کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


31ی ئاب وه‌رچه‌خان به‌ره‌و وێرانکردنی ناسیۆن

Saturday, 31/08/2013, 12:00






له‌ کاتی شه‌ری ناوخۆدا له‌ نێوان پ.د.ک و ی.ن.ک دا هه‌ردوولایه‌ن پێشێلی مافه‌کانی مرۆڤیان به‌ کوشنده‌یی ئه‌نجام ده‌دا، تاوانی جه‌نگ له‌ شێوه‌ی دیلکوشتن و پیشێلکاری دیکه‌ ئه‌نجام ده‌دران، هه‌ردوولا په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی داگیرکه‌ردا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندیه‌کانی یه‌کێتی له‌گه‌ل ئێران و پارتی له‌گه‌ڵ تورکیا زیاتر به‌رچاوبوون. دیاره‌ هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسدا په‌یوه‌ندیان که‌م یا زۆر هه‌بووه‌. لێره‌دا ئه‌وه‌ی له‌ 31 ئابدا روویدا جودایی هه‌بوو و رووداوێک بوو خاڵی وه‌رچه‌رخانی هێزبوو له‌نێوان ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا. ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ی رابردوودا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ململانێی یه‌کتردابووین و له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ به‌زاندنی یه‌کتر سڵیان له‌ هاوکاری و به‌کارهێنانی داگیرکه‌رانی کوردستان نه‌کردۆته‌وه‌.
به‌کورتی ده‌کرێ بڵێین هێنانی هێزێکی داگیرکه‌ر یا هاوکاری هێزێکی داگیرکه‌ر دژ به‌ لایه‌نێکی کوردی یا شۆڕشێک یا خه‌ڵکی کوردستان یا به‌جۆرێ له‌ جۆره‌کان هاوکاری و یارمه‌تی داگیرکه‌ران که‌ زیان به‌به‌رژه‌وه‌دنیه‌کانی ناسیۆنی کورد بگه‌یه‌نێت، ده‌چێته‌ژێر خانه‌ی ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی. که‌سان و پارتی بکه‌ر هه‌ر کێ بن، له‌ هه‌ر سات و سه‌رده‌م و بارودۆخێکدا بێت و بیانوه‌که‌ هه‌رچی بێت کاتێ به‌و کاره‌ هه‌لده‌ستن ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. دیاره‌ ناپاکی چه‌ند جۆری هه‌یه‌ و ده‌کرێ زۆری له‌سه‌ر بگوترێت، به‌ڵام باجارێ له‌وه‌ گه‌ڕێین. رووداوی 31 ی ئاب به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ روویدا ده‌چێته‌ژێر خانه‌ی ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی. 31 ی ئابی 1996 و ئه‌و ستراتیژه‌ی له‌پشتی 31 ئاب دابوو و که‌ ئیستاش به‌ زیندووی له‌ ده‌ماره‌کانی ئه‌ندازیاره‌کانی 31 ئابدا ده‌سوڕێنه‌وه‌، پارسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی له‌ باشوری کوردستاندا گۆڕی، ئه‌و ڕووداوه‌ی که‌ وایکرد بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی بباته‌ ئاستێکی به‌رزتری ده‌سه‌ڵات و هێزی یه‌که‌م له‌ باشوری کوردستاندا.
له‌ 31ی ئابدا مه‌سعود بارزانی ده‌ستی خسته‌ ناوده‌ستی سه‌دام حوسێن که‌ ژینۆسایدی که‌سوکاری ئه‌و و بارزانیه‌کانی کردبوو، که‌ ژینۆسایدی فه‌یلیه‌کانی کردبوو و که‌ کیمیابارانی هه‌له‌بجه‌و ناوچه‌ی دیکه‌ی کوردستانی کردبوو، ئه‌و دیکتاتۆره‌ی که‌ ژینۆسایدی ئه‌نفالی ئه‌نجامدا و سه‌دان هه‌زار مرۆڤی کوردی له‌به‌ر کوردبوون له‌ناو برد. ئه‌وانه‌ هیچیان لای مه‌سعود بارزانی و پارتی گرنگ نه‌بوون، گرنگ ئه‌وه‌بوو چۆن خۆیان رزگار ده‌که‌ن و چۆن ته‌رازووی ده‌سه‌لات به‌لایخۆیاندا ده‌شکێننه‌وه‌. لای ئه‌وان شتیک به‌ناوی پره‌نسیپ و مۆرالی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی واتایه‌کی نه‌بوو، لای ئه‌وان پره‌نسیپ و به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌کان چه‌مکی بێکه‌ڵک بوون، چونکه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی ئه‌وان ناگونجاو و دژ بوون بۆیه‌ بۆ ئه‌وان زیانبه‌خش بوون. تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌کان له‌ لوتکه‌ی ره‌قووشکی، پشووته‌نگی و ته‌ژی له‌ ڕق بوون، ئه‌گه‌ره‌کانی دایه‌لۆگ و تێکگه‌یشتن و به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌کان له‌ بیر و هزرێکی تاریکدا ون بوون و شوێنیان هه‌ڵنه‌ده‌گیرا.
که‌ 31 ئاب روویدا لای بکه‌ره‌کانی پره‌نسیپ و نۆرمه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌کان خنکێندران و له‌گۆڕنران، تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وکان به‌ره‌واژی کرانه‌وه‌، سنوه‌رانی نێوان پاش و خراپ، پاکی و ناپاکی، به‌خشنده‌یی و دڕنده‌یی، ره‌وایی و ناڕه‌وایی، تاریکی و رووناکی هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه‌ و ئه‌و چه‌مکانه‌ واتایه‌کیان نه‌ما. به‌ها په‌سندکاروه‌کانی ژیان له‌ واتاکانیان به‌تاڵ کرانه‌وه‌.
له‌ 31 ئابدا ئامرازه‌کانی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات هه‌موو سنوره‌کانی به‌زاند و خۆی به‌هیچ پره‌نسیپ و به‌هایه‌کی مۆرالی کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌، نیشتیمانی و جیهانی نه‌به‌ستایه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌نگاوه‌که‌دا گرنگ بوو گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن بوو به‌هه‌ر نرخێک بێت. ئه‌گه‌ر چه‌مک و به‌ها مۆرالی و نیشتیمانیه‌کان له‌بیرخۆمان ببه‌ینه‌وه‌ ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ی پارتی کردی یه‌کسانه‌ به‌و تیئۆریه‌ی که‌ ده‌ڵێ 'له‌ شه‌ڕدا هه‌موو فێل و هه‌نگاویک ره‌وایه‌'. له‌ راستیدا له‌ مێژووی ململانێی دوو به‌ره‌ی جه‌لالی و مه‌لایی کۆن و پارتی و یه‌کێتی دواتر ئه‌و تیئۆرییه‌ بوونی هه‌بووه‌.
کورد بۆیه‌ کورت و پارچه‌ و ئیفلیجه‌ چونکه‌ ئه‌وانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی ده‌ده‌ن به‌ ناپاکی و رێگه‌ی ناره‌وا و نائاسیی، نانه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانی، به‌ رێگه‌ی نادیموکراسی و دیکتاتۆری، له‌ رێگه‌ی پاوان، تاوان و پێشێلکاری خۆیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا سه‌پاندووه‌. له‌هه‌ر وڵاتێکی جیهاندا خه‌ڵکی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست چاره‌نوسی ئه‌و وڵاته‌ له‌ باشوری کوردستان باشتر نابێت.
ئه‌و دیاردانه‌ی که‌ ئێستا له‌ کوردستان روو ده‌ده‌ن و ئازادیخوازه‌ کوردستانیه‌کان ره‌تیانده‌نه‌وه‌‌، به‌گژیاندا ده‌چن و ریسوایان ده‌که‌ن، به‌رهه‌می 31ی ئابه‌کانن. به‌تایبه‌تی‌ به‌رهه‌می سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی 31ی ئابی بنه‌ماله‌ی بارزانی و پارتییه‌. بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی له‌ روانگه‌یه‌که‌وه‌ هه‌نگاوده‌نێن که‌ به‌تاڵه‌ له‌ پره‌نسیپه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌‌. ئه‌وان ناپاکی ئه‌نجام ده‌دان و چه‌مکه‌ مۆرالی و نه‌ته‌وه‌یی و جیهانیه‌کان ده‌خنکێنن، که‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێن ئه‌و چه‌مکانه‌ به‌خه‌ڵک ده‌فرۆشنه‌وه‌ و له‌ژێرناوی ئه‌واندا هه‌نگاوه‌کانی دیکه‌ ده‌هاوێژن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان سه‌باره‌ت به‌و چه‌مکانه‌ ده‌یڵێن گوتنێکه‌ ده‌مامککراوه‌ و له‌ پشتی ده‌مامکه‌کان تیئۆرییه‌ ناپه‌سنده‌کان ده‌گه‌ڕێن. لای ئه‌وان گرنگه‌ چۆن و به‌ چی رێگه‌یه‌ک ره‌گی ده‌سه‌ڵاتیان قووڵترببه‌نه‌خوار، چۆن به‌ مه‌رامه‌ هه‌نوکه‌یی و درێژخایه‌نه‌کانیان ده‌گه‌ن، گرنگ نییه‌ چۆن و به‌ چی ڕێگه‌یه‌ک. بۆیه‌ کێشه‌یه‌ک نییه‌ تورک ده‌که‌ن ده‌مڕاستی خۆیان، نه‌وتی کوردستان ده‌فرۆشنه‌ تورک، هێزی تورک ده‌هێننه‌کوردستان، خوێندگه‌ و زانکۆی تورکی له‌ناوجه‌رگه‌ی گه‌ره‌ک و شاره‌ کوردیه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌، بازرگانی ساخته‌چی تورک، عه‌ره‌ب و کۆنه‌به‌عسی ده‌هێننه‌ کوردستان و زه‌وی گشتی ده‌ستبه‌سه‌رداده‌گرن و ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ستیان، شار و گه‌ره‌ک، شاخ و گرد و رێگاوبان پاوان ده‌که‌ن، شاره‌کان به‌عه‌ره‌ب ده‌که‌ن و عه‌ره‌بی زیاتر و زیاتر به‌سه‌ر کوردستاندا وه‌رده‌که‌ن، شوێنه‌واره‌کان تێکده‌ده‌ن، ئه‌نفالچیه‌کان به‌رزده‌که‌نه‌وه‌ و قه‌ڵه‌ویان ده‌که‌ن، ده‌ستبه‌سه‌ر داهاتی گه‌لدا ده‌گرن و بۆ خۆیانی ده‌به‌ن و شار و ته‌لاری تایبه‌تی پێ دروست ده‌که‌ن، خه‌ڵکی پێده‌کڕن، هێزی تایبه‌تی پێ دروست ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵگه‌ خراوخڕ ده‌كرن و ده‌یانکه‌نه‌ دیل و کۆیله‌ی موچه‌، کۆمه‌ڵگه‌ له‌ داهێنان و به‌رهه‌م داده‌ماڵن هتد.
ئه‌و تاوان و کاره‌ساتانه‌ی دوای 31 ی ئاب هاتن و دێن زیندوویی و به‌هێزی ڤایرۆسه‌ دژه‌ مۆرالی و نه‌ته‌ویی و جیهانیه‌کان له‌ خوێنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا ده‌سه‌ڵمێنن، به‌رده‌وامی ئه‌و ره‌وته‌ له‌ژێر سایه‌ی ره‌وتی سه‌رکه‌وتووی ناپاکیدا شێواندنی زیاتر، تێکدانی زیاتر و وێرانکردنی زیاتری کۆمه‌ڵگه‌ و ناسیۆن و به‌هاکانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێننن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە