کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حوکمی شەیتانەکانی دۆزەخ لەکوردستان

Saturday, 23/03/2013, 12:00









ئەگەر هەموو سەرەتایەک کۆتایی هەبێت، ئەدی بۆ ئەو هەموو درۆو دزی و خیانەت و نیشتیمان فرۆشییەی ، بەناو سەرانی کورد، کۆتایی نەیەت. تۆ بڵێی ناڕاستگۆی و خۆ گێل کردن و بەلادا بردنی میللەت، لەسەردەستی کەسانی بەناو کوردپەرەرو خۆ بەرێبەر زان، هۆکار بن بۆ نەگەیشتن بەبەرئەنجامێک کەکورد بکاتە خاوەن دەووڵەت و کیان؟ ئەو گاڵتە بازاڕییەی لەباشوری کوردستان هەیە، لەمامەڵکردن و حوکمکردنی خێڵەکیانەی هاووڵاتیان و بەمێگەل زانینی کۆمەڵگای کوردی، لەسەر دەستی کۆمەڵێک دەم و چاوی سواو بێزراو، بەدرێژای چارەگە سەدەیەک لەو سێ پارێزگایە، لەهیچ شوێنێکی دیکەی سەر گۆی ئەم زەویە نابینرێت.
ئاخر ئەمە چ قەدەرو رۆژگارێکی ڕەشە کورد تێی کەوتووە، بۆتە دیل و کۆت و بەند کراوە، بەدەست کۆمەڵێک باندو مافیاوە. ئەوان هەموو جوانییەکی سادە و بەهاو بەڵێن و شکۆی مرۆڤانەیان، لەتاکی کورد داماڵیوە، ئیمڕۆ دزو درۆزن، داوێن پیس و ساختەچی، قارەمانەکانی شەڕی ناوخۆ، ئەوانەی شانازیان بە ئەتک کردنی کەس و کاری نەیارەکانیانەوە دەکرد، خۆیان بەسەر میللەتەوە کردووە بەفریشتە، لەکا‌تێکدا ئەوان جگە لەهەڵگری توخمی شەیتانەکانی نێو دۆزەخ، هیچی دیکە نین.

لەو مەمللەکەتە خاپورەدا، نازانی گوێ لەکێ بگری و سەرنجی کام دەم و چاوی گولە پیاوانی دیوەخان بدەیت، هەموویان فریشتە ئاسا لەڕوواڵەتدا خۆیان نمایش دەکەن، هەموویان بوون بەمامۆستاو دەرسی ڕەوشت و دەست پاکی و یەکسانی و ماف مرۆق، فێری خەڵکی دەکەن، هەموویان بوون بە گۆشە نووس و فەیلەسوفی نێو رۆژنامەگەری کوردی. ئەوان پێناسەو شیکاری فەسادی و گەندەڵی دەکەن! وەک ئەوەی ئەوانەی کوردستانیان داشۆریبێت لەبەها بەرزیەکانی کوردەواری، خەڵکانی غەیرە کوردبن و لەهەسارەیەکی دیکەوە داباری بن. لەچانسی رەشی کوردیش، ئەگەر جاران لەرێی ئۆرگان و ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی حیزبەوە، ئەو بەیت و بالۆرو زوڕنا ژەنینەیان کردبا، ئێستا رووپەری میدیای ئەهلی و سەربەخۆ، لەبەر چاویلکەو قەفەی سمێڵ و پرچی ڕەشکراوی ئەوان، کوا فەراغێکی بۆ ئەو دەنگ و ڕەنگە جیاوازانەی دژ بەحوکمی قەرەقوشی ئەوان وەستا بوونەوە ماوە. ئاخر ئەوان لەهەمان ئەو گۆشەو سایت و پەڕەو سکرینی تیڤیەنەوە، دەرسی دژە گەندەڵی دەڵێنەوە، کەقەراربوو رۆژانێک ئەوان بە چۆکدا بدات و شکۆمەندی بۆ تاکی کورد بگەڕێنێتەوە. کوردەواری گوتەنی (تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت) ئەرێ گەلۆ پێمان نابێژن کێ کوردستانی غەرقی فەسادی و گەندەڵی و ئەو بی سەروبەرەییە کردووە؟
ئاخر هەر لەسەرۆکی پارلەمانەوە تا دەگاتە ئەندامی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی ئەو دوو حیزبە باڵا دەستەی باشور، بوون بەگۆشە نووس و ووتار داڕێژەری دژەگەندەڵی لەو ڕاگەیاندنانەی بەحیزبی و ناحیزبی و ئەهلی و سەربەخۆ ناو دەبرێن. هاکا بارزانی و کوڕەکانی، بوون بەگۆشە نووسی رۆژانەی میدیای کوردی. ئاخر ئێمە عەیامێکە بیزارو تاقەت پڕوکێن بووین ،لەو ڕووخسارو چارەی بەدو گفتی درۆینەیان، کەوەک قاوانی سواو بەبەردەوامی دەیڵێنەوە. بیست و دوو ساڵە هەمان دام و قەپۆزی سەرکردە قێزەونەکان، لەهەموو چرکەیەکی زیندگیمان ئامادەیان هەبووە، کێ کات و تاقەتی ئەوەی هەیە نەک هەر سەیری رۆخساری ساختەچیانەیان بکات، بەڵکو گوێ و نووسینە بێ ناوەڕۆکو درۆینەکانیان بخوێنێتەوە. ئەوە کردارو کردەوە شەیتانیەکانی ئەوانن، بوونەتە هۆی خوڵقاندنی ئەو دۆزەخەی ئیمرۆ کورد تێی کەوتووە. دەسەڵاتدار و کاربەدەستانی سەر سفرەی ژەهراوی باشوری کوردستان، پێویستە تیبگەن لەمێژە شکستیان خواردووە، لەچۆنیەتی حوکم کردن، گەرەک بوو نەک هەر تڕۆ کرابان، بەڵکو دادگایی و زیندانیش کرابان، لەسەر ئەتک کردنی نیشتیمان. ئەوان خۆیان ووتەنی خۆزیە هەر فەردە دۆلارو دیناریان لەکورد دزیبا، بۆ مەودایەک لەخاکی نیشتیمان ماوە، بەکەڵەگایی و مافیا ئاسا بۆخۆیان پەرێز نەکردبێت. هەزارن کەسیان مل کەچ و کۆیلەو بەچۆکدا داوە لەبەرامبەر مشتێ دۆلاری دزراوی هەژاران. ئەو دەمە تەقێیەی نێوان سەرانی دوو زل حیزبی کوردستان لەم ماوەیەدا لەدڵسۆزی بۆ خاک و کوردستان و میللەت نیە، بەڵکو لەسەر پشکی بەرکەوتنی فەردە دۆلارو دیناری دزراوی قوتی هەووڵاتیانە، ئەگەرنا خۆ ئەوان بیست و سێ دوو ساڵە بەهەموو لایەکدا دەدزن، تا ئەوڕادەیەی شەریکە دزیش بوون لەهێندێک باردا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە