گۆڕان پارتی ڕیفۆرم دەکات یان پارتی گۆڕان گەندەڵ دەکات
Saturday, 23/11/2013, 12:00
دووپارتی نەیاری دژ بەیەك لە زۆر بواردا سیاسی کۆمەڵایەتی ئابوری ڕۆشنبیری نەتەوەیی لە داهاتوویەکی نزیکدا بەریەك دەکەون و یەکتری بارگاوی دەکەن پرسیارەکە ئەوەیە ئایا گۆڕان دەتوانێت پارتی ڕیفۆرم بکات وچاکسازی ڕیشەیی پێ ئەنجام بدات یاخود پارتی گۆڕان گەندەڵ دەکات و دەیخاتە سەر ڕێچکەکەی خۆی ؟
گۆڕان بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری هەڵقڵاوی ناخی جەماوەری کوردستانە ولەئەنجامی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئابوری وگەندەڵیەکانی دەسەڵاتەوە سەری هەڵداوەو هێشتا لە بەهاری تەمەنیدایەو تازەیە لە ئەزمونی دەسەڵاتدارێتیدا، پارتیش حیزبێکی بنەماڵەیەیی گەندەڵ و قاڵبوو لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ئیدارەیەکی گەندەڵی پڕ لە نایەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادوەری وبە ئەزمونە لە کلك گرێ دان لەگەڵ دوژمنانی کوردو ووڵاتانی ناوچەکەو دونیا و لە پایزی تەمەنیدایە.
ئەم دوو پارتە لە کابینەی هەشتەمی کوردستاندا وەکو براوەی یەکەم و دووەم بەریەك دەکەون و لەدەسەڵاتدا بەشداری دەکەن .
پارتی ئەو حیزبەیە کە زۆر بە ئاگایی یەوە گەندەڵی ئەنجام دەدات چونکە تەنها گەندەڵی دەتوانێت تەمەنی ئەو پارتە درێژ بکاتەوە .
لە ووتارێکمدا نوسیبووم سەرانی پارتی بە پارە مێژوو بۆخۆیان دروست دەکەن سەرانی یەکێتیش بۆ پارە مێژووەکەیان لەدەست دەدەن ئەم ووتەیەم لێرەدا دوبارە دەکەمەوە . پارتی ئەو حیزبەیە کە مێژووی سیاسی پڕە لە خیانەت و گەندەڵی و کاری دزێوو ناشیرین تازە تەمەن بۆ دواوە ناگەڕێتەوە تۆبە بکات و بەخۆیدا بچێتەوە لەبەر ئەوە تەنها کارێك لەبەردەم پارتیدا هەیە ئەویش ئابووری یە پارتی لەڕێگەی دەسەڵاتی ئابووریەوە دەیەوێت مێژووی ناشیرینی خۆی بسڕێتەوە و لە ڕێگەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەو کڕینی وەلای جەماوەر بۆ خۆی بۆ جوان کردنی سیمای حیزبەکەیی و درێژەدا بەتەمەنی هەمو توانای ئابوری خۆی بەکار دەهێنێت.
میکانیزمی گەندەڵ کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتیەوە.
وەکو لە سەرەتادا باسم کرد پارتی حیزبێکی بە ئەزمونە لە گەندەڵ کردنی کۆمەڵگاو سەرانی حیزبە کوردیەکاندا نمونەش یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵ ئیسلامی و حیزبی شیوعی و حسك و تەنانەت یەکێتی هاوپەیمانیشی .
نێچیرەڤان بارزانی ئەو کەسەی ناو پارتیە کە لەڕێگەی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە توانیویەتی لەڕێگەی پارەو ئیمتیازاتەوە وەلای دەیان کەسایەتی ناو حیزبە کوردیەکان بۆ خۆی و پارتی بکڕێت و لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانەکاندا لە بەرژەوەندی پارتیدا بەکاریان بهێنێت هەروەکو ئێستا گروپێکی لەناو یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعی حسك دا دروست کردووەو لەکاتی دروست کردنی کابینەی هەشتەمدا لە بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەیدا بەکاریان دەهێنێت.
گۆڕان بەشداری کابینەی هەشتەمی حکومەتی کوردستان دەکات بە پۆستی وەزیرو جێگر وەزیرو دەیان پۆستی ئیداری تر سەرەکی ترین پلانی پارتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و شکست پێ هێنانی لەڕێگەی هێزو چەکەوە نیە بەلکو لەڕێگەی پارەو ئیمتایازات و گەندەڵ کردنی بزوتنەوەی گۆڕانە . با بزوتنەوەی گۆڕان کاروان ساڵحی ئەندام پەرلەمانی بیر نەچێت لە پێناو تەنها خانوویەکی بەرلەماندا خۆی فرۆشت و تەسلیم بە خواستەکانی خۆی بوو .
پارتی زۆر ڕێگەو پلانی بۆ شکست پێهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان تاقی کردەوە بەڵام شکستی هێنا بەڵام تەنها پلانێك لە بەردەمیدا ماوە پلانی ئیمتازات و پارەیە کە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕانی پێ لە خشتە بەرێت ئەویش لەڕێگەی پۆستە وەزاری و ئیداریەکانەوەیە.
من وەکو ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکم هەیە بۆ گۆڕان تاوەکو بەدەردی ئەو حیزبە کوردیانە نەچێت کە پارتی و نێچیرەڤان بارزانی لەڕێگەی پارەو ئیمتیازات و بەخشیش و بەرتیلەوە وەلای کڕیون و دواتر دژی حیزبەکانی خۆیان بەکاریان هێناون. من دڵنیام هیچ لایەنێک ناتوانێت پارتی ڕیفۆرم بکات چونکە پارتی بە بەرنامەو سیستماتیك گەندەڵی دەکات بەڵکو تەنها داوای من لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە بتوانێت کەسانی بە تواناو خۆنەویست و خۆڕاگر بەرامبەر ئیمتیازات و بەرتیل و بەخشیش لە و پۆستانەدا دابنێت کە وەکو ئیستحقاقی بەرلەمانیدا بەری دەکەوێت لە کابینەی حکومەتدا تاوەکو بەدەردی حیزبە کوردیەکان نەچێت و پارتی ناتوانێت گەندەڵی بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست