باشوری ئازادکراو بێدەنگ مەبە لە بەرامبەر دیواری " شەرم "
Tuesday, 22/10/2013, 12:00
2089 بینراوە
دەوڵەتانی داگیرکەر لە هەر چوار بەشی "وڵات" بەردەوامن لە زەوتکردنی خاکی کوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەوڵەتی داگیرکەری " فاشیستی " تورک، لە درێژەی دژایەتیکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕەوانەکردنی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان بۆ ئەو بەشەی وڵات، هەروەها لە درێژەی پیلانگێڕیەکانیدا لە بەرنامەیەکی (پیلان) بۆ داڕێژراودا لە هەوڵی دروستکردنی سنوری " دەستکردە " لە نێوان *هەردوو بەشی* وڵات، ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان واتا دیواری (شەرم) ئەمەش خاڵیکی نوێی مەترسیدارە بۆ " دۆزی کور د " لە هەرچوار بەشی کوردستان. لەبەرامبەر دروستکردنی دیواری شەرم و هەوڵە چەپەڵەکانی دەوڵەتە فاشیستەکەی تورک و ڕژێمەکەی ئا کە پە" گەلی هەردوو بەشی وڵات واتا ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان ڕژانە سەر سنورە دەستکردەکانی نێوان هەردوو بەشی وڵات ڕۆژئاوا و باوکوری کوردستان و بە توندی ئەو بڕیارە ڕەشە دژە مرۆڤانەیەی دەوڵەتی تورک و ڕژێمەکەی " ئا کە پە " یان ئیدانە و شەرمەزار کرد. هاوکات گەلی باشوری کوردستان و حزبە کوردستانیەکان لەبەرامبەر ئەو خاڵە ڕەشە دژە مرۆڤانەیەی دەوڵەتی تورک و ڕژێمەکەی ئا کە پە" بێدەنگیان هەڵبژاردوە؟
من تێناگەم، نەتەوایەتی کوردایەتی سیاسەتی کوردایەتی لەبەرامبەر "دۆزی کورد" کام شێوە ڕێبازەیە کەوا حزب کوردستانیەکانی باشور" بە ناوی سیاسەتی کوردایەتی گرتوویانەتە بەر؟ یان با بڵێین سیاسەت کردنی حزبە کوردستانیەکان ناویان حزبی کوردستانین؟ یا ڕەواڵەتیان؟ ئەگەر بە تەنها بەشێوازی ڕەواڵەتی، حزبی کوردستانین. ئەوە ئەبێت ناوی حزبی کوردستانی لە خۆیان بگۆڕن بۆ ئەو سیاسەتەی کە خۆیان مەبەستیانە و بۆ بەرژەوەندی بیری تەسکی حزبەکەی خۆیان خزمەتی بۆ دەکەن. ئەو حزبە کوردستانیانە کەوا لەبەرامبەر دۆزی گەلەکەیان و داگیرکەرانی کوردستان زۆربەی کاتەکان بێدەنگیان هەڵبژاردوە پێویستە لەبەردەم دادگای * گەل * دادگای بکرێن. چونکە ئیدی ئەو سەردەمانە بە سەر ڕۆی کەوا هەر حزبێکی کوردستانی دەست بشکینێتەوە و بڵێت ئەوا لە پێناو بەرژەوەندی کاروباری خەباتی سیاسی حزبەکەمان بێدەنگی لەبەرامبەر دەوڵەتانی داگیرکەر پەسەند دەکەین. ئێستا سەردەمێکی نوێی و سەدەیەکی تازەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شکاندنی بەربەستی بێدەنگیەکان و تێکشکاندنی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان. هەربۆیە لە مێژووی دەیان ساڵەدا ئەم سەردەمە باشترین دەرفەتە بۆ داکۆکیکردن لە مافەڕەواکانی گەلی هەرچوار بەشی وڵات و دەرکردنی داگیرکەران لە خاکی پیرۆزمان کوردستان، و ئاواکردنی کوردستانێکی نوێ بە فکرو ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ. ئیدی بێدەنگ بوونی ئەو حزبانە کە خۆیان ناو ناوەتە حزبی کوردستانی هیچ واتایەکی نییە.
لەلایەکی تریشەوە زۆرم لاسەیرە، نازانم گەلی باشوری کوردستان لە سەرەتای "ئافراندنیانەوە " بەم ئەزموون و دەستکەوتەی ئێستاوە ئافرێندراون لەلایەن پەروەردگارەوە؟ یان ئەم دەستکەوتوو ئەزموونەی ئێستا بە خوێنی سەدان هەزار شەهیدی باشور و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان و شۆڕشێکی دەیان ساڵە پێک هاتووە. دەبوایە گەلی باشوری کوردستان هەستی نەتەوایەتی و برپرسیاریەتیان جوڵابایە و لەم چەند ڕۆژەدا بە سەدان هەزار کوردستانی هاتبانە سەر شەقامەکانی باشور و دژی دروستکردنی دیواری شەرم، بەهاتنایانە زمان و دیواری شەرمیان شەرمەزار و ئیدانە بکردایە بۆ پشتیوانی کردنیان لە خاکی پیرۆزی کوردستان و "برا" کوردستانیەکانیان لە بەشەکانی دیکەی وڵات. ڕاستیەک هەیە لەسەر هۆکاری بێدەنگ بوونی گەلی باشور لەبەرامبەر دیواری (شەرم) با نەیشارینەوە ئەویش ئەوەیە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بێدەنگ بوونی گەلی باشور یان بە واتایەکی ڕوونتر کاریگەری بێ ئیرادەی بەشێکی زۆری حزبە کلاسیکیە بەناو کوردستانیەکان لەسەر گەلی باشور گەیشتووتە ئاستێک ، کەوا گەلی باشوری کوردستان هێدی هێدی هەستی نەتەوایەتی دۆزەکەی خۆیان لە بیر دەکەن.
ئەگەر چی حزبە کوردستانیەکان هەست نەکردنیان بە بەرپرسیاریەتیان لەبەرامبەر دۆزی ڕەوای گەلەکەیان کورد، یەکەمین جاریان نیە. بەڵام هیواخوازم ڕۆشنبیران و ڕوناکبیران و ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی کورد، هەست بەم بەرپرسیاریەتیە بکەن و لە رێی پێنوسەکانیانەوە کۆمەڵگای کوردستانی لە باشوری کوردستان لەبەرامبەر دۆزی ڕەوای گەلەکەیان و دروستکردنی دیواری (شەرم) بە ئاگا بێننەوە .
بەهمەن ژاوەرۆیی / ٢١. ١٠. ٢٠١٣