کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی خۆگێلکردنه، تێنه‌گه‌یشتنیش له‌ گۆڕان کاره‌ساته‌ (به‌شی 1 و 2)

Monday, 12/07/2010, 12:00


هێزه‌ سیاسیه‌ کوردیه‌کان، به‌شێکی دانه‌بڕاوی سه‌ر زه‌مینه‌ی سیاسی کوردستانن. ئه‌وانه‌، به‌گه‌روی تێکۆشانی کورد له‌مێژوودا، داده‌نرێن. ئه‌وان، ده‌ستاوده‌ست، که‌لتووری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردیان گواستۆته‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌. هه‌ر پشت تێکردن و نه‌خوێندنه‌وه‌یه‌کیان، خۆگێلکردنه‌. تێنه‌گه‌یشتنیش له‌ هۆکار و سه‌رهه‌ڵدانه ‌کۆن و نوێکان کاره‌ساته‌.
له‌ده‌روازه‌ی ئه‌م دووپارته‌ و باقی پارت و ڕێکخراوه‌سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کورده‌وه‌، شۆڕش و به‌رخۆدان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌. به‌گواستنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌مه‌ش، گۆڕانکاریه‌کان ڕویانداوه‌. ئه‌مانه‌ ته‌واو له‌ناو هاوکێشه‌ی ڕوداوه‌کانی سه‌رزه‌مینی کوردیدا به‌شه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌که‌ین. له‌ پێکهاته‌ی ئه‌مانه‌وه‌ ده‌ره‌نجامی هاوکێشه‌که‌ درووست بووه‌. ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کان به‌ ناوئاخنی توانا و تێڕوانینی ئه‌مانه‌وه‌، له‌گوێزانه‌وه‌یه‌کی سروشتی و نه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هاتۆته‌ دنیا. مه‌گه‌ر ده‌کرێت که‌ره‌سته‌کان له‌دروستبوونی باڵه‌خانه‌یه‌کدا له‌به‌رچاو نه‌گیرێت و ته‌نها بۆشایی ژوره‌کانی ده‌ربخرێت؟.
به‌نده،‌ نامه‌وێت لایه‌نگری بکه‌م و له‌ تێڕوانینێکی دوشمانه‌نه‌وه‌ شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکه‌م. پێویسته‌ ئێمه‌، ڕاستگۆیانه‌ بنوسین و ئه‌وه‌ی که‌ ڕاست و دروسته‌ بیگه‌یه‌نیه‌‌ یه‌کدی. هه‌رچیه‌ك به‌چاو ده‌بینرێت، یان ده‌بیسترێت، یان هه‌ستپێده‌کرێت، یان هه‌ر ڕوداوێك ڕووده‌دات و هه‌ر هۆیه‌ك ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی پێکهاته‌ و پێكهێنان، ڕه‌هه‌نده‌کانی له‌دیدێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ شیبکه‌ینه‌وه‌. ناکرێت له‌دیدی ڕقلێبوونه‌وه‌وه‌ بنوسین. ڕه‌خنه‌گر، پێویسته‌ حه‌کیمانه‌ بڕوانێته‌ هۆکاری ڕوداوه‌کان و زانستیانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکات. پێویسته‌ که‌سی ڕه‌خنه‌گر، ماف بداته‌ باسلێکراو به‌بێ جیاوازیکردن و خۆپه‌رستی. گه‌ر هه‌ر خۆپه‌رستی و لوتبه‌رزیه‌ك له‌ هه‌ر ڕه‌خنه‌ و شیکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌یه‌کدا به‌دی بکرێت، ئه‌وا ده‌چێته‌ خانه‌ی لایه‌نگری، یان بێئاگایی، یان دوشمنکارییه‌وه‌. به‌مه‌ش لادان له‌ ئه‌نجامدا ڕووده‌دات و به‌رهه‌مه‌که‌ش نامانگه‌یه‌نێته‌ زانینی ئه‌و نهێنیانه‌ی که‌ خواستیارین.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کو دوو که‌ره‌سته‌ی گرنگی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌پێناوی ویست و داواکاریه‌کانی گه‌لی کوردا له‌دایك بوون. ئه‌وان، دوو جه‌مسه‌ری جیاواز له‌پێکهاته‌ و بیرکردنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌دا بۆ یه‌ك مه‌به‌ست درووست بوون. ڕه‌گی هه‌ردوولایان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی خێڵ داکوتراون‌. به‌ڵام، له‌وێنده‌ره‌وه‌ نه‌ڕسکاون‌، به‌ڵکو خودی خێڵ هۆکاری گوێزانه‌وه‌ی دووانه‌ی که‌لتوور و سیاسه‌ته‌کانیان بووه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌نوێکان ده‌رهاویشته‌ی گوێزانه‌وه‌کانی ئه‌وان و تێکه‌ڵه‌یه‌ك له‌ شارستانیه‌ت و فه‌رهه‌نگی دنیای ده‌ره‌وه‌ن. ئالێره‌وه‌ بشتگوێخستنی ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌، فه‌رهه‌نگییه‌ ده‌مانباته‌وه‌ بۆ که‌لاوه‌ی هه‌ڵه‌کانی پێشوو و سه‌رله‌نوێ له‌ناو ته‌ونێکی چنراوی جاڵجاڵۆکه‌ییدا گیرمان ده‌کات و به‌بێ ده‌ستکه‌وت و به‌رهه‌م به‌جێمان ده‌هێڵێت. ئیدی ناکرێت وه‌دووی ووته‌ و شیکردنه‌وه‌ ‌باوه‌کان بکه‌وین. پێویسته‌ ئێمه‌ لادانی نوسه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانیش ئاشکرابکه‌ین و بیانخه‌ینه‌ ژێر لێکۆڵینه‌وه‌وه‌. چونکه‌ به‌دیدی به‌نده‌، ئێستا ڕۆشنبیریه‌ك تایبه‌ت به‌ (لادانه‌ شیکاریه‌کان) به‌ناو خه‌ڵکدا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ و هێنده‌ی نه‌ماوه‌ ته‌واوی ڕاستیه‌کان قوت بدات و چیدی جێگایه‌ك بۆ به‌دواداچوون و شیکارکردنه‌کان نه‌هێڵێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ فه‌رهه‌نگی کوردی، ده‌بینین ئه‌و داستانه‌ فۆلکلۆریه‌ چیرۆک ئامێزانه‌ی که‌هه‌ن، ده‌ماوده‌م، چ به‌زیاد و چ به‌که‌م، گێڕدراونه‌ته‌وه‌ و له‌نه‌وه‌یه‌که‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌کی دی گواستراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆربه‌یان فه‌وتاون و نه‌توانراوه‌ بگه‌یه‌نرێنه‌ ئێمه‌. ئه‌م داستانانه‌ گاریگه‌ری ناوچه‌یی و زمان و ئاین و سروشت و ئاو و هه‌وا و ته‌نانه‌ت توانای جه‌سته‌ییشیان له‌سه‌ر بووه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی هه‌ل و مه‌رجی ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵگای کوردی شێوه‌ و مه‌به‌سته‌کانیان گۆڕانی به‌سه‌‌ردا هاتووه‌. لێ هه‌موویان وه‌کو زانراوه‌ به‌پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌دا هاتوون. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌م نمونه‌یه‌ وه‌ربگرین ڕه‌نگه‌ ئاسان بێت بۆ چوونه‌ ناو بابه‌ته‌که‌مان.
له‌داستانی مه‌م و زیندا، خه‌ون، هۆکارێکه‌ بۆ ئاشنابوون و پاشان به‌دواداگه‌ڕان. خه‌ون، ده‌ستپێك وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنێت. که‌واته‌ خه‌ون لێره‌دا ویسته‌کانی تاك به‌رجه‌سته‌ ده‌کات و تاکه‌ ڕێگایه‌که‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌ویش ئاینده‌ دیاریده‌کات. ئه‌گه‌ر مه‌م خه‌ونی به‌ زینه‌وه‌ نه‌دیبا، ئه‌وا هه‌رگیز هه‌وڵی سه‌فه‌رکردن بۆ جێگایه‌کی دووری نه‌ده‌دا. له‌وێنده‌ریش گه‌ر دژایه‌تی ویسته‌کانی مه‌م نه‌کرایه‌ دیاره‌ ڕوداوێکی لێ نه‌ده‌که‌وته‌وه‌. به‌ڵام ناتوانین که‌ره‌سته‌کانمان له‌بیر بچێت ئه‌وانیش مه‌م و زینن. چونکه‌ ئه‌م که‌ره‌ستانه‌ هه‌ن. دیاریکراون. پاڵه‌وانی ڕوداوه‌که‌ن. ئه‌مان ئه‌نجامی کۆتایی دیارده‌که‌ن. ئه‌م کۆتاییه‌ش ده‌گوێزرێته‌وه‌ و دووباره‌ له‌ جێگه‌یه‌کی تردا و له‌کاراکته‌رێکی دیدا و له‌سه‌رده‌مێکی تازه‌دا ئه‌نجامێکی هاوشێوه‌ یان وێکچوو به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه‌.
کۆمه‌ڵگای کورد، له‌خه‌ونی به‌رده‌وامی چوونیه‌کیدا. سه‌فه‌ری هاوشێوه‌ ده‌کات. له‌سه‌فه‌ره‌که‌یدا گه‌لێ وێنه‌ی نوێ ده‌بینێت، لێ ئه‌و ته‌نها به‌یه‌ك چاو ده‌یبینێت و به‌یه‌ك ڕه‌نگ لاسایی دروستکردنی ده‌کاته‌وه‌ و ته‌نها له‌لایه‌کیه‌وه‌ نه‌خشه‌کێشی بۆ ده‌کات. هه‌ر ده‌بێت مه‌م خه‌ون ببینێت و سه‌فه‌ر بۆلای زین بکات و پاشان به‌یه‌ك نه‌گه‌ن و ببنه‌ قوربانی. بۆیه‌ کێشه‌ی ئه‌م گه‌له‌ له‌که‌ره‌سته‌کانیدایه‌. ته‌واوی سه‌فه‌ره‌کانی له‌هه‌ر ویستگایه‌که‌وه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی که‌وتبێته‌ ڕێگا و له‌هه‌ر کات و زه‌مه‌نێکدا بێت، هه‌مان کاراکته‌ری وێکچووی پێشووه‌. ئیدی له‌ده‌ره‌نجامه‌وه‌ ڕاسته‌وڕاست دێته‌وه‌ سه‌ر ده‌ستپێکی یه‌که‌م جاری خه‌ونه‌که‌ی و کاراکته‌ری پاش ئه‌ویش به‌هه‌مان کردار و به‌هه‌مان دیده‌وه‌ سه‌فه‌ره‌که‌ی به‌رده‌وامی پێده‌دات و ئاوا و به‌م شیوه‌یه‌ ئه‌م گه‌له‌ به‌دبه‌خته‌ له‌سه‌فه‌ری به‌رده‌وامیدا نه‌ده‌توانێت کۆڵ بدات و نه‌ده‌شتوانێت ده‌ره‌نجامه‌کان بگۆڕێت.
سروشتی تاکی کود، له‌کۆمه‌ڵێك لادانی که‌سێتی پێك هاتووه‌. له‌نێوان پاڕانه‌وه‌ و باوه‌ڕبه‌خۆبووندا له‌زۆرانبازیدایه‌. زبری له‌ نه‌ستدا کاریکردۆته‌ ته‌واوی ژیانی. ئالێره‌وه‌ ڕووداوه‌کان دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌. ئه‌زمون له‌لای ئه‌م تاکه‌ بێجگه‌ له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵیك کاره‌ساتی ڕابوردوو بۆ ئاینده‌یه‌کی تاڵ شتگه‌لێکی تر نیه‌. ئه‌و ده‌یه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ له‌و ڕابوردووه‌ دووربکه‌وێته‌وه‌. لێ ئه‌و، به‌ڕابوردووه‌وه‌ نوساوه‌ و لێی جودا نابێته‌وه‌. شه‌تڵکردنه‌وه‌ و موته‌ربه‌کردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ڕابووردوو له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئاینده‌ی نزیك و دوور، چاره‌نوسێکی سروشتی کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌تی به‌ گه‌ردنی ئه‌م تاکه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز ناتوانێت له‌م داوی چاره‌نوسه‌ ڕزگاریبێت.
خان ئه‌حمه‌د خان پاشای ئه‌رده‌ڵانیه‌کان له‌ساڵی 1028ی کۆچیدا به‌ بڕیاری شاعه‌باسی شای ئه‌وده‌می ئێران به‌خۆی و به‌ 12.000 دوانزه‌هه‌زار سواره‌وه‌ ڕووی کرده‌ که‌رکوك و حه‌له‌ب و موسڵ. ئه‌و شارانه‌ به‌بێ شه‌ڕ خۆیان ڕاده‌ستی خان ئه‌حمه‌دخان کرد و شاری موسڵیشی کرده‌ پایته‌ختی خۆی. پاشان شا عه‌باس پێی ڕاگه‌یاند که‌ ده‌بێت به‌غدادیش بگرێت. ئه‌ویش به‌سوپایه‌کی بێشووماره‌وه‌ ڕوویکرده‌ به‌غداد و ئه‌وێنده‌ریش به‌بێ شه‌ڕ خۆیان ڕاده‌ستی خان ئه‌حمه‌د خان کرد و پاشا و پیاوه‌ناوداره‌کانی به‌غداد به‌ده‌ست و دیاری شاهانه‌وه‌ هاتنه‌ خزمه‌تی و ڕێزیان لێگرت، پاش ئه‌وه‌ی شاعه‌باسیش گه‌یشت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی به‌غداد چوونه‌ خزمه‌تی و به‌غدادی ڕاده‌ستی شاعه‌باس کرد. پاش مردنی شاعه‌باس، شاسه‌فی، سورخاب به‌گی کوڕی خان ئه‌حمه‌د خانی گرت و هه‌ردوو چاوی هه‌ڵکۆڵین. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌دا خان ئه‌حمه‌دخان له‌شاسه‌فی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوڵتانی عوسمانیدا په‌یوه‌ندی ده‌گرێت و به‌ڵێنی خزمه‌تگوزاری و ملکه‌چی پێ ده‌دات.
ملکه‌چی و خزمه‌تکردنی بێگانه‌. له‌خۆبچوك ته‌ماشاکردن و باوه‌ڕنه‌بوون به‌خوده‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت. خان ئه‌حمه‌دخان، به‌هێزی کورد به‌غدادی گرت و له‌پێناوی سوپاسێکدا پێشکه‌شی شاعه‌باسیکرد. پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شای نوێی ئێراندا تێك چوو، خزمه‌تکاری و دڵسۆزی خۆی بۆ لایه‌نێکی دیکه‌ ڕاگه‌یاند. له‌ساڵی 2003دا هێزه‌کوردیه‌کان، عێراقیان له‌سه‌رڕا بنیادنایه‌وه‌ و نیوه‌ی خاکه‌که‌ی خۆشیان به‌یاسایه‌ك له‌ده‌ستووری هه‌میشه‌ییدا خسته‌ سه‌رخاکی عاره‌بان. پاش ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن کارێکی هه‌ڵه‌یان کردووه‌، که‌وتنه‌دووای دێڕه‌ به‌جێماوه‌کانی ده‌ستوورێك‌ و خۆیان به‌کۆمه‌ڵێك قسه‌ی لاوه‌کی فێڵبازه‌کانی عه‌ره‌به‌وه‌ گرێدا. ئیدی له‌جێگای به‌پیرهاتنه‌وه‌ و ڕێزلێگرتن هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ و لاوازکردنیان ده‌درێت. ئه‌وانیش، ده‌بێت بچنه‌وه‌ دیوه‌خانه‌کانیان و یاده‌وه‌ریه‌ تاڵه‌کانیان بنوسنه‌وه‌. ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌ی لێوانلێون له‌ خۆبچوککردنه‌وه‌ و دڵسۆزی بۆ داگیرکه‌ران و هه‌ڵه‌بێشوماره‌کان. ئه‌و هه‌ڵه‌ دووباره‌بوانه‌ی که‌ئیدی جارێکیدی ناهێڵن بچینه‌وه‌ دیوه‌ڕاسته‌قینه‌ مرۆڤانه‌که‌ی خۆمان.
له‌ساڵی 536ی کۆچیدا مه‌سعود پاشای هه‌مه‌دان، به‌خۆی و له‌شکرێکی گه‌ره‌وه‌ هێرشێکی فراوانی کرده‌ سه‌ر به‌غداد. له‌و ده‌مه‌دا عه‌باسیه‌کان له‌دواقۆناغی ته‌مه‌نیاندابوون. هێنده‌ لاواز بوون که‌نه‌یانده‌توانی نه‌ك هه‌ر ووڵات به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵکو نه‌یانده‌توانی به‌رگریشی لێ بکه‌ن. ئه‌وده‌م ده‌وڵه‌تی به‌کته‌کینی له‌ولایه‌تی موسڵ به‌سه‌رۆکایه‌تی عه‌لی گچکه‌ دامه‌زرابوو و له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدابوو.
عه‌لی گچکه، کوڕی عه‌مادالدین زه‌نگی،‌ پاشای به‌کته‌کینی له‌گه‌ڵ میره‌کانی مه‌راغه‌ و ئاکرێ و هه‌موودی و هه‌کاری، چوونه‌ به‌غداد بۆ فریادڕه‌سی خه‌لیفه‌ی عه‌باسیه‌کان. ئه‌وان، هێرشه‌که‌ی مه‌سعود پاشایان شکاند و ناچارکرد بگه‌ڕێته‌وه‌. به‌غدادیان ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه‌ی عه‌باسیه‌کان به‌خوێنی کورد به‌رده‌وامی پێدرا و زیندوو بووه‌وه‌.
له‌کاتێکدا، ده‌بوو ده‌سته‌ڵات و حوکومڕانه‌ یه‌ك له‌دووای یه‌که‌کانی کورد په‌ندیان له‌ ڕووداوه‌کان وه‌ربگرتبا و بیانکردایه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی وانه‌کانی ئاینده‌یان، که‌چی نه‌ك هه‌ر پشتیان پێنه‌به‌ستووه‌، به‌ڵکو پشتگوێشیان خستووه‌ و به‌رده‌وامیان به‌ موتوربه‌کردنیداوه‌. ئه‌وه‌تا له‌سه‌ره‌تای په‌یدابوون و فراوانبوونی بیری ئه‌تاتورکدا، کورده‌کان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بیرێك له‌ئاینده‌ی خۆیان بکه‌نه‌وه‌، هاتوون به‌ته‌واوی هێزی خۆیان و له‌سه‌ر خوێنی خۆیان ده‌یانه‌ویست ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه‌ی عوسمانی بهێڵنه‌وه‌. له‌کاتێکدا ته‌واوی خه‌لیفه‌کانی عوسمانی هێنده‌ی خوێنی کوردیان ڕشتبوو، چرکه‌یه‌ك بیریان له‌ ئاسووده‌یی ئه‌م گه‌له‌ نه‌کردبۆوه‌. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری میرنشین و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌کان به‌ده‌ستی ئه‌م خه‌لیفانه‌ ڕوخێنرابوون.
په‌شێوی له‌کارکردن و به‌یه‌که‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردن و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و فراوانکردنی ده‌سه‌ڵات و بنیادنان و هێشتنه‌وه‌ی خاکی کوردستان و مێژووه‌که‌ی سه‌راپای مێژووی ژیانی کۆمه‌ڵگای کوردی گرتۆته‌وه‌. تاکی کورد له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا بێجگه‌ له‌ پیاده‌کردنی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نه‌شیاو به‌دنیای سه‌رده‌م و پێکه‌وه‌ژیان ناتوانێت هه‌نگاوێکی نوێ بهاوێژێت. وێرانکردن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕابووردوو یه‌کێ له‌ ئه‌زمونه‌ خراپه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌یه‌. ئه‌وه‌تا له‌ساڵی 1040ی زاینیدا سلێمان خانی موکریانی، پاش درووستکردنی شاری سنه‌ ته‌واوی قه‌ڵاکانی زه‌ڵم و پڵنگان و مه‌ریوان و حه‌سه‌ن ئاوای ڕوخان و وێرانکرد، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکیتر حاکمه‌کانی کوردستان ڕوویان تێنه‌که‌ن و نه‌یانکه‌نه‌ په‌ناگا. شه‌ڕ و کوشتار له‌ڕێگای بنه‌ماڵه‌ و لایه‌نگره‌کانیاندا که‌ دابه‌ش ده‌بوون به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێك هێزی جوداجودادا، هه‌رگیز به‌رۆکی ئه‌م گه‌له‌ی به‌رنه‌داوه‌. ئه‌مه‌ش دووباره‌بوونه‌وه‌ی زۆرتێدایه‌ و تاکو ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌.
سلێمان پاشای بابان، به‌هۆی په‌نابردنی زۆرێك له‌ دانیشتوانی ژێر ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مڕه‌وی خان ئه‌حمه‌دخانی کوڕی که‌لبعه‌لی ئه‌رده‌ڵانیدا. سوپایه‌کی کۆکرده‌وه‌ له‌(کورد و عه‌ره‌ب) و په‌لاماری مه‌ریوان و سه‌قز و هه‌ورامان و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا بۆ ڕزگارکردنیان له‌ژێر زوڵم و زۆری ئه‌و میره‌کورده‌ و سه‌ره‌نجام له‌دوواشه‌ڕیاندا له‌ده‌شتی مه‌ریواندا هه‌ردوو سوپای ئه‌رده‌ڵانی و بابانی به‌یه‌ك گه‌یشتن و سوپای ئه‌رده‌ڵان 4000 که‌سیان له‌بابانیه‌کان کوشت به‌هۆی ئه‌و هاوکاریه‌ی له‌لایه‌ن شا سلێمانی سه‌فه‌ویه‌وه‌. پاشان خان ئه‌حمه‌د خان به‌ربووه‌ گیانی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی کوردستان له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا و ته‌واوی موڵك و ماڵی خه‌ڵکی بێچاره‌ی مه‌ریوان و سه‌قز و سنه‌ی تاڵان کرد و 1200 که‌سیشی له‌گه‌وره‌ پیاوانی مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی خۆی کوشت و قه‌ڵایه‌کیشی له‌ که‌لله‌سه‌ری خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ده‌شتی مه‌ریوان درووستکرد که‌تاکو ئێستا ئه‌و گرده‌ به‌ که‌لله‌کێو ناسراوه‌.
له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابووردوودا، گه‌لی کورد پاش نزیکه‌ی 80 ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی خۆیی، توانی سه‌ره‌تایه‌کی گرنگ ده‌ستپێبکات. لێ هه‌ر پاش دووساڵ، ئاگری شه‌ڕێکی وێرانکه‌ریان له‌نێوان حیزبه‌باڵاده‌سته‌کاندا هه‌ڵگیرسان و زیاتر له‌ 10.000 ده‌ هه‌زارکه‌سیان کوشت و بێسه‌روشوێنکرد. بێجگه‌ له‌ ماڵوێرانی خه‌ڵك و ئاوا‌ره‌بوون و به‌جێهێشتنی زیاتر له‌ سه‌دان هه‌زار که‌س له‌ماڵ و حاڵی خۆیان، نزیکه‌ی 2000 که‌سیش تاکو ئێستا بێسه‌روشوێنن. هه‌ربه‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان و ڕوویان کرده‌ دڵڕه‌قترین دوشمنی خۆیان و بۆ جارێکی دی ته‌واوی پیرۆزیه‌کانی خۆیان ڕاده‌ستکرد. هه‌ر لایه‌ك و په‌لاماری ماڵ و سامانی لایه‌نگرانی لاکه‌ی تری ده‌دا و تاڵانیان ده‌کرد. زه‌وی و خان و و ماڵ و حاڵیان ده‌برد و ده‌یانکرده‌ موڵکی خۆیان. تاکو ئێستاش زۆرێك له‌زه‌وی و زار و خانو و ماڵی هه‌زاران که‌س نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌که‌ی. ئه‌مه‌ ئه‌و سروشته‌یه‌ که‌تاکی کوردی له‌سه‌ر ڕاهێنراوه‌. ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌په‌روه‌رده‌کردندا سیما و گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگه‌که‌یه‌تی. هۆشیاری ئه‌م تاکه‌ له‌باڵاکردنی ئه‌م که‌لتووره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت. ئیدی ئه‌م تراژیدیایه‌ له‌ کۆمه‌ڵێك هاوکێشه‌ی فره‌لایه‌ن و فره‌به‌شدا به‌رده‌وام نشونما ده‌کات و به‌ره‌و داڕوخانی به‌رده‌وام لارده‌بێته‌وه‌. لێ ئایا هێزێکی نوێ به‌فه‌رهه‌نگێکی نوێوه‌ به‌ بارێك ئه‌زموونی مێژوویه‌وه‌ له‌ئێستادا ڕسکاوه‌؟. ئایا تێگه‌یشتن له‌گۆڕان، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ ته‌قلیدیه‌یه‌ که‌ تاکی کوردی به‌رده‌وام ئاڵوده‌ی بوه‌ و ناتوانێت لێی دووربکه‌وێته‌وه‌؟. ئایا گۆڕان و هێزه‌ نوێگه‌ره‌کانی سه‌ر زه‌مینه‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد له‌هه‌مان دره‌ختی مێژوو شه‌تڵ نه‌کراون، له‌وێنده‌ره‌وه‌ موتوربه‌که‌ی وه‌رنه‌گیراوه‌؟ ئایا ئه‌م هێزانه‌ گیرۆده‌ی که‌لتورێکی باو نین؟

ئه‌م نوسینه‌ له‌چه‌ند به‌شێکدا به‌رده‌وام ده‌بێت....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە