کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، کە بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سریلانکا، شۆڕشی تامیل و ڕێبازی گاندی

Saturday, 19/05/2012, 12:00


سریلانکا کە لە بناواندا نێوی "سێلۆن" بووە و لە ساڵی ١٩٧٢ دا نێوی سریلانکای لەسەر دانراوە، دووڕگەیەکی بچووکە بە درێژایی ٢٧٠ مایل و پانی ١٥٠، وە هەڵکەوتووە لە باشووری وڵاتی هێند. لە ساڵی ١٥٠٥ لە لایەن هێزەکانی پۆرتۆگال و داچەوە داگیردەکرێ و دەبێتە ژێردەست (مستعمرە)ی ئەو هێزانە. لە ساڵی ١٧٩٦ دا هێزە داگیرکەرەکانی بریتانیا لەژێردەستی ئەو هێزانەی دەردێنن و دەیلکێنن بە ئێمراتوری خۆیانەوەو هەتا ڕۆژی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە، واتە ڕێکەوتی ٤ فێبریە ١٩٤٨ ، لە "سێلۆن" دەمێننەوە.

سەرژومێری سریلانکا ١٥ میلیۆن کەسە کە بریتیە لە ٧٤% سینهاڵ، ١٨% تامیل، وو دەردۆڕی ٨% موسڵمانن. تامیلەکان بۆخۆیان بە دوو پۆلێندا دابەشدەبن؛ (١) تامیلی سریلانکایی، کە ١٣% لە کۆی سەرژومێری سریلانکا پێکدێنن و پێشخانێکی درێژی مێژوویان هەیە لەو وڵاتەدا (٢) تامیلی هێندی، کە پێکهێنەری ٥% لە کۆی سەرژومێری سریلانکان و بەڕچەڵەک دەگەڕێنەوە بۆ ئەو تامیلانەی کە لە ساڵەکانی ١٨٢٠دا بریتانیا لە وڵاتی هێندەوە هاوەردەی سێلۆن (سریلانکا)ی کردن بۆ کارکردن لە مەزراکانی چایی و قاوە. لە پێنووس نەکەوێ، بریتانیا لە گەڵ جێگربوونی لەو وڵاتەدا، کەرتێکی سەربەخۆی سەرمایەیی بەتایبەت لە بەشی چایی و قاوەدا دروست کرد کە پێشوەچوونی خێرای ئەو کەرتە بووبە هۆکاری ئەوەی کە بریتانیا هەژمارێک لە کرێکارانی تامیل لە وڵاتی هێندەوە هاوەردەی سریلانکا بکات بۆ کار کردن لەو مەزرایەنە.
گەلی سینهاڵ کە زۆرینەی سریلانکا پێکدێنن، بە ڕەگەز خۆیان بە "ئاڕیایی" دەزانن و بە زمانی سینهاڵی، کە یەکێکە لە زمانەکانی هێندوئوروپی، دەپەڤین و بە ئایینیش بوودایین. گەلی تامیلش بە ڕەگەز"'دراڤیدی"ن و بە زمانی تامیلی یان دراڤیدی قسەدەکەن و بە ئایینیش هیندوون.
ئەڵبەت، دوو گەلی سینهاڵ و تامیل نەتەنیا لە بوارەکانی زمان، "ڕەگەز"، و ئاییندا لێک جیاوازن، بەڵکوو لە واری هەرێمی و نیشتمانیشەوە لێکدابڕاون. تامیلەکان بەگشتی دانیشووی باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سریلانکان کە بە وڵاتی ئیلام ناسراوە. (بڕاونە ئەو نەخشەی ژێرەوە هەرێمە سەوزەکان وڵاتی ئیلام، نیشتمانی گەلی تامیلن).

بە پێی ئیدۆلۆژی دەوڵەت نەتەوەی سریلانکا، کە سەرچاوەکەی بۆ پەرتووکی ماهاڤامسا کە لەلایەن قەشە بووداییەکانی سەدەی پێنجی زایینەوە نووسراوە، گەلی سینهاڵی "ئاڕیایی"، پارێزەر و بەرخۆدانوانی ئاینی بوودا و وڵاتی سریلانکان. گەلی تامیلی "نائاڕیاییش"، گەلی هێرشبەری سریلانکا و نکولیکەری ئایینی بوودایین. بە گوێرەی ئەفسانەی ماهاڤامسا، بوودا بۆخۆی چەندین کەڕەت سەردانی وڵاتی سریلانکای کردوە و ئەو وڵاتەی ڕادەستی گەلی سینهاڵ کردوە..
ماهاڤامسای دامەزرێنەر و هەڵگری بیرۆکەی ڕەگەزگەرا (راسیست) و توندئاژۆیانەی سینهاڵی بوودایی، لە پاش سەربەخۆیی سەریلانکا لە ساڵی ١٩٤٨دا، سەر لە نوێ زیندوو دەبێتەوە، پەرەدەگرێ و بە کەڵکوەرگرتن لە ئامێرەکانی تێکنۆلۆژی لە پانتایی وڵاتی سریلانکادا بڵاو دەبێتەوە. زانکۆکان و ڕێکخراوە ئاکادەمیەکانیش ڕۆڵێکی لەبەرچاویان گێرا لە ئەرێنیکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو پرۆپاگەندا بێ بنەما و ڕەگەزگەرایانەی دەوڵەتی سریلانکا.
بە پێچەوانەی بوودایسمی ڕاستەقینە کە وەکوو ئایینی ئاشتی و ئارامی ناسراوە، بوودایسمی دەوڵەتی و ڕامیاریکراوی سریلانکا بانگەوازی ئەوەدکات کە؛ بوودایی بوون هاوتەریبە لەگەڵ "ئاڕیایی" بوون و سینهاڵی بوون بە ڕەگەز و بە زمان، وە سینهاڵی بوونیش پێویستی دەدا بە نکوڵی کردن و تەنانەت لە ناو بردنی گەڵانی تر، کە ئەویش گەلی تامیلە لە سریلانکا.
هەروەک "ستاچی پۆنامباهاڵام" دەڵێ؛ بوودایسمی سریلانکا لە ماکدا هەتا دواڕادە، دژە بوودایسمە، لەبەرهۆی نەبوونی ئاسانگیری (تۆلێرانس) لە هەمبەر ئایینەکانی تردا و بەتایبەت ئایینی هیندوویسم کە باوەڕی تامیلەکانە. واتا مرۆڤ دەتوانێ بڵێ؛ هەرچەند ئایینێک لە ماکدا ئاسانگیر و پشتگری ئاشتی و ئارامی بێت، بەڵام کاتێک کە دەوڵەتی یان ڕامیاری دەبێت و دەبێتە بنەمای دەسەڵاتی ناسنووردار، دەتوانێ زۆر مەرترسیدا و دژەمرۆڤ بێت.

هەندێک لە بەڵگە مێژووییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە سریلانکای پێش سەردەمی نوێ (مۆدێرن)، بریتی بووە لە چەندین ناوچەی نیمچەخۆسەر کە لە قەوارەی کۆنفێدڕالیدا خۆیان بەڕێوەبردوە. هیچیەک لە پێشخانەکانی نەتەوەیی، ئێتنیکی، ئایینی و زمانەوانی نەبۆتە هۆکاری بەشداریکردن یان بێبەشکردن و نکوڵی کردنی لایەنێکی تایبەت. گەلان لە چوارچێوەی یەکینەکانی خۆجێی و هەرێمیدا ژیاون تا ئەوەی لەسەر هێڵی ئێتنیکی سینهاڵی تامیلیدا بژین. ئاژاوە و پشێوێکانی سەردەمی داگیرکراوی و ژێردەستیش بە گشتی لەسەر هێڵی ئاینی بوونە؛ بۆ وێنە، سینهاڵی بوودایی هێرشی بردۆتە سەر سینهاڵی کاتۆلیک، تامیلی هیندوو هێرشی بردۆتە سەر تامیلی کاتۆلیک؛ بوودایی، هیندوو و تامیل بەهەوڕا هێرشیان بۆ موسڵمان بردوە و موسڵمانیش هێرشی بۆ هەموویان..
بریتانیا کاتێک کە لە ساڵی ١٩٤٨دا سریلانکای چٶل کرد، سیستمێکی ڕامیاری گونجاو و ئاسانگیر لە هەمبەر جیاوازیەکاندا، لە پاشخۆی بەجێ نەهێشت کە بتوانێ وڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی کۆمەڵگای نایەکڕەنگی سریلانکا بێت. ئازادی بۆ ئەو وڵاتە بوو بە پاوانی دەستی گەلی سینهاڵ و یەکەم هەنگاوەکانی چەوسانەوە و نکوڵیکردنی گەلی تامیل هەڵگیران. تا ئەو کاتەی کە بریتانیا لەو دووڕگەیەدابوو هیچ هێمایەک لە توندوتیژی نێوکۆمەڵگایی نەبوو، بەڵام پاش چوونەدەرەوەی هێزەکانی بریتانیا، بارودۆخەکە وەرچەرخانێکی تەواوی بەخۆوەی بینی.
"سینانایاک"، یەکەم سەرۆک وەزیرانی سریلانکا لە وتەگێڕی (نگق)ەکی گشتیدا گوتی: "ئێمە یەک خوێن و یەک نەتەوەین، ئێمە گەلی هەڵبژێراوین.. بوودا گوتوویەتی ئەو ئایینە ٥٥٠٠ ساڵ تەمەندەکات. ئەوە بەو واتایە دەێت کە ئێمە وەکوو پارێزەری ئەو ئایینە، دەبێ زۆرتر بژین."
یەکەم هەنگاوەی دەوڵەتی تازە ئاوابووی سریلانکا زەوتکردنی مافی دەنگدان لەو تامیلانە بوو کە لەساڵەکانی ١٨٢٠دا لە لایەن بریتانیاوە هاوەردە کرابوون واتە تامیلەکانی هێند. دەوڵەت دەیگوت ئەوانە تامیلی خۆجێی و "ڕەسەن" نین بەڵکوو دانیشتووی کاتی ئەو وڵاتەن کە بەمەبەستی کار کردن بۆ دووڕگەکە هاتوون و دەبێ سنووربەدەر کرێن و بۆ زێدی خۆیان کە هیندوستانە بگۆزرێنەوە. ئەوە لە کاتێکدابوو کە سەرژومێری تامیلەکانی هێند لە ساڵی ١٩١١ دا، ٥٣٠٩٨٣ کەس بوونە، واتە زیاتر لە تامیلەکانی سریلانکا بوون کە سەرژومێریان ٥٢٨٠٢٤ کەس بووە. لەچاوی سینهاڵەکانی سریلانکادا، تامیلەکانی هێند کۆمەڵگایەکی کۆیلە و بێبایەخ بوون، سەرەڕای ئەوەی کە کەد و کاری هەرزانی ئەو تامیلانە هۆکاری سەرەکی پێشکەوتنی سریلانکا لە وارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بووە.
بۆ سڕینەوەی ناسنامەی تامیل، دەوڵەتی یەکینەیی سریلانکا ڕێبازگەلی چەندڕەهەندی گرتەبەر. یەکەمین ڕێبازی دەوڵەت لەگەڵ تامیلەکەن لەسەر بنەمای تواندنەوە (ئەسیمیلاسیۆن)ی چاندی و کولتووری و بەیەکڕەنگردنی کۆمەڵگای فڕەڕەنگی سریلانکا بوو. دوهەمین ڕێباز، نکوڵی کردن و بێبەش کردنی تامیلەکان لە هەندێک بەشی هەرەگرینگی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕامیاری بوو. سیهەمین ڕێبازی دەوڵەت بۆ شۆردنەوەی ناسنامەی تامیلەکان، هەناردەکردنی ژومارەیەکی زۆر لە سینهاڵەکان بۆ نیشتنمای تامیل واتە وڵاتی ئیلام و جێگیر کردنیان لەو دەڤەرانە بوو. لەچاوی تامیلەکانەوە ئەو هەنگاوەی دەوڵەت هەوڵێک بوو بۆ داگیرکردنی وڵاتەکەیان.
لەو چوارچێوانەدا، پارلمانی سریلانکا یاسای "تەنیا سینهاڵ"ی، لە ساڵی ١٩٥٦دا پەسەندکرد و بە پێی ئەو یاسایە، زمانی سینهاڵی وەکوو تاکە زمانی فەرمی سریلانکا دێتەناسین و بەوچەشنە هەنگاوەکانی نکوڵی کردن لە گەلی تامیل دەکەوێتە قۆناخێکی بەهەندەوە. "بانداڕانایک"، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە لە لێدوانێکدا بۆ ڕایگشتی گوتی: " لە پێناو کۆمەڵگەی سینهاڵیدا، من ئامادەم هەموو ژیانی خۆم فیداکەم. ئەگەر هەرکەس ورەی ئەوە بەخۆی بدا لە هەمبەر ڕەوتی پێشکەوتنی ئێمەدا ڕاوەستێ، سوورم لەسەر ئەوەی کە وانەیەکی بدەمێ، هەرگیز لەبیری نەکا."
بۆ دەربڕینی دژایەتی لە هەمبەر ئەو یاسا نادادوەرانەدا، کۆمەڵێک لە چالاکانی تامیلی بەشێوازێکی هێمنانە، چالاکی دانیشتنیان لە بەرامبەری پاڕلماندا بەڕیوەبرد. ئەو شێوازە لە چالاکی کە بە "ساتیاگڕاها" دەناسرا لە هیندوستانی ژێردەسەڵاتی بریتانیا و بەڕێبەرایەتی ماهتما گاندی بە ئامانج گەیشتبوو. چالاکوانانی تامیلیش بەو هیوایەی کە ئەو ڕێبازە لەدژی دەوڵەتی سریلانکاش دەگاتە ئاکام، "ساتیاگراها"یان وەکوو ڕێچکەی سەرەکی خەباتی ئاشتیانەی خۆیان پەیرەو کرد.
چالاکوانانی بەشداربوو لە "ساتیاگڕاها"ی یەکەم، لە لایەن سینهاڵەکانەوە هێرشیکی زۆر هۆڤانەیان بۆ دەکرێت و هەژمارێکی زۆریان لێدەکووژن و هەژمارێکیشیان فڕێدەدەنە ناو گۆلی "بێریا" کە نزیکە لە باڵەخانی پارلمانی ئەو وڵاتە. توندئاژۆ تەنگەتیلکەکانی سینهاڵی بەوەش ڕازی نابن و هێرش دەبەنە سەر ماڵ و دووکان و خواردنگەی تامیلەکان و هەرچی دێتە دەستیان دەیسووتێنن و کاولی دەکەن. ئەو ڕووداوە خوێناویە لە مێژووی سریلانکادا بە "ئاژاوەی دژە تامیلی ١٩٥٦" دەناسرێ کە دەبێتە دەستپێکی زنجیرە ئاژاوەگەلی دژە تامیل لە ساڵەکانی ١٩٥٨، ١٩٧٧، ١٩٨١، ١٩٨٣ و ٢٠٠٠.
دوهەم شەپۆلی توندوتیژی دژە تامیل لە ساڵی ١٩٥٨دا کاتێک دەست پێدەکات کە تامیلەکان ئامادە نەبوون، پیتەکانی "سری"، کە گوزارەی لە سریلانکایبوون دەکرد، لەسەر پڵاکی ماشێنەکانیان بدەن. ئەو ئاژاوەیە کاتێک هەڵگیرسا کە شەمەندەفەری کۆمەڵێک لە چالاکانی بێتوندوتیژی تامیل دەکەوێتە بۆسەی سینهاڵەکانەوە. ئەوە لە کاتێک دابوو کە چالاکانی بێتوندوتیژی تامیل دەچوون بۆ کۆنفرانسی ساتیاگراها بۆ دانووساندن (بحس) و شڕۆڤەی زیاتر لەسەر ئەو ڕێبازە و هەنگاوەکانی دواتری خەباتی بێتوندوتیژی. بەڵام بەخۆیان و شەمەندەفەرەوە دەکەونە بۆسەی سینهاڵە خۆگڤ کردوەکان و هەتا دەتوانن لێیان دەدەن و بێڕێزیان پیدەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، دانیشتوانی سینهاڵی دەردۆری ڕووداوەکەش هێرش دەبەنە سەر ماڵ، دووکان و خواردنگەی تامیلەکان و هەرچی بٶنی تامیلی لێدەێ دەیڕووخێنن، کاولیدەکەن و ئاگری تێبەردەدەن. توندوتیژی دژەتامیل تەشەنە دەکاتە پێتەختی سریلانکا، شاری کۆلۆمبۆ، و تامیلەکانی دانیشتووی ئەو باژاڕەش دەبنە ئامانجی توندوتیژی سنوورنەناسانە و ڕەگەزپەرەستانەی توندئاژۆکانی سینهاڵی. لە ئاژاوەی ١٩٥٨دا زیاتر لە ٤٠٠ تامیل دەکوژرێن و ١٢٠٠٠ کەسیش دەربەدەر و بێ ماڵ دەبن.
سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژیەش، یەکێک لە پاڕلمانتارانی سینهاڵ لە پارلمانی ئەو وڵاتەدا گوتی: "لە کۆتاییدا تامیلەکان لەناومان دەبن؛ پێش ئەوەی ئەوە ڕووبدا، داواکاری ئەوەم هەیە کە تامیلەکان بۆ هەمیشە دابمرکێندرێن." پارمانتارێکی تر گوتی؛ "تامیلەکان لە هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەو وڵاتەدا خزیون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتر و بەهێزتر دەبن. سینهاڵەکان لە ژێر مەترسی لەناوچوون دان." لە وڵامی ئەوەشدا، پارلمانتارێک تر دەڵێ؛ "نابوودیان کەن".
لەئاکامی ئەو ڕێبازانەدا، هێژەمۆنی سینهاڵ بوودایی لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٧٠دا خۆی دەچەسپێنێ و گەلی تامیلیش وەکوو گەلێکی ژێرکار و ژێردەست، بە هیوای ژیانێکی یەکسان و وەکهەو، دوا هەناسەکانی خۆیان دەژمێرن. لە کاتێکدا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی تامیلەکان لە واری ئابووریشدا خراپتر دەبوو گەلی سینهاڵیش دەوڵەمەندتر و کامەرانتر دەبوون. ئەوەش خۆی لە خۆیدا دەبوو بە هۆکاری زیاتر نامۆبوونی گەلی تامیل و نزیک بوونە لەو ڕووانگەیەی کە چیتر شانسی مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتی سریلانکای ژێردەستی سینهاڵدا نەماوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٢ دا رێکخراوەی بەرەی یەکگرتوی تامیل (تی.یو.ئێف) دادەمەزرێ و بۆ سریلانکایەکی فێدرال کە مافی گەلی تامیلیش بە فەرمی بناسێ، خەباتی خۆی دەست پێدەکات. تا ئەو کاتە تامیلەکان خوازیاری "جیابوونەوە"، یان دامەرزرانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتی ئیلام نەبوون. داوای سیستێمێکی فێدڕالیان دەکرد و بە شێوازی شاری(مدنی) و هێمنانە ساتیاگراها خەباتیان دەکرد.
بەڵام هێدی هێدی لە ساڵەکانی ١٩٧٠ وە، چالاکانی تامیل بەو ئاکامە گەیشتبوون کە فێدرالیسم چارەسەر نیە و داوایان لە (تی.یو.ئێف) دەکرد کە داوای سەربەخۆیی بکات. ئەو چالاکانە دەیانکوت بە درێژایی ئەو بیستوچەند ساڵای ڕابردوو ئێمە داوای چارەسەری لە چوارچێوەی سریلانکاماندا دەکرد و ڕێبازی بێتوندوتیژی مهاتاما گاندیمان هەڵبژارد، بەڵام هیچ بەرهەمێکی نەبوو و بە هەزاران قوربانیشمان فیداکرد. ساتیاگڕاهای گاندی لە هێند بە ئامانج گەیشت، بەڵام ئیدی ئەوە بەواتای ئەوە نییە کەئەو ڕێبازە لە سریلانکاش بە ئاکام بگات. ئەگەر بەكەڵک بوایە تا ئێستا دەبوو هەندێک بەرهەمی بووایە. لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا نووسەرانی تامیل و خاوان پێنووسانیش زۆر بە توندی هێرشیان دەکردە سەر ڕیبازی ساتیاگڕاها و ئامانجی فێدرالیسم و داواکاری دۆزینەوەی رێبازێکیتریان بۆ بەرخۆدان لە دژی هۆڤێتی و فاشیسمی سیستێمی سەردەستی سینهاڵی دەکرد.
ساتیاگڕاها، شێوازێک لە خەباتی بێتوندوتیژی بوو کە بە پێی وی، چالاکان لە شوێنی چالاکیدا دادەنیشتن و لە ئەگەری هێرشی پۆلیس و هێزی داگیرکەردا، بۆیان نەبوو خۆیان بپارێزن و لە دژی ئەو هێزانەدا پەنا بۆ توندوتیژی پارێزەرانە بەرن. بە پێی پەروەردەکانی ماهاتما گاندی، مرۆڤ بە هیچ شێوازێک و لە هیچ دۆخێکدا، تەنانەت بۆ پاراستنی خۆشی، نابێت توندوتیژی پەیرەو بکات. بە بڕاوای گاندی، ئەوکاتەی کە مرۆڤ توندوتیژی کرد، هەر ئەوکاتەش هەناوی (روح)ی گەندەڵ دەبێت. واتە پێویستبوو لە چالاکی ساتیاگڕاهادا، چالاکوانان دانیشن و ئەگەر هێرشیان کرایەسەر، دەبوایە لێگەڕێن پۆلیسی داگیرکەر لێنان بدات و ئازاری ئەو چالاکانە ببینێ. گاندی لەو باوەڕەدا بوو کە بە بینینی ئازاری ئەو چالاکانە، داگیرکەر هەست بە ئازار دەکات و واز لە لێدانی کۆیلە دێنێ و لە کۆتاییشدا واز لە داگیرکەری دێنێ و نیشتمانی کۆیلە چۆڵدەکات.
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فەمینیستیەوە بڕوانینە ئەو تێۆریە، دەتوانین بڵێین؛ کاتێک کە پیاوێک لە ژنەکەی دەدات، پێویستە ئەو ژنە هیچ نەکات و لێگەڕێ کە مێردەکەی تادەتوانێ لێیبدات و ئازاری بدات، کاتێک کە پیاوەکە ئێش و ئازاری ژنەکەی بینی، ئەوکاتە واز لە لێدانی ژنەکە دێنێ.
کێشەیەکی تێۆریکی زۆر گەورە لێرەدایە کە ئەویش گرێدراوە بە تاکڕەهەندی خوێندنەوەی سروشتی مرۆڤ. واتە گاندیش تووشی هەو هەڵەیە دەبێت کە چەپەکان، ڕاستەکان و هەموو ئەو کەسانە تووشی دەبن کە شرۆڤەیەکی تاکڕەهەندیان لەسەر چەمکەکان، بە تایبەت لەسەر سروشتی مرۆڤدا هەیە.
چەپەکان دەڵین مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی باشە، بەڵام ئەو دەوڵەتە کە لەڕێی دەباتە دەرێ و خراپ و گەندەڵی دەکات. پێویستە کە دەوڵەت بڕووخێ و سەرلەنوێ کۆمەڵگای سروشتی نادەوڵەتی ئاواکرێتەوە. ئەوکاتە مرۆڤ بۆسەر راستینەی سروشتی خۆی، کە چاکبوونە دەگەڕێتەوە و هەموو کێشەکانی کۆمەڵگای خۆی لەدەرەوەی دەوڵەت چارەسەر دەکات. (بڕوانە پەرتووکی گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکان،١٧٦٢، نوسراوی ژان ژاک ڕۆسٶ).
بە پێچەوانەی چەپەکان، ڕاستەکان دەڵێن؛ مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی زۆر خراپ و خۆویست و خۆگەرایە و دروست کردنی دەوڵەت پێداویستیەکی سەرەکی کۆمەڵگایە بۆ چاودێرکردنی ئەو هەمووە هەستە خۆویستی و خۆگەرایانەی مرۆڤ. لە ئەگەری نەبوونی دەوڵەتدا، ڕاستەکان دەڵێن؛ "شەڕی هەموو دژی هەموو" لە ناو کۆمەڵگادا هەڵدەگیرسێ. (بڕوانە پەرتووکی لێڤیاتان، ١٦٥١، نوسراوی تۆماس هابز).
کێشەی چەپەکان، ڕاستەکان، و کەسانی وەکوو گاندی لەوەدایە، کە ئەو لایەنانە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە سروشتی مرۆڤ بە قووڵی شرۆڤە بکەن و هەر بە بانگەشەی ئەوەی کە، "چاکە خراپە"، کە ئەوەش زیاتر لە دروشم وێدەچێ، رازی بوون و سیستێمی خۆیان لەسەر ئەو بانگەشە دروشمانەیەدا پێشکەش کردوە.
مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە شرۆڤەکانی زەردەشت لەسەر سروشتی مرۆڤ، زۆر لە خوێندنەوەی چەپەکان و ڕاستەکان قووڵترە. بە پێێ ڕوانگەی زەردەشت مرۆڤ دەتوانێ بە سروشت هەم باش بێت و هەمیش خراپ.. بەڵام ئەگەر چەمکی "سروشت" بتوانێ لەژێر هێرشی ڕەخنەی پۆست مۆدێرنەکاندا خۆی دەربازکات و مرۆڤ سروشتێکی هەبێ، سروشتی مرۆڤ دەتوانێ هەم چاک بێت و هەمیش خراپ؛ دەتوانێ هەردووکیان بێت و لە هەمان کاتیشدا هیچیشیان نەبێت.
ئەگەر مرۆڤ بە سروشت هەبوونێکی باش بێت، رێبازەکەی گاندی بەهێزە و دەکرێ لە خەباتی دژە "داگیرکەری بە سروشت باشدا"، پەیرەو بکرێ. چوونکە مادان داگیرکەر بە سروشت باشە، بە بینینی ئازاری داگیرکراو هەست بە ئازارەکانی ئەودەکات و واز لە بەردەوامکردنی ڕەوتی ئازاردانی کۆیلە و داگیرکردنی نیشتمانەکەی دێنێت. بەڵام ئەگەر ئەو داگیرکەرە بە سروشت باش بووبایە، کاری بە داگیرکەری چ دەبوو؟.. کۆی داگیرکەری یان داگیرکەر باشە؟.. ئەدی ئەگەر ئەو داگیرکەرە بە سروشت خراپ بوو چی؟.. ئایا ئەو کاتەش بەبینینی ئازاری داگیرکراو، هەست بە ئازار دەکات و واز لە داگیرکەری دێنێ؟..
هەموو دونیا بینی کە لە پاش بۆمەلەرزەکەی وان لە باکووری کوردستان چلۆن داگیرکەری کورد بە بینینی ئازاری کوردان نەتەنیا هەستی بە ئازار نەکرد و وازی لە داگیرکەری و چەوسانەوەی کوردان ناهێنا، بەڵکوو خەنی بوو و خوازیاری کاولبوونی هەمووی کوردستان. ئەوە بوو ئەو مرۆڤەی کە گۆیا بە سروشت باشە؟.. ئەو مرۆڤە تەنەنیا بە سروشت باش نەبوو، بەڵکوو بە کردەوە سەلماندی کە لە هەموو ئاژەڵێکی دڕەندە و هۆڤ، دڕەندە و هۆڤترە.. چوونکە ئاژەڵی دڕەندە لەوانەیە یەکتری بکووژن، بەڵام بەبینینی ئازاری یەکتری تا ئەوئاستە خەنی نابن و دیلان ناگێڕن!
بە پێچەوانە کورد، گەلی تامیل ماوەی ٣٠ ساڵی خایاند هەتا لەو ڕاستیە تێبگەن کە مرۆڤ دەتوانێ تا ئەو ئاستە دڕەندە بێت و مادامیش کە مرۆڤ تا ئەو ئاستە دەتوانێ هۆڤ بێت، پێویست ناکات مەرگی خۆیان لە چالاکی ساتیاگڕاهای بیتوندوتیژیدا ببینن.
لەبەرهۆی ئەنجامگیرنەبوونی خەباتی بێتوندتیژی لە سریلانکا و بەردەوامی سیاسەتەکانی نکوڵی و بێبەشکردنی گەلی تامیل، لە مانگی مەی ١٩٧٦ دا "پڵینگە ڕزگارکەرەکانی ئیلام تامیل" (ئێڵ.تی.تی.یی)، بە ڕێبەرایەتی "ڤێلوپیلای پرابهاکاران" دامەزرا. پڵینگەکانی ئیلام بە گشتی ئەو خوێنکارانە بوون کە لە زانینگەکاندا لە ئەنجامی سیاسەتی دووچاوەگی پەیرەوکراو بەسەر ئەو ڕێکخراوە ئاکادەمیانەدا، دەرکرابوون و کەسانێک بوون کە زیاتر لە هەموو کەس تامی تاڵی ژێردەستی و داگیرکراویان هەست پێدەکرد و لە هەمان کاتیشدا، بە پێچەوانەی هەندێک لایەنی تر، ئامادەی نرخدان بوون لە پێناو ئازادیدا.
لە ساڵی ١٩٨٣، لە میانەی بەڵگەیەکی مێژوویدا کە بٶ ڕایگشتیان بڵاوکردەوە، پڵینگەکانی تامیل هەڵوێستی ڕامیاری خۆیان لەسەر بنەمای ئیدۆلۆژی سۆسیالیسمی شۆڕشگێرانە بە مەبەستی ئازادکردنی نەتەوەیی و سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی کۆمەڵگای تامیل و سەربەخۆیی بۆ وڵاتی ئیلام، ڕۆماڵکرد.
پڵینگە ڕزگارکەرەکانی ئیلام تامیل (ئێڵ.تی.تی.یی)، لە بواری ورە و بڕوا، بەهەندبوون و بەردەوامی لە کار و خەبات، نەزم و دیسیپلین، سەربەخۆیی رێکخستنی و بڕیاردان، بەکاریگەربوون و خۆشەویستی لەوناو کۆمەڵگای خۆیاندا، یەکێک لە هێزە هەرە گەورەکانی گەریلایی بوون لە ئاستی دونیا دا.
گەریلاکانی تامیل لەواری نەزم و دیسیپلیندا بە تایبەت، نێوبانگیەکی تایبەتیان هەبوو؛ بۆ وێنە سەرەڕای ئەوەی کە پترلە ٣٠% لە گەریلاکانیان لە ژن پێکهاتبوون، لە نێو رێکخستنەکانیاندا پێوەندی زایەندی یان هاوژینگیری نەبوو. نەتەنیا خۆاردنەوەی ئەڵکۆڵ، بەڵکوو جگەرە کێشانیش تەنانەت قەدەخە بوو..
لە هەموو سەرنجڕاکێشتر ئەو دیاردەیە بوو کە هەریەک لە گەریلاکانی (ئێل.تی.تی.یی)، ملوانکەیەکیان لە ملدابوو کە "کەپسوولی سیانید"ی پێوەکرابوو، کە لە ئەگەری دەستگیر بوونیاندا، دەیانخوارد بۆوەی بەزیندوویی نەکەونە دەست ئەڕتەشی سریلانکاوە. ئەو کردەوەیەی پڵینگەکانی تامیل، کە گوزاری لە گرێدراوی تادواڕادەی ئەو مرۆڤانە بە دۆزی نەتەوەکەیانەوە دەکرد، خۆشەویستیەکی تایبەتی لە وڵاتی ئیلام و لە ناودڵی گەلی تامیلدا بۆ ئەوان ئافراندبوو. یەکێک لە گەریلاکان لە بیرەوەریەکانی خۆیدا دەنووسێ؛
"بیرکردنەوە لە هەندێک مردن، تاقیگەیەکی گەورەیە، بەڵام بۆ کێ؟.. بۆ ئێمە کە نا، چونکە ئێمە هاوژینی 'سیانید'ەکی ملمانین. بەڵێ، مەرگ لەگەڵ ئێمەدا دەژی؛ لە ملماندا، یان لە گیرفانی کراسەکانماندا، لە گەڵماندایە.. ئەوەش هەم لە مێشکدا زەلالترمان دەکات و هەمیش لە ڕێدا بە ئامانجتر و پتەوترمان دەکات."

لە ساڵی ١٩٨١ دا، یەکێکیتر لە زنجیرە ئاژاوەکانی دژەتامیل هەلگیرسا کە ئەویش بەو پێیە بوو؛ هەژومارێک پۆلیسی سینهاڵی بۆ چاودێرکردنی هەڵبژاردنی شاری "جافنا"، پێتەختی وڵاتی ئیڵام ڕاگۆزی ئەو باژێڕە کرابوون. پاش ئەوەی کە چەند کەسێکی نەناسراو تەقە لە پۆلیس دەکەن، پۆلیس شاڵاوێک هێرشی بەرفراوان و لەڕادەبەدەر دەباتە سەر تامیلەکانی شاری "جافنا" و بەشێکێ زۆر لەوشارە ئاگر تێبەردەدات. یەکێک لە کارەساتەکانی ئەو هێرشە ئەوەبوو کە پۆلیس پەرتووکخانەی بەرنرخی تامیلی، کە هەڵگری زیاتر لە ٩٥٠٠٠ بەرگ پەرتووک بوو، ئاگر تێبەردا و لەگەڵ خاکدا یەکسانی کرد. ئاگرتێبەردانی پەرتووکخانەی جافنا وەکوو کەڵەکەیەکی سەرەکی لە کەرەستە و بەرهەمی کولتووری، مێژوویی و وێژەوانی تامیل، بەواتەی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناسنامە، مێژوو، سیستمی پەروەردە و کولتووری تامیل بوو.. بەڵام بەواتای کۆتایی هێرشەکانی سەر گەلی تامیل نەبوو!
ساڵی ١٩٨٣ هاوتەریبە لە گەڵ دانەیەکیتر لە زنجیرە ئاژاوە و پشێوێکانی دژەتامیل کە لە ئاستی خۆیدا بێهاوتا بوو. لەو ساڵەدا کە خەباتی پڵینگەکانی ئیلام پێی نابووە قۆناخێکی نوێوە، لە چالاکیەک لە هەرێمی جافنا دا، بۆسەیەک بۆ سەربازانی سینهاڵی دادەنێنەوە و ١٣ سەرباز دەکووژن. بۆ هەڵخوڕاندنی هەستی گەلی سینهاڵ و دەرڕشتنی کەفوکوڵی دەروونیان، تەرمی ئەو سەربازە کوژراوانە یەکڕاست بۆ کۆلۆمبۆی پێتەختی سریلانکا دەبەن و لە ناوەندی شاردا هاوشێوەی پیشانگایەک، نیشانی دانیشتووانی ئەو شارەی دەدەن و لە دژی گەلی تامیل و بە تایبەت تامیلەکانی دانیشتووی شاری کۆلۆمبۆ دەیانورووژێنن.
بەو شێوەیە شەپۆلێکیتری توندوتیژی سنوورنەناس لەدژی گەلی تامیل لەو شارە دەستپێدەکات و بەسەر هەموو شارەکانیتردا تەشەنە دەستێنێ. ئەو شەپۆلە لەگەڵ ئەزموونەکانیتردا زۆر جیاوازی هەبوو، توندئاژۆکانی سینهاڵی، پۆلیس و مۆرەکانی دەوڵەتی لە دژی هەرچەشنە هەبوونێکی تامیلی دەستیان نەدەپاراست. ماڵ، دووکان، شوێنیکار، کارگە و کارخانەی تامیلەکانیان ئاگر تێبەردا و لەگەڵ خاکدا یەکسانیان کرد. لە ئاکامی ئەو ئاژاوەیەدا نزیک بە ٣٠٠٠ تامیلی بێتاوانی شاری(مدنی) کوژران و لە نێوان ٨٠٠٠٠ تا ١٠٠٠٠٠ کەسیش ئاوارە و ماڵبەدەر بوون. بەڵام هیچیەک لەو ئاژاوانە نەیان توانی هەنگاوێکیش خەباتی گەلی تامیل بەرەوە پاش وەکێشن یان لە ڕیگای ئازادیدا وەریانگێڕن.
هەتا دەستپێکی ساڵی ٢٠٠٠ و لە ئەنجامی خەباتی چەکداریدا، پڵینگەکانی تامیل توانین زیاتر لە ٨٥% وڵاتی ئیلام لە ژێردەستی داگیرکەری سریلانکا ئازاد بکەن. لەو هەرێمە ئازاد کراوانەشدا پڵینگەکانی تامیل سیستێمێکی سەربەخۆیان ئاواکردبوو کە بریتی بوو لە پۆلیس تامیلی، دادگە، خزمەتگوزاری گشتی، سیستێمی ئابووری و کۆکردەنەوەی ماڵیات، سیستێمی پەروەردە لە سەرەتاییەوە تا کۆتایی و زانینگەکان، کۆلێژی سەربازی، سیستێمی هاتووچۆ و تۆڕەکانی زانیاری و پێوەندارێتی (کامیونیکەیشن).
یەکێک لە کارە هەرەگرینگەکانی پڵینگەکانی تامیل چارەسەری هەندێک لە نەخۆشیە کۆمەڵایەتیەکانی وەکوو سیستێمی کاست بوو. بە گوێرەی سیستی کاست، کە بەساڵان دەوڵەتی سریلانکا نەیتوانی یان نەیویستبوو هەڵیوەشێنێتەوە، کۆمەڵگا بە چەندین توێژ و بە شێوازی سەرەوخوار (هیرارشی) دابەش دەکرا و هەندێک لە توێژەکانی خوارەوە وەکوو چین یان کاستی پلە نەزم لە گەلێک مافی مرۆڤی، کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بێبەش دەبوون. نەتەنیا هەر هەڵوەشانەوەی سیستێمی کاست، بەڵکوو پڵینگەکانی تامیل توانیان پێگەی یەکسان و مافی وەکهەو و وەکهەوژینی بۆ ژنانی تامیل دەستەبەر بکەن.
لە هەمووی سەرنجڕاکیشتر ئەوەبوو کە لەو بەشانەی کە تامیلەکان کەمینە بوون و سینهاڵەکان لەزۆرینەدا بوون، پڵینگەکان توانیان بە شەریکی لەگەڵ دەوڵەتی سریلانکا ئەو شارانە بەڕیوە بەرن. بەڵام ئەدی ئەو نیوچەسەربەخۆییە چی لێهات و سەرەڕای ئازادکردنی ٨٥% لە خاکی وڵاتی ئێلام، بۆچی پڵینگەکانی (ئێڵ.تی.تی.یی) سەرنەکەوتن و لەساڵی ٢٠٠٩دا تێكشکان؟..
یەکێک لە هەڵە گەورەکانی پڵینگەکانی تامیل، کە وەکوو خاڵێکی هەرە لاواز بوو بە هەوێنی ژێرکەوتنیان، ئەوە بوو کە پڵینگەکان سەرەڕای خەباتی پتەو و بەورەوە، لە بەشی دەرەوەدا، چ لە بوواری نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی چ لە بواری نێونەتەوەیی و دیپلۆماسی نێوگەل و رێکخستنی گەلی تامیل لە دەروەی وڵاتدا، نەتەنیا هەر لاواز بوون، بەڵکوو مرۆڤ دەتوانێ بڵێ هیج کاریان نەکردبوو.. هۆکاری پێشنەخستن یان لەمپەری سەرەکی لە بواری دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا، بە "تێرۆریست" ناساندنی پڵینگەکان بوو لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە.
ئەگەر پڵینگەکانی تامیل، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی چڕوپڕی ناوخۆوە، لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییشداخەباتیان بکردایە و گەلی خۆیان لەدەرەوەی وڵات باش ڕێکخستایە؛ وە هاوتەریب لەگەڵ شەڕی چەکداریش، کاری نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیان پێشخستایە و هەندێک دۆست و لایەنی نێودەوڵەتیان بۆخۆیان دروستکردایە، ئەگەری سەرکەوتنی کۆتاییان زۆر بوو.. (لێرەدا مرۆڤ لە کێشەکانی خەباتی تاکڕەهەندی، یان گرینگی نەدان بە باڵێک لە خەباتدا، باش تێدەگات).
پڵینگەکانی تامیل لە ساڵی ٢٠٠٢دا یەکەمین ئاگربڕی خۆیان راگەیاندو لەسەر بنەمای سەربەخۆیی بۆ وڵاتی ئیلام، دەستیان بەیەک زنجیرە دانیشتن و دانووسان لەگەڵ دەوڵەتدا کرد کە هەتا ساڵی ٢٠٠٦ی خایاند. ئەو دانیشتنانەش بەرهەمی دروست بوونی هاوسەنگیەکی هێز لەگەڵ دەوڵەتدا بوو. بەڵام تەنیا تا ساڵی ٢٠٠٢، بە پێی سەرچاوەی ژورناڵی پزیشکی بریتانیا، دەوڵەتی سریلانکا ٢١٥٠٠٠ هاوڵاتی تامیلی کوشتوبوو و شۆنگۆڕکێی نیشتمانی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو تامیلی کردبوو.
هەر لەدەستپێکی پرۆسەی دانووسان و وتووێژەوە، قەشە بووداییەکانی سینهاڵ کە هەر لە دەستپێکی دامەزرانی دەوڵەتی سریلانکاوە دژی هەرچەشنە چەمکێک بوون کە گوزارەی لە هەبوونی تامیل دەکرد، بە توندی لەدژی وتووێژدا ڕاوەستان و پێداگرییان لەسەر بەردەوامدانی نکوڵی کردن لە تامیلەکان دەکرد.
ئەڵبەت لە بێرمان نەچی کە هەر لەدەستپێکی پرۆسەکەوە کە لە وڵاتی نۆروێژ دەستیپێکرد، هاوتەریب لەگەڵ دانیشتنەکان، دەوڵەتی سریلانکا خۆی بەهێزتر دەکرد و ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەو هێرشە سەربازیانەی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێکرد. واتە ئەوکاتەی کە داگیرکەر داوای ئاشتی و چارەسەری دەکات، هەر ئەوکاتەش دەتوانێ لە هەموو کاتێک مەترسیدارتر بێت!
هەر لەو چوارچێوەیشدا و بە مەبەستی ئاستەنگ کردنی ڕەوتی تازە دەستپێکراوی ئاشتی و بٶ تیژکردنی دەوڵەتی سریلانکا بۆ سەر گەلی تامیل، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ولایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا کۆنفرانسێکی لە ژێر ناوی "پێشخستنی ئاشتی" بۆ سریلانکا، لە واشینگتۆن دەستپێکرد کە پڵینگەکانی تامیلی بانگێشتی ئەو کۆنفرانسە نەکردبوو.
گەلۆ ئەگەر کۆنفرانسێک بۆ ئاشتی بێت، چۆن دەبێ لەدوو لایەنی کێشەکە، لایەنێک بەشدار نەبێت؟ ئەو کۆنفرانسە تەنەنیا ئاشتی پێش نەخست بەڵکوو بوو بە لەمپەری سەرەکی پێشکەوتنی ئاشتی. لەو دانیشتنەدا ئامریکا بەڵێنی سێ ملیۆن و نیو دۆلار دەدات بە سریلانکا، بە وتەی خۆی، بۆ "پرۆسەی ئاشتی". بەڵام ئەگەر پرۆسەیەک لە دەرەوەی (ئێل.تی.تی.یی) و لەسەر بنەمای نکوڵیکردن لە گەلی تامیل بێت و ٥/٣ ملیۆن دۆڵاری ئامریکایشی بۆ ئەرخان کرابێ، بە واتایی چی دێت؟..
بەرژەوەندی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە پاراستنی دەوڵەتی سریلانکا و "یەکێتی نیشتمانی" ئەو دووڕگەیەدا بوو. بەو هۆیەش هەموو هالیکاریەکی ڕامیاری، سەربازی و دیپلۆماسی ئەو دەوڵەتەیان کرد بۆ مانەوەی خۆی و بۆ دژایەتی کردنی داواکاریەکانی گەلی تامیل. لە ئاکامدا پرۆسەی ئاشتیان لەباربرد و ڕیگایان بۆ کۆمەڵکوژیەکەی سالێ ٢٠٠٩ خۆشکرد، کە نەتەنیا پڵینگەکان بەڵکوو شیرازەی کۆمەڵگای تامیلی لەناوبەرد و کاولی کرد. تەنانەت بە پێی سەرچاوەکانی "نەتەوە یەکگرتوەکان"یش، لە چوار مانگی کۆتایی شەڕدا واتە لە ژانویەوە هەتا ١٧ مانگی مەی ٢٠٠٩، زیاترلە ٤٠٠٠٠ هاوڵاتی بێتاوانی تامیلی کوژران، (کە بێگومان ئەو ژومارەیە زیاتربوو).
ئەوکاتەی کە تۆپخانەکانی سریلانکا هەشارگەی پەنابەران و نەخۆشخانەی تامیلە بریندارەکانیان بۆردومان دەکرد، سەرۆکی "نەتەوە یەکگرتوەکان" جەنابی بانکی موون، ئیدانەی پڵینگەکانی تامیلی دەکرد، لەبری ئەوەی هەندێک بوێری بەخۆیبدا و جەنایەتەکانی دەوڵەتی سریلانکا ببینێت. گاڵتەجاڕیبوونی ئەو مژارە لەوەدایە، کە پاشان راپۆرتی خودی "نەتەوە یەکگرتوەکان" دانی بەوەدانا، کە ئەو شوێنانەی کە تۆپخانەکانی سریلانکا بۆردومانیان دەکرد و جەنابی بانکی موون ئیدانەی پڵینگەکانی دەکرد، نەتەنیا پڵینگەکانی لێنەبوون بەڵکوو هەموو شوێنی هەشارگەی هاوڵاتیانی شاری و بێتاوانی تامیلی بوون.
مژارێکی تری گاڵتەجاڕی ئەوەیە کە، چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان رایتس واچ) و گروپی قەیرانی نێونەتەوەیی ئەو کۆمەڵکوژیەیان وەکوو "جەنایەتی شەڕ" ناودێر کرد، نەک وەکوو تێرۆریسم یان ژێنۆساید؛ چونکە ئەگەر دەوڵەت هەر کارێک بکات ڕەوایە، تەنانەت ئەگەر لە چوار مانگدا زیاتر لە ٤٠٠٠٠ کەس کۆمەڵکوژیش کات، هەر تێرۆریست نیە، بەڵام ئەگەر گەلی تامیل لەهەمبەر ئەو کۆمەڵکوژیە بەرخۆ بدەن، ئەوە تێرۆریستن!
لە پاش تەواو بوونی کۆمەڵکوژیەکە و کوشتنی ڕێبەری پڵینگەکانی تامیل "ڤێلوپیلای پرابهاکاران"، لە ١٧ مانگی مەی ٢٠٠٩دا، سەرۆک کۆماری سریلانکا "ماهیندا ڕاجاپاسکا"، لە لێدوانێکدا بۆ ڕایگشتی گوتی: "لە سریلانکا دا کۆمەڵگای زۆرینە و کەمینە هەبوونی نیە؛ تەنیا وڵاتپارێز و خائین هەبوونیان هەیە."
هەر لە هەمان ڕۆژیشدا، "نەتەوە یەکگرتوەکان"، یەکێتی ئەوروپا و ئامریکا، لە لێدوانی جیاوازدا، بە شێوازێکی زۆر شەرمنانە، دەوڵەتی سریلانکا بکەری ژێنۆسایدی تامیلیان، وەکوو تەنیا هێز و قەوارەی فەرمی رامیاری ئەو وڵاتە ناسی، واتە گوتەکەی ڕاجاپاسکایان پشتراست کردوە. "نەتەوە یەکگرتوەکان" و یەکێتی ئەورۆپا تا ئەو ئاستە لە بێشەرمی چوون کە گوتیان، "دەوڵەتی سریلانکا مافی خۆیەتی لە دژی تێرۆریسم، خۆی بپارێزی."
بەڵگەکانی ویکیلیس ئەو ڕاستیە دەسەلمێنین کە ژێنۆسایدی تامیلەکان بە زانیاری تەواوی بکەرە نێودەوڵەتیەکان، بە تایبەتی "نەتەوە یەکگرتوەکان"، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا و یەکێتی ئەوروپا بەرێوە چووە. واتە، سەڕەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی سریلانکا بەرپرسی یەکەمە لە جێنۆسایدی تامیلەکان، ئەو بکەرانەش هەموو بەشداربوون و ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێ داوای لێبووردن لە مرۆڤایەتی و بە تایبەت گەلی تامیل بکەن!.
وانەکانی شۆرشی تامیل بۆ خەباتی ئێمە:
[١]. خەباتی بێتوندوتیژی تەنیا و تەنیا کاتیك ئەگەری سەرکەوتنی هەیە کە "مرۆڤی داگیرکەر بە سروشت باش بێت". بەڵام مادام مرۆڤ بە "سروشت" تەنیا ئەو هەبوونە باش و شەریفە نیە کە چەپەکان باسی دەکەن و بە گوێرەی پەروەردەکانی زەردەشت، دەتوانی بە "سروشت" هەم خراپیش بێت و هەمیش باش، و مادام داگیرکەرانی کوردستان بە کردوە سەلماندویانە کە لەدژی کورددا لە هەموو دڕەندەیەک دڕەندەتر و هۆڤتر بوون، ئەو شێوازە لە خەبات خۆخەڵەتاندنە!
ئەڵبەت ڕەهەنەکانی تری خەباتی بێتوندوتیژی وەکوو بایکۆت کردنی شتوومەکی داگیرکەر و نەچوون بۆ سەربازی زۆر پێویستە لە کوردستان پەیرەو بکرێ. بەڵام ئەوەی کە زۆر جێی سەرسووڕمانە، ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لە کوردستان داوای خەباتی بێتوندوتیژی گاندایانە دەکەن، هەتا شتومەک و خۆماڵ (کالا)ی ئێرانی، تورکی و عەرەبی هەبێت، لە هیچ کوێ کڕین ناکەن.. واتە تەنیا شتێک کە لە گاندیەوە فێری بوون دەست بۆ چەک نەبردنە و ڕێنموونیەکانی تری گاندیان لەبیر کردوە، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا بڕوای ئەو کەسانە بە ڕێبازی گاندی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەو بانگەشەیەی کە لە دژی چەک دەیکەن تەنیا بانگەشەیەکی ڕامیاریە لە دژی سیستێمی پاراستنی ڕەوای گەلی کورد کە لەلایەن گەریلاکانەوە سەرکەشی دەکرێ و بە خوێنی هەزاران شەهیدەوە ئاوا کراوە.
[٢]. پڵینگەکانی تامیل ٨٥% وڵاتی ئیلامیان ئازاد کرد و سیستـێمی سەربەخۆی خۆیان خولقاند، واتە دووهێندەی دەستکەوتەکانی گەلی ئێمە لە باشووری کوردستانیان بەدەستهێنابوو بەڵام لە کۆتاییدا تووشی ژێنۆساید بوون. واتە ئەو دەستکەوتەی ئێمە لە باشوور، هیچ جێی مسۆگری نیە و هەرکاتوسات دەتوانێ لە مەترسیدا بێت. تەنیا مسۆگریەک بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە، یەکێتی نەتەوەیی و بەهێز کردنی سیستێمی پاراستنی ڕەوایە، نەک خۆ بێچەک کردن و دانیشتن.
[٣]. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پڵینگەکانی تامیل، کار نەکردن یان گرینگی نەدان بە دیپلۆماسی و هەڤاڵبەندی نێودەوڵەتی بوو، کە ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (ئێل.تی.تی.یی) لە لیستی تێرۆری ڕۆژئاوادا بوو. ئەگەر لە واری دیپلۆماسیشدا پڵینگەکان کاریان کردبایە، لەوانە بوو ئێستا وڵاتی سەربەخۆی ئیلام لەسەر نەخشەی دونیادا هەبوایە.
واتە پێویستە کە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد لە بواری دیپلۆماسی و پێوەندی نێودەوڵەتیدا کاری زیاتربکات. هەر لەوچوار چێوەیەدا پێویستە بەچڕی کار بۆ لابردنی پارتی کریکارنی کوردستان (پە.کە.کە) لە ناو لیستی تێرۆری ئەوروپادا بکری. لە هەمان کاتیشدا ئەو کەس و لایەنانەی کە لەژێر ناوی کورددا هەوڵی بە "تێرۆریست" ناساندی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەدەن، پێویستە ئەو کارە وەکوو هێڵی سووری خۆیان ببینن، چوونکە ئەو هەوڵە هەڵەیەکی زۆر زۆر مەترسیدارە و لە پاشە ڕۆژدا کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورددا دەبێت.
[٤]. ئەگەر لە بیرمان بێت، پاش ژێنۆسایدی تامیلەکان، دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانانی وی باسیان لە چارەسەری تامیلیانەی پرسی کورد دەکرد. تەنانەت لە ئۆسلۆ پێتەختی نۆروێژ، ئەو وڵاتەی کە لەگەڵ پڵینگەکاندا وتووێژیان دەکرد، دانوسانیان لە گەڵ کوردیشدا پیشخست و لەگەڵ شاندێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە.کە.کە) چاوپێکەوتنیان هەبوو و باسی چەکدانیان لە کورد دەکرد. هەر لەو کاتانەشەدا، هەندێک لە ڕێبەرانی کوردیش باسیان لە مژارەکانی وەکوو چەکدانان، ڕادەستکردنی چەک بە "نەتەوە یەکگرتوەکان"، یان کۆکردنەوەی هێزی گەریلا لە هەرێمکدا لە ژێرچاوەدێری "نەتەوە یەکگرتوەکان"دا دەکرد، کە ئەوانەش لەخۆیدا گوزارەی لە باوەڕمەندبوونی ئێمە بەو بکەرانە دەکرد کە لە ژێنۆسایدی تامیلەکاندا دەستیان هەبوو.
بەڵام گەورەترین وانەیەک کە ئێمە دەتوانین لە شۆڕشی تامیلی وەرگرین ئەوەیە کە بەهیچ شێوازێک باوەر بە هیچیەک لەو بکەرە "نێونەتەوە"ییانە نەکەین و بە هیچ چەشنێک خۆمان بێچەک و بێهیز نەکەین. لە بیرمان نەچی کە لە دونیای ئەوڕۆدا بەبێ هەبوونی هێزی چەک، ئازادی واتەی نیە.. ئەگەر لەدەرەوەی هێزی چەک ئازادیەکیش هەبێ، ئەو ئازادیە لە سنوورەکانی گوتە و خیاڵدا تێپەڕ ناکات!

سەرچاوەکان:
[١]. دی سیلڤا، چاندرا (٢٠٠٧)، کێشە ڕامیاری و ئێتنیکیە چارەسەرنەکراوەکان لە میانەی پێشکەوتنی ئابووریدا، سەرچاوە: لێگەرانی ئاسیا، بەرگی ٤٧، ژومارە ١، لاپەڕەکانی٩٩-١٠٤، چاپەمەنی زانکۆی کالیفۆرنیا.
[٢]. گەنگوولی، ڕاجات (٢٠٠٤)، کێشەی ئێتنیکی سریلانکا؛ لە ناوبەری ئاشتی و شەڕدا. سەرچاوە: وەرزنامەی جیهانی سێهەم، بەرگی ٢٥، لاپەرەکانی ٩٠٣-٩١٧، چاپی تەیلۆر و فرانسیس.
[٣]. هاریس، نایجێل (١٩٩٠)، رزگای نەتەوەیی. لەندەن چاپەمەنی پەنگۆئێن.
[٤]. هێلمان، ڕاجانایاگام (١٩٩٠)، ڕامیاری ڕابردووی تامیل، چاپەمەنی ڕۆتلێج لەندەن و نیۆیۆرک.
[٥]. نیسان، ئێلیزابێت & ستیرات، ڕ.ل (١٩٩٠)، هەلگیرسانی توندوتیژی نێکۆمەڵگایی، چاپەمەنی ڕۆتلێج لەندەن و نیۆیۆرک.
[٦]. ڕۆبەرست، ڕۆبێرت (١٩٨٨)، فێدڕالیسم و کێشەی ئێتنیکی لە سریلانکا، سەرچاوە: پابلیۆس، بەرگی ١٨، ژومارەی ٣، لاپەڕەکانی ١٧٥-١٩٣، چاپی زانکۆی ئاکسفۆرد.
[٧]. پۆنامباهاڵام، ساتچی (١٩٨٣)، سریلانکا: پرسی نەتەوەی و خەباتی ئازادیخوازانەی تامیل. چاپەمەنی نیۆجێرسی، پەرتووکەکانی زێد.
[٨]. سپێنسێر، جاناتان (١٩٩٠)، مێژووی سریلانکا و ریشەی کێشەکە. چاپەمەنی ڕۆتلێجی نیۆیۆرک و لەندەن.
[٩]. ستاک، کریستیان (٢٠٠٦)، دروست کردنی دەوڵەتی ئیلامی تامیل. سەرچاوە: وەرزنامەی جیهانی سێهەم، بەرکی ٢٧، ژومارەی ٦، لاپەڕەکانی١٠٢١-١٠٤٠، چاپی تەیلۆر و فرانسیس.
[١٠]. تامبیا، س.ت (١٩٨٦)، سریلانکا: براکوژی ئێتنیکی و هەڵوەشانەوەی دێموکراسی. چاپەمەنی تاوریس لەندەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە