کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بارزانی قسەی بەتاڵ فڕێ ئەدا

Wednesday, 11/02/2015, 12:00


رۆژی ١٠ ٠٢ ٢٠١٥ سایتی سبەی لە رووبەری سەرەوەی سایتەکەیاندا بە گەورەیی ئەو دیدارەی مەسعود بارزانی وەرگێڕاوەتە سەر کوردیی و بڵاویکردۆتەوە، بەبێ ئەوەی راوبۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر بێت، ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێت، کە رێکخراوێکی سیاسیی وەک گۆڕان و سایتی سبەی رایەکی جیاوازییان لەسەر تەواویی قسەکانی سەرۆکی هەرێم نییە و لەگەڵ هەموو قسەکاندان، ئەو قسانەش، کە مەسعود بارزانی کردوونی بە حسابی خۆی ستراتیژی داناوە بۆ شەڕکردن دژی داعش. ئەو قسانەش لە راستییەوە دوورن، بەپێی ئەم بەڵگانەی خوارەوە:

یەکەم:
مەسعود بارزانی بەشێک بووە لە هێنانی داعش بۆ موسڵ و ناوچەکانی دیکەی باشوور، کە چەند هەفتە پێش ئەوە بە ئاشکرا هەڕەشەی لە حکومەتی بەغداد و مالکی کرد. (بۆ گوێگرتن لە هەڕەشەکە کلیکی ئێرە بکە)

دووەم:
کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و نزیک بە هەولێر بوویەوە، بەبێ تەقە پارتیی ناوچەکانی بۆ چۆڵ کردن و  شەنگالی  تەسلیم بە داعش کرد.

سێیەم:
پارتیی هەمان هەڵوێستی لەسەر کەرکوک و شارەبان (جەلەولا) و ناوچەکانی گەرمیان هەبوو، بەگژ داعشدا نەچوونەوە، لە هەموو بەرەکاندا زیاتر پەکەکە شەڕی بۆیان کردووە، جگە لەوە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریکاش بەو هەموو هێزەی خۆیانەوە هاتوون و لە لیدانی داعشدا بەشداریان کردووە، جێ پەنجەی پارتیی بە سەر هیچ سەرکەوتنێکەوە دیارنییە، هەموو ئەمانە قسەکانی مەسعود بارزانی بەدرۆ دەخاتەوە.

لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی باس لە سنور دەکات، ئەم قسانە زیاتر لە پارچە پەخشانێکی ئەدەبیی دەچێت، تا هەستی خەڵکی پێبجوڵێنێت، ئەگەر مەسعود و دەسەڵاتی هەرێم بە راستی سنوری کوردستانیان مەبەستە، پێویست بوو وەکو پێشنیارێک بیاننووسیایە و بە فەرمی بیاندایە بە حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا، بەپێی بەڵگە مێژوویەکان کوردستانبوونی ئەو ناوچانەیان بسەلماندایە، بیان گوتایە ئێمە ئەم شوێنانە بە سنوری کوردستان دەزانین و باشووری کوردستان لێرەوە دەست پیدەکات، لەوێشەوە کۆتایی پێدێت، هەروەها داوایان بکردایە، کە دەبێت حکومەتی بەغدا ئەم شوێنانە بە سنور و خاکی کوردستان بزانێت و هێزی پێشمەرگە دەچێتە ئەو شوێنانەوە و بەرگری لێدەکات. کاتێک مەسعود بارزانی باس لە سنوری کوردستان و پەیمانی سایکس بیکۆ دەکات، تەنها بەو مەبەستە دەیکات، کە کاتێک دەبینێت خوێنی ئەو هەموو پێشمەرگانە لەو ناوچانەدا دەڕێژرێن، دەیەوێت بەمە بیانوویەکی سیاسیی بۆ بە کوشتدانی ئەو هەموو پێشمەرگە و قوربانیانە بدۆزێتەوە، تا وا لە خەڵکی بگەیەنێت پێشمەرگە بۆ مەسەلەیەکی نەتەوەیی و کوردستانیی خۆی بە کوشت دەدات، لە راستییدا ئەو شوێنانەی کە ئیستا پێشمەرگە خوێنی تێدا دەڕێژێت، دەمێکە بەپێ مادەی ١٤٠ وازیان لێهێناوە و لە کاتی ئاسایی بوونەوەی بار و دۆخەکەدا تەسلیم بە دەسەڵاتی مەرکەزیشی دەکەنەوە.

مەسعود باس لە سنووری کوردستان دەکات، هەڵبەت ئەم قسانە رێگاپێدراوە، چونکە تەنها مەبەستی لە سنوری هەرێمە، کە ئەمان دەسەڵاتیان تێیدا هەیە و پێکهاتووە لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی، لەوە زیاتر بەشەکانی تر ناگرێتەوە. ئەمەش بۆ خۆیان لە دەستوری عێراقدا ددانیان پێداناوە و پێی رازی بوون. باسکردنی مادەی ١٤٠ یان دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی، بۆ فریودانی خەڵکی کوردستانە، کە لە هەموو وەرزێکی ساڵدا مەسعود بارزانی  چەند جارێک باسی دەکات، دەیدات بە گوێی خەڵکییدا، ئەوەتا تورکیای هاوپەیمانی مەسعود بارزانی هەڕەشە دەکات و رازیی نییە کوردستانی رۆژئاوا هەرێمێکی سەربەخۆی هەبێت.

کاتێک بزووتنەوەی گۆڕانیش بایەخ بەم گفتوگۆیەی مەسعود بارزانی دەدات، بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی سیاسیی یان قسەیەکی لەسەر بکات، ئەوە پیشان دەدات کە گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفاش، بایان داوەتەوە، بونەتە بەشێک لە سیاسەتی پارتیی، ئەوەش دەسەلمێنێت، کە خودی نەوشیروان مستەفا هەر قسەیەکی بۆ جەماوەری کوردستان کردبێت، تەنها بۆ دامرکانەوەی حەزە سیاسیی و ئارەزووەکانی خۆی و رازیکردنی دەسەڵاتی هەولێر بووە، هیچ پرەنسیپ و موڕاڵیکی سیاسیی لە پشتییەوە نەبووە! بۆ ئەوە نەبووە کە ویستبیتیان بە جدیی چارەسەری کێشە سیاسیی و ئیدارییەکانی ناو هەرێم بکەن. هەروەها وەکو ئیستاش دەرکەوت کاتێک هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ بە چڕی دەستی پێکرد، بزووتنەوەی گۆڕان بێدەنگ بوو، ئەمەش پیشانی دا، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەو هەڕەشەیەی مەسعود بارزانییدا بووە، ئاگاداربووە، چی روودەدات، ئەوەشی سەلماند، ئەو هەڕەشەیە تەنها مەسعود بارزانیی نەیکردووە بەڵکو بە نوێنەرایەتیی حیزبەکانی ناو حکومەتە بنکە فراوەنەکەی هەولێر کردوویەتی، بۆیە هەموو حیزبەکانی دەسەڵات لە پاشەڕۆژدا بە تەنیا ئەو تاوانە نەخەنە سەرشانی مەسعود بارزانی، هەموو بەرپرسیارن بەرامبەر بەوەی لە شەنگال و ناوچەکانی دیکە روویاندا، ئەوەی ئیستاش هەستی پێدەکرێت ئەوەیە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوور بەنیازن بۆ جارێکی دیکە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرنەوە.

لە کۆتاییدا ئێمە وەک کوردستانپۆست پێمان وایە تا ئەم دەسەڵات و سەرکردە و بەرپرسانە بوونیان هەبێت، چارەنووسی کورد لە باشوور نادیار و لە مەترسیدایە، چونکە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی سیاسیی نییە و داخوازیی سیاسیی پێ نییە بۆ ئازادکردنی مرۆڤی کورد، ئەمانە کۆمەڵێک بازرگانن خۆیان تەسلیم بە داگیرکەر و دوژمنان کردووە، لە سەرو هەموویانەوە مەسعود بارزانی، کە گەورەترین خیانەتی نەتەوەیی ئەنجام دەدات، دەبێت خەڵکی کوردستان لەدەرەوەی ئەمانە خۆی رێکبخاتەوە، مەسعود وەک خائینێک بەرامبەر بە خاک و  نەتەوە پناسرێنرێت و بدرێتە دەست دادگای گەل.

----------------------------------------------------------------------
دەقی گفتوگۆکە بە عەرەبی لە رۆژنامەی (الحیاه‌)ی لەندەنی
http://www.alhayat.com/Articles/7243606

دەقی گفتوگۆکە کە سایتی سبەی وەرگێڕاوە بۆ کوردی:
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=42439&LinkID=4

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە