کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هەرێمى كوردستان و دیموكراسى كوجا مەرحەبا

Tuesday, 23/04/2013, 12:00







هەوڵى ڕازیكردنى لایەنە سیاسیەكان و بەتایبەتیش ئۆپۆزسیۆن بۆ درێژكردنەوەى سەرۆكایەتى  مەسعود بارزانى شكستى خوارد, كەلەلایەن هەردوو پارتى دەسەڵاتدارەوە بەپاساوى ئەم قۆناغە پێویستى بەفریاد ڕەسێكى بەئەزموون و بەتواناى وەك كاك مەسعود هەیە, یاخود كورد لەم دۆخەهەستارو ئاڵوزەى ئێستادا پاراستنى یەك هەڵوێستى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەموو ئەگەرەكان هەر كاك مەسعود دەتوانێت سەرەداوى ئەوپەتە بێت كەدەمانگەیەنێتە ئامانج .
منیش لەڕوانگەى كەم ئەزموونى خۆمەوە بەڵام بەدیدێكى كەمێك سیاسی و ئیداری و خەمخۆرى بۆ بەهەدەرنەدانى سەروەت و سامانى گشتى , ڕەزامەندم بەدرێژكردنەوە یان ڕێگەدان و پێچ و پەناكردنى یاسایى بۆ جارێكیتر ویلایەتى سێیەم , ئەگەر هەر ئەگەرێكى یاسایى پاڵپشتیكرد.
ئاخر...........
1- ئاخر مەسعود بارزانى خاوەن لیواى تایبەتى پاراستنى سەرۆكایەتى هەرێمەو ئەو لیوایەش هێزێكى سەربازى نیشتیمانى نیەو تایبەتە بەخۆیان .
2- ئاخر سەرۆكایەتى هەرێم زیاتر لە (400) فەرمانبەرو تیمێكى گەورەى ڕاوێژكارەو شوێن و جێگایان مەگەر هەر خودا بزانێت .
3- ئاخر كێ دەزانێت كامە بیناو تەلارو هۆڵ و باڵەخانەكانى سەرۆكایەتى هەرێمن و لەكوێن ؟.
4- ئاخر سەرۆكایەتى هەرێم لەماوەى ئەم هەشت ساڵەى ڕابردوودا نەبووە بەدامەزراوەیەكى نیشتمانى و لەكاتى ئاڵ و گۆڕى دەسەڵاتدا (لاسمح الله) تەنها سەرۆك ئۆغر بكات و سیاسەتى هەرێمى كوردستان لەو دامەزراوەیەوە چارەنوسى گەلى كوردى تیا دیاریبكرێت .
5- ئاخر سەرۆكى هەرێم فەرماندەى هێزە چەكدارەكانەو هێزى چەكداریش هێزێكى نیشتمانى بێلایەن نیە .
6- ئاخر سەرۆكى هەرێم خاوەن پاشخانێكى سیاسى و ئاینى و كۆمەڵایەتى و تەنانەت ئیقلیمى و نێو دەوڵەتیشە .
7- ئاخر سەرۆكى هەرێم خاوەن بڕیارى شەڕو جوڵاندنى هێزى پێشمەرگەو پڕۆژەى ئاشتیە .
8- ئاخرو............. ئاخرو............ ئاخرو ...............ئاخر .
باشە گەلۆ پێتان وایە هەر وا بەچاو نوقانێك و وا بەئاسانى ڕاوى ماسى لەوشكانیدا بكەن بەبێ تەڕبوون , باشە گەلۆ دەتانەوێت ئەو ئەو هەموو دەسەڵاتە وەربگرن و بەسەرۆكى هەرێم بڵێن ئۆغرت خێر ؟
گریمان سەرۆكى نوێ دەرچوو, ئاخر
1- كامە لیواى پاسەوانى سەرۆكى هەرێم بێت تا بیپارێزێت لەتیرۆرو دەستدرێژى .
2- ئاخر كامە كامەندو فەرمانبەر تاكو كارى سەرۆكایەتى هەرێم ڕایى بكەن و ڕاوێژكارانى سەرۆكیش ڕێپیشاندەرى سەرۆك بن ؟
3- ئاخر كامە بیناو باڵەخانەو تەلارو كۆشك و هۆڵى كۆبونەوە تاكو سەرۆكى هەرێمى نوێ فەرمایشت و فەرمانەكانى بگەیەنێت .
4- ئاخر كێ بەقسەى سەرۆكى هەرێمى نوێ دەكات كەهێزى پێشمەرگەبجوڵێنێت و فەرمانیان بەسەردا بكات و ئەوانیش فەرمان جێبەجێكار بن . هێزى پێشمەرگە هێزى پارتى و یەكێتین چۆن بەفەرمانى غەووارە دەجوڵێت .
5- ئەى تۆ بڵێى سەرۆكى هەرێمى نوێ خاوەن پێگەیەكى سیاسى و ئاینى و كۆمەڵایەتى و ئیقلیمى و نێو دەوڵەتی بیت ؟
باشە گریمان سەرۆكى هەرێمى نوێ دەرچوو ئەو هەموو كەم و كوڕیانەى لەماوەى چوار ساڵى سەرۆكایەتیەكەیدا لەدروستكردنى كۆشك و تەلارو نوسینگەو پێكهێنانى لیواى سەربازى و چەكداركردنى بەچەك و چۆڵى نوێ و پێشكەوتوو, دەیان پێویستى كارگێڕى دا , ماوەكەى بەهەدەر دەچێت , یاخود دیسان ئەمانەش دەبنە بارگرانى و بەهەدەردانى بودجەو لاوازكردنى ژێرخانى ئابورى وڵات و جۆرێكى دیكەى گەندەڵى مۆدێرن .
كەواتە باسەرۆكى هەرێم هەمان سەرۆك بێت , گەلۆ هەرێمى كوردستان و دیموكراسى كوجا مەرحەبا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە