مەیدانی ئازادی بە خوێن ئاودراوە، مێژووەکەی چەواشەمەکەن و مەیشێوێنن!
Tuesday, 10/05/2011, 12:00
ئەم بابەتە دوو بەشە، بەشێکیان وابەستەیە بە تەوقیتەکانی دەسەڵات و، بەشەکەی تریشی بە ئەوانەی دەیانەوێت بچن بۆ لای بارزانی و بە مایەپوچییان.
بەشی یەکەم:
تەوقیتەکانی دەسەڵات
کاتێک دەسەڵات بۆی دەرکەوت کە مەیدانی ئازادی بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە خۆی چاوەڕێی نەدەکرد کەوتە موئامەرە لێکردنی و هەوڵدان بۆ چۆڵکردنی.
کاتێکیش کە چۆڵ کرا بە ئازادیخوازان کەوتە چنینی تەونی پلانەکانی بۆ بەتەواوەتی لەباربردنی هەموو ئەگەرێکی سەرهەڵدانەوە و پڕبونەوەی مەیدانەکە لە دەنگە ئازادەکان. دوای ئەمەش کەوتە گیانی ئەندامە کاراکانی و لێکدابڕاندنیان.
کورتە مێژوویەکی دەستدرێژیەکان بۆ سەر سەراکە هێشتا لە بیرەوەریماندا تۆخە، سەرەتا بۆمبێکی تەوقیتکراو دانرا و بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکەکە ڕابکەن و بە ئاڕاستەی جیاجیادا بۆی دەرچن. لە کاتێکیشدا کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک ڕویان کردە لای مزگەوتی گەورە بۆ ئەوەی خۆیان دەربازبکەن، کەمین بە پێی پلانی پێشوەخت بۆیان ئامادەبوو. بە گەیشتنی قەرەباڵغیەکە بۆ ئەوێ، بەکرێگیراوێک تەقەی لە خەڵکەکە کردو کاکە ئومێد شەهید بوو.
دواتر هەر لە سەرا چەقۆ وەشێنەکان چەند کەسێکیان برینارکرد، ئەوانە لەلایەن دەسەڵاتەوە نێردرابوون.
خێمەکان سوتێنران.
چەند جارێک ئەندامە کارا و کەسە ناسراوەکان لە کاتی ئێواران دا کە کۆڕوکۆبونەوەکان کۆتاییان دەهات دەرفێنران و پاش ئەشکەنجەدان ئازاد دەکران.
پاشان لەڕێگەی کەسەکانی خۆیانەوە کە دزەیان کردبۆ ناو ئەنجومەنەکەوە هانی گەنجان دەدرا کە بەردبهاوێژن و ئاژاوە بنێنەوە.
ئەمانەو زۆر شتی تر کە هەوڵی پێچۆڵکردن و بەلاڕێگەدا بردنی خۆپیشاندەران بوو.
من وەک خۆم هەر لەدوای مانگێک ئیتر مانەوەی خەڵکەکەم لەسەرا پێ باش نەبوو، لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە یەکێکیان ئەوەبوو کە مانەوەی ئەو جەماوەرە لە سەرادا ئاسانتر دەکرا بە نیشانە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەروەکو چۆن دواجار ڕوویدا. خاڵێکی تر ئەوە بوو کە ژمارەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکە زۆر بوو و، ئەمەش وایدەکرد کە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان خاوتر لە پێویست هەستی پێدەکرا.
هەروەها مانەوەکە لەوێدا هەلی تاقیکردنەوەی شێوازی تری لەباردەبرد.
بۆیە داوای جوڵە دەکرا بەڵام بۆ تاقیکردنەوەی خەباتی ناتوندوتیژی نەک توندوتیژی.
لە دوا ڕۆژەکانی سەرادا چەند جارێک بە شەو سەرا داگیردەکرا و بەڕۆژ تەسلیم دەکرایەوە و، ئەوەش گومانێکی دروستکرد کە لایەنی جیاجیا لە دەسەڵات و بە شێوازی جیا خەریکی لێدانی سەراکە بوون و لایەنیش هەبوو کە ڕێگر بوو لەبەردەمیاندا، بەڵام دواجار لایەنی شەڕەنگێز سەرکەوتوو بوو. ئەوەبوو دواجار ئەو هەموو کەسەیان بریندارکردوو لە دواییدا هەردی فاروقی گەنج شەهیدکرا.
هەر دوابەدوای چۆڵکردنی سەرا و هێنانی لەشکرە زۆرەکە، ئیتر دەسەڵات کەوتە لێدانی کەسە دیارەکان و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی سەراکە و ئەنجومەنەکە.
بێگومان بە پێی وتەی شێخ جەعفەر ئەوا هێزەکە بە ئەفراد و بە دەبابەوە ئەمری تەقە و کوشتنی خەڵکییان پێبوو.
ئەوسا سەندیکای ڕۆژنامەچیان داوای ڕاگرتنی هێرشی ئیعلامیی کرد.
هەندێک کەسایەتیی هەندێک ناوچە بە فیتی دەسەڵات داوای ئاشتەوایی نیشتمانییان کرد.
لە هەمان کاتیشدا کەسە دیارەکانی دەسەڵات ددانیان تیژ کردەوە و کەوتنە هەڕەشەکردن، لەوانە شێخ جەعفەر. پاشگەزبوونەوەی بارزانی لە پەیمانەکانی کە دابوی بۆ چاکسازی.
گەمارۆی پەیام درا و کەی ئێن ئێن تەشویشی خرایەسەر.
پارەی ئۆپۆزسیۆن بڕدرا.
کەسانێکیش کە بە چالاکی لە خۆپیشانداندا دەبینران کەوتنە لێدانی تەپڵی ئاشتەوایی و بە شەرعی کردنەوەی سیمبۆلە نەتەوەییەکانی حیزبەکان.
دەسەڵات و مەسولەکانیان لە هەمولایەکەوە هەوڵیان دا شەقام و ئۆپۆزسیۆن وردوخاش بکەن.
ئیهانەکردنی شەهیدەکانی ڕاپەڕینەکە و دواییش کەسوکارەکانیان، بە تایبەتی لە ڕێگەی گووتەکەی بەرهەمەوە بە وەی لەڕێگەی پارەوە ڕازیان بکەن.
دواجاریش لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر هەوڵی کەسایەتیەکی دیاری ناو یەکێتی بەوەی داوای چارەسەری هۆکاری کێشەکان بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیامەکەی مەسعود و جەلال بە فۆرمولەکردن و داڕشتنێکی نوێ بخاتەوە ڕوو و پشتگیرییان لێبکات.
ئەویش بە هێورکردنەوەی سیاسیانە بۆ هەلومەرجە نائارامەکە.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم هەوڵەدا هەمان کۆششی چەواشەکردن و شێواندنی مێژووی مەیدانەکە دەدرێت و خەڵکە ئازادیخوازەکەی بە توندڕەو و توڕە ناودەبرێت و، هۆکاری کوشتار و لێدانەکان بۆ جوڵەی ئازادیخوازەکان دەگێڕدرێتەوە نەک بۆ دەستدرێژی بکوژەکان.
لە گەڵ تۆمەتبارکردنی ئەوانەی کە هانی جوڵەیان داوە.
ئەوەندەی خۆپیشاندەران لەو هەوڵەدا تۆمەتباردەکرێن خوێنڕێژەکان باسناکرێن.
لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە دەسەڵات بە براوە دادەنرێت و، هەلومەرجی گٶڕینی حکومەتیش بە بابەتیی دانانرێت.
دیارە هەرزوو وتراوە تا ئەو دوو بنەماڵەیە بمێنن و بە هەمان شێوەی پێش حەڤدەی شوبات بڕیاردەربن ئەوا هەلومەرجی بابەتی گونجاونییە بۆ گۆڕینی حکومەت، گەر گۆڕدراش ئەوا لەوەی بەرهەم زیاتری پێناکرێت.
بەشی دووەم:
ئەنجومەنی کاتیی مەیدانی ئازادی
لەگەڵ چۆڵکردنی سەرادا بڕیاردرا بە هەڵپەساردنی چالاکییەکانی ئەنجومەنەکە.
ئەوەبوو لەلایەن فاروق و هەندێک کەسی ترەوە باسی هەڵوەشاندنەوەی کرا و، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک دەنگ بەرزبکرێتەوە بۆ چالاک کردنەوەی ئەنجومەنەکە.
دیارە ئەو کاتە هەست بە کێشە دەکرا لە نێوان ئاڕاستەجیاکانی ناو ئەنجومەنەکە بەڵام هۆکارەکان و مەبەستەکان دیارنەبوون.
ئێستا کە ژمارەیەک لە ئەندامە پێشینەکانی ناو ئەو ئەنجومەنە بەبێ ئەوەی ئەنجومەنەکە کاراکرابێتەوە خۆیان سەرپشک دەکەن و بە نیازن بچنە لای بارزانی ئەوە هیچی کەمتر نییە لە ماچێکی سەدامیانە.
جا ئەو برادەرانە وەکو کەسی خۆیان یان وەکو خۆ بەنوێنەرکەری مەیدانەکە بچنە ئەوێ.
بارزانی کە ئەو هەموو بەڵێن و فڕوفیشاڵەی لەبارەی چاکسازیەوە داوە، کە لەماوەی سێ مانگدا جێبەجێیان بکات، چ پێویست دەکات ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە ببینێت گەر بۆ لێدان و بیئومێدکردنی شەقام نەبێت. ئەو کە بکوژەکان داڵدە دەدات، بێجگە لەوەی کە بیەوێت شەقام سەرگەردان بکات چی لێ هەڵدەکڕێت؟
ئێستا دەردەکەوێت کە بۆچی فاروق ڕەفیق دەیوت ئەنجومەن هەڵوەشاوەتەوە. دیارە ئەو هەستی بە هەندێک هەوڵ بۆ بەکارهێنانی شەقام دەکرد لە لایەن هەندێک کەسی ناو ئەنجومەنەکەوە بۆ مەبەستی غەیری داواکاریەکانی شەقام.
ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنەکە دەبێت بزانن کە کاتێک داوا دەکرا ئەنجومەنەکە ئەکتیڤ بکرێتەوە لەبەر ئەوە نەبوو بچن لەگەڵ بارزانی کۆببنەوە، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە ئامادەکاری بکەن بۆ کارئاسانیکردن بۆ دووبارە جوڵاندنەوەی شەقام!
دیارە ئەوان یان مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە یان خراپ لە هەلومەرجەکە تێگەیشتوون ئەگینا چۆن دەبێت بچن بۆ لای بارزانی، کە لە توانایدا نییە و نایەوێت کەمترین داوای مەیدانەکە و شەقام کە ڕادەستکردنی بکوژەکانە بۆ دادگا جێبەجێبکات؟
بۆیە ئەم بەزۆر خۆ بە نوێنەرکردنەی شەقام لە ماچەکەی نەوەدویەک بەری زیاتر نابێت.
بارزانی و تاڵەبانی بە پێی ئاسایشی سلێمانی دەمێکە داواکاریەکانی مەیدانەکەیان پێگەیشتووە کەواتە سیحری ئەو چوونە دەبێت چی بێت؟
بۆیە بە بۆچونی من ئەو هەوڵ و کۆششانەی دەسەڵات و، ئەم چونەی ئەندامە سڕبووەکانی ئەنجومەنەکەش بۆ لای بارزانی هەمویان هەوڵ و کۆششن بۆ شێواندنی مێژووی مەیدانی ئازادی و شەقام و چەواشەکردنی میللەت و گەڕانەوە بۆ دواوە.
شەقامیش خاوەن دوا بڕیارە و لە ئایندەدا ئەوەش دەبینین!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست