پەیام بە کەس وکارو هاوڕێ و ئازیزانی گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کوردستان
Wednesday, 06/04/2011, 12:00
کەس و کارو ئازیزانی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکان و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەکوردستان!
دایکان و باوکانی دڵبریندار!
پلنیۆمی هەشتەمی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کە ٣١-١/٤/٢٠١١ بەسترا، بە دەقیقیەک ماتەمینی بۆ ریزگرتن لە قوربانیان و گیانبەختکردوانی رۆڵەکانی ئێوە، ئازیزانی ئێمە، دەستی پێکرد.
ڕۆڵەکانی ئێوە کە بەدەستی ئینسانکوژانی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکارو دژی ئازدی، گیانیان لێسەنرایەوە، تاوانیان تەنها بەشداری کردن بوو لە خۆپیشاندانەکانی و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەکوردستان کە داواکاری باشکردنی ژیان، ئازادی، خۆشگوزەرانی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و حزبی چەکدار و ... بوو.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، لە جێگای وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان و خۆپیشاندەران، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوەی دەستی لەپشتە، ئاژاوەگێڕییە، و بەوەشەوە نەوەستان دەستیان بۆ چەک برد و کەوتنە گوللە بارانکردنی خۆپیشاندران و لەو نێوەدا، چەندین کەسیان خەڵتانی خوێن کردو بە سەدان کەسیان بریندارکردو شەپۆلی هەڕەشە و راوەدونان و گرتن و رفاندن، زاڵکردنی دۆخی ترسیان دەست پێکرد، کە تائێستا بەردەوامە.
وەڵامی دەسەڵات بە داخوازییە رەواکانی ئێمە، هێندە نائینسانی و دڕندانە و قەزافیانە بوو، کە لەو ڕێگایەوە ماهیەتی خۆیان، دوری خۆیان لە خەڵکی کوردستان، وە دژایەتی سەرسەختانەی خۆیان بۆ ئاڵوگۆر و چاکسازی و وەستانەوە بەرووی ئێرادەی وەگەڕکەوتووی خوازیارانی ئازادی و نان و... نیشادایەوە. لەوەش زیاتر بێدەربەستیان بەرامبەر بە خوێنی بەناحەق رژاوی ئەم هەموو کوشتارو بریندارانە، و دەستگیرنەکردنی تاوانبارانی ئاشکرایی تاوانباران و هاندەرانیان، نیشانیدا کەئەم دەسەڵاتە نەک داواکاری خۆپیشاندران و بەڵکە خوێنی بەناحەق رژاوی خەڵکی کوردستانش، کەمترین بەهای نییە.
کەس و کارو ئازیزانی گیان بەختکردوو!
خەڵکی نارازی کوردستان و شەقام داگرتوو!
رێگای ناچارکردنی ئەم دەسەڵاتە، بەدەستگیرکردنی بکوژان و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگایەکی بیلایەن و عادلانە، تەنها لەگرەویی بەردەوامی دان بە خۆپیشاندانەکان و پەرەدان بەبزوتنەوەی وەرێکەوتووی شۆڕشگێڕانەی ئێوەدایە، تا دەسەڵات ملنەدات بە داخوازییە رەواکانتان.
حزبی کۆمۆنیستی کریكاری کوردستان، لە کاتێکدا جارێکی تر پەیامی هاودەردی و هاوخەمی خۆی بۆ ئیوە دوپات دەکاتەوە، هاوکات و تاسەر لە ریزی پێشەوەی ئیوە و بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستاندا، دەبێت. تا دەسەڵات ناچاردەکات تۆمەتباران و هاندەرانیان، بدرێنە دادگا و داوا داخوازییەڕەواکانی خەڵکی کوردستانیش بەسەرکەوتن، دەگات، حزبی ئێمە تێدەکۆشێ بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشگوزەران کە تیایدا ژیان و حورمەتی ئینسانەکان پارێزراو بێت و بە دوور بێت لە هەرجۆرە کوشت و کوشتارێک.
پلنیۆمی هەشتەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
سەرەتای ئەپریلی ٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست