کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌لێ زووه‌ بۆ سنگ کوتاندن له‌گۆڕان

Thursday, 08/10/2009, 12:00


وێرای ده‌ست خۆشی له‌هه‌ر دوو به‌ڕێز(کاك سه‌باح و خاتوو شۆخان) سه‌باره‌ت به‌و گله‌یی وڕه‌خنانه‌ی هه‌یانه‌ له‌لیستی گۆڕان. دیاره‌ لیستی گۆڕانیش وه‌ك هه‌ر بزتنه‌وه‌و ته‌ڤگه‌ره‌یه‌کی نوێ به‌دوور نابێ له‌ که‌م وکوڕیی و هه‌ڵه‌. وه‌ك ده‌ستپێك حه‌ز ئه‌که‌م ئاماژه‌ به‌چه‌ند ڕسته‌یه‌کی کاك نه‌وشیروان بده‌م ئه‌وسا بچمه‌ نێو باسه‌که‌وه‌.

1- گۆڕان پرۆسه‌یه‌کی هێمن وهێواش ودوور خایه‌نه‌.

2- لیستی گۆڕان هه‌مووی فریشته‌ نین و هه‌ندێ که‌سی خراپیش لێره‌ هه‌ن.

3- پێویستیمان به‌ حه‌وسه‌ڵه‌و نه‌فه‌سێکی درێژ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان له‌کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا بکه‌ین.

4- لیستی گۆڕان کارو به‌رنامه‌ی دروست کردنه‌وه‌ی تاکی کوردیه‌ .

5- لیستی گۆڕان خاوه‌نی پاره‌و پله‌و پایه‌ نیه‌و ئه‌وه‌ی کاری تێدا ئه‌کا هه‌مووی خۆبه‌خشانه‌یه‌.

6- لیستی گۆڕان پشت وپه‌نای گه‌له‌و له‌ڕێگای گه‌له‌وه‌ هه‌وڵه‌کانی خۆی ئه‌دا بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه‌کانی.

7- پێویسته‌ له‌سه‌ر گۆڕانخوازان وچالاکوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ دوای سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ ، سارد نه‌بنه‌وه‌و پاڵی لێ نه‌ده‌نه‌وه‌.

ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ گوڵبژێرکن له‌هه‌ندێ له‌و ووتانه‌‌ی نێو ووتاره‌کانی کاك نه‌وشیروان، جا خوشك وبرای ئازیز گه‌ر پێت وابێ لیستی گۆڕان نه‌یتوانیوه‌ په‌یمانه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکا،وه‌یان سارد بۆته‌وه‌و پاڵیان لێ داوه‌ته‌وه‌، وه‌یان تڕو تۆپیان زل وبوه‌و بوغرا بوون، وه‌یان خۆیان له‌سه‌رو خه‌ڵك ومیله‌ته‌وه‌ ئه‌بینن، وه‌یان خه‌ڵکانی نابه‌رپرسیار له‌ده‌وری لیستی گۆڕان کۆبونه‌ته‌وانێ وئه‌یانه‌وێ ڕه‌وته‌که‌ ‌ دژی ئامانجه‌کانی بگۆڕن، وه‌یان لیستی گۆڕان وه‌ك پارتی ویه‌کێتی وایه‌، وه‌یان که‌سایه‌تی کاك نه‌وشیروان وه‌ك تاڵه‌بانی وبارزانی وایه‌. ئه‌وا دڵنیابه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ڕاستیه‌وه‌ دووری ، دڵنیام ده‌ئه‌وه‌نده‌ له‌هه‌ڵه‌وه‌ نزیکی.

تاکۆ ئێستا په‌رله‌مان ته‌نها 4 دانیشتنیان کردوه‌،(ڕه‌نگه‌ ئێشتا جل وبه‌رگی ئه‌ندامه‌کان ده‌قی ئوتۆوه‌که‌ی تێك نه‌چووبێ)، له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ لیستی گۆڕان نه‌ك هه‌ر ته‌نها مه‌سه‌له‌ی نانبڕاوه‌کانی کرده‌ پرایه‌تۆری و ئه‌وله‌ویه‌تی خۆی، به‌ڵکه‌ بێ ماندوو بون له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان کێشه‌که‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به‌رن ، ئه‌وه‌تا له‌ دواهه‌مین هه‌وڵیاندا نامه‌یان بۆ وه‌زیری مافی مرۆڤی کوردستان و به‌ڕێز خاتوو میتران نوسیوه‌ و نیگه‌رانی خۆیانیان بۆ ده‌ربڕیون، هه‌روه‌ها له‌ئاستی هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی لیستی گۆڕان له‌ %10 مووچه‌کانیان به‌خشیوه‌ به‌و که‌سانه‌ی نانیان بڕدراوه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتیه‌ سۆسیال دیموکراته‌که‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی لیستی گۆڕان پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ستووری کوردستانی ڕه‌تکرده‌و نه‌یهێشت ببێته‌ مۆته‌که‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان. که‌واته‌ لیستی گۆڕان گه‌لێ له‌پێش به‌رنامه‌و ئه‌جندای خۆیه‌وه‌یه‌تی وئه‌توانم بڵێم به‌ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر هه‌نگاوه‌کان وقۆناغه‌کانی به‌باشی بڕیوه‌، ئه‌شێ که‌مته‌رخه‌می کرابێ، ئه‌شێ له‌بێ ئه‌زموونی ئه‌ندامه‌کانی پرسی به‌ته‌زکیه‌ کردنی سه‌رۆکی په‌رله‌مان وجێگره‌که‌ی ئه‌م کاره‌یان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕبوبێ، ئه‌شێ هه‌ندێ شتی تریشیان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ ببێ،که‌هیوام وایه‌ ئه‌و شتانه‌ چاره‌نوساز وگرنگ نه‌بن، لێ ئه‌مانه‌ نابنه‌ پێوه‌رێکی سه‌ره‌کی بۆ جۆری هه‌ڵسه‌نگاندن وته‌خمینکردنی ئه‌داو کاره‌کانیان له‌په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ باس له‌ پێکهێنانی کابینه‌ی شه‌شه‌می حکومه‌ت ناکه‌ین ، له‌به‌رئه‌وه‌ی تا هه‌نووکه‌ پێك نه‌هاتوه‌و ناشزانرێ چه‌ند کاتی تری ئه‌وێ تا ئه‌م دوو بلیمه‌ته‌ فارگۆنی ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ ‌ سه‌قه‌ته‌مان بۆ دروست که‌ن که‌ ناوی ئه‌به‌ن به‌ حکومه‌تی ته‌کنۆکرات و بنه‌که‌ی فراوان. که‌واته‌ گه‌رهه‌ر گله‌یه‌ك بکرێ ، ئه‌وا باشتره‌ له‌ده‌سه‌ڵات نه‌ك ، له‌ ئۆپۆزیسێۆن.

هه‌موان بیرمانه‌وه‌ که‌ چۆن دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2006 ی مه‌ڵبه‌نده‌کانی یه‌کێتی ودوای ئه‌وه‌ی کاك نه‌وشیروان وازی له‌یه‌کێتی هێنا، ئێدی له‌و کاته‌وه‌ به‌هه‌زاره‌ها ووتارو نوسین له‌ گشت سایته‌کان به‌گشتی و کوردستان پۆستدا بڵاو ئه‌کرایه‌و ، داوا له‌کاك نه‌وشیروان ئه‌کرا بتوانێ ڕۆڵی مێژوویی خۆی وه‌ك سه‌رکرده‌یه‌کی به‌ئه‌زموون و ڕابردوو پاك و ئازاو بوێر ببینێ وبێته‌وه‌ مه‌یدانه‌که‌و،به‌ڵکه‌ ئه‌م جاره‌ش وه‌ك فریاد ڕه‌سێك خۆی نمایش بکا. که‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌م داوایانه‌یان هه‌ندێ جار له‌شێوه‌ی خه‌ونی شاعیرانه‌و تکای دایك جه‌رگ سووتاو ڕجای باوك وێڵ به‌دوای کوڕی له‌شه‌ڕی ناوخۆدا و ئاواتی ڕووناكبیران و ڕۆشنبیران و نووسه‌ران وچه‌ندینی ترو هه‌ریه‌ك له‌گۆشه‌ نیگای هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاری وخه‌م خۆری بۆ کوردو کوردستان بوون . ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌مان گه‌شه‌ پێبدرێ و نه‌فه‌وتێ،وه‌یان جارێکی دی بێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردی و له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ زه‌به‌لاحه‌ ڕزگارمان بکا، که‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ به ماندێلاو عیساو ‌جیڤارا ناوبنێن(له‌وانه‌ خودی خۆم) وچه‌ندینی تر، که‌م نه‌بون ئه‌وانه‌ی هه‌موو هیواو ئاواته‌کانیان له‌سه‌ر بونی کاك نه‌وشیراوان دانابو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته چاودێرێکی ووریاو کاره‌کته‌رێکی شاره‌زا وله‌هه‌مان کاتدا ببێ به‌‌ فلته‌رێك ونه‌هێڵدرێ چاره‌نووسی ئه‌م گه‌له‌ به‌ده‌ست دوو مافیاوه‌ به‌ره‌و که‌لێنی بۆشایی مه‌رگی حه‌تمی ببرێ. هه‌ندێ جاربه‌ پیاوه‌ شه‌رمن وترسنۆك وجه‌لالی په‌رست وچه‌ندین نازناوی تریان لێئه‌ناو وه‌ که‌میش نه‌بون له‌وانه‌ی بێهیوابوون وده‌ستیان لێ شتبو.

خۆشبه‌ختانه‌ شۆڕه‌سواره‌که‌ی کوردایه‌تی جارێکی تر قۆڵی مه‌ردایه‌تی لێهه‌ڵدایه‌و، ئه‌م جاره‌ش به‌هه‌مان گۆڕو تینی جاران هاته‌وه‌ مه‌یدانه‌که‌و هیواو خواسته‌کانی هه‌موانی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌رزی ده‌رکه‌وته‌(واقیع). هه‌ر له‌ته‌مه‌نێکی وا کورتدا له‌ته‌ك ئێش وئازارو مه‌ینه‌تیه‌کانی گه‌لدا ڕابه‌رایه‌تی هه‌ڵبژاردو هاته‌وه‌ سه‌نگه‌ری گه‌ل،دوای ئه‌وه‌ی بێ ئومێد بو له‌وه‌ی چی دی هه‌وڵدان بۆ چاکسازی وڕیفۆرم له‌ناوه‌وه‌ی حزب ناکرێ وهه‌ر هه‌وڵدانێکیش له‌م جۆره‌ ته‌نها به‌زه‌ره‌ری هه‌وڵده‌ره‌که‌ی کۆتایی دێ. له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئێدی بڕیاری دا وه‌ك نه‌یارێکی سه‌رسه‌خت تێبکۆشێ وشه‌و و ڕۆژ بخاته‌ سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی چی دی ئه‌م بانده‌ مافیایه‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان گاڵته‌ به‌چاره‌نوسی ئه‌م گه‌له‌ نه‌که‌ن، بۆیه‌ جێی سوپاس و پێزانین و شایسته‌کردنه‌ له‌ مرۆڤێکی خۆنه‌ویست وساده‌و ساکاری وه‌ك ئه‌م.

له‌ساڵی 2000 تا 2008 فراکسێۆنی پارتی دیموکراتی ئه‌مریکی وه‌ك نه‌یارێك له‌په‌رله‌مانی (کۆنگرس و سه‌نه‌ت)ئه‌مریکیدا ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ ئه‌کردو له‌و ماوه‌ درێژه‌دا ڕۆژێ نه‌مان بینی هۆڵی کۆنگرس به‌جێبێڵن له‌به‌رئه‌وه‌ی ناکۆك وناته‌بان له‌گه‌ڵ کۆماریه‌کان که‌ زۆرینه‌و ده‌سه‌ڵاتیان لابو، ڕۆژێ نه‌مان بینی که‌س ده‌ستباته‌ یه‌خه‌ی یه‌کتری و هه‌ره‌شه‌ له‌یه‌کتری بکه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بینراو به‌تایبه‌تی له‌مه‌ڕ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی که‌ ناکۆکی زۆری لێئه‌که‌وته‌وه‌، ته‌نها له‌ڕێگای میدیاکان باسی لێوه‌ ئه‌کراو میله‌تیان له‌ئاستیاندا هۆشیار ئه‌کردوه‌، تا وای لێهات ئێدی میله‌تی ئه‌مریکی وده‌نگده‌رانیان بڕیاری خۆیان داو ئۆبامای ڕه‌شت پێستیان هه‌ڵبژارد به‌سه‌ر جۆن مه‌که‌ینی سپی پێستی خاوه‌ن ئازاترین سه‌ربازی ئه‌مریکیدا.

پێموایه‌ لیستی گۆڕان وه‌ك هه‌ر نه‌یارێ پێوسته‌ ئه‌و باره‌ ئاسایی وشێوازه‌ دیموکراتیانه‌ بگرێته‌ به‌رو په‌نا نه‌باته‌ به‌ر هه‌ر شێوازێکی ناشایسته‌و دژ به‌بنه‌ماکانی دیموکراتی و سه‌رده‌میانه‌، پێوسته‌ چه‌ند ئه‌توانن داکۆکی له‌مافی هاوڵاتیان بکه‌ن وه‌ گه‌ر بۆیان نه‌کراو له‌هه‌وڵه‌کانیان سه‌رکه‌وتو نه‌بون ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای ئه‌مان نیه‌، ئه‌وا میله‌ت له‌ئاستیاندا ووریا بکه‌نه‌وه‌و دوا جار میله‌ت خۆی بڕیار کۆتایی ئه‌دا. ڕه‌نگه‌ پرسیار بکرێ بوترێ ، خۆ ئێره‌ ئه‌مریکا نیه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئێره‌ ته‌زویر ئه‌که‌ن و گۆێ له‌ده‌نگده‌ر ناگرن، منیش ئه‌ڵێم ئه‌ی بۆ له‌سلێمانی وچه‌ندین شوێن میله‌ت توانی له‌ڕێگای ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراتیانه‌ ده‌نگی به‌ده‌سه‌ڵات نه‌داو توڕی دان؟ بۆیه‌ پێوسته‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری شاره‌کانی تر گه‌ر ئه‌یانه‌وێ وه‌ك سلێمانی وگه‌رمیان و کۆیه‌و شوێنه‌کانی تر بن، ئه‌وا گه‌لێ ئاسانه‌و نه‌هێڵن جارێکی دی ئه‌مه‌ رووبدا. بۆیه‌ ئاستی هۆشیاری گه‌ل پێش هه‌موو شتێ به‌رپه‌رسیاری تاك خۆیه‌تی، پاشان سیستمی به‌ڕێوه‌ بردن و ئه‌و پارت وڕێکخراوانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیان ئه‌که‌ن.

شۆخان خان ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ئه‌گرێ له‌ لیستی گۆران که‌ وه‌ك پێوست نووسه‌ران وبابه‌ته‌کانی کوردستان پۆست لای خۆیان دانابه‌زێنن، جا به‌هه‌ر پاساوێك بێ، منیش ده‌نگی خۆم ئه‌خه‌مه‌ پاڵ ئه‌و داواو ڕه‌خنه‌یه‌و پێوسته‌ کۆمپانیای ووشه‌ ،که‌ ‌سایتی سبه‌ی و ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ بابه‌ته‌ سیاسیه‌کان بڵاو ئه‌کاته‌وه‌،ڕه‌چاوی ئه‌م ڕه‌خنه‌ بکاو گه‌لێ به‌هه‌ند وه‌ریبگرێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لێ خاڵی لێکچون وهه‌مه‌ ئامانج له‌نێوان به‌رنامه‌و بابه‌ته‌کانی هه‌ردوو لا به‌دی ئه‌کرێ، جا تا ئێستا بۆ نه‌یان کردوه‌، ئه‌وا پێوسته‌ کۆمپانیای ووشه‌ به‌وه‌دا بچێته‌وه‌و ده‌رگا له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ واڵاکا که‌ کار بۆ گۆڕان و دژی گه‌نده‌ڵین .

گۆڕانخوازن نابێ چاوه‌ڕوانی پله‌و پایه‌ بن، چونکه‌ لیستی گۆڕان له‌توانایدا نیه‌ نه‌که‌س بژێنێ، نه‌ئه‌رزه‌ دابه‌ش بکا، وه‌ نه‌ده‌سه‌ڵاتیش له‌که‌س وه‌ربگرێته‌وه‌، تا ئێستا لیستی گۆڕان کار ئه‌کا بۆ ئه‌وه‌ی میله‌ت هۆشیار بکاته‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی ده‌سه‌ڵات لێره‌و له‌وێ ده‌رهه‌ق به‌هاوڵاتی کورد ئه‌یکا، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵیه‌ نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ خواسته‌کانی هاوڵاتی کوردستاندا نیه‌، به‌ڵکه‌ زه‌وتکه‌ری مافه‌کانی هه‌موو کوردێکه‌ له‌هه‌ر شوێنك بێ، ئه‌وه‌تا هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراقیشدا کوردی تاراوگه‌ بۆ جارێکی تر ده‌نگ بڕاو که‌ن. بۆیه‌ پێم وایه‌ لیستی گۆڕان تا ئێستاش هه‌ر له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدایه‌و پێوستی به‌کات هه‌یه‌ تا زیاتر بتوانێ له‌هه‌وڵه‌کانیاندا سه‌رکه‌وتو بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە