كەى ئیسلامیەكان جورئەتى ئاشكراكردنى پەشیمانى و داواى لێ بوردنیان دەبێ ؟
Friday, 19/02/2010, 12:00
شاراوە نیە كە شەرى ناوخۆ ساڵانێك بەرۆكى ئەم میللەتەى بەرنەدا تا گەیشتە چەندین داستانى شەرم ئاوەر و دڵتەزێنى پر لە ناسۆر .. یەكتر ئاوارەكردن و یەكتر قڕكردن و یەكتر بەخائن كردن و یەكتر راوەدونان و یەكتر بە دیل گرتن و یەكتر كوشتن و سوكایەتى كردن بە جەستەى قوربانیان و بێ سەروشوێن كردنى پێشمەرگە و ئەندامى یەكترى .. هتد
ئەوەبو بەشێك لەو پاڵەوانانەى شەرى ناوخۆ لەژێر فشارى ئەمریكا و ولاتان و بۆ پاراستنى كورسیەكانى دەسەلاتیان جگە لەوەى شەریان وەستاند و كەوتنە ئاشتبونەوە و یەكخستنەوەى ئیدارەكانیان ..
ئەوەندە شەهامەت و بوێریان تیا بوو كە لەبەردەم دایكى قوربانیان و خەڵكى لێ قەوماوو جەماوەرى خۆیاندا داواى لێ بوردن بكەن و شەرەكەیان بەنا پیرۆز ونەگریس و نەخوازراو و براكوژى و خۆكوژى ناوزەد بكەن , هەرچەند ئەم هەڵوێستە زارەكى بێ بەلام بەهەر حاڵ هەنگاوى یەكەم و گرنگە ..
بەڵام ئەوەى جێگاى سەرسورمانە شەركەرە ئیسلامیەكان كە ئەوانیش بە شێك بوون لەشەرى ناوخۆ و چەندین كەسیان كوشتووە و خۆیشیان چەندین خەلكیان بە كوشت داوە و خاوەنى داستانى شەرەكانى هەلەبجە و كەسنەزان و سۆران و قەسابخانەكەى خێڵى حەمە و شەرەكانى دەڤەرى رانیە و كەلار و كفرى و حوكمرانیە ناعەدالەت و تاریكەكەى خورماڵ و بیارە و تەوێڵە.. هتد , بون ..
كەچى ئێستە نەك ئەوەى داواى لێ بوردن و دەربرینى پەشیمانیان نیە , بەڵكو بە جەنگى پیرۆز و جیهادى موقەدەس و سەروەرى , ناوى دەبەن و بە ئاشكرا خەریكن (بەتایبەت لە بانگەشەى هەلبژاردنەكاندا دەردەكەوێ) ئەو قۆناغە بە قۆناغى سەروەرى حساب دەكەن و بەدەورانى عەدالەتى عومەرى و فتوحاتى ئیسلامى بە خەلكى دەفرۆشنەوە ..
ئەو هەموو سەقەتى و شكست و خوێنرێژییە بێ بەرهەم و بێ ئاكامە هێشتا بە پاڵەوانى و جیهادى دەزانن , من دەپرسم ئەگەر وایە و ئەم برادەرانە پەشیمان نین لەو شەرانە و كوژاروى خۆیان شەهید و كوژراوى بەرانبەر بەخەڵكى دۆزەخ دەزانن .. بۆچى ئەم باسە بەئاشكرا بۆ خەلك ناكەن و خۆیان توشى ئەم كێشە سیاسیە كردوە و كەوتونەتە مەیدانى ململانێى حزبەكان و پێش بركێ دەكەن لە نمایشى مەدەنى بون و پرۆسەى دیموكراسیدا ..
لە كاتێكدا كە سەردەمانێك هاوپەیمانییان پێ رەوانەبوو لەگەڵ بەرەى كوردستانى , بەڵكو بە ئەهلى كوفر یان دەزانین و قەتلوعامیان بە واجب دەزانى و بە جێگەى پیادەكردنى هەموو ئایەت و حەدیسى شەر لەگەڵ كردن بون ..
كەواتە فتوا ئاگرینەكانى سەردەمى جەنگەكان و كتێبەكەى ئیمان و پەرلەمان , ستراتیجیانە و ئەمەى ئێستا دەیكەن تاكتیكە و لە هەلى خۆى دەگەرێن بۆ گەرانەوە بۆ دەستخستنەوەى ئەو چەكەى كە خۆیان تەسلیمى ئەمریكایەكانیان كرد بە ناچارى ..
راستە چەكیان دانەناوە بە ئارەزوى خۆیان بەڵكو چەك كراون , ئەى بۆ راستیەكان بو جەماوەر رون ناكەنەوە .. ئەى وەلامیان چیە بۆ خانەوادەى شەهیدەكانیان كە بەناوى جیهادى دینەوە و بۆ بەرز راگرتنى لا الە الا الله دران بە كوشت و ئێستەش لەگەڵ بكوژەكانى ئەواندا هاوپەیمان و كێ بەركێ ى دەستخستنى كورسى و دەسەلات دەكەن لە ولاتیكدا كە ئەو كاتە بە حوكمەتى كوفر و عەلمانیان دەناسان ..
ئەگەر ئەمە پاش گەزبونەوە و پەشیمانیە , دەبێ ئاشكراى بكەن ئەگەر تاكتیكە و تەفرەدان و چەواشە كردنى خەلكە , با بوێرانە بیڵێن ..
رەوا نیە بە ئارەزوى خۆیان رۆژانێك فەتوا بۆ كافرى حزبەكان و بۆ ناشەرعى بونى حكومەت و پەرلەمان دەربكەن و ئێستەش پاش بێ بەرهەمى ئەو رەوتە و چەككردنیان بەم شێوازە بە خشكەیى بێنەوە سەر سفرەى سیاسەت و لێرەش هەر سوارى كەشتى چەواشە كارى و هەلخەلەتاندنى جەماوەرى بەستەزمانى كوردستان ببنەوە و ئەم جارەیان دەستخستنى كورس پەرلەمان و دەسەلاتیان لێ بكەن بەواجب و جیهاد ..
ئەم دوو فاقی و یارى كردنە بەبەرائەت و دڵسافى خەلك لەلایەك و یارى كردن بە ناوى پیرۆزى ئاین لە لایەكى تر دەخوازێ هەڵوێستەیەكى لەسەر بكرێ و راشكاوانە بنەماڵەى قوربانیانى دەستى ئەم شەرە بەناو ئیسلامیە پرسیارى ئەوەیان لێ بكەن , تاكەى یارى بە خەلك و بەدین دەكەن و بۆچى هیچ نەبێ وەكو عەلمانیەكان جورئەتى پەشیمانى و داواى لێ بوردنتان نیە ..
محمد كەریم : پێشمەرگەیەكى دێرین
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست