کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حكومەت لەنێوان دەستلەكاركێشانەوە و ڕووخاندندا......

Tuesday, 08/03/2011, 12:00


ئاشكرایە لەدونیاى پێشكەوتووى دیموكراسیدا و لە فەزاى گشتى ئازادی و ڕادەربڕیندا كارێكى زۆر ئاساییە كە دەسەڵات بەشێوەیەكى ئاشتیانە دەستاودەست بكات, یان لەكاتى هاتنەكایەى تەنگژە و جەنگ و دۆخێكى نائاسایدا حكومەت هەڵبوەشێنرێتەوە و لە جێگەیدا حكومەتێكى نوێ لەژێر ناونیشانى ((حكومەتى نیشتیمانى یان حكومەتى ڕزگاركەرى نیشتیمانى یان حكومەتێكى بنكە فراوان)) پێكبهێنرێت بەمەبەستى تێپەڕاندنى ئەو قۆناغ و تەنگژەیە و دواتر لە ڕێگەى هەڵبژاردنى پێشوەختەوە پەڕلەمان و حكومەتێكى نوێ دێتەكایەوە لەسەر بنەماى استیحقاقى هەڵبژاردن یان ڕێكەوتنى سیاسیەوە كە هەمووان قبوڵى بكەن.
بەهەمان شێوە كارێكى زۆر ئاسایترە كە لەكاتێكدا دەسەڵات تووشى قەیرانى سیاسى دەبێتەوە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بەپشتگیرى جەماوەر و شەقام داوا لەحكومەت یان تەنانەت هەڵوەشاندنەوەى پەڕلەمان و دەستلەكاركێشانەوەى سەرۆكى وڵاتیش بكات, چونكە هەر حكومەت و دەسەڵاتێك شەرعیەتى لەجەماوەرەوە وەرگرتوە هەربۆیەش دەسەڵات ئەركێتى كە هەمیشە گوێڕایەڵ و خزمەتكارى جەماوەرەكەى بێت و داواكاریەكانیان جێبەجێ بكات تەنانەت كاتێك داواى هەڵوەشانەوەى خۆشى بكات نەك بیانوى بێ ئەرزش بێنێتەوە بۆ مانەوە و بەردەوامبوونى لە دەسەڵاتدا.بەوەى كە ئەوان بە هەڵبژاردن هاتونەتە سەر حوكم و لەڕێگەى كودەتاو خۆسەپاندنەوە نەهاتوون.
لە ئێستاى كوردستاندا, كێشەیەكى قوڵ سەریهەڵداوە كە ڕەگ و ڕیشەى دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكانى سەدەى ڕابووردوو, بەڵام بەهۆى بارودۆخى ئەوكاتەوە بەتەواوەتى كامڵ نەببوو و گەشەى نەكردبوو نەگەیشتبوە ئاستى تەقینەوە.بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بە ساڵ كێشەكە بوونى خۆى زیاتر دەسەپاند, تادواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەساڵى 2003دا و نەمانى مەترسیە گەورەكە لەسەر هەرێمى كوردستان. و سەرهەڵدانى هێزى ئۆپۆزسیۆن و دەركەوتنى ناڕەزایى شەقامى كوردى بە ئاشكرا بەرامبەر دەسەڵات و هەردوو گەورە حیزبى دەسەڵاتدار. كێشەكە لاى هەموان ئاشكرابوو چیدى دەسەڵات نەیتوانى مانۆڕ و پێچ و دەوران بكات و خۆى لێ بێ ئاگا بكات. بەڵام بەدرێژاى 8 ساڵى ڕابووردوو هیچ هەنگاوێكى جدى و پراكتیكى نەناوە بۆ چارەسەركردن یان گەمارۆدانى كێشەكە و تەنها ڕۆژ و ساڵى ڕایكردووە و خۆى هەڵخەڵەتاندووە نەك جەماوەر بەهەندێ دەسكەوتى كەم وپڕكەموكوڕى دەیزانى چاوبەستەكى لەجەماوەر دەكات.
حكومەتێك كەلەماوەى 20 ساڵى ڕابووردوودا نەیتوانیبێت كێشە هەنوكەیى و گەورە و زۆر پێویستەكانى جەماوەر چارەسەر بكات هەر لەكێشەى كارەبا و ئاو و سووتەمەنى و ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەەوەى گوندەكان و بوژاندنەوەى بوارى پیشەسازى و كشتوكاڵ و ئاودێرى و خوێندن و ...هتد. ئیدى چۆن دەتوانێت لەماوەیەكى كەمدا ئەم كارانە بكات یان چ گرەنتیەك هەیە كە جەماوەر متمانە بە بەڵێنەكانى بكات.
كێشەى هەرەگەورەى ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە كە لەلایەك هەردوو حیزبەكە متمانەیەكى پتەو و ڕاستگۆیانە بەیەكدى ناكەن و هێندەى وەك دوژمن و ناحەز سەیرى یەكترى دەكەن نیو هێندە وەك شەریك و هاوكار و دۆست لەیەكترى ناڕوانن.لەلایەكى ترەوە ئەم دەسەڵاتە نەك بەرنامەیەكى زانستى و عەمەلى نیە بۆ چاكسازیەكانى سیستەمى سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و خوێندن و ...هتد. بەڵكو نیەتێكى ڕاستگۆیانەشى نیە.هەربۆیە ناتوانێت هیچ هەنگاوێكى عەمەلى هەڵگرێت بە ئاڕاستەى چاكسازییەكان و نەهێشتنى گەندەڵى و ناعەدالەتى و پیادەكردنى شەفافیەت.
حكومەتێك كە بۆخۆى گیرۆدەى دەیان ململانێى سیاسى و ئابورى و بازاڕ بوبێتەوە لەنێوان كەسە بەدەسەڵات و خاوەن بڕیارەكانى ناو دوو حیزبەكە و ئەوان حكومەت هەڵبسوڕێنن و وەكو لێبوكێك بەكارى بێنن و بێ ئیڕادەى بكەن. ئیدى ئەو حكومەتە بون و نەبوونى وەك یەكە.
حكومەتێك و سەرۆكەكەى كە بڕیار بەدەستى كۆتا نەبن و لەناو كابینەى حكومەتەكەشدا وەزیر گوێ لەسەرۆكەكەى نەگرێت و حسابیشى بۆ نەكات. ئیدى ئەو حكومەتە بۆچى بمێنێت.
حكومەتێك هێندە سوك و ڕسوا بێت كە تەنانەت ڕێكخراوێكى حیزبى قوتابیان بتوانێت لە جێگەى حكومەت و وەزیرى خوێندن و سەرۆكى زانكۆ گەورەترین زانكۆى كوردستان دابخات,چیدى پێویست بەبونى ئەو حكومەتە نەماوە.
حكومەتێك بەبەرچاویەوە و لەڕۆژى ڕوناكدا و لە زۆربەى شاروشارۆچكەكاندا هاوڵاتیان خەڵتانى خوێن بكرێت بەدەستى كادرى حیزبى و هێز و لایەنى چەكدارى نەناسراو هەر بێدەنگ بێت.ئەرێ ئەو حكومەتە مان و نەمانى وەك یەك نیە.
حكومەتێك نەتوانێت پارێزگارى لەگیان و سەروەت و سامان و موڵكى گشتى و بەهاو ڕێكخراو و دام ودەزگا ئەهلى و ئازادەكان لە میدیاو تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و ...هتد.نەكات ئەرێ ئەو حكومەتە مانەوەى چ پێویستە.
حكومەتێك لەماوەى 18 ڕۆژى خۆپیشاندانى گەورەترین شارى كوردستان ((سلێمانى))و ناوچەیەكى فراوانى ئەم شارە ((كە یەكێتى لەوەوپێش بەقەڵاى سیاسى خۆى دادەنا))نەتوانێت بێتە ناو خۆپیشاندەران و لەنزیكەوە گوێ لەداواكاریەكانیان نەگرێت و هەوڵى چارەسەركردنیشیان نەدات. ئیدى حكومەتى كیێیە.
هەربۆیە ئەم حكومەتە كە ئەوەندە بێ دەسەڵات و بێ متمانە بێت چ لەلایەن دوو حیزبەكەوە و چ لەلایەن جەماوەرەوە. دەبوایە هەر لەیەكەم ڕۆژى خۆپیشاندانەكانەوە لە 17/2/2011ى شارى سلێمانیەوە, دەستى لەكاربكێشایەتەوە و دانى بنایە بەبێ دەسەڵاتى خۆیدا, بەمەش لەلایەك وڵاتى لەم تەنگژەسیاسیە ڕزگار دەكرد و دەرگاى واڵا دەكرد لەبەردەم چارەسەركردنەكاندا و جەماوەر و ئۆپۆزسیۆنیش ئارام دەبونەوە. و لەلایەكى تریشەوە ئەم حكومەتە و سەرۆكەكەى دەبونە ڕچەشكێن بۆ ئایندە و ناویشیان لە مێژوودا تۆمار دەكرا كەوا حكومەتێكى دیموكراسى و گوێڕایەڵى جەماوەرەكەى بوو.بەڵام حكومەت و سەرۆكەكەى نەیتوانى ئەم هەنگاوە بوێرانەیەش بنێت و هەر بەردەوام بوو لەسەر غافڵگیرى و پشتگوێخستن و حساب بۆنەكردنى داواكارى و ڕاى جەماوەر.
هەربۆیە لە ئێستادا تەنها ڕێگە چارەى ڕووخاندنى ئەم حكومەتە لەبەردەمى جەماوەرى خۆپیشاندەر و توڕە و ناڕازیدا ماوە. جا كاتێك حكومەت بەزەبرى هێزى جەماوەر ڕوخێنرا ئیدى نەهەیبەت و نەكەرامەت ونە سەربەرزیشى بۆ دەمێنێتەوە و بەناشیرینترین وێناش مێژوو تۆمارى دەكات.
هەربۆیە تاكات بەدەستەوە ماوە پێشنیاز دەكەم بۆ ئەوەى چیتر وڵات لەپاشاگەردانى و ئاڵۆزیدا نەمێنێتەوە و حكومەتیش ئارەقى شەرمەزارى نەڕژێت بۆ تاكە جارێكیش بێت دەسەڵات گوێ لەداواكارى شەقام و جەماوەرەكەى خۆى بگرێت لەهەنگاوێكى بوێرانەدا دەستلەكاركێشانەوەى خۆى ڕابگەیەنێت تا جەماوەر ناچار نەبێت ئەو حكومەتە لاواز و بێ دەسەڵات و لێبوك و بێئیڕادەیە بڕوخێنێت بەرەو زبڵدانى مێژوو تووڕ هەڵیبدات .
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە