تورکیا: ئه‌کته‌رى گرنگ له باشووری کوردستان
Wednesday, 17/07/2013, 12:00
2164 بینراوە
١ (پاشهروژی گه‌ل له مهترسیيدا بێت قوربانیی پێويسته، نه‌ك چه‌پله‌لێدان بۆ زيادبوونى موچه.)
٢ (ململانێی ئه‌نقه‌ره‌و ته‌هران له‌سه‌ر عێراقێکی لاواز بووه‌ته هۆکارێکی گه‌مه‌ی سیاسیی به کارتی کورد)
٣ (سامان به‌رامبه‌ر زه‌وتکردنی ئازادیی میلله‌ته‌که‌یان)
٤ (کاروانی گه‌ل له کوردستان به‌ره‌و ئیفلیجبوون چووه)
٥ (تورکیا ده‌یه‌وێت هیچ شتێک نه‌بێت له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد به بێ ڕه‌زامه‌ندیی خۆی)
٦ (دووباره‌بوونه‌وه‌ی رێکه‌وتنی جه‌زائیر له نێوان عێراق و تورکیادا ده‌بێت به دور نه‌زانرێت)
******************************
به داگیرکردنی خاکی کوێت له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه شانسی کورد ڕووی له گه‌شبوون کرد. گۆڕانکاریی ستراتیجیی هه‌ره گرنگ به دوای خۆی دا هێنا. جه‌نگی هاوپه‌یمانان به سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکا دژی سه‌ددام حسین و ده‌رکردنی سوپای عێراق له کوێت ساڵی ١٩٩١، ئه‌و شانسه‌ی گه‌وره‌تر کرد، ئه‌م جاره ڕژێمی سه‌ددام له به‌هاری (٢٠٠٣)دا به ته‌واوه‌تی ڕووخێنرا.
گه‌لی کورد له باشووری کوردستان پاڵپشتی ئه‌مریکا بوو. ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ هاوکاریکردنی ئه‌مریکا. واشنتۆن هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵ کوردی باشوور که توشی نه‌هامه‌ت و جینۆساید ببوو به‌ده‌ست ڕژێمی به‌عسه‌وه. ئه‌مریکاو ئه‌وروپا هێشتیان کورد ئیداره‌ی خۆی بکات که تا ڕاده‌یه‌ک له سه‌ربه‌خۆیی ده‌چێت. حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له باشوورى کوردستان دروست بوو.
ئه‌و گۆڕانکارییه گرنگ و قوڵانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مایه‌ی دڵخۆشیی تورکیا نه‌بوون. تورکیا نيگه‌رانى ئه‌وه بوو که ئه‌م گۆڕانکارییانه ده‌بنه هۆى گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد له ته‌واوی ناوچه‌که‌دا. ئه‌و کاته سوپای تورکیی شه‌ڕی په‌که‌که‌ی ده‌کرد له کوردستانی باکوور و باشوور، جار به جار به پاڵپشتی حزبه سه‌رکییه‌کانی کوردستانى باشوور.
له ساڵانی (1990)دا ده‌وڵه‌تی قووڵی نه‌بینراو =مافیای ده‌وڵه‌ت- (Deep State) Ergenekon زۆر کارا بوو له سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی تورکیادا. ده‌ستی کردبوو به شاڵاوێکی فراوان له تیرۆرکردنی "ڕۆشنبیران، ڕۆژنامه‌وانان، پارێزه‌ران، چالاکوانی سیاسیی و سه‌ندیکاکان"ی کورد، دژی هه‌ر شتێک بوون که بوونی کوردی هه‌بێت.
له ژێر فشاری ئه‌مریکادا، تورکیا ناچار بوو دانوسان بکات له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی کوردی باشوور. به‌ڵام به‌و په‌ڕی لوتبه‌رزییه‌وه، سوکایه‌تییان پێ ئه‌کردن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌کردن وه‌ک سهرهکهۆز. سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌هۆی بوونی گومرگی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ (ده‌وڵه‌تی قووڵ)ی تورکیا زیاتر ده‌بوو، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی سوپای تورک و به‌رپرسه‌کانی ده‌زگای میت. له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ڕژێمی سه‌ددام حسێن له ئاستێکی به‌رفراواندا بوو. به کورتیی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌و به‌غدادا باش بوو، به تایبه‌تی له کاتی شه‌ڕی ناوخۆ سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی قووڵدا به‌ره‌و زیاد بوون ده‌چوون. ورده ورده هه‌بوونی میتی تورکی، سوپای تورکی، ئابووریی، سیاسیی، بازرگانیی، ڕووی له په‌ره‌سه‌ندن بوو له باشووری کوردستان. به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی که بۆ به‌رپرسه تورکه‌کان ڕوون بوو که تا چه‌ند سه‌ركرده‌كانى پارتی دیموکراتی کوردستان له باشووری کوردستان هاوکارو گوێڕایه‌ڵیان ده‌بن. ئه‌و كاته داخوازییه‌کانی تورک به‌رفراوانتر بوون، توانیان ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه، سوودمهندبن له سامانی کوردستان به تایبه‌تی له بواری وزه، هایدرۆکاربۆنات نه‌وت و غازی سروشتیی و پشکی شێر بۆ خۆیان دابین بکه‌ن. تورکیا ورده ورده توانی ئابوریی کوردستانی باشور ببه‌ستێته‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی و سیاسیی خۆیه‌وه.
پاش روخانی ڕژێمی سه‌ددام حسێن له به‌هاری (٢٠٠٣)دا و هاتنی ئا که په AKP بۆ ده‌سه‌ڵات له ساڵی ٢٠٠٢، کاریگه‌ریی له کوردستانی باشور به تایبه‌تی له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ره‌و زیادبوونێکی به‌رفراوان و خێرا ڕۆیشت.
سه‌رچاوه‌یه‌کی تورکیی زۆر ڕاشکاوانه باس ده‌کات تا مانگی تشرینی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٢ به کۆی ١٠٨٥ کۆمپانیای تورکی هاتوونه‌ته ناو خاکی کوردستانی باشوره‌وه که ده‌کاته %٤٨ له کۆی کۆمپانیا بێگانه‌کان که له ٧٨ ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌وه هاتوونه‌ته کوردستانی باشور.
له ساڵی ٢٠١١ به کۆی ٨٥٨٨ کۆمپانیای تورکیی هه‌نارده‌ی شتومه‌کی خۆیان کردووه بۆ عێراق به نرخی (٨،٣) بلیۆن دۆلار. ئه‌و ژماره‌یه ڕووه‌و زیادبوونه. له ساڵی ٢٠١٢دا گه‌یشته (١٠،٧) بلیۆن دۆلار به ڕێژه‌ی زیاد بوونی ٢٩% له چاو ساڵی ڕابردوودا. دیسان سه‌رچاوه‌کانی تورک ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن: "هه‌ر که‌سێک وا بیربکاته‌وه که تورکیا گرنگی نادات به نه‌وت و غاز له عێراق، ئه‌وا ساویلکه‌یه." و ده‌لێت: "پڕۆژه‌ی وزه‌ی تورکیی سه‌باره‌ت به هایدرۆکاربۆنات گه‌لێک گرنگه بۆ به‌رده‌وامبوون و گه‌شه‌کردنی ئابووریی خۆی".
مالکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نیگه‌ران بوو به ده‌ستخستنه ناو کاروباری ناوخۆی عێراقه‌وه له لایه‌ن تورکیاوه. له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌کرا له کارکردن (TPAO) ڕه‌خنه‌کانی سه‌رۆکوه‌زیرانی تورکیا ڕه‌جه‌ب ئۆردۆغان، کۆمپانیای ده‌وڵه‌تی
له هه‌رێمی به‌سره. ئه‌م ناکۆکیه سیاسییه‌ی نێوان سه‌رۆکوه‌زیری عێراق و تورکیا بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌نقه‌ره گرنگیی زیاتر بدات به په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ باشوری کوردستان. سه‌رچاوه‌یه‌کی تورک ده‌ڵێت: "له ژێر ئه‌م بارودۆخانه‌دا هیچ که‌س بیر له‌وه نه‌کاته‌وه که تورکیا دووره‌په‌رێز بووه‌ستێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان، له کاتێکدا که په‌یوه‌ندیی گرنگ به‌ستراوه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا."و پاشان ده‌ڵێت:
".... دووره په‌رێزیی له هه‌رێمی کوردستان له کاتێکدا که ده‌یان کۆمپانیای بیانی ئه‌مریکیی، چینیی، ئه‌وروپیی، ڕوسیی ..هتد له هه‌رێمن و خه‌ریکی چالاکیی گرێبه‌ستیی وزه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی ده‌وڵه‌مه‌ند به ٤٥ بلیۆن به‌رمیل نه‌وت ٦ تریلیۆن مه‌تر سێجا غازی سروشتیی. بۆیه دورکه‌وتنه‌وه‌ی تورکیا له‌م هه‌رێمه کارێکی نامه‌نتیقیه."
له مێژووی نزیکدا تورک و فارس خاوه‌نی دوو ئیمپراتۆریه‌تی گه‌وره‌و به هێز بوون. له ده‌ستپێکی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌ڵوه‌شان و داڕمان. ئه‌وا دیسانه‌وه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌مدا هاتنه‌وه‌سه‌رخۆ. له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى هۆکاره‌کانی هێزی داگیرکردن و بڵاوهبوونیان له وڵاته نه‌خۆشه‌کانی دراوسێی وه‌ک: (عێراق، سوریا، لوبنان). ناردنی سوپا به هه‌زاره‌ها سه‌رباز و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی تر به سه‌رچوو. له جیاتی لهشکرناردن و داگیرکردن، هێزی ئابووریی، كولتوریى، بازرگانیى و ته‌کنه‌لۆژیای پێشکه‌وتوو ئه‌و کاره ده‌کات. به واتایه‌کی تر (دیپلۆماسیه‌تى نه‌رم و بێده‌نگ) ئه‌و رۆڵه ده‌بينێت. ئيستا ئێران له باشورى عێراق بڵاوده‌بێته‌وه. به هه‌مان شێوه توركيا له كوردستاني باشور.
ململانێی ئه‌نقه‌ره‌و ته‌هران له‌سه‌ر عێراقێکی لاواز، هه‌ڵوه‌شاو و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند به سه‌رچاوه وزه‌ییه‌کان، بووه‌ته یه‌کێک له هۆکاره‌کانی گه‌مه‌ی سیاسیی به کارتی کورد. به تایبه‌تی تورکیا ده‌سه‌ڵاتێکی باڵای هه‌یه له سه‌ر جوڵاندنی سه‌رۆکی هه‌رێم دژ به حکومه‌تی به‌غداد. ئه‌م هه‌ڵوێسته تاکڕه‌ویانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم کارێکی هه‌ره ترسناکه له‌سه‌ر ئایندهی هه‌رێم که له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کورد نییه. هه‌تا سه‌رچاوه تورکه‌کان ئاماژه به‌و په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه ده‌که‌ن و ده‌پرسن: "ئایا په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی دروسته؟ پاشان ڕاشکاوانه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ئه‌و په‌یوه‌ندییه شه‌خسییانه مێژوویه‌کی تازه‌یه که له‌م سێ ساڵانه‌ی دواییدا گه‌شه‌یه‌کی یه‌کجار به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیووه. به‌ڵام ته‌نها له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێم و زاواکه‌ی.".
ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا نادروست بێت، بۆ گه‌لى کورد نه‌ک هه‌ر نادروسته به‌ڵکو بۆ ئاینده زۆر مه‌ترسیداره. بۆیه ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت به ڕێگاگرتن به‌م جۆره په‌یوه‌ندییه تاکڕه‌ویانه و کۆتاییهێنان به مامه‌ڵه‌کردن به سامانی ژێرخانی کوردستان به ئه‌قڵییه‌تی ئاغای گوند.
نه‌وتی هه‌رێم بۆ تورکیا
پێشبینی ده‌کرێت هه‌رێمی کوردستان به‌رهه‌می نه‌وتی بگاته نیو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت که ڕۆژانه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بکرێت و یه‌ک ملیۆن به‌رمیل له ساڵی ٢٠١٥دا. ئه‌م ڕێژه‌یه له زیادبووندا بێت تا بگاته دووملیۆن به‌رمیل له ماوه‌ی ١٠ ساڵدا. ئه‌م ڕێژه زۆره بۆ تورکیا به‌سه که زۆربه‌ی پێداویستییه هایدرۆکاربۆناتییهکانی وڵاته‌که‌ی مسۆگه‌ر بکات. هه‌روه‌ها له ماوه‌ی ده ساڵدا کوردستان ده‌توانێت بڕی ٢٠ بلیۆن مه‌تر سێجا له غازی سروشتیی بفرۆشێت به تورکیا. هیچ گومانی تێدا نییه که تورکیا ئامانجی ئه‌وه‌یه که ده‌یه‌وێت سه‌رچاوه وزه‌ییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ خۆی پاوان بکات.
پڕۆژه‌که‌ی ولایه‌تی موسڵ، که ده‌کاته کوردستانی باشووری ئێستا، له لایه‌ن ئینگلیزه‌کانه‌وه له ڕێگای (عسبه الامم)ه‌وه توانیان به عێراقیه‌وه بلکێنن به بێ ئه‌وه‌ی پرس و ڕای کورد وه‌ربگیرێت. تورکیا وا خه‌ریکه برینی ئه‌و شکسته کۆنه‌ی ساڕ‌ێژ بکاتهوهوههوڵ ده‌دات بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خۆی. به‌ڵام ئه‌م جاره به ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریکا، ئه‌وروپا و ئیسرایل.
به بۆچوونی خۆم، په‌یوه‌ندیی سه‌رکرده‌کانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد و ئه‌نقه‌ره هه‌ردووکیان مه‌ترسیدارن و زۆر شه‌خسی و عاگفین. له ٢٢ساڵی ڕابردودا ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ژێرکه‌وتوو بوون له ده‌رسى دیموکراسییدا، ناتوانن وانه‌ی ڕێزگرتن له یاسا بده‌ن به هیچ که‌س. کاری تاکه که‌سیی و ئاغایانه ناگونجێت له‌گه‌ڵ ژیانی ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا. هه‌تا ڕۆژنامه‌نوسانی تورکیا به ئه‌نقه‌ست چاو داده‌خه‌ن له گه‌نده‌ڵیی که‌سانی هاوپه‌یمانه‌کانیان له باشووری کوردستان. زۆر چاک ده‌زانن ڕاده‌ی خۆپه‌رستیی و گه‌نده‌ڵیی له ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورددا گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێک.
بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له پێویستیه‌کانی تورکیا بۆ نه‌وت و غاز تێبگه‌ین، ساڵی ٢٠١٣ پێشبینی ئه‌کرێت تورکیا ٦٠ بلیۆن دۆلار فاتووره بدات بۆ دابین کردنی پێداویستیه وزه‌ییه‌کان که ده‌کاته له (70%) له عه‌جزی بودجه‌ى ئێستا) به ڕه‌چاو کردنی ئه‌وه‌ی که تێکڕای پێداویستییه وزه‌ییه‌کان %٢٩ له نه‌وت ده‌رده‌هێنرێت و %٣١ له غاز و، ده‌وڵه‌تی تورکیا ئێستا له ژێر فشارێکی زۆر دایه بۆ دابینکردنی پێداویستییه ستراتیجییه‌کانی بۆ گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازیی وڵاته‌که‌ی. تورکیا هاورده‌ی نه‌وتی (98%)ه، که ته‌نها (2%)ی به‌رهه‌می ناوخۆیه‌تی. له‌به‌ر ئه‌وه نابێت بیر له‌وه بکرێته‌وه که تورکیا گرنگیی نه‌دات به درواسێکه‌ی عێراق ده‌وڵه‌مه‌ند له نه‌وتدا. له کاتێکدا که کۆمپانیا نه‌وتیی و غازییه‌کان گرنگیی و بایاخ ده‌ده‌ن به وڵاته دووره خاوه‌ن نه‌وته‌کانی وه‌ک ڤه‌نزوێلا و کۆڵۆمبیا، گرنگیی نه‌دان به عێراقی دراوسێ کارێکی ناشیاوه.
گومانی تێدا نییه که تورکیا ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌مه‌ندیی ژێر خاکی کوردستان ببه‌ستێته‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی خۆیه‌وه.
واشنتۆن، یه‌کێتی ئه‌وروپا و ئیسرایل کۆکن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که تورکیا ببێته هێزێکی ئابووریی باڵاده‌ست له باشووری کوردستان و له سوریای پاش به‌شار ئه‌سه‌ددا، به جۆرێک ڕێگر بێت له به‌رفراوانبوونی ئابووریی، سیاسی و مه‌زهه‌بیی ئێران له ته‌واوی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. تورکیا ده‌یه‌وێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت له کاروباری کوردستان و هیچ شتێک نه‌بێت له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد به بێ ڕه‌زامه‌ندیی خۆی. پرسی گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر کوردستانی باشور جیابۆوه له عێراق به ڕه‌سمیی، تورکیا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کوردستانی باشوور ده‌کات؟
له ئه‌نجامى زاڵبوونی ئه‌قڵییه‌تی ئاغایه‌تیی و تاکڕه‌ویی كورد به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه هه‌رێمیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا له ٢٢ ساڵی ڕابردوودا، ده‌رده‌که‌وێت به‌رژه‌وه‌ندیی تورکیا هێنده قووڵ بووه که به‌ته‌واوه‌تیی چۆته ناو بڕیاری سیاسیی باشوری کوردستانه‌وه.
سه‌رکرده‌کانی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار له باشوری کوردستان نه‌یانتوانیووه گه‌مه‌ی دیپلۆماسیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌کار بهێنن. نه له‌گه‌ڵ به‌غداد نه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره نه له‌گه‌ڵ ته‌هران وه نه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق. هه‌موو کات ئه‌و ئه‌قڵییه‌ته ده‌یانبات بۆ باوه‌شی یه‌کێک له‌مانه دژی ئه‌وی تر. ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ تورکیا دژی به‌غدان، هه‌روه‌ک له ساڵانی حه‌فتاکاندا له‌گه‌ڵ ته‌هران دژی به‌غدا بوون. کاتێک که ته‌هران و به‌غداد ڕێککه‌وتن له جه‌زائیر، سه‌رکرده‌کان بانگه‌شه‌ی چه‌کدانانیان کرد به‌بێ گوێدانه به‌و هه‌موو خه‌بات و تێکۆشان و قوربانییانه‌ی که درابوون. خۆیان ڕوویان له ته‌هران کرد. ڕێکه‌وتنێکی هاوشێوه نابێت به دوور بزانرێت له نێوان ئه‌نقه‌ره‌و به‌غدادا، ده‌بێت هه‌میشه پێشبینی بۆ بکرێت.
بێگومان یه‌کێک له هه‌ره شکسته‌کانی چینی ڕۆشنبیرانی ڕامیاریی کورستانی باشور له‌م ٦٠ ساڵه‌ی ڕابردوودا، ئه‌وه‌یه که نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی کورد ڕزگار بکه‌ن له ده‌ست ئه‌قڵییه‌تی ئاغایی گوند که بێ ئه‌ندازه به‌ته‌ماع و خۆپه‌رسته، به‌ڵکو ژماره‌یه‌کی زۆر بوون به ئامڕازو دارده‌ست له پته‌وکردن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌م جۆره حکومڕانییه‌دا که به‌ته‌واوه‌تی دژ به به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی کورده. ئه‌قڵییه‌تێک که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناگونجێت نه له‌گه‌ڵ ئۆتۆنۆمیی نه بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ. (له راستییدا له ده‌سه‌ڵاتێکی مافيایى ده‌چێت).
ڕۆشنبیره‌کان خه‌ریکی نان په‌یداکردنن. ئه‌مه کارێکی سروشتییه. به‌ڵام نه‌ک نان پهیداکردنێک له به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردان له ئازادیی و که‌رامه‌تی خۆی و به رژهوهندیی گه‌ل که مخابن ئه‌مه دۆخه‌که‌یه و له ئه‌نجام دا ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره هه‌مومان به‌ره‌و ئاقارێکی ترسناک ده‌بات.
سه‌رکرده‌کانی هه‌ردو حزبى ده‌سه‌ڵات، پارتی و یه‌کێتی، ئه‌و سیاسه‌ته به‌کار ده‌هێنن: "سامانی میلله‌تی کورد به‌رامبه‌ر زه‌وتکردنی ئازادیی میلله‌ته‌که‌یان".
هه‌ڵوێستی ڕۆشنبیران که له چوارده‌وری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌ن به به‌ژن و باڵای سه‌رکرده‌کاندا هه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ نان، دراو، هه‌واو هه‌وه‌س و خۆشیی خۆیانه. به‌رپرسن له‌م ڕه‌وشه نا دادپه‌روه‌ره‌و خنکاندنی ئازادیی و چه‌سپاندنى دیکتاتۆرییه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی باشووردا. به‌م شێوه‌یه ڕێڕه‌وی کاروانی گه‌ل بۆ به‌ره‌و ژیانێکی دیموکراسیی، ئازادیی، که‌رامه‌ت و بۆ مافی هاوڵاتیبوون له کوردستان به‌ره‌و ئیفلیجبوون چووه.
بێ گومان له هه‌لومه‌رجێكدا كه پاشهروژی گه‌ل له مهترسیي بوون و نه بووندا بێت، قوربانیی پێويسته، نه‌ك چه‌پله‌لێدان بۆ ده‌سه‌ڵاتێكى گه‌نده‌ڵ له پێناوي زيادبوونى موچه‌دا.
ئەم نووسینە لەم پەیجەوە وەرگیراوە: