کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


٢٠١٢ ساڵی ئەزموونی شکست و دۆڕان، بۆ ئۆپۆزیسیۆن

Saturday, 05/01/2013, 12:00


لەهەموو دونیادا ئۆپۆزیسیۆن جڵەوی ناڕەزایەتی جەماوەر ئەگەیەنێتە کەناری شۆڕش و تەقینەوەو ڕاپەڕین و دواتر لەهەوڵی بەردەوامدا ئەبێ تا بگاتە ئامانجەکانی خەڵك،لەسەرکەوتن و گۆڕینی سیستمی دەوڵەوت و بنیاتنانی دەوڵەوتی دەزگایی و دەستوری. لێ تەنها ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە توڕەیی، ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکی دامرکاندەوەو لەگۆڕی نا.توانی هەموو ئەوەی دەسەڵات لەماوەی ئەو چەند مانگەدا پێیان نەکرا، ئەمان بۆیان کردن و جەماوەری ڕاپەڕیو بەزەرەو زیانی گیانی و ماڵی لێی هاتنە دەرەوە.
گەر ساڵی ٢٠٠٩ سەرەتای سەرهەڵدانی بەفەرمی ئۆپۆزیسێۆن بێ لەکوردستانی باشووردا، کەخۆی لە بزووتنەوەی (گۆڕان)دا نمایش کرد، ئەوا دوای ٣ ساڵ و بەشێوەیەکی دیاریکراویش ، دوای ڕووداوەکانی ١٧ شوبات ، ئێدی ڕۆڵی ئۆپۆزیسێۆن پێێ نایە قۆناغی شکست و دۆڕان بەرانبەر دەسەڵات.
لەگشت کایەکانی سیاسەتدا و لەهەموو ووڵاتێکدا ، ئۆپۆزیسێۆن تەنها ڕەخنەگر نیە و کاری ئەو، خۆی لەدەست نیشانکردنی هەڵەو چەوتەکانی دەسەڵات و خاڵ خستنە سەر ئەو دۆسیانەی کە پەیوەستە بە ژیانی هاوڵاوتی و ئاسایشی هاوڵاتیەوە نیە، بەڵکە کاری سەرەکی ئۆپۆزیسێۆن هەوڵدانە بۆ ئەوەی بتوانن بەزووترین کات بگەنە دەسەڵات و ئەوەی کەدەسەڵات بۆی نەکرا ، وەیان نەیوستوە بیان کات ، سەبارەت بەو پلان و خزمەتگوزاریانەی کەوەك پێوست پێشکەش بەهاوڵاتیان نەکرابوبێتن. ئەوا کاری ئۆپۆزیسێۆن جگە لە ووتار نووسین و تەپە تەپەی نێو پەرلەمان و کشانەوەی کاتی و فشار دروست کردن لەسەر دەسەڵات، گەلێ گرنگ و پیوست بوو کەکار بکەن بۆ ئەوەی گەلێ بەخێرایی نەخشە ڕێگای گرتنە دەست دەسەڵات بکەن،، خۆ ئەگەر لەهەندێ حەڵەتدا ، دەسەڵات کاری گەلێ خراپی کرد و نەکرا بەردەوام بێ لەکارەکانی، ئەوا یەکێ لەو چەکانەی بەدەست ئۆپۆزیسێۆنەوەیە ، بریتیە لەهەڵوەشانەی حکومەت و هەڵپەساردنی کارەکانی پەرلەمان و داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت .
هەمیشە یەکێ لەو ووتانەی ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەبوە ، کەئەمان بەتەمای ئەوە نین دەسەڵات وەربگرن. هەر تەنها بۆ وەبیرهێنانەوە؛ لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ، لەکاتی دەرکەوتنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، نەوشیروان مستەفا ووتی؛دەرئەنجامەکان هەر چۆنێك بێ، ئێمە پێی ڕازیین،، کەلەڕاستیدا ئەمە یەکەم پەیامی هەڵەی ئەم بزووتنەوەیەو ئۆپۆزیسێۆن بوو...ئۆپۆزیسێۆنی ڕاستەقینە ، نەك هەر هەموو شتێکی بەدڵ نیەو ئەبێ بەردەوام کار لەسەر ئەوە بکا کەچۆن جێ پێی دەسەڵات لەق بکاو خۆی بگەیەنێتە دەسەڵات، کەچی بەداخەوە ئەوەمان لە ئۆپۆزیسێۆن نەبینی.
کاتێ ئۆپۆزیسێۆن و بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان دێت و دەست لە دەسەڵات ئەشواو خۆی ڕائەچڵەکێنێ و لە داواکاریەکی (٩)خاڵیدا داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت ئەکاو داوای هەڵبژاردنی پێش وەخت ، ئەمە ئەو کارە بوو کە نەیاری ڕاستەقینە لەهەموو دونیادا پێی هەڵئەسێ،، کەچی مەخابن دوای هەفتەیەك و دوای ئەوەی یەکێتی چەند دەبابەیەکی ئاڕاستەی گردەکە کرد، ڕێکخەری بزووتنەوەکە جارێکی تر هات و لەڕێگای تەلەفیزێۆنی knn وە ووتی؛؛ دەسەڵات چۆن سیناریۆی خۆی هەیە، ئەوەی ئێمەش (داواکاریە ٩ خاڵیەکە)تەنها سینارێۆ بوەو هیچی تر. کەئەمەش هەڵەیەکی تری هێزی نەیار بوو بەرانبەر دەسەڵات.
لە ٢٠١٢ دا زۆرترین هەڵەی ئۆپۆزیسیۆن ڕەچاو ئەکرێ کەهەوڵ ئەدەم خاڵبەندیان بکەم لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا:
١- ئۆپۆزیسیۆن نەیانتوانی بەیەکگرتووی بمێنێنەوەو هەریەکەو بەجیا لەئاوازێك خوێندی و هەریەکە پەیامێکی جیاوازی بڵاو ئەکردەوە، ئەمە لەکاتێکدا کەئەبوو تەنها بەیەك نۆتە و یەك پەیام بیرو بۆچوونی خۆیان لەئاست کێشەکاندا ڕوونبکردایەتەوە.
٢-لاواز کردنی ڕۆڵی لیستەکانیان لەپەرلەمان و دروست کردنی لیژنە لەگەڵ دەسەڵاتدا و تا وای لێهات هەر لەلیستی گۆراندا ٤ ئەندام پەرلەمانیان لێیان جیابونەوەو بەسەربەخۆیی کاریان کرد.کەئەمەش وای لەڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن کرد بەشێوەیەکی عەشایری کاربکەن و لەزۆر کاتدا لەژوورە تاریك و دوور لەچاوی کامیراوە ژێر بەژێر لەگەڵ دەسەڵاتدا کۆبونەوەو شتی لابەلایان ئەکرد کەلەگەڵ پەیامی ڕاستەقینەی ئەواندا یەکی نەگرتەوە.
٣-دووفاقی ئۆپۆزیسیۆن لەهەرێم و ناوچە داگیرکراوەکان. ئەمە لەکاتێکدا دەسەڵات دەستی دەستی پێ ئەکردن و کاتی پێوە ئەکوشتن، کەچی لە دەرەوەی کوردستان دەسەڵات داوای یەکڕیزی لێ ئەکردن و ئەمانیش بێ یەك ودوو ئەچونە ژێر داواکانی دەسەڵاتەوە.
٤- سنووردانەکردنی داواکانی جەماوەرو شەقام بەپێی خشتەیەکی زەمەنی، واتە کاتێ ئۆپۆزیسیۆن داواکانی خەڵکی بردە لای دەسەڵات، نەیاتوانی کاتێکی بۆ دیاری بکەن و گەر نا ئەوا کارتی تر بەکاردێنن گەر داواکاریەکان جێ بەجێ نەکرێن.
٥- پاشەکشەنەکردن لەپرۆسەی سیاسی دا ، کەئەمە ئەبوو لەمێژ بوایە ئۆپۆزیسۆن پەنای بۆ ببردایەو لەپەرلەمان بکشانایەتەوە، بەمەش دەسەڵات ئیفلیج ئەبوو و دەلاقەیەکی فراوان دروست ئەبوو.
٦- ڕاکێشانی بزووتنەوەی گۆڕان بەلای ئێراندا کە خۆی لەمایە پووچی بزوتنەوەکەدا بینیەوە، بەمەش هەر ئەمان مابوون کە بەئاشکرا ببنە سێبەری لایەنە هەرێمی و درواسێکان.
٧- داواکانی شەقام، ٢٢ خاڵیەکە، پاشان ٩ خاڵیەکە، و پاشانی تریش ٦ پاکێیژەکە.. ئەمانە ئەو شێرو ڕێویانە بوون کەهیچیان نەکراو دەسەڵات لەجیاتی ئەوە ئەمانیش هاتن پرۆژەی چاکسازیان ئەدا بە ئۆپۆزیسیۆن،، بەکورتیەکەی ئەمە هەندێ لەو شکستانەی ئۆپۆزیسۆنن کە زۆربەیان ئەکرا وانەبێت و هەروا بەسانایی خۆیان هەرزان فرۆش نەکردایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە