هۆکاره شاراوه‌کانی بهکۆمپیوتهرکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستان-وه
Thursday, 03/10/2013, 12:00
1676 بینراوە
به‌شی یه‌که‌م
تێبینی: ئه‌م نووسینه باس له هۆکاره شاراوه‌کانی بهکۆمپیوتهرکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کا، له‌وانه به‌کارهێنانی کارتی زیره‌ک (سمارت کارت) له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا، له‌لایه‌ن کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێراق-ه‌وه. ئه‌و هۆکاره شاراوانه‌ی که لێره باسده‌کرێن، گریمانه نیین، سیناریۆ نیین، ئه‌وه‌ش نین که‌له وڵاته غهربهکان پێیده‌ڵێن Conspiracy Theory واته ئه‌و بڕوا بێپاڵپشت و بێبهڵگانهی که هه‌ندێک پێشنیاری ده‌که‌ن دژبه ده‌سه‌ڵاتێک وه‌ک ئه‌نجامده‌ر و سوودمه‌ندی یه‌که‌می پێشهاته‌یه‌ک یان زیاتر. ئه‌م نووسینه ده‌رئه‌نجامی لێکدانه‌وه‌ی وردی ڕووداوه‌کانن، ئه‌وانه‌ی که ڕوویانداوه، له‌گه‌ڵ ژمێرکردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی که‌له به‌رده‌م پارت و لایه‌نه سیاسییه‌کاندان بۆ پێشبینییکردنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که ڕووده‌ده‌ن له داهاتوویه‌کی نزیکدا.
ده‌سپێک
به ته‌نها چه‌ندڕۆژێک پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌شێوه‌یه‌کی کت‌وپڕ و ته‌واو چاوه‌ڕواننه‌کراو بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان، له میدیا جیاجیاکانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌وه، باس له به‌کارهێنانی مۆرێکی ئه‌لیکترۆنی کرا. ئه‌و پارت و لایه‌نانه‌ی که خۆیان ناونابوو ئۆپۆزیسیۆن، بێ هه‌وڵدان بۆ به‌ستهێنانی زانیاری وردودروست سه‌باره‌ت به ئامێری ئه‌م به‌ناو مۆره، به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، پشتگیریی خۆشیان بۆ به‌کارهێنانی دوپات و سێپات ده‌کرده‌وه. ئه‌مه له‌کاتێکدابوو که گران نه‌بوو به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ر ئامێرێکی چینی هه‌رزان و پرسیارکردن له هۆکاری ئه‌قڵانی و ڕاسته‌قینه‌ی به‌کاربردن و ئه‌گه‌ری ساخته‌کاریی له‌ڕێگه‌یه‌وه. مۆره ئه‌لیکترۆنییه‌که له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێکخراوه گوماناویی و نادیاره‌وه باسکرا، که‌له‌کاتی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکدا، کت‌وپڕ قوتده‌بنه‌وه و له ژێر ناوی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان، لێره و له‌وێ، لێدوان ده‌ده‌ن و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دڵنیاده‌که‌نه‌وه. دڵنیاکردنه‌وه له چی؟ ئایا ئه‌م کۆمیسیۆنه پێکهاتبوو له نوێنه‌ری شاره‌کان، بۆ پاراستنی ده‌نگه‌کانی هاوشاراکهنایان؟ له نوێنه‌ری گه‌ڕه‌که‌کان، بۆ پاراستنی ده‌نگه‌کانی هاوگهڕهکهکانیان؟ بۆچی ئه‌و خه‌ڵکه ناهۆشیارهی هه‌رێم، په‌نجه بۆ ئه‌م کۆمیسیۆنانه ڕاناکێشن؟ بۆچی خه‌ڵک خۆی کۆمیسیۆن دانانێ و ده‌سه‌ڵات ملکه‌چ ناکا بۆ بڕیاره‌کانی؟ بۆچی له‌و ده‌ڤه‌ره، خه‌ڵک هه‌میشه چاوه‌ڕوانی ده‌سه‌ڵاته و خۆی به‌دوورده‌گرێ له به‌رپرسیارێتی پێشهات و بڕیاره‌کان؟ ئه‌و پێشهات و بڕیارانه‌ی که دواڕۆژی نه‌وه‌ی خۆ، خوشکه‌زا، برازا، که‌سوکار، هاوشار و هاوووڵاتیان دیاریده‌کا.
ناخۆشبه‌ختانه، مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و دڤه‌ره، ته‌نها پێکنه‌هاتوون له‌م کۆمیسیۆنه نادیار و گوماناوییانه، به‌ڵکو له‌و میدیایانه‌ش که له‌ژێر ناوی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد‌دا، هه‌واڵی چه‌واشه‌کاریی ده‌فرۆشنه‌وه به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان. بێ دوورکه‌وتنه‌وه له بابه‌ته سه‌ره‌کییه‌که، له کاتێکدا که هیچ لایه‌نێکی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌رپرسیارێتی خۆی بۆ ته‌قینه‌وه‌کانی هه‌ولێر نه‌گرتبووه ئه‌ستۆ، ئه‌م میدیا به‌ناو سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه، بێ هیچ شه‌رم و ئابڕوویه‌ک، (ده‌سخۆشیی و ستایش‌کردن)ی ڕێکخراوێکی تیرۆستییان کرده (به‌رپرسیارێتیی) و کۆتای‌یان به لێکۆڵینه‌وه و وردبوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وه گوماناویانه هێنا. ئه‌مه له کاتێکدابوو که ته‌نانه‌ت ده‌زگای هه‌واڵی بی‌بی‌سی، جگه‌له‌وه‌ی که ڕاسته‌وخۆ باسی نه‌بوونی هیچ به‌رپرسیارێتییه‌کی ده‌کرد بۆ ئه‌و تهقینهوهوانه، شێوازی نوسینی هه‌واڵه‌که‌شیان وا چنیبویهوه، که ته‌نها ده‌لاله‌ت له بۆچونی دسه‌ڵات له هه‌ولێر بدا. ڕۆژنامه‌گه‌ریی ڕاسته‌قینه ده‌بێ به‌و شێوه بێلایه‌ن بێ. به‌ڵام میدیا به‌ناو ئازاد و سه‌ربه‌خۆکانی هه‌رێم، پێش پارتی دیموکراتی کوردستان که‌وتن و زۆر بێشه‌رم و بێئابڕویانه، هه‌واڵی ئه‌و تهقینانهوهیان زینده‌به‌چاڵکرد، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه‌که‌ی هه‌رێم. تا ئه‌م ساته‌ش، هیچ لایه‌ن و ڕێکخراوێکی دره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، به‌فه‌رمی به‌رپرسایرێتی خۆیان بۆ ته‌قینه‌وه‌کانی هه‌وڵیر نه‌گرتۆته ئه‌ستۆ. بگه‌ڕیینه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان.
له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا چی ڕویدا؟ بۆچی کۆمیسیۆن چه‌ندجار ڕاگهێندنی ده‌نگه‌کانی دواخست؟ ئه‌م پرسیارانه هه‌موو په‌یوه‌ندی هه‌بوو به پارتی دیموکراتی کوردستان-ه‌وه. پارتی، سوپاس بۆ ئه‌و مۆره ئه‌لیکترۆنییه، ده‌نگه ڕاسته‌قینه‌کانی دزی (دوورنییه هێشتا له‌سه‌ی ڕه‌ش بن)، کاتی گواستنه‌وه‌یان له بنکه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، بۆ بنه‌که‌کانی جیاکردنه‌وه و ژمێرکردن. پاشان هه‌ڵسا به به‌خشینه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له ڕێگه‌ی کۆمیسیۆنه‌وه. کورسییه‌کانی په‌رله‌مان، پارتی بهخشینییهوه، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و باری ته‌ندروستی و سایکۆلۆجی پارته‌کان. له دوای هه‌موو به‌خشینه‌وه‌یه‌ک، که‌له ڕێگه‌ی "ئه‌ندامێکی کۆمیسیۆن که نه‌یویست ناوه‌که‌ی بڵاوکرێته‌وه" بڵاوده‌کرایه‌وه، پارتی بۆماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌بوو بۆ وه‌رگرتنی کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان. ئه‌گه‌ر پارتێکی جه‌ماوه‌ردار بۆڵه‌بۆڵی بکردایه، که دیاره کێ و کێ بۆڵه‌ی ده‌کرد، پارتی هه‌وڵی زیادکردنی ده‌نگێکی بۆده‌دا، به‌مه‌رجێک له‌سه‌ر حیسابی کۆی ده‌نگه‌کان و ده‌نگی لایه‌نێکی به‌هێزتر له‌و نه‌بایه. بێگومان، تۆڵه‌ی توندی خۆیشی له نه‌یارانی کرده‌وه، وه‌ک سوکایه‌تییکردن به پارتی ئاینده، به پێدانی هه‌زار ده‌نگێک وه‌ک ڕۆڵه‌یه‌ک بۆ خۆهه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی ئه‌و پارته بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر پێتوایه ئه‌م باسانه ناڕاستن و مایه‌ی گاڵته‌و پێکه‌نینن؟ ئه‌وا زۆر دوورنیت له ڕاستبوونه‌وه، ئه‌م ده‌نگدانه ته‌نها شانۆگه‌رییه‌کی ئاستنزم و گاڵتهئامێزبوو. ته‌نها گاڵته‌کردنێک بوو به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان.
ناوه‌رۆکی ئه‌م نوسینه چییه؟
ئه‌م نووسینه سه‌باره‌ته به‌و هۆکاره شاراوانه‌ی که ئه‌مڕۆ فشاری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان هێناوه، بۆ گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان به سیسته‌می دیجاتاڵ و کۆمپیوته‌ریی، وه‌ک مۆری ئه‌لیکترۆنی و کارتی زیره‌ک. سیسته‌مێکی نوێ که مسۆگه‌رتر و ئاسانتربێ بۆ ساخته‌کاریی، که بگونجێت له‌گه‌ڵ کێش و جه‌ماوه‌ره سهدههزارییه، ڕاسته‌قینه‌که‌ی ئه‌مڕۆی پارتی. پارتی و سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا کۆکن له‌سه‌ر هێنانه‌کایه‌ی ئه‌م جۆره سیسته‌مه کۆمپیوتهرییانه، چونکه ئه‌وانیش دوو هێنده‌ی پارتی پێویستییان به ساخته‌کاریی هه‌یه. دیاره تابتوانین باس له‌و هۆکارانه بکه‌ین، ده‌بێ پێشه‌کی باسی ئه‌و پێشهاتانه بکه‌ین، که له‌بنه‌ڕه‌تدا بوونه‌ته هۆی دروستبوونی ئه‌و فشارانه.
سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ چییه و که‌ی دروستده‌بێ؟
کاتێک ده‌سه‌ڵاته تاکڕه‌وه، گه‌نده‌ڵه‌کان متمانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ڕووبه‌ڕووی کێشه‌ی ڕاپهڕاینی به کۆمه‌ڵ ده‌بنه‌وه. ڕاپه‌ڕینی به کۆمه‌ڵ، جیاوازییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی تاک له‌وه‌دایه که، سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ زۆر مه‌ترسیدارتره وه‌ک له‌وه‌ی تاک. سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ پێیدهوتری Crowd Psychology، واته باری ده‌روونیی کۆمه‌ڵێک مرۆڤ به‌یه‌که‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک که وه‌ک یه‌ک مرۆڤی گه‌وره‌ی، دڕنده‌ی، به‌هێز ڕه‌فتار بکه‌ن. جیاوازی ئه‌م باره ده‌روونییه له‌وه‌دایه که تاکه‌کانی نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه ڕاپه‌ڕیوه، بیرکرده‌نه‌وه‌ی ئاسایی له‌ده‌ستده‌ده‌ن و له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتووی نوێ‌دا، بێ ئاگا و هۆشی خۆیان، یه‌کده‌گرنه‌وه. مه‌به‌ستمان له بیرکردنه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌و لێکدانه‌وه هێمنهیه که مرۆڤێکی تاک هانای بۆده‌با له کاتی ژیانی ئاسایی‌دا، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خودی خۆی.
سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تووڕه، ئه‌کرێ به هێمنی ده‌ستپێبکا، به‌ڵام پاش زۆربوونیان، تاکه‌کان، ورده ورده، ده‌بنه یه‌ک جه‌سته و کاروکاردانهوهکانیان به‌یه‌که‌وه ئه‌نجامده‌ده‌ن. ترس و دڵه‌ڕاوکێ، کت‌وپڕ و به‌یه‌کجار، به‌ته‌واوه‌تی بوونی نامێنێ له نێوانیاندا و هه‌وڵدان بۆ ئازاردان و بڵاوه‌پێکردنیان، ته‌نها ده‌بێته هۆی زیاتر سووربوون و دڕندهتربوونیان. هۆکاره‌کانی ئه‌م جۆره سایکۆلۆجییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشت و بیردۆزه بایۆلۆجییه‌کانی داروین و له‌نێو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بوونه‌وه‌ره‌کاندا، له پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی "مه‌ترسی نه‌مان" دروستده‌بێ. ئاخر مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی تاکڕه‌و، ته‌نها قۆرغکردنی داهاته‌کانی نیشتمانێک نییه، به‌ڵکو قڕکردن و داڕمانی هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئه‌و نیشتمانه‌یه، له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه. ئاماره زانستییه‌کان وای ده‌رده‌خه‌ن، که باری ته‌ندروستیی و جوانیی و دواجار پێشکه‌وتنی خه‌ڵک، ڕاسته‌وخۆ پێچراوه‌ته‌وه به سیسته‌می حوکمڕانیی وڵاته‌کانه‌وه. هه‌ربۆیه، ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتێکی تاکڕه‌وی گه‌نده‌ڵ حوکمیان ده‌کا، ئیتر ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بنه‌ماڵه‌یی بێ یاخود ئاینیی، تاکه‌کانیان کورته‌باڵا، ناته‌ندروست و دواجار، لاواز و نه‌خۆش دروستده‌بن. ئه‌مه‌ش که مه‌ترسییه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه دژبه پێشکه‌وتن و مانه‌وه‌ی میلله‌تێک. سه‌مه‌ره نییه، سروشت پشتگیریی سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ بکا، هه‌روه‌ک به‌رگریی جه‌سته دژبه میکۆرب و ڤایرۆس، ئاواش به‌رگریی کۆمه‌ڵ دژبه مه‌ترسیی فیرعه‌ون و سوڵتانه‌کان. له وڵاته غهربهکان، بایه‌خێکی جددی ده‌درێ به مه‌ترسیی سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ و چه‌ندین پێوه‌ری زانستی‌یان هه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ده‌روونیی، گشتیی کۆمه‌ڵگه، وه‌ک پێوه‌ری جیاوازیی داهات له نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه، که پێیده‌وترێ "پێوه‌ری گینی" Gini index.
نموونه‌ی سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ له‌م دواییه‌دا، ڕاپه‌ڕینه‌کانی گه‌نجه‌کانی وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانی ناوچه‌که بوون. هه‌روه‌ها له باشوری کوردستانیش، گه‌نجه خۆڕاگر و قاره‌مانه‌کانی ١٧ی شوبات. کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته تاکڕه و گه‌نده‌ڵه‌کان، له شپرزه‌یی و ناچارییدا، ته‌نها هێز ده‌بێ، وه‌ک کوشتن به فیشه‌ک و هه‌وڵدان بۆ بڵاوه‌پێکردنی ئه‌ندامه‌کانی کۆمه‌ڵه ڕاپه‌ڕیوه‌کان، وه‌ک هه‌وڵدانێک بۆ شیکردنه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌و باره ده‌روونییه یه‌کگرتووه. له هه‌مانکاتدا، ده‌سه‌ڵاته تاکڕه‌و و دیکتاتۆره‌کانیش، میلیشیاکانیان به کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ ڕێکده‌خه‌ن، بۆ دروستبوونی هه‌مان باری ده‌روونی یه‌کگرتوو و دڕنده، بۆ بهرهنگارییبوونهوهی هه‌چ ئه‌گه‌رێک. ئه‌م جۆره سایکۆلۆجیا مه‌ترسیداره، له کاتی تاوانه گه‌وره‌کانیشدا، وه‌ک به‌ردبارانکردن تامردن له ژێر سێبه‌ری چه‌مکه ماوه‌به‌سه‌رچووه‌کانی شه‌ره‌ف و پیرۆزییه ئاینیه‌کاندا، ڕۆڵی ترسناکی خۆی ده‌بینێ، وه‌ک به‌ردبارانکردنی "دوعا"، ئه‌و کچه ئێزیدییه‌ی که‌به شێوه‌یه‌کی وه‌حشیگه‌رییانه به‌ردباران کرا له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک گه‌نجی نێرینه‌وه که، له کاتی ئاسایی‌دا، ویژدان و ئه‌خلاقیان ڕێگه‌ی پێنه‌ده‌دان تاوانێکی وا گه‌وره ئه‌نجامبده‌ن. به‌ڵام مرۆڤ له‌و کاتانه‌دا، ئه‌قڵ و هۆشی تاکی خۆی له‌ده‌ستده‌دا و ده‌بێته به‌شێک له ئه‌قڵ و هۆشی سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ. ته‌نها ئه‌و سایکۆلۆجیا گشتییهشه، که دیکتاتۆره‌کان دائهڕمێنێ.
ئه‌و باسه‌ی سه‌ره‌وه بۆچی؟ دوو هه‌ڵبژارده هه‌یه له‌به‌رده‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی حومکڕانییدا؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته یان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر ده‌بێ، یان پشتیان تێده‌کا. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر بوو، ئه‌وه دوای ته‌واوبوونی کاتی حوکمڕانیی خۆی (٤ بۆ ٨ ساڵ)، ده‌سه‌ڵات به‌جێ دێڵێ بۆ لایه‌نێکی تر. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر نه‌بوو و خواستنی مانه‌وه‌ی تاهه‌تایی هه‌بوو، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی ڕاپه‌ڕینی سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ ده‌بێته‌وه. کێشه‌که له‌وه‌دایه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی به‌وشێوه، بڕیاری به‌کارهێنانی هێزیدا بۆ ده‌مکوتکردن و بێده‌نگکردنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، ئه‌و بژارده‌یه‌ی که ده‌بێته سوورتربوون و دڕندهتربوونی ڕاپه‌ڕیوه‌کان، ئه‌وا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کۆتای خۆی به‌ده‌ستی خۆی ده‌نووسێته‌وه. ئه‌مه‌ش که بۆته هۆی ئه‌وه‌ی بژارده‌ی یه‌که‌می خۆی نه‌بێ. به‌گشتیی، ئه‌مڕۆ کێشه‌یه‌کی گه‌وره دروستبووه بۆ ده‌سه‌ڵاته تاکڕه‌و و گه‌نده‌ڵه‌کانی جیهان، ئه‌وانه‌ی نیازیان نییه کورسی ده‌سه‌ڵات به‌جێبێڵن. له‌لایه‌ک، ئاڵۆزبوونی ڕێگاکانی گفتوگۆکردن و په‌یوه‌ندییه کۆمپیوته‌رییه‌کان، وه‌ک فه‌یسبوک و تویته‌ر (که به‌داخه‌وه کورد زۆر به‌کاری ناهێنێ)، که ئه‌مڕۆ هۆکاری سه‌ره‌کیین بۆ کۆبوونه‌وه و یه‌کگرتنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و کۆنترۆڵکردنیان، له‌لایه‌ن دیکتاتۆره‌کانه‌وه، زۆر گرانتر بووه له جاران. له‌لایه‌کی تر، ئه‌گه‌ری هاتنه‌ده‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاته غهربهکانی جیهان، به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، له کاتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتانه، به هه‌مان سایکۆلۆجیای کۆمه‌ڵ و به به‌کاربردنی هێزی چه‌ک، دژبه خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌کان. ئێمه لێره‌دا باسی هۆکاری ئه‌و جۆره ئه‌گه‌ره ناکه‌ین، که ئایا له‌به‌رخاتری چاوی ڕه‌شی مرۆڤایه‌تی بێت یان به‌رژه‌وه‌ندی خۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ره‌که جددییه و ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان چه‌ندین ژمێرکاریی بۆ ده‌که‌ن، پێش ئازاردانی هاوڵاتیانی خۆیان. هه‌ربۆیه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تاکڕه و گه‌نده‌ڵانه، پێش به‌کاربردنی زه‌بری هێز، هه‌وڵی گرتنه‌به‌ری ڕێگای هێمنتر ده‌ده‌ن، وه‌ک دروستکردنی که‌شوهه‌وایه‌کی دیموکراسی درۆ. که‌شوهه‌وایه‌کی حکومڕانیی که، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیموکرات نه‌بێ، به‌ڵام به جۆرێک له دیموکراسیی لێکبدرێته‌وه، له‌لایه‌ن چاودێرانی بیانییه‌وه. نموونه‌ی ئه‌مه، دروستکردنی حیزبی سێبه‌ر، ڕێکخراوی به‌ناو سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نی سێبه‌ر، سه‌ندیکای سیبه‌ر، هه‌روه‌ها ڕێککه‌وتنی نهێنی "ستراتیژیی" دژه‌دیموکراسی و ڕێکخستنی هه‌ڵبژاردنێکی ساخته و درۆ. پاش ئه‌م چه‌ند پاراگرافه، با پێکه‌وه باسێکی جه‌ماوه‌ری لایه‌نێک بکه‌ین.
به‌ده‌ر له ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌پێندراو له‌لایه‌ن هێزێکی ده‌ره‌کییه‌وه، سه‌ره‌تای دروستبوونی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی، جه‌ماوه‌رێکی له پشته. هه‌ڵکشان و داکشانی ژماره‌ی ئه‌م جه‌ماوه‌ره، به‌نده به ڕه‌فتار و کرده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه. هه‌رگیز نه‌بینراوه و نه‌بیسراوه، به درێژایی مێژوو، ڕێکخراوێک یاخود پارتێک که بۆ ماوه‌ی زیاتر له ٦٠ ساڵ بنه‌ماڵه‌یه‌ک کۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی کردبێ، له هه‌مان کاتدا، وه‌ک موعجیزه، جه‌ماوه‌ره‌که‌ی لهدهستنهدابێ. بۆ نموونه، پارتی دیموکراتی کوردستان، له ساڵه‌کانی په‌نجاکان و شه‌سته‌کاندا، ئه‌توانین بڵێین، هه‌موو خه‌ڵکی باشوری کوردستانی له پشت بوو. ئه‌سته‌مه، له‌وکاتانه‌دا، کوردێکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره هه‌بووبێ و مه‌لا مسته‌فا بارزانی، باوکی کاک مه‌سعود بارزانی، وه‌ک سه‌رۆکی نه‌ته‌وه‌یی کورد خۆشنهویستبێ یان هیچ نه‌بێ، ڕێزی گه‌وره‌ی بۆ دانه‌نابێ. ته‌نها ده‌سه‌ڵاتێک که ته‌واو بڕوای به دیموکراسیی ڕاسته‌قینه ههبوبێ، که دیموکراسیی به‌رنامه‌ی نێوخۆی حیزبه‌که‌ی بوبێ، توانیویه‌تی جه‌ماوه‌ری خۆی له‌ده‌ستنه‌دا، دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانیی.ده‌نا له‌گه‌ڵ چه‌سپاندن و به هێزبوونی ده‌سه‌ڵاته‌کان، ئه‌گه‌ری دوورکه‌وتنه‌وه و بێباکیشی بۆ جهمارهر، هه‌رزوو دێته‌ئاراوه. ئه‌م ڕاستییه دروسته بۆ هه‌چ ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسی له جیهاندا. پارتی و یه‌کیتی دوو نموونه‌ی ئه‌مڕۆن. پارتی دیموکراتی کوردستان، له پشتگیرییکردنی هه‌موو کوردانی باشوری کوردستانه‌وه، ورده ورده، به‌درێژایی دروستبوونی تاوه‌کو ئه‌مڕۆ، ده‌بینین ته‌نانه‌ت له گه‌وره‌ترین بۆنه حیزبییه‌کانی ئهمدواییهشیدا، نه‌یتوانی ١٠ هه‌زار که‌س کۆبکاته‌وه. پارتی په‌نای بۆچێ برد بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییه؟ ئاڵا و لافیته‌ی گه‌وره گه‌وره، بۆ شاردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی لاینهنگرانی و داپۆشینی پانتاییه‌کی گه‌وره‌تر له‌خۆی، به ڕه‌نگی زه‌رد و پڕۆپاگه‌نده‌ی ڕێکخراوه‌که‌ی. خاڵێکی تر که په‌یوه‌ندی به داکشانێکی زۆر ژماره‌ی لایه‌نگرانی پارتییه‌وه هه‌یه، ئایا ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی به نایاسایی دوو ساڵی سه‌رۆکایه‌تی بۆ درێژنهکرابایهتهوه، ئه‌یتوانی به له ٣٨%ی ده‌نگه‌کان ببێته‌وه سه‌رۆک؟ بێگومان، نه‌خێر!
کێشه‌ی ده‌نگدانی سیسته‌می کۆن چییه و بۆچی چیدی له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی نییه؟
ئه‌مڕۆ داکشانی ژماره‌ی لایه‌نگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌مه‌نده مه‌زنه که بۆته فشارێکی گه‌وره بۆ هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی سیسته‌م و میتۆدی هه‌ڵبژاردنه‌کان. له ساڵه‌کانی پێشوودا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا که پارتی هه‌رگیز نه‌یتوانیوه له ٥٠%ی ده‌نگه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ده‌ستبێنێ، به‌ڵام ژماره‌ی لایه‌نگره‌کانی هێشتا به شێوه‌یه‌ک دانهکشا بوو که نه‌توانێ چیدی له‌ڕێگه‌ی ساخته‌کاریی مهعمولییهوه، به زۆر زه‌حمه‌ت، کێبڕکێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی بکا. ئه‌و کاتانه، به‌س بوو چه‌ند هه‌زار لایه‌نگرێکی خۆی، دووباره و سێباره بنێرێته‌وه بۆ سندوقه‌کانی ده‌نگدان و به‌و شێوه بتوانێ هیچ نه‌بێ فیفتی فیفتی بوه‌ستێته‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کێتی. به‌ڵام ئه‌مڕۆ چیدی به ١٠ هه‌زار و ٢٠ هه‌زار ده‌نگی ساخته‌ی مه‌عموولی ناتوانێ سه‌رکه‌وتووبێ و مه‌ترسیی له‌ده‌ستدان و داڕمانی ئه‌و شاهانهنشینهی سه‌ری ڕه‌شی له پێشه. چیکردن؟ له وه‌ڵامێکی کورت‌دا، به کۆمپیوته‌رکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان، به گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن بۆ مۆری ئه‌لیکترۆنی و کارتی زیره‌ک! پێتوانه‌بێ به‌م شێوه ساخته‌کاریی کۆتایی بێ، زۆر به پێچه‌وانه‌وه، هه‌روه‌ک له به‌شی داهاتوودا به وردی باسیان لێوه ده‌که‌ین، ئه‌م سیسته‌مانه کاری ساخته‌کاریی زۆر ئاسان ده‌که‌ن و ژماره‌ی ده‌نگه ساخته‌کان چیدی سنووردار نابن. چاوه‌ڕوانی به‌شی دووهه‌م به!