڤ بکه‌ین، له کاتی چێ‌بوونی لیستی مه‌به‌ست، به هه‌موو شێوه‌یه‌كی سڤێل، فشار به ئاڕاسته‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دابنێین... پێویسته ئاگادار بین، گه‌ر گۆڕان ببێته دێفاکتۆ، ده‌بێته فۆبیای دهسهڵاتو ئێمه‌ش هه‌ڵه به هه‌ڵه چاره‌سه‌ر نه‌که‌ین!.
دێمۆکراسیی دادپه‌روه‌ریی له دێمۆکراسییدا رێژه‌ییه؛ نه هه‌رگیز ره‌ها بووه‌و نه هه‌رگیز ره‌ها ده‌بێت. لێ دێمۆکراسیی سه‌لماندوویه‌تی، دادپه‌روه‌رترین سیستمی رامیارییه، که به‌لاڕێداچوون ناپه‌ژرێنێت.
خاڵی به‌هێزو کرۆکی سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وامی دێمۆکراسیی ئه‌وه‌یه، که گۆڕان به‌رهه‌می سه‌ره‌کییه‌تی. گه‌ر دێمۆکراسیی له گۆڕان داببڕڕێت، خۆبزێو پێناسه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. چۆن ئوتومبێلێك به‌بێ خه‌سڵه‌تی بزووتن نرخێکی نییه؛ ئاواش دێمۆکراسیی به‌بێ خه‌سڵه‌تی گۆڕانکاریی به‌هایه‌کی نییه.
دێمۆکراسیی ته‌نها پێڕۆیه، هاوشانی ئێڤۆلوسیۆن گه‌شه دهکاتو دۆگم‌و ده‌مارگیریی ئیدیۆلۆژیی ناکاته له‌مپه‌ڕ له به‌رده‌می گه‌شه‌ی خۆی‌و ژیان.
دادپه‌روه‌رترین تیۆریی به‌ڕێوه‌بردن بۆ سیستمێکی رامیاریی، ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تی، (سۆسیالیزم)ه؛ لێ چونکه له خه‌سڵه‌تی گۆڕان بێبه‌شه، ته‌نها له سه‌ره‌تای چوونهدهسهڵاتدا ده‌توانێت دادپه‌روه‌ر بێت‌و پاش ماوه‌یه‌ك دهمارگیرییو دۆگمی ئیدیۆلۆژیی له گه‌شه‌ی ژیان دایدهبڕێتو به‌جێ ده‌مێنێت. دواجار به‌ر به گۆڕان دهگرێتو به چه‌پاندن داکۆکیی له مانه‌وه‌ی رژێمه‌که‌ی ده‌کات. به‌رگرتن له گه‌شه‌کردنی ژیانیش، وه‌ك به‌رگرتن به گه‌شه‌کردنی "نه‌مام"ێك ئه‌بسورده.
ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی سۆسیالیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به سه‌ره‌تایه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌وه به‌سه‌ر خۆیدا هێنا، به ئه‌زموونه هه‌ره کۆنه‌کانی نموونه‌ی، (لیکورگۆسی سپارتا)ی گریك به‌ر له زایین‌و (مه‌زده‌کی ئێران) له پاش زایین...تد نامۆ نییه، که پاشان مێژووی خۆیان به خوێنڕێژییو چه‌وساندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانیان ئێسکگران کرد.
ته‌نها دێمۆکراسییه، گه‌ر به خوێنڕێژییو چه‌وساندنه‌وه‌ی کۆیله‌ش له گریکه‌وه ده‌ستی پێکردبێت؛ هه‌زاران تاوانی له نموونه‌ی جینۆسایدی هیندییه سووره‌کانی له فێودالیزمدا گوزه‌راندبێت؛ له بۆرژوازییشدا سه‌دان تاوانی وه‌ك چه‌وساندنه‌وه‌ی ره‌شپێسته‌کانی به نێوچاوانه‌وه بووبێت؛ هه‌ر توانیویه‌تی له ژیاندا گه‌شه بکات‌و پێدا پێدا مرۆڤانه‌تر پچێتهوهو دواجار بگاته رێتکهیهکی به‌رزی رووگه‌ش.
ته‌نها دێمۆکراسییه، پێچه‌وانه‌ی سیستمه رۆبۆتخهسڵهتهکان، وه‌ك جه‌سته‌یه‌کی زیندوو، توانستی چاکبوونه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه‌ی هه‌یه. ئاسته‌نگه‌کانی بازاڕی ئابووریی ئه‌مێریکاو وڵاتانی دی دێمۆکراسیی، له ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی بیست‌و ده‌می جه‌نگی جیهانی دووهمو ساڵی رابردوو باشتریین نموونه‌ن.
به‌خۆم وه‌ك ته‌نزێکی زیاده‌ڕۆ بڕوام وایه، گه‌ر مرۆڤ له پاشه‌ڕۆژی دووردا کۆمونیزمی راسته‌قینه‌ش به‌رقه‌رار بکات! هه‌ر له دێمۆکراسییهوه ده‌یگاتێ. چۆن زۆر به‌ده‌ستهاتووی سایه‌ی دێمۆکراسیی، ده‌مانێکی زوو داوا‌و خواستی سۆسیالیست‌و سۆسیالدێمۆکراسی کلاسیك بوون، بۆ کۆمونیزمیش به هه‌مان شێوه، چونکه ته‌نها دێمۆکراسیی هاوشانی ژیان گه‌شه ده‌کات.
زه‌مینه‌و سه‌ره‌تای ته‌ندروست به پێودانگه‌کانی دێمۆکراسیی‌و هاوسه‌نگ به پێدراوه‌کانی سه‌رده‌م، گرنگترین هه‌نگاوی دێمۆکراسییه. به‌داخه‌وه ئه‌و سه‌ره‌تایه هه‌تا ئێستا له هه‌رێمی کوردستان کاری بۆ نه‌کراوه. گه‌ر بکرایه ئه‌مڕۆ هه‌نگاوی مه‌زنی ده‌نا.
(گوینته‌ر گراس/ ١٩٢٧) ده‌بێژێت: هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێمۆکراسیی، ململانێکانی دهرنهکاته ده‌ره‌وه‌و به هه‌ڵوێستگه‌لی یاساخکارانه بیانپهستێنێت؛ ده‌ستی له دێمۆکراسیی هه‌ڵگرتووه پێشئه‌وه‌ی به راستیی تێی گه‌یشتبێت.
به بڕوام، هه‌رێمی کوردستان ئه‌مڕۆ له‌و قۆناخه دزێوهدایه. گه‌ر ئه‌مساڵ له هه‌ڵبژاردنێکی ته‌ندروستدا ئه‌و باره لاره راست نه‌کاته‌وه‌و فریای خۆی نه‌که‌وێت، دوورنییه دێمۆکراسیی به ته‌واوه‌تی بدۆڕێنێت!.
پارله‌مان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، دڵی سیستمی دێمۆکراسییه. گه‌ر له دێمۆکراسییدا ئه‌و دڵه ته‌ندروست نه‌بێت، ته‌ندروستبوونی هه‌ر ئه‌ندامێکی دی جه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌هایه‌کی ئه‌وتۆی نییه.
پارت یان پارته‌کانی به‌ره‌ی زۆرینه‌ی نێو پارله‌مان، مافی یاسایی خۆیانه میریی رابگه‌یه‌نن، فه‌رمانڕه‌وا دیاریی بکه‌ن. ته‌نها هه‌ڵبژاردن، مافی پێدان‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه.
لێ ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تێکی دێمۆکراسییه: کاتێك ئه‌و پارتانه ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات، چه‌ند دادپه‌روه‌ریش بن، یه‌کێك له هه‌وڵه خورتهکانیان، پشتیوانیی مانه‌وه‌ی خۆیانه له سه‌ره‌وه.
خوێنبه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و دڵه ((واته ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان))، ئۆپۆزیسیۆنی نێو پارله‌مانه. چونکه ئیدی زۆرینه‌ی نێو پارله‌مان، ئه‌رکی داکۆکییو پاساوهێنانه‌وه بۆ هه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ئه‌ستۆ.
ئه‌وه ئۆپۆزیسیۆنه، زۆرینه‌ی نێو پارله‌مان‌و میرییه‌که‌ی، ناچاری هه‌نگاوی راستانه ده‌کات؛ به‌رهه‌ڤی ره‌خنه‌و خواست‌و پێداویستی‌و پێشنیار‌و تێزی نوێ بۆ پێشڤه‌چوون ده‌کات؛ رێگه له چه‌وساندنه‌وه ده‌گرێت.
کاتێك ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌وه‌نده له سه‌ره‌وه ده‌مێنێته‌وه تا راده‌ی رزین، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ناکارایی ئۆپۆزیسیۆن له چوونهپێشهوهدا هه‌یه. په‌یوه‌ست نییه به کارایی ده‌سه‌ڵات بۆ مانه‌وه.
ته‌نانه‌ت خودی دۆڕانی رامیاریی له دێمۆکراسییدا، توخمێکی گرنگی (هه‌ڵبژاردنه)، که یه‌کێكه له سێ کۆڵه‌که بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی دێمۆکراسیی، واته: (هه‌ڵبژاردن/ جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان/ سێکولاریزم).
له‌وێوه؛ ئۆپۆزیسیۆن جه‌مسه‌رێکی هاوبایهخی دوو جه‌مسه‌ره‌که‌ی پارله‌مانه. چۆن هیچ دیارده‌یه‌کی ماددی تر به یه‌ك جه‌مسه‌ر کار ناکات، پارله‌مانیش به‌بێ جه‌مسه‌ری رکابه‌ر مڤرۆیه. پارله‌مانی بێ ئۆپۆزیسیۆن، ته‌نها گاڵته‌جاڕییه. زیانه‌کانی کاتکوشتنو دهمامککردنو پارهخۆریی نه‌بێت، هیچ سوودێکی بۆ وڵات نییه.
ئه‌و جۆره پارله‌مانه ده‌بێته ناوه‌ندێك، ئه‌ندامانی وه‌ك دیوه‌خان، ده‌سه‌ڵات وه‌ك ههڕاجخانه، میلله‌ت وه‌ك گازینۆ لێی بڕوانێت.
پێویسته پارله‌مانی کوردستان، ببێته پیرۆزترینو کاراترین ناوه‌ندی سیستمی رامیاریی هه‌رێمی کوردستان. ته‌نها به چێ‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌و پایه‌و به‌هاو پرێستیژه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
مافه دزراوه‌کان چۆن وه‌رده‌گیرێنه‌وه؟ ئه‌وه دژوێژو بێسوود بوو، کاتێك له شۆڕشی (١٨٤٨)ی ئه‌ڵمانیا، شۆڕشگێڕێك ده‌چێته سه‌ر فه‌رمانڕه‌وای (فرانکفورت)و ده‌ڵێت: به‌ڕێز "بارۆن"، شۆڕش سه‌رکه‌وتو تۆش سامانی گه‌لت زه‌وت کردووه، بماندهرهوه؛ ئه‌ویش ده‌ڵێت: باشه، ئه‌ڵمانیا هه‌ژده ملیۆن که‌سه، منیش خاوه‌نی هه‌ژده ملیۆن "تاله‌ر"م؛ تۆ ته‌نها یه‌ك "تاله‌ر"ت ده‌که‌وێت، فه‌رموو ئه‌وه‌تا، بیبه!.
ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ره‌وایی، هه‌ر بێ کاریگه‌رییو تاکڕه‌وانه بوو، که هاوڵاتییه‌کی به‌له‌نگازی هه‌رێمی کوردستان، ویستی داوا له‌سه‌ر سه‌رشالیاری هه‌رێمی کوردستان تۆمار بکات‌و داوای مافی دزراوی خۆی له بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان بکاته‌وه.
سامانی زه‌وتکراوی هه‌موو هه‌رێمه‌که‌و مافی دزراوی زۆربه‌مان، ته‌نها به کۆدهنگییو کارکردن بۆ گۆڕینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌سه‌ندرێته‌وه. کاتێك ده‌سه‌ندرێته‌وه، لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا بکرێت، پۆست‌و پایه‌ی رامیاریی‌و کارگێڕییان بۆ سوودی خۆیه‌کی به‌کار بردووه.
پێویستمان به لیستێکی هه‌ڵبژاردنی پاشبینو سڤێلو ته‌کنۆکراتو ده‌ستپاکه، که له‌بری چپه چپی په‌رته‌وازه‌و هه‌ڵکورماو، کۆدهنگییمان بباته پارله‌مان، گیان بکاته‌وه به به‌ری پارلهمانداو ژیانی دێمۆکراسیی ببوژێنێته‌وه.
گۆڕان ئه‌و کاته ده‌ست پێده‌کات!