ئەمجارە گەمەی پارتی، پەروازی هونەرمەندیشی گرتەوە
Tuesday, 28/05/2013, 12:00
لە کاتێکدا 40 ڕۆژ زیاترە 30 هاوڵاتی خەڵکی هەولێر لە ئەنجامی مافیاکانی پشت پەردەی سیاسیی و بازرگانە دەرمانفرۆشەکان، کە کۆمەڵێک هاولاتییان تووشی کوێربوون کردووە، لە ناویاندا، تا ئیستا حەوت کەس چاویان دەرهاتووە. جگە لەمە هەر لەو ماوەیەدا مەسەلەی دەستور و خۆکاندیکردنەوەی مەسعود بارزانی بۆتە باس و خواسی میدیا، رۆژانەی باس دەکرێت، بەرادەیەک پارتی و بارزانی تووشی گۆشەگیری سیاسی بوون و بەتەنیا ماونەتەوە، گەیشتۆتە ئاستی شپرزەبون و هەڵەی سیاسی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە، بۆ ئەمە وەک ئاشکرایە مەسعود بارزانی و حیزبەکەی دوور لە کاریکی یاسایی دەیانەوێ ململانێ لەگەل هەموو خەڵکی کوردستاندا بکەن.
پارتی و هەر لەوماوەیەدا سەرلەنوێ و دوور لە هەموو مورالێکی سیاسیی و مرۆڤایەتیی، دەرگای ئابوری بەسەر براکوردەکانمان لە رۆژئاوای کوردستان داخست، رێگای لێگرتوون، بەتایبەتی خۆراک و داو و دەرمان، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی رقی زۆر کەسی هەڵساندووە و رەخنە و بابەت لە دژی پارتیی و بارزانی دەنووسرێ، بەلام تا ئیستا لە پارتەکانی دیکە، هەروەها کەسایەتی و بەناو رۆشنبیران، هیچ کام هەڵوێست، یان بە پراکتیک دژی پارتیی وەک پێویست نەیانتوانیوە فشار بخەنە سەر پارتی و بارزانی جگە لە رەخنەگرتنی میدیاکان، ئەمە لەکاتێکدا و لە دواین گوتاری بارزانیدا، پەیام و سیگنالی کارەسات و خوێنڕشتن و بارەگا گرتنی لێ چاوەروان دەکرێ، چونکە زۆرمان کەسایەتی بارزانی و ملهۆرییەکەی دەناسین . پارتیی و یەکیتی دەیان ساڵ لەسەر ناوچەیەک، شەریان کرد . ئەی چۆن مەسعود بارزانی ئیستا شەڕی مان و نەمان لەسەر کورسییەکەی ناکات، کە سەرچاوەی کۆکردنەوەی ملیارەها دۆلاری سالانە و هێزێکی زەبەلاحی سەربازیی پلە و پایەی یەک خێل و دیداری سەرۆکە گەورەکانی جیهانە . هەرچەندە هاوکێشەی ناوخۆی کوردستان وعێراق و ناوچەکە و جیهان لەلایەک و ئاستی هوشیاریی تاکی کورد لەلایەکی تر، بۆتە هۆکاری ئەوی بارزانی ناتوانێ وەک ساڵی ١٩٩٤ جارێ شەر بدات، جگە لەوەی ئەگەریی زۆرە ئەمجارە شکستیەی گەلێک گەورەی توش دەبێ، چونکە بە جاردانی شەر زیانێکی گەورەی مادی بەناردنی نەوت و بازرگانی خۆی و دەولەمەندە حزبیەکانی بهێنێ.
لەگەڵ ئەمانەشدا وەک چاوەڕوان دەکرێت، کە پارتی دوو هەنگاوی هاویشتووە یەکەم و بەردەوامی پیشەی بارزانی (هەرەشە و سوربون لەسەر قسەی خۆی) لە داواکەی کە گەرانەوەی دەستور نییە، تا لە کۆتایی بریاربدات سازش لەسەر گەرانەوە ی دەستور بکات بەرامبەر مانەوەی لە دەسەلات . لەتەک ئەو سیاسەتە گشتگیریەی پارتی، وەک پێشەی بەردەوامی دەزگا ئەمنیەکانییان کە بەردەوام لەگەرمەی هەموو تەنگەژەکانی پارتی پەنا بۆ کارتی ئاینی و جولاندنی هەستی خەڵک و ململانێ لە نیوان خەلک دروست دەکات، وەک ئەوەی لەم دوو رۆژە، دوو مەلای پارتی هەڵساون بە قسە گوتن بە هونەرمەند (پەرواز حسین)، خۆشیان باش دەزانن لەو چرکەساتەدا ئەو کچە هونەرمەندە، خاوەن جەماوەرێکی بەرفراوان و خۆشەویستە لەناو خەڵک، لە رێگای ئەم مەلایانەوە دیسان ئەمە دەکەنە بابەتیکی گەرما و گەرم کە خەڵکی سەرقال بکات تا دۆسیە گرنگەکان لە یاد بکات. بەداخەوە هەروەکو پیشە و خووی هەندێ لە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە بە پەلە لە دژی مەلاکان هاتنە دەنگ لە تەک هەوادارانی پەرواز، کەوتنە ناو ئەو داوایە و کەمپینیان دژیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەر یەک دەست پێکردووە .
پەرواز لەو چرکەساتەی ئیستادا، خاوەن پیگەیەکی جەماوەرێ بەرفراوانە، بۆیە قسەی ئەو مەلایانە هیج کاریگەری نابێ بەتایبەتی مەلاکان کەسانی زۆر سوک و پاشخانی سیاسییان دیارە، ئەو مەلایانە تەنها لە سەر سیاسەتی پارتیی و پاراستن ئاینی ئیسلام بەکاردەهێنن، ئەمیش بۆ جوڵاندنی هەست و سۆزیی ئیسلامەکان، هەڵبەت ئەم یاریکردنە بەروونی دەبینرێت، چونکە سەرچاوەی سیناریۆکە دیارە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە یەکەمجاریش نییە، کە پاراستن ئەم گەمەیە دەکات و ئەم مەلایانە دەهێنێتە سەر خەت، بۆ نمونە ململانێی فەرهاد پیربال لەگەل یەکگرتوو، یان تەقاندنەوەی دۆسیەی هەڵمەت گۆران، چونکە ئەو کاتەش پارتی وەک ئیستا فشاری لە سەر بوو، هەروەها لە گەرمەی کەیسی سۆران و سەردەشت عوسماندا دیسان سیناریۆی ئیسلامی و دژ ەئیسلامییەکانی جوڵاند، وا ئەمڕۆش پەروازی هونەرمەندیان کردۆتە ئامانجی ئەم گەمەیەی خۆیان و ئەم مەلایانەیان هێناوەتە پێشەوە، تا بازاڕی مەسەلەکە گەرم بکەن و مەسەلەی دەستوور و کاندیدکردنەوەی مەسعود و کارە سیاسیی و بازرگانییەکانی خۆیان بە لارێدا بەرن، خەڵکی سەرقاڵی ئەم مەسەلەیە بکەن.
بەرای من ئەو کارە هونەرییەی پەرواز کردوویەتیی، لە رووی راگەیاندنەوە، کە من هەقم بەلایەنە هونەرییەکەی نییە تا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم، چونکە ئەمە بابەتێکی سەربەخۆیە و کەسی پسپۆڕ و شارەزا قسەی لەسەر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا من وەکو دەیبینم و زۆر کەس لەگەڵمدا هاوڕا دەبن، ئەوەیە، پەرواز بە بویریی و ئازایەتیی خۆی توانیوێتی لەسەر کوردبوونی خۆی پێداگیری و شانازیی بکات بە هونەر و بەناسنامەی کوردبوونی خۆی، کورد بە گەلانی عەرەب بناسێنێت لە رۆژهەڵات تا رۆژئاوای وڵاتانی عەرەب، بە رادەیەک کورد و هونەرەکەی ئەوەندە لای زۆربەی عەرەب ناسراو نەبوو، پەرواز توانی دەنگی کوردی بخاتە نێو ماڵی تاک بەتاکی عەرەبەکانەوە و پێناسەیەکی دیکە بۆ کورد بدات، بۆیە من نامەوێت لێرەدا بەراوردی پەیامی ئەو مەلا کوردانە، لەگەڵ پەیامی هونەری پەرواز بە یەکتر بەراورد پێبکەم، تەنها ئەوە دەڵیم کە پەرواز بە خۆشەویستیی دەمێنێتەوە، لێ ئەم مەلایانە بە ریسوایی و شەرمەزاریی مێژووی ناشرین و کەسایەتیی خۆیان بەڕێ دەکەن، چونکە کەسی خۆفرۆش هەرچەندە پاڵ بدات بە ئاینەوە، هەر رۆژێک دێت، ناشرینییەکەی خۆی دەربکەوێت، ئەمانە هەرچەندە مەلاشن، لێ شەڕی ئاین ناکەن، بەڵکو شەڕی حیزبێک دەکەن، ئەو عیزبە پێیان دەڵێ ئەم کارەمان بە ناوی ئیسلامەوە بۆ بکەن، ئەوەشمان لە یاد نەچێت، هەموو هەنگاوێکی سەرکەوتن و نوێخوازیی، دوژمنی هەمە رەنگی زۆر دەبێت، با بیری پەرواز و هاوسەرەکەی بهێنینەوە، کە کاتێ هونەرمەندان (نەجات عەبدولمەسیح)، گۆرانی نێرگز نێرگزی گوت، هەروەها (ڤیان فائیق و گروپە کەی لە ژنانی هەولیر) هۆب زەندانیان گوت، کەچی دەیان چیرۆک و ناو ناتۆرەیان لەسەر گوتن، بەلام لە کۆتاییدا هەر ئەوان بوونە سیمبوڵی رەسەنایەتیی بۆ هونەریی کوردی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست