بەڕاست تاڵەبانی زیندووە!!
Friday, 21/12/2012, 12:00
کۆی مرۆڤ وەك یەك لەدایك ئەبن، لێ وەك یەك نامرن.. گەر مرۆڤ نەیتوانیبێ شێوەی لەدایك بوونی دیاری بکا، ئەوا حەتمەن لەزۆربەی کاتەکاندا ئەتوانێ نەخشە ڕێگای مردنی خۆی دابڕێژێ. ژیانی مرۆڤ پیوەرەکەی هەوڵ، تێکۆشان، خەبات و بەرهەمە بۆ ژینگەو مرۆڤایەتی.. لەمە بەدەر ئەو مرۆڤەی ئەم کارانە نەکا و هەوڵی بۆ نەدا..ئەوا تەنها بەلەش زیندوەو بە فاکت مرۆڤێکی مردوە. بڕوانە کاتێك گیڤارا چۆن نەخشەی ڕێگای مردنی خۆی دژ بە هێزە کۆیلەکان و ئەڵقە لەگوێکانی ئەمریکا هەڵبژارد و لەکاتی گرتنیشیدا ئامادە نەبوو داوای لێبووردن بکا ومردنی هەڵبژارد. کاتێ عومەری موختار بەرەو پەتی سێدارە ئەبرێ و ئامادە نیە سەر شۆڕبکا و مردنێکی سەرکردانە هەڵئەبژێرێ.کاتێ سوکرات دژ بەنایەکسانی نۆشی ئەو پیاڵە زەهرە ئەکا و مردنی پێباشترە لەژیانی نایەکسانی . کاتێ شێخی نەمر بەرەنگار بوونەوە و مردن هەڵئەبژێری دژ بەداگیرکەران و بریندرا ئەکرێ و بەرەو هیندستان نەفی ئەکرێ.. کاتێ شەهاب و جەعفەر و هاوڕێیانیان پەتی سێدارە هەڵئەبژێرن بۆ ئەوەی وانەی کوردایەتی و خۆڕاگری فێری نەوەکانمان بکەن.ئەمانە ئەو چەند نمونانەن کەمرۆڤ چۆن بەدەستی خۆیان چارەنووسی ژیانیان دیاری ئەکەن و بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی هیچ کات سڵیان لەمردن نەکردۆتەوە.
تاڵەبانی ئەشێ بە لەش و قەوارە زیندوو بێ ، لێ وەك مرۆڤێکی کورد بەدەرە لە پێوەرەکانی هەوڵدان،تێکۆشان،خەبات و گۆڕانکاری لە کۆی سیستمی ژیاندا. ئەم مرۆڤە لەمێژە مردوە. ئەو کاتە مرد کە لەهەڕەتی لاویدا بوو کەهەستا بەخۆجاشاندن و لەبەرکردنی کۆڵوانەیەکی سوور و سواری دەبابەکانی حکومەت ئەبوو بۆ ئەوەی ڕۆڵەی کورد بکوژێ.. ئەو کات تاڵەبانی ئەبوایە کاری لەو جۆرەی نەکردایە و جاشایەتی و کلکە لەقێ و بۆ دوژمنی کوردکوژ نەکردایە.
تاڵەبانی جارێکی تر مرد، کاتێ هاوەڵەکانی خستە بۆسەی ٣ دوژمنی سەرسەختی کورد لەهەکاری. ئەو کاتە تازە پێشمەرگە پێگەی خەباتێکی تریان دائەکوتا، کەچی هەمویانی بەدەستی دوژمن و کوڕکوژەکانی مەلا مستەفا تەفروتونا کرد.
تاڵەبانی جارێکی تریش ئەمرێ و لەوپەڕی بەهێزیدا نیمچە ئاشبەتاڵێکی ئابڕوبەندانە بە یەکێتی ئەکا و زۆربەی ڕێکخستنەکانی نێو شار بەگرتن ئەدا و دەلاقەیەکی تر ئەخاتە ڕێچکەی ئەو هێزەی کە توانای بەرەنگاربوونەوەی هەبوو دژ بەهەموو دوژمنانی ناوخۆو دەرەکی.
تاڵەبانی هەر ناوەستێ و وویستگەری مردن هەڵئەبژێرێ و دوای شاڵاوی نەنفال و کیمیابارانکردنی هێزەکانی سەدامی خوێن ڕێژ، ڕا ئەکاتەوە بۆ بەغدا و ماج و موچی دیکتاتۆر ئەکا.
تاڵەبانی ناوەستێ و هەردەم مردن هەڵئەبژێری و ئەم جارەش لەدوای هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەوڵدان بۆ پۆست و پلەی سەرۆك کۆماری کە هیچ بەهاو نرخێکی سیاسی بۆ میلەتەکەی نیە.. یەکێتی و خوێی هەزارەها شەهید و ئارەقەو ماندووبونی هەزارەها خێزانی کوردپەروەری گەلەکەمان بەفیڕۆ ئەداو تەسلیم بەبنەماڵەی ئاشبەتاڵ ئەکا.
تاڵەبانی هەردەم مرۆڤێك بوە تەنها گیانی خیانەت،سەرشۆڕی،خۆ بەکەم زان لەئاست دوژمنانی کورد، بچوك لەئاست سەرکردەکانی دەوڵەتانی سەردەست و موخلیس بۆ عەرەب،تورک و عەجەم. مرۆڤێك کەسەرچاوەی فێرکردنی جاشایەتی و تێك شکاندنی تاکی کورد و تەپاندنی سەراپای کۆمەڵگای کوردی و شلەقاندنی فەرهەنگ و کلتووری کورد و داتەپاندنی ئابووری سەرو ژێر زەوی کوردستان و بەهەدەردەری توانا و ووزەی لاوی کورد لە شەڕی ناوخۆو بەتاڵان بردنی نەوت و بەفافیا کردنی بەرتاقای حزبەکەی و دروست کردنی باندی چەتەیی و کوردکوژی لەژێر ناوی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریدا.
تاڵەبانی هەموو ڕۆژێکی مردنە و هیچ کات ئەو مرۆڤێکی زیندوو نەبوە،، کێ هەیە مافی گەلەکەی خۆی بەخەون ناو ببات؟! کێ هەیە لەئاست دوژمندا بەخشندەو میهر بێ و بۆ گەلەکەی خۆی گۆچان وەشێن و بکوژی کوڕەکانیان بێ؟! کێ هەیە هۆنراوە بەسەر دوژمنەکانیدا بهۆنێتەوەو لەسەر گۆڕی خومەینی و ئەتاتورك بەکوڵم بگری و کەچی گریان و سوێ بهاوێتە دڵی هەزارەهای وەك باوکی سورکێو باوکی هەردی شێخ عومەر.
کەواتە باباش بزانین ئەو کابرایە لەمێژە مردوە و هیچ گرنگیەکی بۆ کورد نەبوەو ناشیبێ. ئەوەی خەفەت و گریان بۆ ئەم کابرایە دائەنێ، ئەبێ پێی خۆش بێ لەوەی کە بەشێکی مێژووی خۆی بەدەستی خۆی لەکەدار ئەکا و زوڵم و نایەکسانی بەرانبەر خۆی و گەلەکەی تۆمار ئەکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست