هەڵەبجەكەم دەست لە پارێزگا بون بشۆ
Tuesday, 17/12/2013, 12:00
1710 بینراوە
بەپێى ئەو هەواڵەى كە سایتى (وەسیقە نیت) بڵاوى كردۆتەوە، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕازى نەبو كە ژمارەى پارێزگاكانى عێراق زیاد بكرێت بۆ 30 پارێزگا، كە لە لیستى ناوەكاندا ناوى چەند قەزایەك و هەردوو بەرى كەرخ و ڕەسافەى شارى بەغدا هاتوە كە بكرێن بە پارێزگاى سەربەخۆ ، لەگەڵ چەند قەزایەكى ناوەڕاست و خواروى عێراق كە سەرجەمیان ڕەتكرانەوە، ئەوەى جێگاى سەرسوڕمانە هەموو ئەو قەزایانە كە ناویان لە لیستەكەدا هاتبو بۆ بون بە پارێزگا هیچ قەزایەكى سنورى هەرێمى كوردستانى تێدا نەبوو بە هەڵەبجەى شەهیدیشەوە!!!؟؟؟ئەگەر بڕیارى بەپارێزگا بونى هەڵەبجە بەدەست بەغدا بێت بۆ ناویان نەبوو بۆ؟؟؟
باشە ئەگەر هاتو ئەنجومەنى نوێنەران ڕازى بوایە لەسەر بەپارێزگا بونى ئەو قەزایانە ئەوكاتە حكومەتى هەرێم و نوێنەرەكانى كورد لەبەغدا وەڵامیان چى دەبو بۆ خەڵكى كوردستان؟ ئى خۆ ئەوان دەمێكە بەڵێنى بە پارێزگا بونیان بە هەڵەبجە بەفەرمى و بەچەند قەزایەكیتر داوە.
ئاخر دەڵێن نوێنەرانى كورد لەبەغدا (بەهەمو لایەنەكانەوە) ئاگایان لە ڕەوشى سیاسى بەغدا و كارو بارەى حكومەت و كۆبونەوەكانى ئەنجومەنى نوێنەران نیە، پێشنیاركردنى ئەو پرۆژە یاسایە بە ئەنجومەنى نوێنەران ئەوەمان پێ دەڵێت كە نوێنەرانى كورد لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە و ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى نوێنەران هێندەى خەریكى شتى لاوەكین هێندە خەریكى كێشە مێژویى و ئاڵۆز و نەتەوەییەكانمان نیین.
ئاخر خۆ بەرپرسانى باڵای هەرێم پەیمانى 24 كاتژمێریان بە خەڵكى هەڵبجە دابو بۆ بەپارێزگا بونى ئەو شارە، ئەى ئێستە وڵامیان چیە بۆ ئەو خەمساردى و بەهەند هەڵ نەگرتنەى بەڵێن و پەیمانەكانى خۆیان؟ ئێستە ئیتر ناحەقى خەڵكى دەگرن كە باوەڕیان بە بەڵێن و پەیمانەكانى ئەوان نەبێت!!!
خودى پرۆژەكە لەلایەن (تورهان موفتى) وەزیرى دەوڵەت بۆ كاروبارى پارێزگاكان پێشكەش بە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى نوێنەران كرابو، لە كاتێكدا دەبو جەنابى جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەران كە هەردوكیان كوردن ئاگایان لە پێشنیارى پێشكەشكردنى پرۆژەیەكى ئاوا هەستیار بوایە ، یەكەمجار بۆچى جێگرى سەرەك وەزیران ڕازى بوە كە پرۆژەیەكى تێ پەڕێنرێت بەسەر ئەودا و پاشان بۆچى جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى نوێنەران هێڵای كە خوێندنەوە بۆ ئەوها پرۆژەیەك بكرێت بە ئاگادارى ئەوان، خۆ ئەگەر ئاگادار نەبوون لە پرۆژەكە تاكاتى پێشكەشكردنى ئەوە خراپتر، ئەوە ئەو ڕاستیانەى سەرەوە دەسەلمێنێت .
بۆیە لێرەوە بەخەڵكى هەڵبجە و باقى ئەو قەزایانەى كە بەتەماى بە پارێزگا بونن دەڵێم ئەوا دەست لەو خەونە ئەرخەوانیەتان بشۆن و ئیتر باوەڕ بە هیچ بەڵێنێكى بەرپرسانیش مەكەن، لەسەر بەرپرسانى هەڵەبجە و رێكخراوەكان و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیرانى ئەوشارەس پێویستە كە بەدواداچون بۆ ئەو ڕوداوە بكەن ، ئەگەر بەو شێوە بو ئەوا پێویستە هەڵوێست وەربگرن لەبەرامبەر بەڵێنى بەرپرسان وكەمتەرخەمیەكانیاندا.