کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان و که‌سایه‌تیه‌ کانی ناو پارتی دژ به‌ پشتگوێ خستن و جاش پارێزی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی

Saturday, 18/12/2010, 12:00


ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی کورته‌ هه‌واڵێکی به‌ناوی (ژماره‌یه‌ك كادیری‌ باڵای‌ پارتی‌ به‌ئاسانی‌ یه‌ك لایه‌نه‌ی بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ جێناهێڵین) بڵاوکردۆته‌وه‌.

دیاره‌ هه‌و‌اڵێکی کورت و ناڕه‌زاییه‌ك که‌ تاکو ئێستا به‌ ڕونی نازانرێت له‌ چیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ هۆکاره‌ باسنه‌کراوه‌کانی تری چییه و چی له‌ پشته‌وه‌یه‌،‌ ڕوداوێکی تایبه‌ته‌. به‌ڵام خۆش باوه‌ڕیه‌ که‌ چاوه‌روانیه‌کی گه‌وره‌ی لێبکرێت.

به‌تایبه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موان ئاشکرایه‌ یه‌کێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی پارتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ و ناڕازایی به‌رامبه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری بارزانی نه‌ به‌ ئاشکرا و نه‌ له‌ ژێر لێفه‌وه‌ ڕێگا پێ نه‌دراوه‌. ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زاییه‌کیش به‌رامبه‌ر دیارده‌یه‌ك یان دیارده‌کانی ناو پارتی هه‌بێت به‌ جۆرێك ده‌رده‌بڕدرێت که‌ که‌سه‌کانیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌گرێته‌وه‌ وته‌نانه‌ت ئه‌وانیش بخرێنه‌ ڕیزی قوربانیه‌کانی کرداری ناشرینی ئه‌ندامانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌یه‌کیش چ له‌ ناو ئۆرگانه‌کانی پارتیدا چ له‌ به‌رده‌م میدیاکانی ناوخۆدا بخرێته‌ ڕو پێویسته‌ به‌ کۆمه‌ڵی ده‌ربڕینی شه‌رمه‌زارکه‌ر و به هه‌ڵدان به‌‌ شان و باڵی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ دا ده‌سپێبکرێت. پێویسته‌ هه‌میشه‌ هێڵێکی ڕون و ئاشکرا له‌ نێوانی ئه‌و که‌س و دیاردانه‌ی ڕه‌خنه‌ و گازنده‌یان ئاراسته‌ ده‌کرێت و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دیاری بکرێت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جۆرێك بێت که‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ بچوکترین پریشکی ڕه‌خنه‌ نه‌یانگرێته‌وه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پرنسیپانه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی هاوڵاتی له‌ 16/12/2010 دا نوسیویه‌تی: جه‌عفه‌ر مسته‌فا نوێنه‌ری‌ زیاتر له ‌20 که‌س له‌و په‌رله‌مانتار‌ و که‌سایه‌تیانه‌ی ‌پارتی که‌ بۆ ئه‌ندامێتی‌ كۆنگره‌ی‌ 13 ده‌ستنیشان نه‌كراون وڕه‌خنه‌ و ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر پارتی وبنه‌ماڵه‌ی پارتی بۆ هاوڵاتی ده‌ربڕیوه، پشتگوێ خستنیان و ڕێگری لێ کردنیان بۆ به‌شداری له‌ کۆنگره‌ی 13 دا هۆیه‌کی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌که‌ بووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش هاوڵاتی له‌وه‌ ده‌دوێت که‌ ‌ئه‌و ئه‌ندامانه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ به ‌به‌‌ڵگه‌وه‌ ئاگادارن‌ ژماره‌یه‌ك خائین ‌و جاش پێش ئه‌وان خراون و چونه‌ته‌ کۆنگره‌که‌وه‌. ئه‌م ده‌ربڕینه‌ خۆی له‌ خۆیدا بۆ هیچ که‌سێك نوێ نیه،‌ به‌ڵام دانپیانانی له‌ لایه‌ن که‌سایه‌تیه‌کی پارتیه‌وه‌ شتێکی ئاسایی نیه‌ و تف کردنه‌له‌ ڕوی ئه‌و پارته‌ و سه‌رانی پارته‌که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی خۆیانه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌م میدیاکان و جه‌ماوه‌ر و ڕای گشتی دا.

گه‌رچی جه‌عفه‌ر مسته‌فا له‌وه‌ دواوه‌ که‌ بڕیاریان داوه‌ پارته‌که‌ به‌جێنه‌هێڵن و ته‌نها کارێك که‌ پێی هه‌ڵده‌ستن ئه‌وه‌یه‌ یاداشتێكیان له‌و باره‌یه‌وه‌ راده‌ستی سه‌رانی پارتی بكه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان کردووه‌ که‌(ئه‌گه‌ر ئه‌وان سو‌ور بن له‌سه‌ر ئه‌و شێواز‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ خۆیان، ئه‌وا ئه‌مانیش رێگای‌ تر ده‌گرنه‌به‌ر‌و هه‌ڵوێستی‌ توند ده‌نوێنن).

له‌ پارتێكدا که‌ بیر، گوتار و کرداری کۆیلایه‌تی و وابه‌سته‌یی بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی بێت.‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌کی له‌و جۆره‌ وه‌رچه‌رخانێکی که‌م وێنه‌ و تاقانه‌یه‌.

پشتیوانی کردنی که‌سانێك که‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م‌ هه‌ڵبهێننه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی به‌زاندنی سنوره‌کانی تۆقاندن و هه‌وڵی به‌ کۆیله‌ کردن له‌ شێوازی ده‌ربڕینی ‌ئاشکرای ناڕه‌زاییه‌کان له‌ میدیاکاندا‌ به‌رامبه‌ر پارته‌که‌ی خۆیان ئه‌رکی هه‌موانه‌ و‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان جێگه‌ی ستایشه‌ و ڕێگای هه‌زاران میل له‌ هه‌نگاوێکه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات.

پێویسته‌ به‌ چاو پۆشین له‌ هۆی ئاشکرا و شاراوه‌ی ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ ده‌سخۆشیان لێ بکرێت و پشتیوانی بکرێن.

شکاندنی هێڵه‌ سوره‌کان له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی پارتیه‌وه‌ چه‌ند ڕاستیه‌کمان بۆ ده‌رده‌خات. له‌ پێش هه‌مو شتێکه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ پێش چاوی سه‌رانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ و پاشکۆ و کاسه‌ لێسه‌کانیان که‌ چه‌نده‌ له‌ هه‌وڵی بێوچانی دڕندانه‌یان دا بن هه‌ر لێره‌ و له‌وێ درز ده‌که‌وێته‌ ئه‌و په‌یکه‌ری ترس و تێرۆره‌ی که‌ له‌ ناو ئه‌ندامانی خۆیان دا دروستایان کردووه. ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌وه‌کانیان چه‌نده‌ دڕنده‌بن دور نیه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ده‌لاقه‌یان تێبکه‌وێت و له‌یه‌ك هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌‌.

ئه‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌‌ قوڕ ‌دانه‌ به‌ ده‌می سه‌رانی پارتیدا که‌ ده‌یانه‌وێت وا پێشان بده‌ن که‌ له‌ ڕیزه‌کانیاندا هیچ ناڕه‌زایی و ناته‌باییه‌ك نیه‌ و هێزێکی یه‌کگرتوی قابیل به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ نین و ته‌واوی مه‌ترسیه‌کانیان له‌ ڕێگای کڕینی ویژدان و تۆقاندن و تێرۆره‌وه‌ به‌ر به‌ست کردووه‌.

گه‌رچی ته‌نها هه‌واڵێك ته‌نها تروسکه‌یه‌كه‌ له‌ تاریکیه‌کی ده‌یجوردا و جێگای هیوای گه‌وره‌ نیه‌،. به‌ڵام هه‌رگیز هه‌ڵوێست و گه‌وره‌یی هیچ که‌س و ده‌سته‌و ڕوداوێك له‌ یه‌که‌م کردارو هه‌نگاوه‌وه‌‌ به‌رجه‌سته‌ نه‌بووه.‌

نابێت ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌ یاد بکه‌ین که‌ پارتی په‌نا بۆ هه‌مو جۆره‌ ڕێگایه‌کی ناشه‌رعی و دزێو ده‌بات و پێویسته‌ له‌ سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌یه‌کی په‌یوه‌ند به‌ پارتیه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ یاد نه‌کرێت و به‌ شێوازی جیاواز و له‌ ئاراسته‌ی جیاوازه‌وه‌ له ڕوداوه‌کان بڕوانرێت و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە