ده‌روێشیان و "سێ کووپه زێڕ"*
Friday, 25/01/2013, 12:00
نووسه‌ر: نادر شه‌هریوه‌ری(سدقی)
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: ڕێناس جاف
" من هه‌ر له مناڵییه‌وه به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێک وه‌فادار و به‌ئه‌مه‌گ بوومه. به‌رامبه‌ر ئاسمان،ده‌رحه‌ق به باڵنده و په‌له‌وه‌ران،به‌رامبه‌ر ئه‌و خانوو و ماڵانه‌ی تیایاندا ژیاوم. به‌رامبه‌ر به‌و کووچه و کۆڵانه ته‌پ و تۆزاوییانهی که نه‌نک و داپیره منی له‌گه‌ڵ خۆی به ناویاندا ده‌سووڕانده‌وه . وه‌فادار و به‌ئه‌مه‌گ به‌رامبه‌ر قاپییه‌که‌ی شای نه‌جه‌ف و چیرۆک و سه‌ربرده‌کانی داپیره".1
ده‌روێشیان هیچ له‌چاو سه‌رده‌می مناڵی نه‌گۆڕاوه،چوونکه هه‌نووکه‌ش به‌رامبه‌ر به‌و شتانه هه‌ر به‌وه‌فایه. ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی "ژۆزێف کۆنراد" خۆی به وه‌فادار ده‌نوێنێ تا ژیان لای مانا و واتا ببه‌خشێ چوونکه ژیان به‌لایه‌وه بێ مانایه.ده‌روێشیان له ژیاندا به‌دوای مانا و چه‌مکێکدا ده‌گه‌ڕێ که گه‌ره‌ک به‌رامبه‌ری به‌ئه‌مه‌گ بمێنیته‌وه. ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان ئه‌م واتا و مانایه له ناخی ڕاستییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌بینێته‌وه که پێویسته بیاندۆزیته‌وه.ده‌روێشیان جارێک ئه‌و واتا و مانایه ده‌دۆزێته‌وه که ئه‌وده‌م ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه ده‌وری کلیلێک ده‌بینێ که هه‌موو ده‌رکه‌یه‌ک ده‌کاته‌وه و به گشت ده‌رگایه‌ک ده‌شێ.
ده‌روێشیان سه‌رده‌مانێک بۆ ناساندنی شانۆگه‌رییه‌کی "برێشت" وتبووی ،نووسه‌ر که‌سێکه به‌رگ له‌به‌ر ڕووداوه‌کان داماڵێ تا ته‌ماشاوان و بینه‌ر بتوانێ تێفکرێ و بیر بکاته‌وه و دواتریش وریا و وشیار بێته‌وه و ئاگایی په‌یدا بکات.ئه‌و به‌درێژایی ژیانی هه‌مان ئه‌رک ده‌گرێته ئه‌ستۆ و له چیرۆکه‌کانیدا ڕاسته‌وخۆ نیشانه ده‌گرێته ڕاستیی و ڕاستییه‌کان ده‌پێکێ و به بێ ئه‌وه‌ی بیڕازێنێته‌وه ده‌یخاته به‌رچاو ؛ چوونکه به‌لایه‌وه ڕاستیی خۆی له‌خۆیدا گرینگه و مانا ده‌به‌خشێ و و ئه‌رکی نووسه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌یه ئه‌م ڕاستییه له ناو ته‌م و مژ ،هه‌را و قه‌ره‌باڵغی قوتار بکات و هه‌روه‌ک سێ کووپه زێڕ بیخاته به‌ردیده‌ی هه‌مووان . به‌ڵام باشه ڕاستیی چییه ؟ ڕاستیی سه‌ربرده و چیرۆکی کابرایه‌کی هه‌ژار و فه‌قیره که به ڕۆژێکی سه‌رما و سۆڵه و به‌فرینی زستان له خه‌و هه‌ڵده‌ستێته‌وه و ده‌یه‌وێ هه‌واڵێک به گوێی لێپرسراو و به‌رپرسێکی باڵای شار بگه‌یینێ . ئه‌و سه‌ره‌نجام پاش وه‌پشت سه‌رنانی که‌ند و له‌ند و کۆسپێکی زۆر یان به واتایه‌کی تر بڕینی حه‌وت قۆناخی هه‌ره سه‌خت،خۆی به کابرا ده‌گه‌یینێ و ئه‌ڵێ: قوربان سێ کووپه زێڕم دۆزیوه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسراو بڕوای پێ بکات ،ده‌ست ده‌کات به سوێندخواردن. له ئاکامدا کابرای به‌رپرسیش ته‌له‌فۆن بۆ چه‌ند که‌سێک ده‌کات و دوای چه‌ند خوله‌ک و ده‌ققه‌یه‌ک ئه‌و چه‌ند که‌سه ده‌چن بۆ ماڵی کابرای هه‌ژار. "کابرای بۆینباخ سپی به سه‌رسوڕمانه‌وه له پیره‌پیاو ده‌پرسێ : ده بڵێ له کوێیه؟ ده خێراکه بۆچ ماتڵی!؟ پیره‌پیاو له‌نه‌کاو به‌ره‌و لای کورسییه‌که ده‌چێ و لێفه‌که لا ده‌دات و ڕقی ئه‌ستووری خۆی ده‌رده‌بڕێ و به تووڕه‌ییه‌وه هاوار ده‌کات: ئه‌وه‌تانێ قوربان، ئه‌ها ،ئه‌وه‌تا.سێ کووپه‌ی زێڕ چاویان لێکه چه‌نده شین و مۆرن. ئه‌رێ قوربان.کابرای بۆینباخ سپی و چه‌ند هاوڕێیه‌که‌ی ده‌چنه پێشێ،چاو که به تاریکیی ڕاهاتبوو،له‌پڕێک کابرای بۆینباخ سپی حه‌په‌سا . چاوی کرده‌وه.بسک و زوڵفی زێڕینی کچۆڵه‌ی نازدار له‌سه‌ر عه‌رز ،وهریبووه ناو خاک و خۆڵی ناو چاڵی کورسییه‌که. له بنه‌وه‌ی کورسییه‌که‌وه دوو کوڕی گه‌نج و کچێك ده‌ست له ملان له سه‌رماندا ڕه‌ق هه‌ڵاتبوون. ده‌م و چاو و ڕوخساری شین هه‌ڵگه‌ڕاوی ناسک و گچکه‌یان ڕووی له بنمیچی ماڵه‌که بوو. ڕه‌نگبێ چاوه‌ڕوانی شتێک بووبن."2
له ڕوانگه‌ی "باڵزاک"ه‌وه سیما و ڕوخساری ئه‌وتۆ هه‌نه که سرووشت نه‌یویستووه دۆسییه و په‌روه‌نده‌ی مان و ژیانیان بپێچێته‌وه و کۆتایی به ژینیان بێنێ؛چوونکه ئه‌مانه ناچنه ژێرباری قه‌ده‌ر و چاره‌نووس و درێژه به ژیانی خۆ ده‌ده‌ن ، هه‌ر بۆیه باڵزاک ئه‌رچی له چیرۆکه‌کانیدا جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌سه‌ر ڕه‌وش و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام زێتر چڕ ده‌بێته‌وه له‌سه‌ر ڕه‌وتار و کرده و ئیراده‌ی ناو ناخی پاڵه‌وان و قاره‌مانه‌کانی و زێتر ئه‌و جۆره شتانه به‌رجه‌سته و زه‌ق ده‌کاته‌وه. ئیراده ده‌بێته هۆکار تا قاره‌مان و پاڵه‌وانی ناو چیرۆکه‌کانی له هه‌ر تاقم و گرۆ و چین و توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بن، نه‌چنه ژێرباری ڕه‌وتی باو و ئاسایی ناو کۆمه‌ڵ و بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی خۆ هه‌وڵ بده‌ن.
به‌ڵام لای ده‌روێشیان له جیاتی که‌سێکی وه‌ک باڵزاک به‌رده‌وام به‌ره‌و ڕووی گرۆ و توێژێکی تایبه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینه‌وه که له باتی ئیراده‌ی باڵزاک ئاسا که بۆ خۆ داینه‌مۆیه و وهجم و جۆڵ ده‌که‌وێ ، به‌ره‌و ڕووی ئاگایی و وشیاریی ده‌بینه‌وه. له حه‌قیقه‌ت دا به‌لای دهروێشیانهوه ئاگایی و وشیاریی سه‌ره‌تا و پێشه‌کی بۆ هه‌ر چه‌شنه ههنگاونانێکه و نووسه‌ری دڵخوازی ئه‌رچی ده‌توانێ له ڕێی هه‌ستی به‌رفره‌وانی خه‌یاڵی خۆیه‌وه به‌رهه‌مێکی شیاو بخوڵقێنێ به‌ڵام قه‌ت ناتوانێ ئه‌و به‌ها و یاسایانه‌ی به‌سه‌ر ژیانی پاڵه‌وانه‌کانی دا زاڵن، دروست بکات. وا دیاره پرسی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاگایی و وشیاریی** ڕۆڵ و ده‌ورێکی هه‌ره گرینگ له ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی لای ده‌روێشیان ده‌بینێ ؛ چوونکه ئه‌و چه‌شنه گرۆ تایبه‌ته کۆمه‌ڵاتییه ته‌نیا پاش وه‌ده‌ست خستنی وشیاریی و ئاگایی له دۆخی خۆی که له ڕاستیدا پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته پێش چاو، ئیدی ناچێته ژێرباری پرسی زۆره‌ملیی وه‌ک هه‌ژاری،به‌له‌نگازیی و نه‌داری، نه‌زانی و کۆنه‌په‌رستیی. هه‌ر بۆیه هونه‌رمه‌ندی دڵخوازی ده‌روێشیان ئیتر کارێکی دیکه‌ی جگه له‌وه له ده‌ست نایه که به خستنه به‌رچاوی خودی ڕاستییه‌کان، جه‌ماوه‌ر له به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ی باڵانوێنی چیرۆکی خۆیدا دانێ تا ئه‌وده‌م به چاوی خۆ ببینن هه‌تاو و خۆره‌که‌یان کامه‌یه و بڕوای پێ بکه‌ن. لێره‌دایه که له ڕوانگه‌ی دهروێشیانهوه "کتێب" و "مامۆستا" خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی هه‌ره باڵایه،ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی که مامۆستایه‌کی جانتا به‌ده‌ست ڕوو له گوندێک ده‌نێ تا ئاگایی و وریایی و وشیاریی به قوتابییان ببه‌خشێ و چاویان به‌رامبه‌ر دونیای چوار ته‌نیشت بکاته‌وه ، ڕه‌نگه بکرێ ئاکامێکی شیرین بۆ چیرۆکه‌که‌ی قایل بین. چیرۆکی "گورگ" له کۆمه‌ڵه چیرۆکی " له‌م هه‌رێمه‌وه" نموونه‌یه‌کی هه‌ره ده‌گمه‌ن له چیرۆکه‌کانی ده‌روێشیانه که سه‌ره‌نجام و ئاکامێکی شیرینی هه‌یه.
ئێستێ ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر سێ کووپه زێڕ. وا دیاره میتافۆڕ و خوازه‌یه‌کی تێدا بێت. ڕاستیی ئه‌وه‌نده لای ده‌روێشیان گرینگه که ڕه‌نگه ته‌نانه‌ت به هاوواتای سێ کووپه‌ی زێڕی دانێین. ده‌ڵێی ئه‌م سێ کووپه‌یه،سێ مناڵ و زارۆکی پاک و بێ گوناح بن که له سه‌رماندا گیانیان له‌ده‌ست داوه و ڕه‌ق هه‌ڵاتوون به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی که هه‌مان ڕاستیی هه‌ره تاڵ ده‌گاته ئاستی ئاگایی و وشیاریی و به شاردا بڵاو ده‌بێته‌وه ،پێگه‌یه‌ک به قه‌ده‌ر خه‌زنه و گه‌نجینه‌یه‌کی هه‌ره به‌نرخ و له ڕاستییدا هه‌مان سێ کووپه زێڕ بۆ خۆ ده‌دۆزێته‌وه.
****
* سێ کووپه زێڕ،ناوونیشانی کورته‌چیرۆکێکی چیرۆک‌نووسی مرۆدۆست "ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان"ه که له لایه‌ن که‌سایه‌تی ناسراو و ئه‌دیبی خامه ڕه‌نگینی کورد مامۆستا "عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده"ه‌وه کراوه به کوردی و یه‌کێکه له چیرۆکه‌کانی ناو به‌رهه‌می "هه‌تاو" که کۆمه‌ڵه چیرۆکێکی ده‌روێشیانه و مامۆستا حه‌سه‌ن زاده کردوویه به کوردی و ساڵی 1990 له چاپخانه‌ی به‌غا له چاپ دراوه.
1 " هه‌وره ساڵان" ،ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان،ل 143
2 " له‌م هه‌رێمه‌وه"،ئه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان،ل 20
** چه‌مکی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاگایی (conscience reflet) که لۆسییهن گۆڵدمه‌ن جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه ،ئاگایی و وشیاریی جڤاکیی به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و له دواههڵسهنگاندن و لێکدانه‌وه‌دا ڕۆمان به واقیع و توێی ڕاستینه‌ی ئه‌ده‌بیی هه‌مان گه‌شه‌ی به‌رده‌وام داده‌نێ و به ئاسایی سه‌یر ده‌کات. "ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاگایی" بۆ دهروێشیانیش هه‌مان بایه‌خی سه‌ره‌کی هه‌یه و ئه‌ده‌ب له هه‌مان چوارچێوه‌دا به ئه‌رکمه‌ند داده‌نێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و به‌ینه‌دا به ئاسایی و ڕوون به‌رچاو نایه ئه‌وه‌یه که ئه‌م وشیاریی و ئاگاییه چلۆن ده‌توانێ به‌ده‌ر له وشیاریی هه‌مووانی بێت و یان به‌ده‌ر له که‌ش و هه‌وای زاڵ و ئایدیۆلۆژیای باو دیسان خۆ ده‌ربخاته‌وه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت و تیشک بهاوێژێ.
تاران
6ی ڕێبه‌ندانی 2712
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست